لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

شکاندن یان نەشکاندن

23/08/2020


دانیال دێنیت
وەرگێڕانی: وریا ئەحمەد
سەرچاوە: وێبسایتی گرووپی نێگەتیڤ

 

زانست وەک ئەو مرۆڤە زۆربڵێ­ و دەم­نەوەستاوە وایە، کە بەگێڕانەوەی کۆتایی فیلمەکە، ئەفسوون­و جادووی فیلمەکە بەتاڵ­دەکاتەوە. (نێد فلاندێرس؛ کەسایەتیی کارتۆنی لە ئەنیمەیشنی سیمپسۆن دا). لە کۆنسێرتێک­دا دانیشتوون، حەپەساو ­و هەناسەلەسینەدا قەتیس­ماو، گوێتان بۆ ئەو ژەنیارانە ڕادێراوە، کە خۆشتان­دەوێن، نەوای میوزیکی دڵڕفێن، باڵتان لێ­دەڕوێنێت­و بەرەو جێگایەکی ترتان دەبات... لەپڕ زەنگی موبایلی کەسێک لێ­دەدات! شکانی تەڵیسم­و بەتاڵبوونەوەی ئەفسوون و جادووی کۆنسێرتەکە. مایەی نەنگە، مایەی شەرمە­و هیچ پاساوێک هەڵناگرێت. ئەو کەسە گەمژە­و بێ­ئاگایە، کۆنسێرتەکەی لێ­تێکدان، ساتێکی گرانبەهای لە­کیسدان، کە هەرگیز ناگەڕێتەوە. شکاندنی ئەفسوون­و تەڵیسمی کەسێک، کارێکی قێزەونە! من نامەوێت ئەو کەسە بم، کە زەنگی موبایلەکەی لێ­دەدات، وەلێ زۆرباش ئاگام لەوەشە، کە بەم نووسینە، لەڕوانگەی زۆر کەس­دا، هەر هەمان ئەو کەسە ڕەزاگرانەم.

کێشەکە لەوەدایە، هەم ئەفسوونی باش هەیە­و هەم ئەفسوونی خراپیش. خۆزگە دەکرا تەنیا لەڕێگەی پەیوەندییەکی تەلەفۆنی­و زەنگی موبایلێکەوە، ناوبڕێک یان ڕاچەنینێک لە­دۆسێ کارەساتبارەکانی وەک دۆسێی جۆنیس تاون(Jonestown) و گوویانا(Guyana) لەساڵی ١٩٧٨ بەدی­بهێنرایە، ئەوەی کە سەرشێتێکی وەک جیم جۆنز(Jim Jones) فەرمانی بە سەدان پەیڕەوکاری ئەفسوونزەدە­و تەڵیسم­کراوی خۆی کرد، خۆیان بکوژن! خۆزگە تەنیا بمانتوانیبایە، ئەو تەڵیسمە بشکێنین، کە بووبەهۆی فریوخواردنی گرووپی ئوم_شینریکیۆ(Aum Shinrikyo)ی ژاپۆنی­و بڵاوکردنەوەی گازی سارین لەناو میترۆی تۆکیۆدا، کە مەرگی دەیان کەس­و برینداربوونی هەزارانی تری لێکەوتەوە! ئەگەر لەمڕۆدا بتوانین ڕێگایەک بۆ شکاندنی ئەو تەڵیسم­و ئەفسوونە بدۆزینەوە، کە بەهۆیەوە هەزاران کوڕ­و­کاڵی موسوڵمان بەرەو قوتابخانە تووندئاژۆکان پەلکێش­دەکرێن، چی­دەبوو! ئەو قوتابخانانەی، لەبری ئەوەی وانەکانی دونیای مۆدێرن، دیمۆکراسیی و مێژوویان تێدا بخوێنرێت، ئەم کوڕ­و­کاڵانە بۆ ژیانێک ئامادەدەکەن، لێوان­لێوە لە­ مەرگ­و شەهیدبوون ! ئەگەر دەکرا، ئەو تەڵیسمە بشکێنین، کە هاووڵاتیانی ئێمە بەوە تەڵقین­دەکات، گوایە لەلایەن خوداوە ڕێگەیان­پێدراوە، کلینیکەکانی لەباربردنی­ منداڵ بتەقێننەوە!

بە تەنیا گرووپە ئایینیەکان­ و توندڕەوە سیاسییەکان، ئەفسوونکاران­و جادووگەرانی ئەمڕۆکە نین. وێنای ئەوانە بکەن، دیل­و یەخسیری دەست ماددەی هۆشبەر، قومار، خواردنەوە کحولییەکان یان هەرزەگۆیین. ئەم جۆرە کەسانە، پێویستیان بە زۆرترین بڕ لە کۆمەک­و هاوکاریی بەپەلە هەیە، گومانم­ نییە لەوەی، هیچ­کەس ناخوازێت پەردە­ بەسەر ئەم ئەفسوونزەدە_جادوولێکراوانە­دا بدات­و هاواربکات کە ''تکایە بێدەنگی! تەڵیسمەکە مەشکێنن!''. پێ­دەچێت باشترین ڕێگا، بۆ شکاندنی ئەم تەڵیسمە خراپانە، ئەوە بێت، کە کەسی تەڵیسمکراو بخەینەژێر تەڵیسمی باشی وەک تەڵیسمی خودا یان ئینجیلەوە! دەشێت ئەمە باشترین ڕێگاچارەبێت، ڕەنگە واش نەبێت. دەبێت هەوڵبدەین وەڵامەکە بەدەست­بهێنین. ئەوی­دەم بەدوای وەڵامدا دەگەڕێین، دەبێت لەوە بکۆڵێنەوە، داخۆ ئەگەر بە چەقەنەیەک دەوای دەردی ئەوانە بکەیەن، کە بە کارکردنەوە ئالوودەبوون، دونیا باشتر دەبێت یان نا؟ وەلێ ئەمە بابەتێکی هەڵاسازە. زۆرێک لەوانەی ئالوودەی کارن، بانگەشە بۆ ئەوە دەکەن، کە گوایە ئالوودەبوونی ئەوان نەرێنی­و وێرانکەر نییە، بگرە بۆ کۆمەڵگا و ئازیزانیان بەسوودە، سەربار، ئەم جۆرە کەسانە پێداگری لەسەر ئەوە دەکەن، لەکۆمەڵگایەکی ئازاد­دا، مافی ئەوەیان هەیە شوێن  هەستی خۆیان بکەون­و خۆیانی پێ­بسپێرن، هەڵبەت تا ئەو جێگەیەی زیان بە ئەوانی تر نەگات. ئەمە پرەنسیپێکی حاشاهەڵنەگرە؛ ئێمە، لە پێگەی ئەوانی­تردا، تا ئەو دەمەی دڵنیابین لەوەی، کە ئەمانە بەنیسبەت ئێمەوە بێ­زیانن، ناتوانین دەست لە کارە تایبەتییەکانیان وەربدەین. لێ کاتێک پرسێکی لەم شێوەیە دێتە­پێشێ، دڵنیابوونەوە، دژوار­و دژوارتر دەبێت.

تاکەکان، وابەستەی زۆر­شت دەبن. هەندێک وا بیردەکەنەوە، ناتوانن بەبێ ڕۆژنامە و بڵاوکراوەی ئازاد، ژیان بەسەربەرن، لەکاتێکدا کەسانی­تر پێیان­وایە بەبێ جگەرە ناتوانن بژین. هەندێک لەو­باوەڕەدان، ژیان بە­بێ میوزیک، وێرانەیە، هەندێکی­تریش ژیانی بێ ئایین، بە شتێکی بێ­نرخ ئەژماردەکەن. ئایا هەموو ئەمانە دەچێتە خانەی ئالوودەبوونەوە؟ یاخۆ ئەمانە نیاز­­و پێداویستی ڕەسەنن­و دەبێت بە­هەرچ نرخێک بووە، بیانپارێزین؟

دواجار، دەبێت دەست بۆ ئەو پرسیارانە بەرین، کە بەدەوری بەها باڵاکاندا هەڵدەسوڕێن، هەڵبەت هیچ لێکۆڵینەوەیەکی بابەتیی، ناتوانێت وەڵامێک بۆ ئەم چەشنە پرسیارانە بخاتەڕوو. لەبەرانبەر ئەمەدا، ئەوەی لەدەستمان­بێت، ئەوەیە کە دابنیشین­و هەموو پێکەوە بیربکەینەوە. ئەم کارە، جۆرە پرۆسەیەکی سیاسیی هاوبەش­و پەروەردەییە لەپێناو قنیات­پێهێنان­دا و، دەتوانین بە نییەت باشییەوە ڕایپەڕێنین. وەلێ بۆ  ڕاپەڕاندنی ئەم کارە، دەبێت سەرەتا ئەوە بزانین، بژاردە­و ئۆپشنەکانی بەردەممان چین­و چۆنن، هەروەتر، دەبێت پێناسەیەکی ڕوون­و­ڕەوان بۆ ئەو بەڵگانەش بخەینەڕوو، کە بۆ سەلماندن یان ڕەتکردنەوەی دیدگا جۆراوجۆرەکانی بەشداربووان، دەهێنرێنەوە. ئەوانەی خۆیان لەبەشداری­کردن دەدزنەوە (ئاخر ئەمانە گوایە هەر زوو وەڵامەکانیان چنگ کەوتووە!)، سەربەو گرووپەن، کە دیدگایان لە دیدگای ئێمە جودایە، ئەمانە خۆیان بەشێکن لە کێشەکە. بۆنموونە، ئەگەر بمانەوێت لەگەڵ ئەم جۆرە کەسانە­، دەربارەی دیاردەی ئال نینۆ(El nino)** و گەرمبوونی زەوی، گفتوگۆبکەین، کارێکی بێ هوودەمان ئەنجامداوە، لێ چ پێیان خۆشبێت یان نا، ئێمە لەوەدا لەسەر هەقین، کە بانگەواز بۆ ئەوە دەکەین، خوێندنەوەیکی جددی­و قووڵ بۆ ئەم بابەتانە بکرێت. پێ­دەچێت ئەم جۆرە کەسانە، ڕۆژێک لەڕۆژان بۆچوونیان بگۆڕێت­و بێنەڕیزی ئێمەوە، تاوەکو کۆمەکمان بکەن، پاشخانی کارکردن­و ڕێوڕەسمی ئەوان باشتر بناسین، وەلێ چ بەم کارە هەستن یاخۆ نا، ئێمە دەبێت هەموو ئەوەی لەبارەیانەوە پێوێستە، بزانین، چونکە ئەمانە هەموو ئەو شتانە دەخەنەبەر مەترسیی، کە بۆ ئێمە گرنگ­و بەبایەخن.

کاتی هاتووە ئایین وەک دیاردەکی سرووشتیی­و وەک بابەتی توێژینەوەیەکی فرەڕەهەند­و چڕوپڕ، بەرباس­بدرێت، هەڵبەت بەهاوکاری باشترین پسپۆڕانی سەر ئەم هەسارەیە. بۆچی؟ ئاخر ئایین بە نیسبەت ئێمەوە، زۆر لەوە گرنگترە، کە لەبارەیەوە وەک نەزانێک بمێنینەوە. ئایین نەک تەنیا کاریگەری بەسەر تەنگەژە و ململانێ کۆمەڵایەتیی، سیاسیی­و ئابوورییەکانی ئێمەوە هەیە، بگرە ئەو مانایەی، کە بۆ ژیانی خۆمان دایدەتاشین، لەژێر کاریگەری ئایین­دایە. بۆ زۆرینەی تاکەکان، ڕەنگە بۆ بەشی هەرە زۆری دانیشتوانی گۆی زەوی، هیچ شتێک هێندەی ئایین گرنگ­و بەبایەخ نییە. هەر بۆیە دەبێت تا ئەو جێگایەی بۆمان دەلوێت­و دەتوانین، لەبارەی ئایینەوە شت فێربین.

ئایا ئەم چەشنە پەلاماردانە­و ئەم شێوازە لە هەڵسەنگاندنی تاقەت پڕوکێن، زیان بە دیاردەی ئایین ناگەیەنێت؟ ئایا تەڵیسم­و ئەفسوونی ئایین بەتاڵ­ناکاتەوە؟ ئەمە پرسیارێکی گەلەک باشە­و من وەڵامەکەی نازانم. هیچ کەس وەڵامەکەی نازانێت. بۆیە ئەم پرسیارە دەکەم، تاوەکو بەوردی لێکدانەوەی بۆ بکەین­و دواجار، ١: بەهەڵپەهەڵپ خۆمان هەڵنەدەینە ناو بابەتێکەوە و لەو سەرەوە بە پەشیمانی­و دەست لە ئەژنۆ درێژتر بێینە دەرەوە ٢: ئەو ڕاستییانە لەبەرچاوبگرین، کە دەشێت ژیانی ئێمە باشتر بکەن. دانیشتوانی ئەم هەسارەیە، لەگەڵ کێشە­و ئارێشەگەلی زۆروزەبەندا دەرگیرن، هەژاری، برسییەتی، نەخۆشی، ستەم، توندوتیژیی جەنگ­و توندوتیژیی تاوانکاریی­و زۆرێک کێشەی تر، یەخەی خەڵقی سەر ئەم هەسارەیەیان گرتووە. لەسەدەی بیستویەک­دا، ئێمە دەبین بە خاوەنی هێز­و دەسەڵاتی بێ­ڕکابەر، کە دەشێت بەهۆیەوە بتوانین چارەیەک بۆ ئەم کێشانە بدۆزینەوە. وەلێ دەبێت چی­بکەین؟

بەتەنیا نییەتی باش بەس­نییە. ئەگەر پەند­و وانەیەکمان لەسەدەی بیستەوە وەرگرتبێت، ئەوەیە کە لەڕێگەی باشترین نییەتەکانەوە، مەزنترین هەڵە­­و گەورەترین گەمژایەتیمان ئەنجامدا. لە دەیەکانی سەرەتای سەدەی بیست­دا، لەڕوانگەی ملیۆنان مرۆڤی خاوەن هزر­و خاوەن نییەتی باش، کۆمۆنیزم وەک ڕێچارێکی جوان­و تەنانەت سەرەتاییانە، بۆ هەموو ئەو نادادییەی کە بەچاوی خۆمان دەمانبینی، ئەژماردەکرا، لێ ڕاستیی ئەوەبوو، کە ئەمانە هەموویان بەهەڵەداچووبوون. هەڵەیەکی قێزەون، کە باجێکی سەنگینی بەدواوە بوو. هەر لەو سەروەختەدا، قەدەغەکردنی خواردنەوە کحولییەکان، وەک ئایدیایەکی گونجاو­و باش ئەژماردەکرا. گونجاوی ئەم ئایدیایە، بەتەنیا لەڕوانگەی ئەو پیاوە ئایینییە خۆپارێزانەوە نەبوو، کە هەم کوشتەی دەسەڵات بوون­و هەم پێداگربوون بۆچوونی خۆیان بەسەر هاووڵاتیان­دا بسەپێنن، بەڵکوو لەڕوانگەی زۆرێک لەکەسایەتییە بەڕێزەکانیشەوە، کە زیانە مەترسیدارەکانی کحولیان دەبینی­و بەو ئەنجامە گەیشتن، کە قەدەغەکردنی گشتیی، باشترین دەوایە بۆ ئەم دەردە. هەڵبەت دواجار ئەوە سەلمێنرا، کە ئەمانیش بەهەڵەداچووبوون، وەک چۆن کۆمۆنیزمیش بەهەڵەداچووبوو، لێ ئێمە هێشتا لە کاریگەرییە زیانبارەکانی ئەم چەشنە لە سیاسەتی (خۆش­نییەت)، ڕزگارمان نەبووە. ڕۆژگارێک، کە هێندەش دوور نییە، ئایدیای جیاکردنەوەی ڕەش­پێست­و سپی­پێست لەیەکتر، بە دیدی زۆرێک لە کەسایەتییە ڕاستگۆکان، وەک ڕێچارێک بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئارێشە­و ململانێی ڕەگەزی، ئەژماردەکرا. دەبوو کات تێپەڕێت­و پاش سەرهەڵدانی بزاڤی مافە مەدەنییەکان لە ویلایەتە یەکگرتووەکان­و پاش ئەزموونی سیاسەتی پڕ لە شەرم­و لێوان­لێو لە ئازاری ئاپاردایت­و، دواجار پاش سڕینەوەی ئەم سیاسەتە لە ئەفریقای باشوور، ئینجا ئەو بەڕێزە ڕاستگۆیانە­و ئەوانەی سەروەختێک بە نییەتی باشەوە بەرگریان لەسیاسەتی ئاپاردایت­و جیاکاری ڕەگەزیی دەکرد، تێگەیشتن، کە چەندە هەڵە­بوون. پێ­دەچێت ئێستا ئێوە بڵێن، دەک داڕزێن بۆ خۆیان­و سیاسەتیان، دەبوو باشتر بیریان­بکردایەتەوە. ئەگەر ئەو­پەڕی هەوڵی خۆمان وەگەڕبخەین، ئەوی­دەم دەتوانین باشتر بزانین­و باشتر بیربکەینەوە، هەڵبەت هیچ بیانوویەک بۆ خۆ دزینەوە لەهەوڵدان، لەئارادا نییە. یان ئایا بیانوویەک بوونی هەیە؟ بەچاوپۆشی لە لێکەوتەکان، داخۆ هەندێک لە بابەتەکان، لەو دیوی هێڵی سوورەوەن؟

لەمرۆدا ملیۆنان ئادەمیزاد لەپێناو بەدیهاتنی ئاشتی­دا، دۆعا دەکەن، تووشی سەرسووڕمان نابم ئەگەر زۆرینەیان لە قووڵایی دڵەوە، لەوباوەڕەدا بن، باشترین ڕێگا بۆ گەیشتن بە ئاشتی لەم دونیایەدا، ئەو ڕێگایەیە، کە بەناو پێکهاتە ئایینییەکەی ئەواندا تێدەپەڕێت. ئەم کەسانە چ مەسیحی بن یان جوو، ئیسلام­بن یان هیندۆسی، بودایی بن یاخۆ سەر­­بە سەدان سیستەمی ئایینی تر، هەر بەو چەشنە تێدەفکرن، کە ئایینەکەی ئەوان باشترین ڕێگاچارەیە. بەهەق هێشتا کەسانێک هەن، باڵاترین ئومێد­و هیوای مرۆڤایەتی لەوەدا دەبینین، کە هەموو ئایینەکان لە چوارچێوەی مێزگردێک­دا کۆبکرێنەوە­و بواربدرێت گفتوگۆیەکی تۆڵێرانس ئەنجام­بدەن، تاوەکو لەمەڕ پرسی چۆنیەتی ڕەوتار­و مامەڵەکردن لەگەڵ یەکتردا، بگەن­بە ڕێککەوتنی کۆتایی. دەشێت خەونی ئەم کەسانە، جێگای­ستایش بێت، بەڵام ئەمە خەونە. تیینیویەتی باوەڕ، بە مێزگردو یەکتر قبووڵکردن ناشکێت. بۆ باوەڕدارێک هێندەی ئەو پرسە گرنگە، ڕۆژێک ئایینەکەی ئەو سەراپای دونیا بگرێتەوە، هێندە ئاشتی کورتخایەن یان درێژخایەن گرنگ نییە، زۆرێک بەڕاستگۆییەوە ددان بەم بابەتەدا دەنێن. هەندێک کەس ئایین، وەک تاقانە ئومێد بۆ گەیشتن بە ئاشتی، وێنادەکەن. ئایین لەدیدی ئەمانەدا، کەشتیی نەجاتە­و ئێمەی ئادەمیزاد بوێری ئەوەمان نییە دەستی (ڕەخنە)ی بۆ درێژ بکەین، تا مەبادا سەرنگوون ببێت­و هەموومان تیابچین. لەهەمان­کاتدا، هەندێکی تر، شووناسی ئایینی وەک سەرچاوەی سەرەکی هەموو تەنگەژە­و توندوتیژییەکانی جییهان ئەژماردەکەن­و لێ­بڕاوانە پێیان­وایە، کە یەقینی ئایینی لەچاو ئارامی­و عەقڵانییەتی ئاگامەندانەدا، ئاڵتەرناتیڤێکی گاڵتەجاڕانەیە. هەڵبەت ئەوانەی خاوەندارییەتی لەم دوو دیدگا جیاوازە دەکەن، نییەتیان خێرە!

حەق بە کێیە؟ نازانم. ملیاران کەسی دیکەش، بە سەدان جۆری یەقینی پڕ لە هەیەجانی ئایینییەوە، نازانن. ئەو بێ­باوەڕانەش نازانن، کە دڵنیان دونیا بەبێ ئایین، جێگایەکی خۆشتر و باشتر دەبوو. لێرەدا هیچ لەیەکتر نزیک­بوونەوەیک لەئارادا نییە. باوەڕداران و بێ­باوەڕان، هەریەک لە دۆڵێکەوە ئاوازی خۆیان دەچڕن. زۆرجار بێ­باوەڕان، بەشان­و باڵی ئەو هەڵسەنگاندنە ورد­و بابەتییانەی خۆیان­دا هەڵدەڵێن، کە بۆ دیدگاکان، کردارەکان و بەڵگەکانی دەخەنەڕوو. لەبەرانبەردا، باوەڕداران، لە پەرچەکراداریاندا لەهەمبەر بوێری، بێ­ڕێزی­ کردن­و سووکایەتی بە پیرۆزییەکانیان­و لەئاست هەرکەسێک کە بخوازێت دیدگاکانیان هەڵبسەنگێنێت، تووڕەدەبن. دەبێت ئەم تەڵیسمە بشکێنرێت­و هەر ئێستاش دەبێت بشکێنرێت. ئەوانەی ئاییندارن­و لەوباوەڕەدان ئایین باشترین ئومێد­و هیوای مرۆڤایەتییە، ئەگەر خۆیان ناخوازن بیروباوەڕی خۆیان هەڵبسەنگێنن، نابێت چاوەڕوانی ئەوە بن، ئێمەی گوومانگەرا دەست لە گوومانکردن هەڵبگرین. ئەگەر هەق بە ئەوان بێت (بەتایبەت دوای قووڵبوونەوەی زۆر، راست و دروستی وتەکانیان بسەلمێت)، ئێمە وەک گوومانگەراکان، نەک تەنیا ئەمە پەسەند­دەکەین، بگرە بەرەو هەمان ئەو دۆڵەش بنەو­بارگە دەگوازینەوە، کە ئەوانی لێ­نیشتەجێن. ئێمە هەمان ئەو شتەمان دەوێت، کە ئەوان بە زۆری وای پیشان­دەدەن بەدوایدا عەوداڵن. دونیایەکی لێوان­لێو لەئاشتی، بە کەمترین ئازارەوە تا ئەو شوێنەی لەدەستمان بێت، دونیایەکی هاوتەراز لەگەڵ ئازادی­و دادپەروەری­و بەختەوەری­و مانا، بۆ هەمووان. ئەگەر بابەت­و ئامانجی ڕێگاکەیان ڕوون­نییە، ئەوا ئەمە پرسێکە دەبێت خۆیان بخوازن­و بیانەوێت، کە بەم ناڕوونییە بزانن. ئەوان بانگەشە بۆ ئەوە دەکەن، گوایە لە مشتومڕی پەیوەست بە پرسی ئەخلاق، دەستێکی باڵایان هەیە؛ ڕەنگە وابێت­و شایستەی ئەوە بن و ڕەنگە واش نەبێت. وەرن پەردە لەسەر ئەم پرسە لابدەین.      


نوێترین

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure