لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

(ڕێكەوتنی سەدە) وەك هەنگاوێكی چارەنوسساز!

17/09/2020


كارۆخ خۆشناو

دوای (٧٢) ساڵ لە هەڕەشە و گوڕەشە و ململانێ و شەڕ، دواجار ووڵاتانی عەرەبی (یەك لەدوای یەك) سەرەیان گرتووە تاكو پەیمانی ئاشتی لەگەڵ ئیسرائیلدا واژوو بكەن، چونكە بۆیان دەركەوت كە ناتوانن بە شەڕ ئیسرائیل لە ناوبەرن، بۆیە ناچار بوون بە ئاشتی لەگەڵ ئیسرائیلدا هەڵبكەن، ئاشتیەك كە لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش و لە چوار چێوەی نەخشە ڕێگای (ڕێكەوتنی سەدە) بەرنامەی بۆ داڕێژرابێت.

پڕۆژەی ڕێكەوتنی سەدە (صفقە القرن ـــ Deal of the Century) نەخشە ڕێگایەكە بۆ چارەسەركردن و كۆتایهێنان بە كێشەی (فەڵەستین-ئیسڕائیل).

ئیدارەی تڕەمپ لە سەرەتای دەست بەكاربوونیەوە، بەسەرپەرشتی جارید كۆشنێر (زاوا و ڕاوێژكاری تڕمپ) ئامادەكاری كردووە بۆ كۆكردنەوەی پشتگیری بۆ پڕۆژەی (گرێبەستی سەدە) لەو چوارچێوەیەشدا لە (۲٥ و ۲٦ حوزەیرانی ۲۰۱۹) لە مەنامەی پایتەختی بەحرێن كۆنفرانسێكی ئابوری بەڕێوەچوو بۆ پشتیوانیكردن و زەمینە سازكردنی (ئابووری) بۆ پڕۆژەكە.

دوێنێ لە واشنتنی پایتەختی ئەمریكادا هەنگاوێكی تری چارەنوسساز لە ژێر چەتری (ڕێكەوتنی سەدە) بەڕێوەچوو، بەسەرپەرشتی و چاودێری و بەشداری ڕاستەوخۆی ئەمریكا، هەر سێ ووڵاتی ئیسڕائیل و ئیماڕات و بەحرێن، ڕێكەوتنی ئاشتیان واژوو كرد، ڕێكەوتنەكە وەرچەرخانێكی مێژووێێ گشتگیرە، بوارەكانی سیاسی و ئابوری و زانستی و سەربازی و ئەمنی و كلتوری و ووزە دەگرێتەوە.

دۆناڵد تڕەمپ هەوڵدەدات (گرێبەستی سەدە) وەك ڕیكلام بۆ هەڵبژاردنی مانگی (١١) بەكار بهێنێت بۆ ڕاكێشانی سەرنجی شەقامی ئەمریكی و بەرزكردنەوەی لیڤڵی دەنگەكانی، بە مەبەستی هەڵبژاردنەوەی بۆ خولی دووهەم و مانەوە لە كۆشكی سپی بۆ چوار ساڵی داهاتوو.

چاوەڕوان دەكرێت بە هۆی ئەم پڕۆژیەوە نەخشەی چەند وڵاتێك لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا گۆڕانكاری بەسەردا بێت لەوانە: ئیسڕائیل، فەڵەستین، ئوردن، میسڕ.

پرۆژەكە ئامانجی زۆری هەیە و ئەركی زۆری لەخۆ گرتووە، لەوانە سنورداركردنی هەژموون و هێزی هەر سێ ووڵاتی نەیاری ئەمریكا (چین و ڕوسیا و ئێران) هەروەها ڕێگری لە هیلالی شیعی و دابینكردنی ئاسایش بۆ ناوچەكە و شوێنگرتنەوەی ئەو بۆشاییەی كە ئەمەریكا دروستی دەكات لە كاتی كشاندنەوەی هێزەكانی لە ناوچەكە.

تاكو ئێستا هەڵوێستی “ئاشكرا”ی فەڵەستینیەكان و بەشێك لە وڵاتانی عەڕەبی دژی گرێبەستی سەدەن، چونكە پێیان وایە ئەم پڕۆژەیە زیاتر خزمەت بە ئیسرائیل دەكات، بەڵام ئاماژەكان بۆ ئەوە دەچن كە ئەم هەڵوێستەی بەشێك لە سەركردەكانی وڵاتانی عەڕەبی تەنها لە ترسی ڕای گشتی عەڕەبی و ئیسلامی بێت، دەنا لە ژێرەوە لەگەڵ ئەمریكا و ئیسرائیلدا ڕێككەوتوون و ئامادەباشیان كردووە بۆ جێبەجێكردنی نەخشە ڕێگای گرێبەستی سەدە، لەم چوارچێوەیەشدا ملیارەها دولاریان تەرخان كردووە بۆ بنیاتنانی شوێنی نیشتەجێ بوون بۆ ئاوارە فەڵەستینیەكان لە هەریەك لە وڵاتانی فەڵەستین و میسڕ و ئوردن.


نوێترین

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure