لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

ئایا ململانێی عەرەب - ئیسرائیل كۆتایی هات؟

پێش 4 هەفتە


دوای نسكۆكەی فەڵەستین و راگەیاندنی دروستبونی دەوڵەتی ئیسرائیل و دژایەتی عەرەب بۆ ئەم راگەیاندنە و ئەنجامدانی چەندین جەنگ لە دژی و دۆڕاندنی هەمو ئەو جەنگانە یەك لە دوای یەك و دروستبونی ئەو بۆچونەی كە ئیسرائیل دەمێنێتەوە و رەگ دادەكوتێت، ئالەم كاتەدا حەبیب بورقیبە لە تونسەوە پێشنیاری ئاشتی لەگەڵ جولەكە كرد لەسەر بنەمای دامەزراندنی دو دەوڵەت، بەڵام عەرەب دەستبەجێ عەرەب تەخوینیان كرد. 

پاشان دوای نسكۆی (67) و سەركەوتنی مەعنەوی (1973) شتێك لە بیركردنەوەی عەرەبدا گۆڕا، ئەوان نەتوانیان زەویە داگیركراوەكانیان لە جۆلان و سینا و بەشێك لە ئوردون كە لەلایەن ئیسرائیلەوە داگیر كرابو وەربگرنەوە و نەتوانیان فەلەستینیش ئازاد بكەن، تەنانەت نەشیانتوانی گەرەنتی دروستكردنی ژیانێكی شەرەفمەندیش بۆ دانیشتوانەكەی بكەن.

ئا لەو قۆناغەدا سەركردایەتی رێكخراوی رزگاریخوازی فەلەستین لە نێوان ئەم وڵات و ئەو وڵات ماڵەو ماڵی بو، دوای ئەوەی پەتی پەیوەندیەكانی لەگەڵ زۆربەی ئەو وڵاتانەی داڵدەیان دابو پچڕا، وەك ئوردون كە یاسر عەرەفات سەرۆكی رێكخراوەكە ویستی كودەتا بەسەر پادشاكەیدا (شا حسین بن تەڵاڵ)دا بكات،  تا روداوەكانی تەل زەعتەر لە سوریا و تا ئەوەی رێكخراوەكە لە لوبنان جێگیر بو، بەمەش لوبنانی خاوەن پێكهاتەی جیاواز، توشی جەنگێكی ناوخۆیی و پەلاماردان لە لایەن ئیسرائیلەوە بوەوە و لە ئەنجامدا ئیسرائیل بەیروتی پایتەختی داگیر كرد و لەوماوەیەشدا رێكخراوەكە بۆ تونس گوازرایەوە، تا رێككەوتنی ئۆسلۆ لە (1994).

لە هەمو ئەم قۆناغە دورو درێژەدا (نەخێرەكانی) عەرەب ئاسمانی هەمو وڵاتەكانی داپۆشی بو، نەخێر بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل - گەنجان مێشكیان بەو نەخێرانە پڕبو، گۆرانیبێژەكان گۆرانیان بۆ دەركردنی ئیسرائیل دەوت (ئەی سەهیۆنی بڕۆ بڕۆ ..زەوی عەرەب هەر بۆ عەرەبە) بەڵام ئەنجامەكە چی بو؟ ئەنجامەكە ئەوەبو عەرەب دەڕۆشتن و جولەكە دەمانەوە و زەوی زیاتریشیان داگیر ئەكرد، وڵاتانی عەرەبی ترلیۆنەها دۆلاریان لەم دۆزەدا بە خەرجدا و ئەگەر دەوڵەتێكی عەرەبی كەمێك بەنەرمی لەگەڵ ئیسرائیل مامەڵەی بكردایە بە خیانەتكار و خۆفرۆش و خائین بە دۆزی ئومەی عەرەبیی تۆمەتبار دەكرا.

سەرۆكی میسر ئەنوەرسادات بوبەقوربانی ئەم عەقڵیەتە و بە خوێنی خۆی نرخی ئاشتی لەگەڵ ئیسرائیلی دا، ئەو یەكەم كەس بو قەناعەتی بەوە هێنا پێویستە لەلایەك دان بە ئیسرائیلدا نرێت وەك دەوڵەتێك و لەهەمانكاتدا لەلاكەی ترەوە گرەنتی مافی فەلەستینیەكان بكرێت، كە ئەو كات ئەوە ناونرا (دەسەڵاتی خۆ بەڕێوەبەریی) ئەمەش لە رێككەوتنی كامپ دەیڤددا ئەنجامدرا.

ئەم سەركردە عەرەبە ریسكی كرد بە تێكشكاندنی دۆگماكانی رەتكردنەوە و سنورە عەرەبیەكانی بەرەو ئیسرائیل بڕی و سەردانی تەلئەبیبی كرد و لەسەر مینبەری كنێستی ئیسرائیلیەوە (پەرلەمان) قسەی كرد، بەمەش ئاشتیەكی چەسپاند كە بەهۆیەوە هەمو زەوی خۆی وەرگرتەوە بەبێ تەقاندنی یەك تاقە فیشەك، ئەمەش دوای چەندین تێكشكانی یەك لە دوای یەك.

دوای ئاشتیەكەی سادات كە زۆرینەی عەرەب بە خیانەت وەسفیانكرد، لەو لاوە سەركردەكانی تری عەرەب بیریان لە رێوشوێنی تر دەكردەوە بۆ مامەڵە لەگەڵ ئیسرائیل وەك (چارەسەری داد پەروەر) بەمەش دەستپێشخەریەكی عەرەبیی دروستبو بەبیرۆكەی شای سعودیە فەهد بن عەبدولعزیز و لە كۆنگرەی بەیروتی كۆمكاری عەرەبی لە (2002) ئەو دەستپێشخەریە چەسپێنرا.

دەستپێشخەریەكە بریتی بو لە ئاشتی لە نێوان ئیسرائیل و فەلەستینیەكان لەسەر بنەمای دو دەوڵەت بەپێی سنورەكانی (67) كە پایتەختەكەی قودسی رۆژهەڵات بێت و چارەسەركردنێكی دادپەروەرانە بۆ بابەتی كۆچبەران  و گۆڕینەوەی چەند پارچە زەویەك لێرەو لەوێ بە پاساو و هەلومەرجی تایبەت.

پاش رێككەوتنی ئیسرائیل و میسر هەڵوێستەكان لەزۆرێك لە پایتەختەكان گۆڕانیان بەسەردا هات و فەلەستینیەكانیش گەیشتنە ئەو قەناعەتەی باوەڕ بە چارەسەری دو دەوڵەت بهێنن و لە كۆتایی هەشتاكانەوە دەستیان كرد بە ئەنجامدانی دانوستانی نهێنی لەگەڵ ئیسرائیل تا ئەوەی گەشتنە رێككەوتنی ئۆسلۆ و یاسر عەرەفات توانی بچێتە غەزە و ئەریحاو شارەكانی تری كەرتی رۆژئاوا و لەوێوە گفتوگۆ دەربارەی دامەزراندنی دو دەوڵەت دەستی پێكرد.

لەپاش ئەمە شاحەسین بن تەڵالی پادشای ئوردون واژوی رێككەوتنی لەگەڵ ئیسرائیل كرد و چەندین دەوڵەتی عەرەبی نوسینگەیان لە ئەلئەبیب كردەوە، وەك مەغریب و عوممان و قەتەر و تونس و چەند دەوڵەتێكی تری ئیسلامی.

ئەم بارودۆخە بەردەوام بو تا ساڵی (2000) كە راپەرینی ئەقسا بە سەرۆكایەتی یاسر عەرەفات دروستبو، بەمەش رێرەوی ئاشتی جارێكی تر پچڕا، لەم لاولاوە هەوڵ هەبون بۆ ئاشتی و رێككەوتن، بەڵام فەلەستینیەكان رەتیان دەكردەوە، ئیسرائیل بۆ خۆشی رۆڵی هەبو لەم رەتكردنەوەیەدا بەهۆی هەڵسوكەوتەكانی راستڕەوی توندرەوی ئیسرائیلی، بەمەش دیسانەوە فەلەستینیەكان گەڕانەوە بۆ دروشمی نەخێری نوێ و لەهەمانكاتدا دابەشبونی ناوخۆیی نێوان گروپە فەلەستینیەكانی وەك فەتح و حەماس و دروستبونی دەوڵەتۆچكەیەك بۆ حەماس لە غەززە و دەوڵەتۆچكەیەكی دیكە بۆ فەتح لە كەرتی رۆژئاوا ئەوەندەی تر كارەكەی سەخت كرد.

هەڵسوكەوتی فەلەستینەیەكان و دابەشبونی ناوخۆییان و لەدەستدانی دەرفەت دوای دەرفەت و بەردەوامبونیان لە ململانێ و جیاوازیە ناوخۆییەكانیان و لەهەمانكاتدا ناچاركردنی عەرەب بە پشتیوانی كردنیان لەروی داراییەوە كە زۆربەی ئەو پارانە دەچوە گیرفانی بەرپرسە گەندەڵەكانیانەوە، تا وای لێهات زۆربەی وڵاتانی عەرەبی هەناردەكردنی پارەیان بۆ دەسەڵاتی فەلەستینی لە رامەڵا راگرت، كە ئێستا بەدەست بارودۆخێكی ئابوری سەختەوە دەناڵێنێت، بە شێوەیەك پەنایان بردوەتە بەر دەستپانكردنەوە لە توركیا و قەتەرو ڤەنزوێلا.

 فەلەستینیەكان ئەو هەمو پارەیەیان لە وڵاتانی عەرەب وەردەگرت بێ ئاگا لەوەی دنیا لە گۆڕانكاریدایە و بەرژەوەندیەكان چی دی رێگە بەو دەوڵەتانە نادات تاسەر هاوڵاتیانی خۆیان و بەرژەوەندیەكانیان بكەنە قوربانی دروشمی مقاوەمەوە و بەرگریی فەلەستینی . 

ئیمارات و بەحرەین رێككەوتن و ئاساییكردنەوەی تەواوەتیی داننانیان بە دەوڵەتی ئیسرائیلدا راگەیاند، فەلەستین و عومانیش بەم زوانە بەدوای ئەواندا هەمان هەنگاو دەنێن، سۆدان و چاد و باشوری سۆدانیش هەمان هەنگاو دەنێن، هەروەها شانشینی عەرەبی سعودی رێگەی بە فرۆكەی ئیسرائیلی دا ئاسمانەكانی بۆ هاتوچۆ بەكار بهێنێت، پێدەچێت ئەمەش هەنگاوی یەكەمی ئەو وڵاتە بێت بۆ دانوستان لەگەڵ ئیسرائیل. 

لە ئیستادا جیهانی عەرەب، چی تر ئیسرائیل وك دوژمن تەماشا ناكات، بەڵكو وەك دەوڵەتێكی دانپیانراو كە پێگەی خۆی هەیە لە ناوچەكەدا تەماشای دەكات، لەگەڵ جەختكردنەوە لە كۆتاییهێنان بە داگیركاری و دامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستین لەپاڵ دەوڵەتی ئیسرائیلدا .

لێرەوە و لە روانگەی ئەو پێشەكیەوە وا دەردەكەوێت ململانێی عەرەب ئیسرائیل بە تێگەیشتنە كلاسیكیەكە گەشتبێتە كۆتاییەكەی، ئەوەی ماوەتەوە ململانێی فەلەستین ئیسرائیلە كە رۆڵی سەرەكی لەم بژاردەیەشدا بۆ فەلەستینیەكان خۆیانە، ئایا قبوڵی بیرۆكەی چارەسەری دو دەوڵەت دەكەن، یاخود دەچنە ریزی بەرەی بەرگری و دابڕان، كە ئەو كات دەرەنجامەكان سەخت دەبن.
سەرچاوە: سبەی

نوێترین

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure