لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

مەلا بەختیار لەگەڵ بازنەی سیروانی پلاتفۆڕمی دابڕان كۆبووەوە

پێش 4 هەفتە


 مەلا بەختیار، لەدیدارێكدا لەگەڵ بازنەی سیروانی پلاتفۆڕمی دابڕان، وێڕای ئەوەی دەڤەرەكەیان (هەڵەبجە، گەرمیان‌و شارەزوور) بە قوڵترین برینی نەتەوە ناودەبات، بەگرنگیشی دەزانێت، كە نەوەی دوای راپەڕین لەدەڤەرەكە، هاوشانی كاری  سیاسی، كۆمەڵایەتی‌و كشتوكاڵی، بەدوای گەڕان بەوەڵامی پرسیارە نەزانراوەكانەوەن‌و دەیانەوێ‌ رێچكەی رۆشنگەریی‌و فەلسەفە بگرنەبەر.

ئەمڕۆ (29/9/2020) لەدیدارەكەدا مەلا بەختیار، سەرپەرشتیاری گشتی پلاتفۆرمی دابڕان، هاوكات لەگەڵ ئەوەی حزبایەتی و راپەڕاندنی ئەركەكانی بەچارەنوسساز ناوبرد‌و یەكێتی سەرەڕای هەڵەو كەموكوڕییەكان، سەرەڕای گەندەڵی و قەیران لەدەسەڵاتدا، بە یەكێك لەباشترین هێزەكانی ناوچەكە پێناسەكرد، ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، كە یەكێتی و حزبەكانی تریش هێشتا رێگایەكی دوورو درێژمان لەبەردەمدا ماوەو پێویستیشە قۆناغ بەقۆناغ باشتر لەئەركەكانی خۆیان تێبگەن‌و جیاوازی نەوەكانیش دەستنیشانبكرێت.

وتیشی: لەوڵاتی ئێمەدا حزبایەتی گرنگە، هەروەك چۆن لەدنیادا گرنگە، بەڵام نابێ‌ حزبایەتی دابڕاوبێ‌ لە دیموكراسی، لە كەلتور، لە فەلسەفە‌و لەگۆڕانكاری، چونكە ئەگەر حزبایەتی دابڕاوبێ‌ لەئەركە هاوچەرخەكان، ئەوا بڕناكات‌و بەپێچەوانەشەوە پێویستی بەستنەوەی حزبایەتی بەدیموكراسی، بەئازادییەكان، بەمەدەنییەت، بەفەلسەفە‌و دیاردە تازەكانی دنیا تەئكید كردەوەو لەو چوارچێوەیەشدا، كۆی دیاردە تازەكان، گۆڕانكارییەكانی سەردەم‌و ئەركە هاوچەرخەكانی، وەك بەشێكی تر لەدیدارەكەی شرۆڤ كردو رونیكردەوە كە پێویستە ئیدی تاك باشتر ئەركەكانی ئەقڵ، رۆشنگەری‌و كۆمەڵایەتیی رابپەڕێنێت.

سەرپەرشتیاری گشتی پلاتفۆڕمی دابڕان، لەنێو كۆی لایەن‌و پێویستییەكانی ژیان، كە بەگرنگی زانی تاك تێگەیشتنی بۆی هەبێت، هاوكات بەپێویست زانی‌و  رایگەیاند: دابڕان بیت یان نا، حزبی بیت یان نا، پێویستیت بەرۆشنگەری، بە خۆپەروەردەكردن‌و خوێندنەوەی بەردەوام هەیە‌و بۆ هاوبیرانی دابڕانیش، جەختیكردەوە، كە وەك مەلا بەختیار، لەم رێگەیەدا، لەڕێگەی دیموكراسی‌و رۆشنگەریدا، هیچ چاوەڕوانییەكم لەهیچ كەسێك نییە‌و هیچیشم لەئێوە ناوێت، بەپێچەوانەوە ئەوەی بۆ خۆتان‌و بۆ هەموان گرنگە، ئەوەیە خۆتان پەروەردە بكەن، چونكە تەنها بەحزبایەتی ئەركە دیموكراسییەكان قوفڵ نابێت، بەڵكو لەگەڵ حزبایەتیدا، سەدان خانەی تر هەیە كە مرۆڤ پێویستە بیری لێبكاتەوەو بەخۆپەروەردەكردن‌و خوێندنەوە، لەپێناویدا تێبكۆشێت.

نوێترین

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure