لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

لە كەنارەكانی سەربەستیدا بۆ ژن

26/09/2020



نەسرین كوردە

مێژووی سەرجەم مرۆڤایەتی پڕە لە شەڕوشۆڕ و كارەسات و كێشە و ململانێ. یەكێك لەو كێشانەی كە تائەمڕۆ بە گرفتێكی گەورەو بەردەوامی بەردەم پێشكەوتنی رەوتی میكانیزمی ژیان حیسابی بۆ دەكرێت، بێبەشبوونی ژنانە لە ئازادییەكانی خۆیان.

دیارە خۆی بۆخۆی سەربەستی چەمكێكی پیرۆزە لە فەرهەنگی بیری مرۆڤدا و لەهەموو ساتەوەختێكدا مرۆڤ باس لە سەربەستی دەكات، وەكو مافێكی رەواو بێ قەیدو شەرت، دوورلە هەموو تەوژمێكی ئایدیۆلۆژیی توندتیژ لەسەر بنەمای رەگەزیی كە بەرامبەر ژنان دەكرێت لە هەڵكشاندایە و ژمارەی رووداوەكانی دژبە ژنان ساڵ بە ساڵ لە زیادبوونەدایە، ئەمەش بەپێی ئەو ئاماژانەی كە رێكخراو و دەزگا تایبەتمەند و راگەیاندنەكان بڵاوی دەكەنەوە.

بێگومان ئێستا كوشتنی ژنان بووە بە دیاردە و دیاردەیەكی سادەش نییە و پێویستی بە كاری جدی و هەڵوێستە لەسەركردنە كە ئایا بۆ لەگەڵ ئەو هەموو هەوڵ و كۆششانەی رێكخراوەكان و كرانەوەی كۆمەڵگەی كورد بەڕووی جیهاندا ئەم ژن كوشتنە هەر زیاددەكات؟ توندوتیژی دژی ژنان بەهەموو جۆرەكانییەوە جەستەیی و دەرونیی؟ ئەمە بێجگە لە چەندین حاڵەتی هەراسانكردن و بێبەشكردنی ئابووریی، ئەم توندوتیژییە لەهەندێك جاردا هاو رەگەزە ژنەكانیش تیایدا بەشدارن، وەك هەندێك لە پیاوان بۆ پیادەكردنی جۆرێك لە توندوتیژیی دەرهەق بە ژنێك یان بە كچێك كە هەڵسوكەوتێكی كردووە لەگەڵ ناو و ناوبانگ و بەها كۆمەڵایەتییەكانی خێزان یان ئەو گروپە كۆمەڵایەتیانە ناگونجێت.

چاودێران و شارەزایانی بواری كۆمەڵایەتی پێیانوایە كە ئەم دیاردەیە بەهۆی لەبەرچاوگرتنی هەندێك بیروباوەڕی كۆن و ئاراستەوە هاتووە كە كۆمەڵگەی كوردی پێی گۆشكراوە و وا بەئاسانی بنبڕ ناكرێت.

ئەگەر رێكخراوەكان و حكومەت بتوانن هەوڵ و كۆششی بەردەوام بدەن بۆ گۆڕینی هزر و هۆشیاریی كۆمەڵگە كە تائێستاش ئەو هزر‌و بیروبۆچوونە كۆنانە لەناو كۆمەڵگەی كوردیدا رەنگدانەوەیان هەیە.

هەروەها ناتوانرێت هیچ بەرەوپێشچوونێكی خێرا بێتەدی لەبواری ئاشتەوایی كۆمەڵایەتی و سەیركردنی ژن وەك مرۆڤێكی یەكسان لە ماف و ئازادییەكاندا، بۆیە كۆمەڵگە پێویستی بە تێڕاونینێكی نوێ هەیە لەبارودۆخی ئێستای كوردستاندا.
سەرچاوە/ كوردستانی نوێ‌

نوێترین

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure