لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

ئیسلامی سیاسیی دوای بەهاری عەرەبی؛ کێشمەکێشمی نێوان جیهاد و دیموکراسی

05/09/2020


نووسینی: ئۆلیڤەر ڕوا
وەرگێڕانی لە فارسییەوە: ئارام مەحموود ئەحمەد

ڕاگەیاندنەکانی جیهان پڕن لە ناونیشان لە بارەی داعش، بۆکۆحەرام، یان گرووپە ئیسلامییە چەکدار و توندئاژۆکان. بەڵام لە ڕاستیدا لە کاری ڕۆژانەی وڵاتانی ئیسلامیدا، بزووتنەوە ئیسلامییە میانەڕەوەکان کە هەوڵ دەدەن لە چوارچێوەی یاسا و لە ڕێگەی پەروەردە و کاری خێرخوازییەوە بانگهێشتی خەڵک بۆ ئیسلام بکەن، گرنگی زۆریان هەیە. کتێبی نوێی شادی حەمید و هاوکارەکانی لە بارەی چارەنووسی بزووتنەوە سەرەکییەکانە، ئەو بزووتنەوانەی کە دوای کودەتای میسر و دەرکەوتنی داعش ڕووبەڕووی ئەزموونێکی دژوار بوونەوە.

ئیسلامیی
واژەی (ئیسلامیی) و هاوتاکەی واتا (ئیسلامی سیاسی) دوای شۆڕشی ١٩٧٩ی ئێران بوو بە باو و زۆر بە خێرایی بۆ بنەمای جێگیری باسی سیاسی هاوچەرخ گۆڕا. ئەم دوو چەمکەیان بۆ وەسفکردنی دیاردەیەکی لە ڕووکاردا نوێ داهێنا: بزووتنەوە سیاسییەکان بە ڕابەرایەتی موسوڵمانانی ناڕۆحانی و خاوەن بڕوانامە، کە خوازیاری (بە ئیسلامیکردنی سەرلەنوێ)ی وڵاتانی ئیسلامیی و (کۆمەڵگە موسوڵمانەکان لە وڵاتانی تر) بوون، چونکە بە بۆچوونی ئەوان ئەو خەڵکانە بەو شێوەیەی کە دەبێت موسوڵمان بن، موسوڵمان نەبوون. ئەو بزووتنەوانە لە ڕێگەی جۆرەکانی خۆبەخشی مۆدێرنی جەماوەرییەوە (بۆ نمونە دامەزراندنی لق بۆ گەنجان، ژنان و کرێکاران) برەویان بە شەریعەت دەدا. ئەوان پێکهاتەیەکی ڕێکخراوەیی تێکەڵیان لەخۆگرت، شتێک لە نێوان ئەنجومەنێکی برایەتی نەریتی سۆفیانە (کە تێیدا ئەندامانیی قۆناغە جیاجیاکانی چاودێریان تێدەپەڕاند) و حزبێکی سیاسی مۆدێرن (کە تێیدا ئەنجومەنێکی شورا، ڕابەرایەتی دیاریدەکات بۆ ئەوەی چاودێری کۆمیتە هونەرییەکانی تایبەت بە بوارە تایبەتییەکانی دانانی سیاسەت بکات). ئیسلامییەکان دوو ئامانجی گشتیان هەبوو: پەروەردەکردنی بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی کە هاوکاری ڕێکخراوە کۆمەڵایەتی و ئۆرگانە خێرخوازییەکان بکات، هەروەها دامەزراندنی بزووتنەوەیەکی سیاسی بۆ ئەوەی لە هەڵبژاردنەکاندا کێبڕکێ بکات، لەو بارەدا ئەندامەکانیان دەچنە ناو بیرۆکراسی دەوڵەتییەوە.

لەگەڵ دەستپێکی دەیەی ١٩٧٠ ئەو جۆرە ڕێکخراوانە، ئیتر شتێکی زۆر نوێ نەبوون. یەکەم و بەناوبانگترینیان گرووپی ئیسلامیی ئیخوان موسلمین بوو، کە ساڵی ١٩٢٨ لە میسر دامەزرا و وردە وردە لقەکانی لە جیهانی عەرەبیدا بڵاوە پێکرد. لەگەڵ تێپەڕینی کات ڕێکخراوی هاوشێوە لە ناوچەکانی تری سووننە دروستبوون. بەڵام ڕۆحانی و خەباتگێڕە شیعەکانی ئێران کە ساڵی ١٩٧٩ شای ئێرانیان ڕووخاند، وێنای ئیسلامی سیاسیان لە هزری گشتیدا چەسپاند، لەوانەیە لەبەر ئەوە بووبێت کە ئەوان یەکەم ئیسلامیی بوون کە دەوڵەتێکی مۆدێرنیان کۆنترۆڵ دەکرد. گەیشتنە دەسەڵاتی ئەوان وشەی (ئیسلامیی) لە ڕاگەیاندن، زانکۆ و دەوڵەتەکاندا کرد بە چەمک.

بە داخەوە و لە ئەمڕۆدا ڕۆژنامەنووسان، توێژەر و سیاسەتمەداران ئەم چەمکە بە شێوەیەکی زۆر ئازادانە بەکاردێنن و بە چینێکی بەرفراوان لە تاک و گرووپەکانییەوە دەبەستنەوە، لە ڕاشد غەنووشییەوە ڕابەری حزبی نەهزە (موسوڵمانە دیموکراتەکان) لە توونس تا ئەبوبەکر بەغدادی خەلیفەی داعش. ئەمکارە وەک ئەوە وایە کە دەربڕینی (سۆسیالیست)یش بۆ بێرنی ساندەرز سیناتۆری ئەمەریکایی، هەروەها کیم جونگ ئون ڕابەری کۆریای باکوور بەکاربێنین.

کتێبی (ڕوانینەوە لە ئیسلامی سیاسیی)، کۆمەڵێک وتاری جێ هەڵوەستە و دەوڵەمەندن کە لەلایەن شادی حەمید و ویلیام مەک کنتس و دوو کەس لە شارەزا بەرجەستەکانی ئەمەریکا لەو بوارەدا کۆکراونەوە. یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی ئەم کتێبە ئەوەیە کە بە ناساندنی ئەوەی دانەرانی کتێبەکە بە (ئیسلامییە سەرەکییەکان) ناویان دەبەن، مشتومڕی پەیوەندیدار بە ئیسلامی سیاسییەوە دەوڵەمەند دەکات. مەبەستی حەمید و مەک کەنتس لەو چەمکە ئەو حزبە ئیسلامیانەیە "کە لە چوارچێوەی سیاسەتی ئۆرگانیدا کاریان کردووە و بە مەیلی تەواوەوە لە ناو پێکهاتەی دەوڵەتدا، لە پێکهاتە لە ڕووکاردا سیکۆلارەکانیشدا چالاک بوون." لەو گرووپانەی کە لەم پێناسەیەدا دەگونجێن دەتوانرێت ئاماژە بە ئیخوان موسلمین لە میسر و ئوردن، حزبی ئیسڵاح لە یەمەن، حزبی داد و خۆشگوزەران لە ئیندۆنیزیا و زۆر نمونەی تر بکرێت.

پێناسەکەی حەمید و مەک کەنتس بزووتنەوەکانی وەک (کۆمەڵگەی بانگەواز) لە باشووری ئاسیا ناگرێتەوە، بزووتنەوەیەک کە نەک بە سیاسەت، بەڵکو بە بانگەواز بە دوای بە ئیسلامیکردنی کۆمەڵگەوەیە. هەروەها پێناسەکەیان گرووپە توندڕەوەکانیش ناگرێتەوە، واتا گرووپەکانی وەک قاعیدە کە بانگەواز بۆ جیهادی توندوتیژی دەکات و بە کردار ئەنجامی دەدات. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ڕۆشنایی کتێبەکە لەسەر ئیسلامییە سەرەکییەکان بە تەواوی لە جیی خۆیدایە، چونکە لەگەڵ ئەوەی گرووپە تیرۆریستییەکانی تر هەواڵەکانیان داگیر کردووە، گرووپە میانەڕەوەکان خاوەنی پشتیوانی زۆر زیاتر و قووڵترن لە ناو موسوڵماناندا، لەبەر ئەوە دەتوانرێت ئەوان لە درێژماوەدا بە گرفتی گەورە بۆ جۆرەکانی دەوڵەتە سیکۆلارەکان هەژمار بکرێن. ئەم گرووپانە بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی ڕاستەقینەن و ئامانجی بەرجەستە و کورت مەودایان هەیە، ئەوان ئەگەر پشتیوانی ئایدیای خیلافەتی جیهانیش بن، بە خەونێکی دوور و درێژی دەزانن. ئەوان لەم کات و شوێنەدا خوازیاری تێکەڵاو بوون لەگەڵ ئۆرگانە هەنووکەییەکان و دروستکردنی پشتیوانی و متمانەن بە دامەزراندنی ئۆرگانە خێرخوازییەکان، کە ناکارایی دەوڵەت لە جیهانی ئیسلامیدا پڕ دەکەنەوە. ئەوان دەیانەوێت بەو مەبەستە باشەی کە ئەو کارە دەیهێنێتە بوون، خەڵکی بۆ گەڕانەوە بۆ ئیسلام لە ڕیگەی خواپەرستییەوە ڕابکێشن، واتا کارەکانی وەک ئامادەبوون لە مزگەوت، پاڕانەوە لەبەردەم ڕایگشتی و باڵاپۆشی لە ناو ژناندا. ئەوان بە ئاشکرا دژی ڕەوایی دەوڵەتە سیکۆلارەکان ناوەستنەوە، بەڵکو هەوڵدەدەن کاریگەریان لە سەر دروستبکەن، ئەوان هەر کاتێک ڕێگەیان پێبدرێت دەچنە کێبڕکێی هەڵبژاردنەوە و چوونە ناو هاوپەیمانی سیاسی پەسەند دەکەن. هەروەها ئەوان تەکفیرکردن (بە مورتەد دانانی موسوڵمانانی تر) و ڕاپەڕینی چەکداری (بێجگە لە دژی ئیسرائیل) ڕەتدەکەنەوە. ئەوان بە کەمی و تەنیا لەو کاتانەدا چەک هەڵدەگرن کە هێرشیان دەکرێتە سەر. هەرچەندە دەسەڵاتی ڕۆژئاوا تۆمەتبار دەکەن بە داگیرکاری نوێ و هێرشی کولتوری، بەڵام بەردەوام ڕێگە بۆ پەیوەندی و دانوستان بە کراوەیی دەهێڵنەوە. جێی بیرهێنانەوەیە کە ڕەخنەگران و دژەکانیان ماوەیەکی زۆرە ئەو گرووپانە بە هەبوونی ئامانجی نهێنی و شاراوە بۆ داپۆشینی مەبەست و باوەڕە زۆر ڕادیکاڵترەکانیان تۆمەتبار دەکەن.

ئەمە وێنەیەکی تا ڕێژەیەک ئاشنایە. بەڵام لەم ساڵانەی دواییدا ئەوەی حەمید و مەک کەنتس بە (شۆکی دووانی) ناوی دەبەن، ئەو وێنە ئاشنایەیان لە قاڵبێکی نائاشنادا داناوە. مەبەستی ئەو شۆکە دووانییە، کودەتای سەربازی ساڵی ٢٠١٣ و دەرکەوتنی داعشە ساڵی ٢٠١٤. کودەتای میسر دەوڵەتێکی ئیسلامیی هەڵبژاێردراوی خەڵکی ڕووخاند و نیمچەدەوڵەتی داعشیش دوای توندوتیژی مەرگباری ئەو گرووپە لە عێراق و سوریا هاتە بوون. هەڵبەتە شۆکێکی کۆنتریش هەیە، بەهاری عەرەبی ٢٠١٠ – ٢٠١١ کە بووە هۆی ئەوەی ئیسلامییە سەرەکییەکان بە کاریگەری و دەسەڵاتی زیاتر بەراورد بە ڕابردوو بگەن.

بەڵام ئەو شۆکانە بە هیچ شێوەیەک جەوهەر و هێڵی ئیسلامیی ڕوون نەکردەوە، بەڵکو بە پێچەوانەوە بووە هۆی شاراوەیی و نادیاری زیاتر.

حەمید و مەککەنتس نووسیویانە "دوای چەند دەیەیەک گریمانەکردن لە بارەی ئەوەی کاتێک ئیسلامییەكان دەگەنە دەسەڵات چی دەکەن، شیکەرەوان، زانکۆییەکان و ئیسلامییەکان خۆشیان بەو وەڵامە گەیشتن، ئەو وەڵامەش ڕێ لێ بزربوونە."

زەمینەی ڕووبەڕووبوونەوە
بۆ ڕوونبوونەوەی بابەتەکە، نووسەرانی (ڕووانینەوە لە ئیسلامی سیاسیی) بە شێوەیەکی تەواو عەقڵانی مشتومڕی تیۆریان لە بارەی ئایدۆلۆجیای ئیسلامییەوە وەلاوە نا و لە جیاتی ئەوە کەوتنە لێکدانەوەی چالاکی و سیاسەتەکانی حزبە ئیسلامییەکان لەم ساڵانەی دواییدا. ئەو کتێبە چەند بەشێکی بۆ گۆڕانکارییەکانی نۆ وڵاتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، باکووری ئەفریقا و ئاسیا تەرخان کردووە. ئەزموونی ئەو وڵاتانە گشتگیرە. دوای شۆڕشەکانی ٢٠١٠ و ٢٠١١ ئیسلامییەکان لە میسر، مەغریب و تونس توانیان لە هەڵبژاردنەکاندا سەرکەون، بەڵام لە لیبیا، سوریا و یەمەن گیرۆدەی شەڕی ناوخۆیی بوون. لە ئوردن و کوەیت هیچ شۆڕشێک ڕووی نەدا، بەڵام حزبە ئیسلامییەکان لەم دوو وڵاتە، کە بۆ ساڵانێکی زۆر بوو بەشداری هەڵبژاردن بوون و لە چوارچێوەی ئۆرگانەکانی حکومەتدا چالاک بوون، بە هۆی ڕاپەڕینی وڵاتانی ترەوە هەناسەیەکی تریان بە بەردا هاتەوە. ئەمە لە بارەی حزبە ئیسلامییەکان لە پاکستان و باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیاش ڕاستە.

لەگەڵ ئەو جۆراوجۆرییەشدا شیکارە ئەنجامدراوەکان لە بارەی ئیسلامی سیاسییەوە لەو وڵاتانە دەچێتە یەکێک لەم دوو خانەیەوە، خانەی یەکەم، دەتوانرێت بە (تێڕوانینی بوار بۆ ڕەخساو) ناو ببرێت. بەپێی ئەو تێڕوانینە سیاسەت و چالاکییەکانی بزووتنەوە ئیسلامییەکان، کەمتر لە ژێر کاریگەری ئایدۆلۆجیادا بووە و زیاتر کاریگەری ڕووداوەکانیان لەسەر بووە. ئەم تێڕوانینە گرووپە ئیسلامییەکان بە هەڵچوو و سازشکار دەزانێت. بۆ نمونە سەرکوتکردنی ئیخوان موسلمین لە میسر لە دەیەی ١٩٦٠دا بە هۆکاری گرتنەبەری شێوازێکی خۆپارێزی لە ڕابەرایەتی ئەو بزووتنەوەیە و پەراوێزخستنی توندڕەوی دادەنێت. وەک (ستیڤن بروپ) شارەزای زانستە سیاسییەکان لە بەشی یەکەمی کتێبی (ڕوانینەوە لە ئیسلامی سیاسیی)دا دەیخاتەڕوو، ئەو هەلە سیاسیانەی کە بۆ بزووتنەوەکانی ٢٠١٠ و ٢٠١١ هاتەپێشەوە بووە هۆی ئەوەی ئەو گرووپانە بچنە هەڵبژاردنەکانەوە. بەپێی ئەو تێڕوانینە گرووپە ئیسلامییەکان دەیانەوێت لەگەڵ هەلومەرج و یاسا تایبەتییەکانی هەر وڵاتێکدا خۆیان بگونجێنن، دەتوانرێت ئەمە لە نمونەی بە ڕەسمی ناسینی شانشینەکانی ئوردن و مەغریب ببینرێت. ئامانجی سەرەکی ئەم گرووپانە مانەوەیان وەک ئەکتەرە سیاسییەکان و ڕێکخراوە یەکگرتووەکانە. سوود وەرگرتنی ئەوان لە ئایین شتێکی بێجگە لە (وتەی موسوڵمانی) وەک (فرانسوا بورگا) ئاماژەی پێداوە، نییە، واتا شێوازێک نییە بۆ دەربڕینی ناسنامەی تایبەتی و پۆلێنکردنی ڕەخنەکان بە تایبەتی دژی ڕۆژئاوا.

تێڕوانینی دووەم دەتوانرێت بە (تێڕوانینی خودباوەڕانە) ناو ببرێت. بەپێی ئەم تێڕوانینە ئیسلامییەکان خاوەنی بنەمایەکی ئایدۆلۆجین و هەر جۆرێک سازش کە بەرامبەر ئۆرگانە سیکۆلارەکان نیشانی دەدەن، تەنیا تاکتیکە، بەشداریشیان لە سیاسەت و هەڵبژاردندا ئەوان لە بانگهێشت بۆ جیهاد و توندڕەوی دوورناخاتەوە. بەپێی ئەم تێڕوانینە تێگەیشتنی واقیعی ئیسلامییەکان لە دیموکراسی ئەوەیە کە (کەسێك، یەک دەنگ، یەک جار)ە. بە دەربڕینێکی تر ئیسلامییەکان سندوقەکانی دەنگدان بە تەنیا ڕێگەیەک بۆ گەیشتن بە دەسەڵات دەزانن، کاتێک گەیشتنە دەسەڵات، ئایین دەکەنە جێگرەوەی دیموکراسی. یەکێک لە دەرەنجامەکانی ئەم هەڵێنجانە، بیرکردنەوەیەک کە لەسەر بنەمای ئەو بیرکردنەوەیەیە کە ئیلاهیاتی ئیسلامی هیچ جیاکارییەک لە نێوان ئایین و سیاسەت پەسەند ناکات، ڕەخنەگران و بەشێک لە پەیڕەوانی ئیسلامیی ئەم ڕایە دەهێننە سەر زمانیان، لەبەر ئەوە ئیسلامییەکی ڕاستەقینە ناتوانێت پێویستییە ئایدۆلۆجییەکانی خۆی لەبەر تێڕوانینێکی تیۆری، یان دیموکراسیتر وەلاوە بنێت.

هەڵبەتە لەم ساڵانەی دواییدا ئیسلامییە سەرەکییەکان تەنیا ئەو ڕێڕەوەی یەکەمیان گرتووەتەبەر. ئەوانیش دوای سەرکەوتن وەک لە تونس بینرا، هەروەها دوای شکست وەک لە میسر کردیان. لە هەردوو بارەکەدا سنووردارییە سیاسییەکان بە سەر ئایدۆلۆجیادا سەرکەوتن. ئیسلامییەكانی میسر و تونس تێگەیشتن کە ئەندامانیان زیاتر گرنگی بە کار، بژێوی و خانوو دەدەن، نەک بۆ نمونە ڕۆڵی ئیسلام لە دەستووردا. ئەوان لە میسر بە قوورسی فێری ئەو وانەیە بوون. سەرەتا دەوڵەتی محەمەد مورسی نیشانی دا کە پێیباشە لە چوارچێوەی ئۆرگانە هەبووەکان کار بکات، لە ڕاستیدا ئەو مەیلە بووە هۆی ئەوەی ئیسلامییەكان لە هەڵبژاردنەکاندا سەرکەون. بەڵام کاتێک مورسی دەسەڵاتەکانی چەسپاند و توانی ئاسایش و گەشەی ئابووری بێنیتە دی، پشتیوانی جەماوەر لە دەوڵەتەکەی بە خێرایی کەم بووەوە و زۆرینەی میسرییەکان دوای کودەتای عەبدولفەتاح سیاسی وەزیری بەرگری لە ساڵی ٢٠١٣دا، گەڕانەوەی حکومەتی سەربازیان بە ئامێزی کراوەوە پەسەند کرد.

(مۆنیکا مارکس) لە بەشی دووەمی کتێبەکەدا ڕوونی دەکاتەوە کە لە تونس ئیسلامییەکان لە حزبی نەهزەی تونس زۆر شارەزایانە خۆیان گونجاند و ساڵی ٢٠١٣ دوای توڕەیی گشتیی بە هۆی نەبوونی ئاسایش و ناسەقامگیری ئابووری، هاوپەیمانی دەسەڵاتداری خۆیان هەڵوەشاندەوە. ئەم کارە ڕێگەی لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەوان لەگەڵ سیکۆلارەکان گرت، لە کاتێكدا ئەو ڕووبەڕووبوونەوەیە لەوانە بوو مانەوەی حزبەکە بخاتە مەترسییەوە.

لە زۆرێک لە وڵاتان حزبە ئیسلامییەکان تێگەیشتن کە سیاسەتە ئایینییەکان تەنیا هی ئەوان نییە، لە میسر ساڵی ٢٠٠٢ کە تا ئەو کاتە سەلەفییەکان بێدەنگ بوون، حزبی خۆیان دامەزراند و هەندێک لە دەنگی دەنگدەرانیان بۆ خۆیان برد. لە هەمان کاتدا ئیسلامییەکان لەلایەن ئۆرگانە مەزهەبییەکانی وەک زانکۆی ئەزهەرەوە پەسەند کراو نەبوون. هەروەها حزبە سیکۆلارەکانی وەک حزبی نەدای تونس بانگەوازیان بۆ هەندێک یاسای ئیسلامیی دەکرد، بۆ ئەوەی متمانەی کولتوری خۆیان بەهێز بکەن. (جۆزێف چینینونگ لیۆ) شارەزای زانستە سیاسییەکان لە بەشی یانزەیەمی کتێبەکەدا ئاماژەی بەوە کردووە، کە لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا بە نزیکەیی سەرجەم حزب و کەسایەتییە سیاسییەکان، ئیسلامسازیان خستووەتە بەرنامەی کاری خۆیانەوە و ئەم کارانەش بوونە هۆی ئەوەی هێما ئیسلامییەکان پاشەکشێ بکەن.

ڕووداوەکانی دوای بەهاری عەرەبی ٢٠١٠ و ٢٠١١  و مشتومڕی نێوان ئەو دوو تێڕوانینە ئەنجامێکی ڕوونی بەدەستەوە نەداوە. بەڵام بە هەمان ئەو شێوەیەی کە کتێبی (ڕوانینەوە لە ئیسلامی سیاسیی) نیشانی دەدات، بە بەڵگەی زۆر تێڕوانینی ڕەخسانی بوار پشتڕاست کراوەتەوە. حەمید و مەک کەنتس نووسیویانە "دیموکراسی سەرجەم حزبە ئیسلامیی و نائیسلامییەکان بەهێز دەکات و هانیان دەدات بۆ ئەوەی بە شوێن ناوەندێکەوە بن، ئیتر ئەو ناوەندە لە هەر کوێیەک بێت." نەهزەی تونس وەڵامدەرەوەترین بەڵگەی ئەو بەڵگەهێنانەوەیەیە. ئەم حزبە دوای سەرکەوتنی لە هەڵبژاردنە گشتییەکانی ئەنجومەندا ساڵی ٢٠١١ بۆ چەند ساڵێک لە ناوخۆی خۆی و لەگەڵ دژەکانی لە کێشمەکێشمدا بوو لە سەر دەستووری نوێ. دەرەنجامی ئەو کێشمەکێشمە لەوانەیە سیکۆلارترین دەستوور لە وڵاتانی عەرەبیدا بێت، یاسایەک لە ئازادییەکانی بیروڕا لە خۆدەگرێت، واتا مافی هەبوون یان نەبوونی هەر جۆرێک باوەڕی ئایینی و ئازادی بۆ گۆڕینی مەزهەب. ئەمە مافێکی بەرفراوانترە بەراورد بە ئازادی ئایینییە. ئازادی ئایینی ڕێگە بە ناموسوڵمانەکان دەدات دابونەریتی ئایینی خۆیان بەجێ بگەیەنن، بەڵام مافی ئەوەیان پێنادرێت کە موسوڵمانان بانگهێشت بکەن بۆ سەر ئایینەکەی خۆیان. هەروەها ئازادی ئایینی، ئاتێئیستەکان و کەسانی تری خاوەن بیروڕای سیکۆلار بە ڕەسمی ناناسێت. (پیتێر مەندویل) توێژەری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە بەشی دوانزەیەمی کتێبەکەدا ئاماژەی بەوە کردووە، کە وەلانانی خۆویستانە لە دەسەڵاتداری لە لایەن بزووتنەوەی نەهزەی تونسەوە نیشانی دەدات کە ترسی باو لە (یەک کەس، یەک دەنگ، یەکجار) بێ بنەمایە. هەروەها لە میسریش ئەوە ئیسلامییەکان نەبوون کە ساڵی ٢٠١٣ حکومەتێکی دیموکراسیان ڕووخاند، بەڵکو هاوپەیمانییەکی ناباوی نێوان سەرکردە سەربازی، سیکۆلاریست و سەلەفییەکان بوو. هەر چۆنێک بێت (مورسی)ش توانای ڕووبەڕووبوونەوەی کودەتاکەی (سیسی) نەبوو، بەڵام سوپا نزیکەی دوو هەزار کەسی ئاشتیخوازی دوای داگیرکردنی مەیدانێکی گشتی لە قاهیرە کوشت.

مزگەوت و دەوڵەت
 ئامانجی نووسەران لە (ڕوانینەوە لە ئیسلامی سیاسیی) ئەوەیە کە لە باسە دوورودرێژ و ناسراوەکانی پەیوەندیدار بە ڕاستگۆیی ئیسلامییەکان زیاتر تێپەڕن. ئەم توێژەرانە بە دوای ئەوەوەن کە تێبگەن گۆڕانی حزبە سیاسییەکان لە کارەکتەری لاوەکی و سنوردار لە ئۆپۆزسیۆندا بۆ کارەکتەری سیاسی واقیعی بۆ ئەوان چی واتایەکی هەیە؟ پرسیارەکە ئیتر ئەوە نییە کە "ئیسلام لە بارەی سیاسەتەوە چی دەڵێت؟" بەڵکو ئەوەیە کە "ئیسلامییەکان چۆن سیاسەت جێبەجێ دەکەن؟"

وەڵامی نەهزەی تونس بۆ ئەم پرسیارە گۆڕانی بنچینەیی لە پێکهاتە و ناسنامەی ئەو حزبە بوو، لە ساڵی ٢٠١٦وە ئیتر ئەو حزبە خۆی بە حزبێکی ئیسلامیی ناو نەنا. (غەنووشی) لە گۆڤارێکدا نووسیویەتی، کە نەهزە "ئیتر ئاوەڵناوی ئیسلامیی بۆ وەسفکردنی خۆی بەکارناهێنێت، چونکە چەمکی ئیسلامیی لەلایەن توندڕەوەکانەوە لەم ساڵانەی دواییدا ناشیرین کراوە." لە درێژەدا نووسیویەتی "لە کۆتاییدا تونس وڵاتێکی دیموکراسییە، نەک دیکتاتۆری، ئەمە واتا لە کۆتاییدا نەهزە دەتوانێت حزبێکی سیاسی بێت، کە تیشک دەخاتە سەر دەستووری کاری جێبەجێکردن و تێڕوانینی ئابووری خۆی، نەک بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی کە دژی سەرکوت و دیکتاتۆری خەبات دەکات."

بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە، ئەگەر حزبێکی وەک نەهزە ئیتر هەوڵ نەدات یاسای شارستانی بەپێی شەریعەت فۆڕمەڵە بکات، کەواتە ئیتر کوێی ئیسلامییە؟ ئەو وەڵامەی کە بۆ زۆرێک لە ئەندامانی جێی مشتومڕە ئەوەیە، کە هەر چەندە ئێستا بزووتنەوەکە و حزبەکە بە ڕەسمی لە یەکتر جیان، بەڵام ئامانج لە بەشداری حزب لە سیاسەتدا هەمان پاراستنی بزووتنەوەکەیە لە سیاسەت. کاتێک حزبی نەهزە بۆ کارەکتەرێکی سیاسی ئاسایی لە سیستمێکی سیاسی ئاساییدا بگۆڕێت، ئەمە هاوکار دەبێت بۆ ئەوەی نەهزە ئەرکی خۆی جێبەجێ بکات، واتا پەروەردەکردنی کۆمەڵگەیەک کە تێیدا هەرچەندە ئایین لە ئۆرگانە حکومییەکاندا جێگیر نەکراوە، بەڵام لە هەناوی ژیانی ڕۆژانەدا جێگەی هەیە. ئەم تێڕوانینە هاوشێوەی تێگەیشتنی لیبراڵ و ڕۆژئاوایی بۆ جیایی کڵێسا لە دەوڵەتە، هەڵبەتە زیاتر لە تێگەیشتنی ئەمەریکایی پاراستنی ئایین لە دەستوەردانی لە کاروباری دەوڵەت دەچێت، نەک ڕای فەڕەنسی پاراستنی دەوڵەت لە ئایین. لە گۆڕەپانی ئیسلامیشدا ئەم جیاییە لە ئۆرگانە دەوڵەتی و دەستوورییەکان دەبێت بە شێوەیەکی قووڵتر خودی حزبە ئیسلامییەکان پیادەی بکەن.

ئەمە گۆڕانێکی بنچینەییە و دەتوانرێت وەک پێناسەی سەرلەنوێی ئایین وەک کۆمەڵێک لە بیروباوەڕ و دابونەریت بزانرێت، کە لە چوارچێوەی کۆمەڵگەیەکی سیکۆلاردا بوونیان هەیە. نەهزە ئەوەی پەسەند کردووە، کە لەگەڵ بوونی کولتوری ئیسلامیی تونس، چارەنووسی ئەو وڵاتە ئەوە نییە کە ئایدۆلۆجیای ئیسلامیشی هەبێت. غەنووشی بۆ نیشاندانی ئەو جوڵەیە ڕایدەگەیەنێت، کە نەهزە ئێستا "حزبی دیموکراتە موسوڵمان"ەکانە، ئەو بەو پێناسەیە بەراوردێک دەکات لەگەڵ حزبە دیموکرات مەسیحییەکانی ئەوروپا.

بەڵام بەراوردەکە بەوە کۆتایی نایەت. لە ناوەڕاستەکانی دەیەی ١٩٤٠وە تا ناوەڕاستەکانی دەیەی ١٩٧٠ حزبە دیموکرات مەسیحییەکان کۆمەڵێك ڕێگەیان دۆزیەوە بۆ ئەوەی بەها ئایینییەکان بە سیکۆلار بکەن، بۆ ئەوەی بتوانن پشتیوانی زیاتر لە ناو دەنگدەرە سیکۆلارەکان بەدەست بێنن. لە وڵاتانی پرۆتستانت و کاسۆلیک ئەو دەستەیە لە حزبەکان بانگەشە بۆ ئەو بەهایانە دەکەن کە لە دۆکترینی کۆمەڵایەتی کڵێساوە سەرچاوەیان گرتبوو لە بارەی بابەتە پەیوەندیدارەکان بە خێزان، هاوکاری نێوان کرێکاران و خاوەن پیشەکان و ئاسایشی کۆمەڵایەتی. بەڵام لەگەڵ ئەوەی ئەو حزبانە هێشتا بوونیان هەیە و لە ئەڵمانیا زۆر سەرکەوتوون، بزووتنەوەی دیموکرات مەسیحی هاوشێوەی ئەوەی نەهزە و گرووپە ئیسلامییەکانی تر بۆ کارەکەیان پێویستیانە، نییە. وڵاتانی وەک ئەڵمانیا، دیموکرات مەسیحییەکان حزبیان هەیە، بەڵام بزووتنەوەیان نییە. بزووتنەوە کۆمەڵایەتییە کاسۆلیکییەکانیش کە لە وڵاتانی وەک ئیتالیا چالاکن، هیچ پەیوەندییەکیان لەگەڵ حزبە سیاسییەکان نییە. لە ئەوروپا سیکۆلاریزم هەم لە گۆڕەپانی سیاسی و هەم لە گۆڕەپانی کۆمەڵایەتیدا سەرکەوتوو بووە. دوای شەڕی دووەمی جیهانی وڵاتانی ڕۆژئاوا بە تایبەتی لە بابەتەکانی وەک ڕەگەز و خێزان، زیاتر و زیاتر لە تێڕوانینی مەسیحی دوورکەوتنەوە. لەم ڕووەوە جێی سەرنجە کە غەنووشی و ئیسلامییەکانی تر بە دوای بەراوردی خۆیان لەگەڵ دیموکرات مەسیحییەوە بن، چونکە بە ستانداردی ئیسلامییانە قورسە ئەوان بە نمونەی سەرکەوتن هەژمار بکرێن.

بە سیکۆلار بوونی سیاسەتی ئیسلامیی لە وڵاتانی ئیسلامیی دوورە، بە لایەنی کەمەوە لە داهاتوویەکی نزیکدا دووری لە بەها نەریتییەکانیش لەگەڵ خۆی بهێنێت. بەڵام جیایی مزگەوت و دەوڵەت مەترسی توند و کورت ماوەی بۆ حزبە ئیسلامییەکانی وەک نەهزە لەگەڵدایە، ئەم کارە لەوانەیە ببێتە هەموارکردنی ڕێگە بۆ توندڕەوە جیهادییەکان کە خۆیان بە (نامۆ لەم جیهانەدا) ناو دەبەن. ئەم دەربڕینە وەرگیراوە لە دروشمێک، یان سروودێک کە لە دادگاییکردنی ئەندامانی ئیخوان لە میسر لە دەیەی ١٩٦٠دا لایەنگری زۆری هەبوو. مەبەست لەو دەربڕینە ئەوەیە کە جیهادییەکان ئایدۆلۆجیایەکی نایابن و پەسەندی ناکەن لە یاسا و ئۆرگانە سیکۆلارەکاندا بن، لەبەر ئەوەی ئەوان تەنیا ئیسلامیی ڕاستەقینە و لەوانەیە تەنیا موسوڵمانی ڕاستەقینە بن. مەترسییەکە لێرەدایە، ئەگەر ئیسلامییە سەرەکییەکان ئامادە بن بە بەهای جیایی ئامانجە سیاسییەکان لە ئایین، لە دەوڵەتێکی سیکۆلاردا جێبگرن (وەک تونس)، یان بە هۆی زیادەڕەویان و کاردانەوەی سەرکوتکارانەی دەوڵەت بەرامبەریان لە دەوڵەت دەرکرێن (وەک میسر)، ئەو کاتە ئەو موسوڵمانە گەنجانەی بە دوای ناسنامەی ئایینی و سیاسی ڕەسەندا دەگەڕێن، لەوانەیە لە شوێنێکی تر بە دوایدا بگەڕێن و جیهادییەکان لە چاوەڕوانیاندا دەبن.

 

سەرچاوە:
http://tarjomaan.com/barresi_ketab/8791/

نوێترین

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure