لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

ئایینەكان چی دەڵێن لەسەر لەباربردنی منداڵ؟

پێش 4 هەفتە


یاسای ماف و ئەركی نەخۆش كە چەند هەفتەی پێشوو لەپارلەمانی كوردستان پەسەند كرا، كاردانەوەی لێكەوتۆتەوە بەوپێیەی باسی پرسی لەباربردنی منداڵ دەكات لەیەك ماددەدا، لەكاتێكیدا باسی حاڵەتەكانی دەستدرێژی سێكسی تیادا نەكراوە.

 ماددەی حەوتەمی یاساكە كەتایبەت بوو بە لەباربردنی منداڵ زۆرترین گفتوگۆی لەسەر كرا، كەتێیدا هاتووە «ئافرەتی دووگیانی تووشبوو بەنەخۆشییەكی ترسناك كەمەترسیی راستەقینە لەسەر ژیانی دروستبكات، دەكرێت دوای رەزامەندیی نەخۆش و هاوژینەكەی و بەبڕیاری لیژنەیەكی پسپۆڕ كە لە پێنج پزیشك كەمتر نەبێت، بەپشكنینێك كە لەكەرتی گشتی كردبێتی، كۆرپەكەی لەبارببرێت، جگە لەم حاڵەتە لەباربردنی منداڵ بەهەموو شێوەیەك قەدەغەیە».

لەباربردنی منداڵ لەڕوانگەی ئاینی ئیسلامەوە

لەشەریعەتی ئیسلامدا تاماوەی (120) رۆژ واتە چوار مانگ دەتوانرێت لەحاڵەتی پێویستدا كەمەترسی لەسەر ژیانی دایكەكە هەیە دەتوانرێت منداڵەكە لەبارببرێت.

‌پرۆفیسۆر حەسەن موفتی، سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای فتوای هەرێمی كوردستان، وتی"لەكاتێكدا منداڵەكە نەخۆشییەكی مەترسیداری هەبێت، دەتوانرێت ئەو منداڵە لەبارببرێت، یاخود مەترسی لەسەر ژیانی دایكەكە هەبێت، كە لەو كاتەدا ژیانی دایكەكە لەپێشترە، چونكە ژیانێكی دیاریكراوی هەیە، بەپێی یاسای هەڵبژاردن كەمترین زیانە، بۆیە تەنیا لەو دوو حاڵەتەدا منداڵ لەباربردن دروستە".

ئەمەش لەكاتێكدایە كەمنداڵەكە لەخوار تەمەنی (120) رۆژ بێت، چونكە ئاینی ئیسلام دەڵێت كۆرپەلە پێش ئەوە گیانی بەبەردا نەكراوە.

‌پرۆفیسۆر حەسەن موفتی وتی "لەدوای چوار مانگ واتە لەدوای (120) رۆژ روح دەكرێت بەبەریدا وەك هەر مرۆڤێكی تر هەژمار دەكرێت، بۆیە حوكمەكەی وەك كوشتنی پیاوێك یان مرۆڤێكی گەورەیەو هیچ جیاوازیی نیە، بۆیە بەقەتڵ هەژمار دەكرێت".

سەبارەت بەدروستبونی منداڵ بەهەر رێگایەك بێت لەدەرەوەی پرۆسەی هاوسەرگیری، وتی "لەئاینی ئیسلامدا منداڵ هەر پارێزراوەو ناكرێت بەتاوانی باوك و دایكەكە سزابدرێت و بكوژرێت، واتە نەفسێك بەشێوازێكی شەرعی بێتە دنیاوە هیچ جیاوازی نیە لەگەڵ نەفسێكی دیكە، بۆیە دروست نیە ئەوانە لەبارببرێت بەو بیانووەوە، چونكە ئەو تاوانی نیە".

لە ئاینی مەسیحیدا رێگەپێدراو نییە

لەئاینی مەسیحیەتدا منداڵ لەیەكەم رۆژی دروستبوونیەوە لەسكی دایكیدا كوشتنی تاوانەو بەقەتڵ هەژماردەكرێت.

قەشە ئەیمەن عەزیز قەشەی كەنیسەی مار یوسف لەسلێمانی، دەڵێت"منداڵ لەو رۆژەوەی دروست دەبێت لەسكی دایكیدا كوشتی بەقەتڵ هەژمار دەكرێت چونكە روح لەبەرەو تەنیا كردەوەی نیە، بۆیە ناكرێت لەبارببرێت".

وتیشی "ئێمە بڕوامان وایە تەنیا لەحاڵەتی زۆر دەگمەندا نەبێت كەمەترسی گیانلەدەستدان لەسەر ژیانی دایكەكە هەبێت و بە پشتبەستن بەپزیشكی پسپۆرو دیاریكردنی دواجار بڕیار دەدرێت كەئەو منداڵە لەبارببرێت، بەدەر لەوە هیچ رێگەیەكی دیكە نیە بۆ لەباربردنی ئەو منداڵە كە روح لەبەرەو ژیانی پێبەخشراوە".

سەبارەت بەدرستبوونی منداڵ لە رێگەی ناشەرعییەوە، وتی "لەئایینی مەسیحیەت، هەموو گوناهێك لیخۆشبوونی هەیە، بۆیە ناكرێت كۆرپەلە یان دایكەكە بكوژرێت، بۆیە وەك تاوانێكی گەورە هەژمار دەكرێت".

لەئاینی كاكەییدا منداڵ لەباربردن تاوانە

لەئاینی كاكەیدا منداڵ دوای ئەوەی روح دەكرێت بەبەریدا لەسكی دایكیدا لەباربردنی تاوانە بۆ دایكەكە و ئەو كەسەی هاوكاری لەباربردنەكە دەكات بەتاوانبار هەژمار دەكرێت.

رەجەب عاسی كاكەیی وتی"هەر منداڵێك كە روح كرا بەگیانیدا ئەوە بەمرۆڤێك هەژماردەكرێت و تاوانە گەر بكوژرێت بەهەر هۆكارێك بێت، واتە تاوانە بۆ دایكەكە و ئەو كەسەش كە كارەكە دەكات، بۆیە لەبیروباوەڕی ئێمەدا روح زۆر گرنگەو ناتوانرێت ئەو كۆرپەلەیە لەبارببرێت".

رەجەب كاكەیی، لەبارەی بیروڕای كاكەییەكانەوە وتیشی "مافی مرۆڤ گرنگترین شتە لای ئێمە، بۆیە گەر هەر شتێك رووبدات لەنێوان دوو كەسدا رێگەچارە گرنگە نەك كوشتن و تاوانكردن، بۆیە لای كاكەییەكان دروستبونی منداڵ لەدەرەوەی پرۆسەی هاوسەرگیری تەنیا هاوسەرگیریكردن چارەسەری بارودۆخەكە دەكات نەك كوشتنی روحێك".
سەرچاوە/ هاوڵاتی

نوێترین

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure