لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

كوشتنی ژنان بە بیانووی ناموس پەرستی

21/09/2020



ڕۆزا حەمە ساڵح

تاوانی كوشتنی ژنان بە بیانووی ناموس پەرستی بە قیزەوەنترین جۆری تاوان ھەژمار دەكرێت لە جیھاندا، هۆكاری ئەم جۆرە تاوانە لە ئەنجامی ئەو كەمو كوڕیانەیە كە لە ناو سەنتەری هێزی كۆمەڵگا و ڕادەی ڕۆشنبیری تاكەكانییەوە سەرچاوە دەگرێ ئەمەش بە زۆری لە ناو كۆمەڵگا تەقلیدی و دواكەتوەكاندا دەبینرێت كە ژن تیادا بە پلە دوو ھەژمار دەكرێت. 

كوشتنی ژنان بەم چەشنە تەنها تاوانێك نییە دژی ژنێك بەڵكو تاوانە دژی تەواوی مرۆڤایەتی بە گشتی و نەوەی داھاتووش بە تایبەتی، بە وەی فشاری دەروونی و ترس و دڵەڕاوكێ لە سەر خێزان بە جێدەھێڵێت، وەك پایەیەكی كۆنكریتی دژی پێشكەوتن و گەشەسەندی كۆمەڵگاش دەوەستێت. 

كوشتنی ژنان لە سەر ئەو سەرپێچیانەی كە لە ناو كۆمەڵگادا لێی قەدەغەكراوە، بە یەكێك لە شێوازەكانی جیاوازی و ئەتك كردنی مافی مرۆڤ دژی ژن دادەنرێت، ئەم گرفتە لە تەواوی جیھاندا بوونی ھەیە بە تایبەتی لە لە ناو كۆمەڵگاكانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست زیاترە، كۆمەڵگا عەرەبییەكان و كۆمەڵگای كوردیش بێبەش نییە لەم دیاردەیە، كە دەرھاویشتەی گرفتە كۆمەڵایەتی و دەروونی و ژینگەیی و ئاینی و ئابوری و پەروەردەیی و ڕۆشنبیرییە. 

لە تەواوی وڵاتانی دنیادا و تەنانەت لە ناو كۆمەڵگا ئەوروپیەكانیشدا دیاردەی توند و تیژی وكوشتنی ژنان ھەتا ئێستا بنبڕنەكراوە، بە تایبەتی لە وڵاتی فەرنسا ڕێژەی كوشتنی ژنان زۆرترە بە بەراورد بە وڵاتانی تری ئەوروپا، بۆ نموونە لە وڵاتی فەرنسا كە ژمارەی دانیشتوانی نزیكەی ٦٦ ملیۆنە، لە ساڵی ٢٠١٩ زیاتر لە ١٣٠ ژن كوژراوە، بوونی ئەم ڕێژە زۆرە لە كوشتنی ژنان وای كرد كە حكومەتی فەرەنسا ھەوڵ بۆ چارەسەر و كەم كردنەوەی ئەم دیاردەیە بدات، بەوەی كە بازنی ئەلەكترۆنی لە دەست ئەو پیاوە توندڕەوانە بكرێت كاتێك دەبنە مایەی ھەڕەشە بۆ سەر ژنان و دابین كردنی پاسەوانی تایبەت بۆ ئەو ژنانەی كە ھەڕەشەیان لەسەرە.

 لە كاتێكدا بیرۆكەی بازنی ئەلەكترۆنی لە دوای ساڵی ٢٠١٠ وە لە ھەر یەك لە وڵاتانی سویسرا و ئسپانیا بە ڕێژەیەكی باش سەركەوتنی بە دەست ھێنا وتوانی ئەو ژنانە بپارێزێت كە ڕوبەڕوی توند و تیژی و ھەڕەشە و كوشتن دەبنەوە كاتێك باس لە كوشتنی ژنان دەكەین، دەبێت دەست بەرین بۆ ئەو ھۆكار و گرفتانەی كە بونەتە ھۆی تەشەنە و زۆر بوونی ئەم دیاردیە، لەوانە: 

١/ كەم تەرخەمی یاسا و لێپرسینەوە نەكردن لەو پیاوانەی كە دەستیان لە كوشتنی ژناندا ھەیە و پێش ئەنجام دانی تاوانەكە ھەڕەشەیان لێدەكەن، زۆر جار ژنانیش ھانا بۆ دادگا دەبەن ، بەڵام تاوانبار سزا نادرێت و دواتریش زۆر بە ئاسانی و بە بێ چارەسەرێكی یاسایی گونجاو و تەندروست دەرباز دەبێت، كاتێك لێپرسینەوە نەبێت لە تاوانبار ئەوا ئاسانتر تاوانەكە ئەنجام ئەدات. زۆر جاریش لە دوای ئەوەی تاوانبار تاوانەكەی دەكات و ڕاپێچی دادگاش دەكرێت، كەس و كاری ژنەكە ھیچ دەعوایەك لە سەر تاوانبار تۆمار ناكەن بە بیانووی ئەوەی كە كچەكەیان لە شەرەف و ناموس لایداوە و دەبێت بكوژرێت بۆ ئەوەی شەرف و ناموس بۆ خانەوادەكەنیان بگەرێتەوە، ئەمەش ھۆكارێكی ترە بۆ ئەوەی سزایەكی كەم بە سەر تاوانباردا بسەپێنرێت، زۆر جار تاوانبارە دەستڕۆشتوەكانیش لە لایەن حزبێكی باڵادەستەوە دەرباز دەكرێن بەبێ هیچ لێپیچینەوەیەك.

٢/ شارەزا نەبوونی تەواو لە ئاینی ئیسلام و ھاندانی پیاوان لە لایەن ھەندێك لە مەلاو و مامۆستایان، ئەگەر لە ڕووی ئاینی ئیسلامیشەوە سزا لە سەر شەرەفی ژن دابنرێت، ئەوا دەبێت چوار شایەت حاڵ ھەبێت بۆ ئەوەی بە سەریدا بچەسپێت، پێم وایە ئەگەر بەو پێیەش بێت ئەوا ھیچ ژنێك ڕوبەڕوی كوشتن نابێتەوە..

 ٣/ نەبوونی ڕۆشنبیری تەواو لە ناو كۆمەڵگادا بە گشتی و خودی ژنانیش بە تایبەتی، ئەمەش وادەكات كە ژنان زۆر بەئاسانی بێدەنگی ھەڵبژێرن و پێش وەخت ھەوڵی دەرباز بوون نەدەن و خۆیان ملكەچی مەرگ دەكەن بەمەبەستی ئابروو نەچوونی خێزانەكانییان.

 ٤/ ڕێكخراوەكانی ژنان بە گشتی لە بەرژەوەندی ژن كار ناكەن، یان ئەتوانیین بڵێن ھێز و دەسەڵاتێكی یاسایی و سەربەخۆ ودروست لە پشت ڕێكخراوەكانەوە نیین، كاتێكیش ژنێك توشی ھەرەشە و مەرگ دەبێتەوە و ھانا بۆ ئەم شوێنانە دەبات كە مافی بپارێزێت و داڵدەی بدات، مەخابن ھەر زوو بێھیوا دەكرێت و لە دوای ماوەیەكی كەم ڕادەستی كەس و كاری دەكرێتەوە.


ئەوەی كەماوەتەوە بیڵێم دەبێت ژنان و چالاكوانانی بواری ژنان سەرەتا بەشەڕ بێن لەگەڵ ئەو یاسایانەی كە لە بەرژەوەندی ژناندا نیین، تاكە رێگایەك كە لە بەردەستە بۆ ڕزگاركردنی ژنان لەو كۆمەڵگادا فشار خستنە سەر دەسەڵاتە بەمەبەستی گۆڕینی یاسا نایەكسانەكان كە بەربەستە لە بەردەم هەموو گۆڕانكاری و پێشوەچونەكانی ژناندا.هەرچەندیش ڕودانی ئەوەش هەروا ئاسان نیە وە بەتایبەت لەم دۆخەشدا كە حكومەتێكی دامەزراوی لەئارادا نیەو ژنانیش پەرش و بڵاوو بێ ڕۆڵ و بێكاریگەریش كراون.

نوێترین

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure