لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

سەرهەڵدانی ئایینەکان

23/08/2020


دانیال دێنیت
وەرگێڕانى: وريا ئەحمەد
سەرچاوە: وێبسايتى گرووپى نێگەتيڤ

 

لەنێو هیندۆسەکان­دا، لەمەڕ ئەوەی شیڤا (Shiva) و ڤیشنۆ (Vishnu) کامیان باڵاترن، بیروڕای جیاواز هەیە، زۆرێک لەسەر ئەم جیاوازییە کوژراون. کتێبی پیرۆزی لینگاپۆرانا (Lingapurana) بەڵێنی بەهەشتی شیڤا بەو کەسە دەدات، هەستێت بە کوشتن یان بڕینی زمانی ئەوەی سوکایەتی بە شیڤا دەکات (Klostermaier: 1994).

لەنێو هۆزی زۆلۆ (Zulu)دا­ و لەسەر بنەمای لێکدانەوەی جادووگەرانی هۆزەکە، ئەو سەروەختەی ژنێک ژانی منداڵبوون دەیگرێت، هەندێکجار "ڕۆحی مارئاسای پیرەژنێک" دەردەکەوێت ­و ئەمەش هێمایە بۆ ئەوەی، کە دەبێت بزنێک یان هەر گیاندارێکی تر، بۆ پێشینانی هۆز، بکرێت بەقووربانی (Lawson and McCauley:1990; 116 ).

گەلی ژیڤارۆ (Jivaro) لە ئیکوادۆر باوەڕیان­وایە، ئێوە خاوەنی سێ گیانن. گیانی ڕاستەقینە، هەر ئەو گیانەیە، کە لەسەروەختی لەدایکبوونەوە لەگەڵتاندایە. ئەو سەروەختەی دەمرن،  ئەم گیانە بۆ زادگا­ و شوێنی لەدایکبوونتان دەگەڕێتەوە­ و لەوێ­دا بۆ ئەهریمەنێک دەگۆڕێت، دواتر ئەم ئەهریمەنەش دەبێت­ بە پەپوولەیەکی مەزن­  و لەکۆتایی­دا پەپوولەکەش بۆ گەردوغووبار دەگۆڕێت. گیانی دووەم، بە ئاروتام (arutam) ناسراوە. ئەم گیانە، لەڕێگەی رۆژوگرتن، خۆشۆرین لەژێر تاڤگە ­و بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەرەوە، بەدەستدەهێنرێت. ئەم گیانە، فێری نەسرەوتن­ و بوێرییتان دەکات، وەلێ لە ڕەوتارە چەوتەکانی ئەم گیانە، ئەوەیە، کە لەڕۆژی تەنگانەدا­ پشتان تێ­دەکات. دواهەمینیان، گیانی سێیەم، بە موسیاک (musiak) ناسراوە. ئەم گیانە، ئەوی­دەم خاوەنەکەی دەکوژرێت، هەوڵدەدات لەسەری خاوەنەکەیەوە بێتە­دەرەوە­و بابای بکوژ، بکوژێتەوە! هەربۆیە دەبێت هەمیشە لەبیرتان بێت، سەری قووربانییەکانتان پانبکەنەوە!

گرنگ نییە پەیڕەوانی ئەم ئایین­و بیروباوەڕانە، چی دەڵێن، ئەوەی گرنگە، ئەم چەشنە سرووت­و نەریتانە، "ئەزەلیی" نین­و هەمیشە بوونیان نەبووە. مارسێل گۆشێ، لەسەرەتای کتێبەکەی لەمەڕ مێژووی سیاسی ئایین، دەنووسێت: ''ئەوەندەی زانیبێتمان، بەبێ هیچ بواردنێک، ئایین لەهەموو شوێن ­و سەردەمەکاندا بوونی هەبووە''(Marcel Gauchet:1997; 2). بەڵام ڕاستی ئەوەیە، ئەم بۆچوونە، بۆچوونێکی سنووردار­ و ناڕاستە. لە مێژوودا قۆناغێکیش هەبووە، کە کەوتووەتە پێش سەرهەڵدانی سرووت­ و بیروباوەڕە ئایینییەکانەوە. هەرچۆنێک بێت، سەردەمانێک هەبووە، کە هیچ باوەڕدارێک لەسەر ئەم هەسارەیە بوونی نەبووە، سەردەمێک، کە هیچ چەشنە باوەڕێک لەمەڕ هیچ شتێکەوە بوونی نەبووە. بەشێک لە بیروباوەڕە ئایینیەکان، بەڕاستی گەلەک دێرینن (بە گوێرەی پێوەری مێژوویی)، لێ هەندێکی تریان، هێندە تازەن، دەشێت لە ئەرشیفی ڕۆژنامەکاندا، مێژووی سەرهەڵدانیان بدۆزینەوە. هەموو ئەمانە، چۆنچۆنی سەریانهەڵدا؟

هەندێکجار و بەتایبەت کاتێک لەبارەی مێژووی نزیکەوە، بەڵگەی بەهێزمان لەبەردەستدایە، وەڵامی ئەو پرسیارەی سەرەوە، بەئەندازەی پێویست ئەرخەیانمان دەکات. ئەو سەروەختەی ئەورووپاییەکان لە سەدەی هەژدەیەم، لەڕێگەی کەشتییە شکۆمەندەکانی خۆیانەوە، بۆ یەکەمینجار پێیان لەسەر دوورگەکانی ئۆقیانووسی هێمن دانا، دانیشتوانی ئەو دوورگانە، کە بە مێلانیزییەکان (Melanesians) ناسراوبوون، لەبینینی کەشتییەکان ­و ئەو هەموو خەڵات­و سەوقات­ و پۆشاکە سەیروسەمەرەی، کە بۆیان هەڵڕێژرا، حەپاسان! تا چاوبڕبکات، ئامراز و کەرەستەی لە پۆڵا دروستکراو، سەدان بوخچە­و ڕەفەی پڕ لە پۆشاک ­و شووشە ­و کاڵاکانی تر هەبوون، کە هەموو ئەمانە، لە بازنەی تێگەیشتنی دانیشتوانە ڕەسەنکە بەدەربوو. ئەگەر لەمڕۆدا، میوانگەلێکی ناوەخت لە بۆشایی ئاسمانەوە دابارێن بەسەرماندا­ و خاوەنی تەکنۆلۆژیای سەیروسەمەر بن، بەجۆرێک هەرکات ویستیان، بتوانن بەسەرماندا زاڵببن، ئەوی­دەم پەچەکرداری ئێمەش، تاڕادەیەک هاوشێوەی هەمان ئەو پەچەکردارەی مێلانزییەکانی ئەو ڕۆژگارە دەبێت. ''دەبێت بەشێک لەم کاڵا و کەرەستانە بۆ خۆمان فەراهەم­بکەین، دەبێت فێربین چۆنچۆنی هێزی جادوویی ئەم میوانانە وەچنگبخەین''. بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی بارودۆخەکە­و وەچنگخستنەوەی ئاسایش ­و دەسەڵاتمان لەبەرانبەر بێگانەکان­دا، ئەگەر نەختێک زیاتر هەوڵ­ و کۆشش بدەین و لەم پێناوەدا پشت بە زانینی خۆمان ببەستین، دەشێت ئەم بێگانە پێشکەوتووانە، کە لەئێمە باڵاترن، دووچاری شۆک بکەین. ئەو ئەنجامەی، کە مێلانزییەکان بەدەستیان هێنا، جێگای سەرسووڕمان بوو. ئەوان پێیان­وابوو، ئەورووپاییەکان، هەر هەمان پێشینان­ و باووباپیرانی خودی ئەوانن، کە بەپۆشاکی سەیروسەمەرەوە­و بە سەرەوەت ­و سامانی بێ ئەندازەوە، لە دونیای مردووەکان گەڕاونەتەوە، ئەمانە نیوەخودایانێکن، دەبێت بپەرەسترێن! کاتێک، لەکۆتاییەکانی سەدەی نۆزدە، موژدەدەرانی لۆتەریی(Lutheran) گەیشتنە پاپواگینای نوێ(Papua New Guinea)، تاوەکو مێلانزییەکان بۆ ئایینی مەسیحیی بانگهێشت بکەن، خۆیان لەبەرانبەر ژمارەیەک مرۆڤی بەدگوومان و سەرسەختدا بینیەوە! مێلانزییەکان، بەو جۆرە تێدەفکرین، کە بۆچی ئەمجارە ئەم پێشینانە چرووک­و چاوچنۆکانە، بەم پۆشاکە نامۆ و گۆڕاوەیانەوە، کاڵا و کەرەستەکانیان بۆ خۆیان گلداوەتەوە ­و تەنیا هەوڵدەدەن ناچارمان بکەن وێردی سوپاس­ و ستایش بخوێنین؟

چەندین ­و چەندجار، ئەم چەشنە فیرقە ­و گرووپە کاڵاپەرەستانە، لە زۆنی ئۆقیانووسی هێمن­دا دەرکەوتوون. لەسەروەختی جەنگی دووەمی جییهانی­دا، هێزەکانی ئەمریکا چوونە ناو دوورگەی تانا (Tana)ەوە. ئامانجی ئەم هێزە ئەوەبوو، هەزار کەس لەدانیشتوانی دوورگەکە وەک کرێکار ناونووس بکەن، تاوەکو بنەکەیەکی ئاسمانی­ و بنکەیەکی زەمینییان لەدوورگەی ئێفات (Efate Island)ی دراوسێی دوورگەی تانادا، پێ­دروستبکەن. ئەو دەمەی، ئەم کرێکارانە ئەرکەکەیان تەواو دەبێت­ و بۆ دوورگەکەی خۆیان (تانا) دەگەڕێنەوە، ڕستێک حەکایەت و بەسەرهاتیان لەبارەی ئادەمیزادە سپی­پێست ­و ڕەش­پێستەکان، بۆ دانیشتوانی دوورگەکە گێڕایەوە. ناوەڕۆکی ئەو حەکایەت­ و بەسەرهاتانە، هەمووی ئەوەبوو، کە گوایە ئەو مرۆڤانە خاوەنی شتانێکن، لە خەیاڵدانی خەڵکانی تانادا جێگەی نابێتەوە. هەر ئەوەندەی ئەم بەسەرهاتانە بەنێو هەموو دانیشتووانی تانادا بڵاوبوویەوە، هەیاوهوویەک بەرپابوو، ئەو سەری دیارنەبێت. زۆرێک لەدانیشتوانی ئەم دوورگەیە، کە لە سەردەمانی زوودا و لەڕابردوودا، لەڕێگەی موژدەدەرە بەریتانیایەکانەوە، باوەڕیان بە ئایینی مەسیحیی هێنابوو، دەمودەست وازیان لە کەنیسە هێنا­و لەبری ئەمە، هەستان بەدروستکردن­ و بونیاتنانی بنەکەی ئاسمانی، کۆگا­ و بورجی رادیۆ، هەموو ئەمانەشیان لە قەدی درەختی بامبۆ دروستکرد! ئەم تاقمە باوەڕیان­وابوو، ئەگەر ئەنجامدانی ئەم ڕێ­وڕەسمانە بۆ ئەمریکایەکان لەدوورگەی ئێفات، وەڵامگۆ بووبێت، کەواتە بۆ ئەمانیش لەدوورگەی تانا وەڵامگۆ دەبێت­و مرازیان حاسڵ دەبێت! لە درەختی بامبۆ، پەیکەری فڕۆکە، کڵاوخوود و چەکی ئەمریکیی دادەتاشرا­و وەک ڕەمز­و هێمای مەزهەبی، بەکاردەهێنران. دوورگەنیشینانی تانا، لەڕێگەی تاتۆ و خاڵکوتانەوە، ناوی وڵاتی ئەمریکایان لەسەر جەستەی خۆیان دەنووسی­و بەکۆمەڵ ڕێ­پێوانیان ئەنجامدەدا، سەرئەنجام، کار بە ئەو شوێنە گەیشت، کە جۆن فرۆم (John Frum) وەک مەسیحی بەڵێن پێدراوی خۆیان بناسێنن! گوایە ئەم جۆن فرۆمە، سەربازێکی ئەمریکایی بووە. هەڵبەت دەبێت ئاماژە بۆ ئەوە بکەین، کە لەئەرشیفی سەربازیی و سوپای ئەمریکادا، ناوێکی لەم شێوەیە بوونی نییە! واتە هیچ بەڵگە و مەدرەکێک، بوونی نییە، کە بیسەلمێنێت، سەربازێک بەو ناوەوە بوونی هەبووە!

سەروەختێک جەنگ دوایی پێ­هات­ و کۆتا سەربازی ئەمریکی ئەو ناوچەیەی بەجێهێشت، دوورگەنیشینان پێشبینیان­کرد، کە گوایە جۆن فرۆم ڕۆژێک لەڕۆژان دەگەڕێتەوە. ئەم بزاڤە شێوە ئایینیە، درێژەی بە هەبوونی خۆی دا و لە ١٥ی فێبریوەری ساڵی ١٩٥٧دا، ئاڵای ئەمریکای بەسەر کەنداوی سۆلفۆر (Sulphur)ەوە هەڵکرد، تاوەکو بەکردەیی، ئایینی جۆن فرۆم ڕابگەیەنێت. هەموو ساڵێک لەو مێژووەدا، یادی ڕۆژی جۆن فرۆم دەکرێتەوە­و جەژن بەرپادەکرێت. ئەم خەڵکە باوەڕیان­وایە، جۆن فرۆم هاوڕێ لەگەڵ دەستە­و تاقمەکەیدا، لە گڕکانی یاسوور (Yasur) چاوەڕوانی دەرفەتێک دەکات، تاوەکو کاڵا وکەرەستەکانی خۆی، بە دانیشتوانی تانا ببەخشێت. لەسەروەختی بەرپاکردنی جەژن­ و کەرنەڤاڵی جۆن فرۆم­دا، ئەوانەی بەئەزموونن، هاوشێوەی سوپایەکی ڕەمزی­ و بەدەم سەمای سوونەتیی ناوچەکەوە، مانۆڕی سەربازیی ئەنجامدەدەن. هەندێک چەکی ڕەمزی لە قەدی بامبۆ دروستکراو بەدەستەوە دەگرن، یان وەک یادەوەرییەک کڵاو، تی شێرت و چاکەت لەبەردەکەن. ئەم خەڵکە پێیان­وایە، ڕێوڕەسمەکانیان، کە ساڵانە ئەنجامی­دەدەن، جۆن فرۆمی خودا لە هەناوی گڕکانەکە دەردەهێنێت و کاڵای خۆشبەختی بەسەر هەموو دانیشتوانی دوورگەکە دەبەخشێتەوە (MotDoc: 2004).

دیسان سەرهەڵدانی ئایینێکی تر، کەمێک پاشتر و لەساڵی ١٩٦٠، لە دوورگەی بەریتانیای نوێ(New Britain Island) و لە پاپوا گینیای نوێ، فیرقەی پۆمیو کییڤونگ (Pomio Kivung) بونیاتنرا و تائێستاش بەردەوامن!

فێرکارییە ئایینیەکانی ئەم فیرقەیە، لەسەر چەند بنەمایەکی هەمەجۆر دامەزراوە: پابەندبوون بە دە فەرمانەکەی تەورات(ڤێرجنە ڕیفۆرمکراوەکەی!)، جێبەجێکردنی وردو دەقیقی ڕستێک سرووت­و ڕێوڕەسمی دیاریکراو، وەک پارەدان بۆ کڕینەوەی سزاکان، کە ئامانج لەمە، ئەوەیە مرۆ لەگوناهەکانی پاک ببێتەوە، هەروەتر، ئەم کارە بۆ سەلامەتی دڵ­و دەروون باشە، سەلامەتی دڵ­ و دەروونیش دەبێتە­هۆی ئەوەی هەرچی زووتر، پێشینان بگەڕێنەوە. گرنگترین بەشی ئەم ڕێوڕەسمانە، بەئامانجی دڵدانەوە­و ئاسوودەکردنی پێشینان، ئەنجامدەدرێت. گوایە پێشینان، کۆمەڵەیەکیان بەناوی (دەوڵەتی گوند) پێکهێناوە، کە خودی خودا ڕابەرایەتی دەکات. کۆمەڵەکە، ئەو دەستەیە لە پێشینان­و باووباپیران لەخۆدەگرێت، کە بەر ڕەحمەت ­و لووتفی ئیلاهی کەوتوون.

ڕێبەرانی ڕۆحیی فیرقەی پۆمیۆ کیڤۆنگ ئەمانەن، کۆریام (Koriam)بونیاتنەری فیرقەکە، بێرنارد (Bernard)ی یاریدەدەری سەرەکیی کۆریام­و، کۆڵمان (Kolman)ی جێنشینی کۆریام. ئەم سێ کەسە، لەڕوانگەی پەیڕەوانی فیرقەکەوە، ئەندامی دەوڵەتی گوندن­و بەپیرۆز و مەلەکووتی ئەژماردەکرێن. سەربار، ئەم سێ کەسە، لە دونیای ماددی­دا، لەسەر زەوی­و بەتایبەت لەناوچەی پۆمیۆ نیشتەجێ­بوون، وەلێ بەدرێژایی ماوەی مانەوەیان، گیانیان هاونیشینی گیانی پێشینان بووە.

خۆپاریزی­و پاکژبوونەوە لەگوناە لەئاستی گشتی­دا و بەگوێرەی پێویست، مەرجی یەکلاکەرەوەیە لە ڕەخساندنی هەلومەرج بۆ گەڕانەوەی پێشینان­و دەستپێکی سەردەمی کۆمپانیاکان (Period of the Companies)! سەردەمی کۆمپانیاکان، چاخێکە لێوان­لێو لەخۆشگوزرانی بێ­وێنە. ئەم چاخە، چاخی گواستنەوەی زانین­ و بونیاتنانی ژێرخانی پیشەسازییە بۆ بەرهەمهێنانی شمەکە سەرسوڕهێنەرەکانی دونیای تەکنۆلۆژیا و کەڵەکە کردنی سامانی ماددی، کە دونیای خۆرئاوا لەم بوارەدا سوودمەندە (2002; 90 :Lawson and McCauley).

پێدەچێت ئەم نموونانە، دەگمەن ­و جیاوازبن. ڕەنگە پێتان­وابێت، ئایینی ئێوە، ئەو زەمانە سەریهەڵدا، کە حەقیقەتی ڕەسەن لەلاین خوداوە، بۆ کەسێک نازڵ­کرا­و ئەویش بۆ ئەوانیتری گواستەوە. ئایینەکەی ئێوە، لەمڕۆدا گەشاوەتەوە­و پەرەی سەندووە، چونکە ئێوە و هەموو هاوئایینەکانتان، ئەوە دەزانن، کە ئایینی ئێوە ئایینی ڕاستییە، کەواتە خودا ڕەحم و بەزەیی بەسەر ئێوەدا باراندووە و هانی­داون دەست بە باوەڕی خۆتانەوە بگرن. ئەم بابەتە بۆ ئێوە، بەم جۆرە سادە و ساکارە! بۆچی ئایینەکانی تر بوونیان هەیە؟ ئەگەر ئایینەکانی تر، بەهەڵەداچوون، کەواتە بۆچی سرووت­ و ڕێوڕەسمەکانیان، هاوشێوەی تیۆری­ و نەریتە هەڵە­ و فەرامۆشکراوەکانی بواری کشوکاڵ­ و تەلارسازی، لەنێو نەچووە­و فەرامۆش­نەکراوە؟ ڕەنگە وا بیربکەنەوە­و پێتان­وابێت، بەکاتی خۆی ئەوانیش لەنێو دەچن­و تەنیا تاکە یەک ئایینی ڕاست ­و دروست دەمێنێتەوە، کە ئەویش ئایینەکەی ئێوەیە. بەدڵنیاییەوە، ڕستێک بەڵگە­و بیانوو لەپشتەوەی ئەم باوەڕە، بوونیان هەیە. جیا لەو چەند ئایینە سەرەکییەی دونیای ئەمڕۆ (واتە ئەو ئایینانەی، ژمارەی پەیڕەوکارانیان، لەسەدان هەزارکەس یان لە سەدان ملیۆن کەس تێپەڕدەکات)، هەزاران ئایینی تر بوونی هەیە، کە ژمارەی پەیڕەوانیان کەمترە. ڕۆژانە دەرکەوتنی دوو یان سێ ئایینی تازە تۆماردەکرێت، کە درێژی تەمەنیان، لە دەساڵ تێپەڕناکات. هیچ ڕێگایەک بۆ ناسینی ئەو ئایینانەی بەدرێژایی دە یان پەنجا یاخۆ سەدان هەزاساڵی ڕابردوو، پشکووتن، بوونی نییە. تەنانەت ڕێی­تێدەچێت، ژمارەی ئەو ئایینانە لە ملیۆن تێپەڕبکات، وەلێ هیچ پاشماوەیەکیان لێ نەماوەتەوە و بۆ هەمیشە لەنێوچوون.

ئەگەر کەمێک چاو لەو دیرۆکە ئێجگار دێرینانە بپۆشین­و نەختێک مروونەت بنوێنین و سەرنجی مێژووی ئایینەکانی تریش بدەین، دەبینین مێژووی هەندێک لەئایینەکان بۆ چەند هەزارەیەکی پێش ئێستا دەگەڕێتەوە. کەنیسەی مۆرمۆن، وەک بەناوە فەرمییەکەیدا دیارە، دووسەدساڵ نابێت دەرکەوتووە. تەمەنی پرۆتستانس پێنجسەدساڵ، تەمەنی ئیسلام هەزار و پێنج سەد ساڵ، تەمەنی مەسیحییەت دوو هەزار ساڵ و تەمەنی ئایینی جوو چوار هەزار ساڵ تێپەڕناکات.

لەڕوانگەی بایۆلۆژییەوە، ئەوەی هێمای بۆ کرا، بە ماوەیەکی گەلەک کورت دێتەئەژماردن. تەنانەت بە بەراورد بە ماوە کولتوورییەکانی تریش، هێشتا تەمەنی ئەم ئایینانە، یەکجار کەمە. پێشینەی کولتووری کشتوکاڵی، بۆ زیاتر لە دەهەزارساڵ بەر لەئێستا دەگەڕێتەوە، نووسین، پێنج هەزارساڵێکە سەریهەڵداوە، مێژووی زمان، کێ دەیزانێت؟! پێ­دەچێت تەمەنی زمان چل هەزارساڵ و ڕەنگە دەجار و بیست­جار زیاتریش بێت. تەمەنی زمان، بابەتی توێژینەوەیەکی بێ­وچانە. لەبەرئەوەی هەمووان لەسەر ئەوە کۆکن، کە زمانی ئاخاوتنی سرووشتی، لە منداڵدانی زمانە سەرەتاییەکانەوە لەدایکبووە (پێ­دەچێت خودی ئەم زمانە سەرەتاییانەش، بەدرێژایی سەدان هەزارساڵ پەرەیان­سەندبێت)، هەر بۆیە لەبارەی مێژووی سەرهەڵدانی زمانەوە، هیچ کۆڕاییەک بوونی نییە. داخۆ زمان لەئایین دێرین­تر نییە؟ بە هەرچەشنێک مێژووی سەرهەڵدانی زمان دیاری بکەین، هێشتا زمان زۆر زۆر لە هەموو ئایینەکانی ئەمڕۆ یان لە هەر جۆرە ئایینێک، کە سەرەداوێکی مێژووییمان لەسەری هەبێت، کۆنتر و دێرین­ترە. کۆنترین بەڵگەی دیرۆکیی، کە لەسەر ئایین لەبەردەست­دا بێت، گۆڕستانە پر لە نەخش­و­نیگارەکەی کرۆماگنۆن (Cro-Magnon)ی کۆماری چییکە، مێژووی ئەم گۆڕستانە بۆ بیست­و­پێنج هەزارساڵ بەرلەئێستا دەگەڕێتەوە. هەرچەند وتنی ئەمە ئاسان نییە، وەلێ دەشێت دیاردەیەکی هاوشێوەی ئایین، هەر لەسەرەتاکانی پژانی زمانەوە، یان تەنانەت پێش ئەوەش، بوونی هەبووبێت. پێش ئەوەی دیاردەیەکی وەکو ئایین سەرهەڵبدات، پێشینانی ئێمە چۆنچۆنی بوون؟ ئایا وەکو دەستە­و گرووپی شەمپانزەکان وا بوون؟ ئەگەر لەسەر بابەتێکی جیا لە خۆراک، ڕاوچی و ململانێ بۆ وەچنگخستنی ڕەگەزی بەرانبەر، گفتوگۆیان کردبێت، ئەوا ئەو بابەتە چی بووە؟ ئاووهەوا؟ درۆودەلەسە؟ ئەو خاک­و زەمینە دەروونیی­ و کولتوورییە چۆنچۆنی بووە، کە بۆیەکەمینجار، ئایین ڕەگ و ڕیشەی خۆی تێدا داکوتا؟

...ئایین، وەڵامگۆی نیازێکی مەزنە­ و بەدەردی مرۆڤایەتی دەخوات! ئەم دەربڕینە، پاساوێکی گونجاوە بۆ ئەو کات­ و وزەیەی، لەپای ئایین­دا بەفێڕۆدراوە. ئەو بەڵگە فەرمییانەی وەک بیانوویەک، بۆ زەروورەتی هەبوونی ئایین دەهێنرێنەوە، بەم شێوەیەن:

دەوای ئازار و مەینەتییەکانە­و چارەی ترسی ئێمەیە لەمەرگ.
ڕوونکردنەوەیەکی گونجاوە بۆ ئەو دیاردە و باباتانەی، کە بە ڕێگای تر ڕوون ناکرێنەوە.
هاندانێکە، بۆ هاوبەشی و هاریکاریی و دەستگرۆیی کردن لە دەمی مەینەتی و جەنگ دا.

هەزاران کتێب­ و نامە، بەمەبەستی بەرگریکردن لەو بانگەشانەی لای سەرەوە، نووسراون، هەڵبەت دەبێت تاڕادەیەک هەق بدرێت بەم ئایدیا ئاشنایانە، کە لەهەوڵی قنیات پێ­هێنانی ئێمەدان. دەشێت ڕاست بن. بەڵام ئەگەر بەو سێ خاڵەی سەرەوە، یان بە یەکێکیان ڕازی بیت، ئەوا لەئاست ئەو بێ سەرەوبەرەییەی، کە یەخەی زانستە مرۆییەکان­ و زانستە کۆمەڵایەتییەکانی گرتووە، ڕازیت؛ ئەمەش واتە ئەرخەیان بوون، پێش ئەوەی کاتی بنجکۆڵی دەست پێ­بکات (ئاوهاتنەوە. پێش ئەوەی پرۆسە راستەقینەکە دەست پێ­بکات). هێشتا زۆر بابەت ماون، کە پێویستە لەبارەیانەوە پرسیار بکرێت و تێگەیشتن دروستبکرێت. بۆچی هەندێک ئایدیای تایبەت، ئارامی و ئاسوودەیی بە خەڵکی دەبەخشن؟ (بەدروستی بۆچی مایەی ئارامی و ئاسوودەیین؟ ئایا ناشێت و ناکرێت ئایدیای تر بدۆزرێتەوە، کە ئارامی و ئاسوودەیی زیاتری تێدابێت؟). بۆچی هەندێک ئایدیای تایبەت، کە بۆ ڕوونکردنەوەی ڕووداوە تەمومژاوییەکان بەگەڕدەخرێن، لەگەڵ زەوق و سەلیقەی خەڵکی­دا دێنەوە؟ (چۆنچۆنی ئەم ئایدیایانە سەریانهەڵدا، ئایا کەسێک، کە دەشێت دواتر بە زڕەزانای_بەدەوی بانگی بکەین، دەستی بە تیۆرییەکی میتافیزیکیی ڕاگەیشت و دواتر لەنێو دەرودراوسێیان­دا بڵاوی کردەوە و لیرەوە ئایدیاکان سەریانهەڵدا؟). چۆنچۆنی هەندێک لە ئایدیا تایبەتەکان، لەناو هەلومەرجێک­دا، کە دڵەخوورپە­و بەدگوومانی­و بێ­متمانەیی بوونیان هەبوو، توانیان سەرکەوتووانە هاریکاریی بەکۆمەڵ بەباربهێنن؟ (دیسان دەپرسینەوە، چۆنچۆنی ئەم ئایدیایانە سەریانهەڵدا؟ داخۆ سەرەک هۆزێک، زیرەکانە­و بەمەبەست دەستی بۆ داهێنانی ئایین برد، تاوەکو هۆزەکەی لە مەیدانی ململانێ لەگەڵ هۆزی نەیاردا، خاوەندارییەتی لە تایبەتمەندیی کاری پێکەوەیی بکەن؟).

هەندێک پێیان­وایە، لەمەڕ پرۆسە و لێکەوتەکانی نێو هەناوی رابردووە دوورەکان، جگە لەم گریمانە­و گوومانە سادانە، کارێکی باشترمان لەدەست نایەت. بەهەق، ژمارەیەک لەوان، لەسەر ئەم بابەتە گەلەک پێداگرن­و هەڵبەت ئەم تین­و­تاوەیان، ترسە لەوەی نەوەک شێوازی تێفکرینی خۆیان هەڵەبێت، کە هەڵەیە. لەسایەی خێر­و بەرەکەتی پێشکەوتنەکانی زانست لە کایە و بوارە جیاجیاکاندا، ئەمڕۆکە ئێمە دەتوانین چەقۆی پرسیار تیژبکەین و میوەی وەڵام پاک بکەین.  


نوێترین

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure