لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/ عربي/ English

عەبدلعەزیز ئال شێخ

05/07/2017


عەبدلعەزیز ئال شێخ

رەگەزنامە/ سعودی.
ساڵی لەدایكبوون/ 1943
شوێنی لەدایكبوون/ مەككە- سعودیە.

تائیفە/ سوننی.
رێباز/ حەنبەلی.
بیروباوەڕ/ سەلەفی.

خاوەنی وێبسایتێكە و لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا پەڕە و كەناڵی خۆی هەیە، لە رێگەیانەوە بیروڕا و وتارەكانی خۆی بڵاودەكاتەوە.

 عەبدلعەزیز بن عەبدڵڵا بن محەمەد بن عەبدلـلەتیف ئال شێخ تمێمی، موفتی گەورەی وەهابییەكان (موفتی گەورەی سعودیە)ـیەیە. لە نەوەی دامەزرێنەری وەهابییەت "محەمەد بن عەبدلوەهاب"ـە. لە پاش بن باز گەورەی وەهابییەكانە. ناسەرەوەی سەرەتایی روخساری، كوێریی چاوێكێتی، كە شێوەیەكی تایبەتی پێدەبەخشێت. 
ئال شێخ، بەپێی ئەو پێگە و دەسەڵاتەی هەیەتی، كاریگەرییەكی بەرچاوی لەسەر رەوتی سەلەفیەت و سەلەفییەكانی سعودیە و وڵاتانی تریش هەیە.
  
سەردەمی منداڵی
    عەبدلعەزیز ئال شێخ، لە ٣٠ نۆڤەمبەری ١٩٤٣ لە شاری مەكە لە دایك بووە. لە ساڵی ١٩٥١ لە تەمەنی هەشت ساڵاندا باوكی دەمرێت. هەر لە منداڵییەوە بە دەست ئازاری چاوەوە دەیناڵاند و لە ساڵی ١٩٦٢ و لە تەمەنی ١٩ ساڵیدا، چاوێكی لەدەست دەدات.

خوێندن
    عەبدلعەزیز ئال شێخ، لە مزگەوتی ئەحمەد بن سنان دەستی كرد بە خوێندی قورئان و لەلایەن "شێخ محەمەد بن سینان"ـەوە وانەی ئایینی پێوتراوەتەوە. دەوترێت لە تەمەنی ١٢ ساڵیدا قورئانی لەبەركردوە. لە لای هەندێ "زانای الحلق" بە فەرمی دەستیكردوە بە خوێندن و لە ساڵی  ١٩٥٦ و لە تەمەنی ١٣ ساڵیدا دەڕواتە پەیمانگای "إمام الدعوە". دواجار خوێندنی لە كۆلیژی شەریعە لە ساڵی ١٩٦٧دا تەواو دەكات و دكتۆرا وەردەگرێت.

كار و پلە و پایە
*عەبدلعەزیز ئال شێخ لە چەند خوێندنەگەیەكی ئایینی و كۆلێژە شەرعییەكانی سعودیەدا وانەی وتووەتەوە، لەوانە:-

*دوای تەواوكردنی خوێندن تا ساڵی ١٩٧٣ لە پەیمانگای "إمام الدعوە" وانەی دەوتەوە.

*پاش ئەوە بووەتە مامۆستا لە كۆلیژی شەریعە لە شاری ریاز.
*ماوەیەك لە پەیمانگەی باڵای داد وانەی وتووەتەوە.
*پێشنوێژ و وتارخوێنی چەند مزگەوتێكی سعودیە بووە.

*لە ساڵی ١٩٨٨دا دەبێتە ئەندامی "دەستەی گەورە زانایانی سعودیە".

*عەبدلعەزیز ئال شێخ لە ساڵی ١٩٩٣دا بە فەرمانی راستەوخۆی پاشای سعودیە دەبێتە سەرۆكی وەزارەتی لێكۆڵینەوەی ئایینی و دەركردنی فتوا.

*لە ساڵی ١٩٩٨دا دەبێتە جێگری موفتی گەورەی سعودیە.

*دوای مردنی شێخ عەبدلعەزیز بن باز، لە ساڵی ٢٠٠١دا دەبێتە گەورە موفتی سعودیە و بەرزترین پۆستی ئایینی لەو وڵاتەدا وەردەگرێت و تا ئێستا لەو پۆستەدا بەردەوامە.

 

بەشێك لە فەتواكانی ئال شێخ:-

* لە ماوەی رابردودا، چەند وڵاتێكی عەرەبی بە رابەرایەتی سعودیە، "قەتەر"ـیان سزادا و كەنارگیریان كرد. كاردانەوەی موفتی گشتیی سعودیە بەرامبەر بەو بڕیارە ئەوەبوو جەختیكردەوە كە كەنارگیركردنی قەتەر، لە بەرژەوەندی مسوڵمانانە و "دەبێت ئیخوان موسلیمین لە خوابترسن".

* لە "نەورۆز"ـی ئەمساڵدا، موفتی سعودیە فەتوایدا بەوەی بەشداریكردن لە نەورۆزدا "تاوان و گوناه"ـە و نەورۆز یەكێكە لە جەژنەكانی نەسارییەكان (مەسیحی)، موسڵمانیش نابێت بەشداری جەژنی بێباوەڕان بكات.
موفتی سعودیە بەبێ ئەوەی زانیاری لەبارەی ئەو بۆنەیەوە هەبێت، هێرشیكردە سەری، چونكە ئەو نەورۆز بە جەژنێكی مەسیحیەكانی تێگەیشتوە.

* لە فەتوایەكی تریدا، عەبدولعەزیز بن عەبدوڵڵا ئال شێخ، زۆر بە توندیی هێرشیكردە سەر هونەر و بە "بێ رەوشتی" ناوزەدیكرد و جەختیكردەوە كە "كۆنسێرتی گۆرانی و سینەما، دەبنە مایەی بێڕەوشتی و بەهاكان وێران دەكەن و دەبنە هۆی تێكەڵبوونی هەردوو ڕەگەزەكە".

* "هەمومان زانای دەسەڵاتین" مەبەستی ئەوەبوو كە هەمو پیاوانی ئایینی و مەلا و بانگخوازەكانی سعودیە، پیاوی دەسەڵاتن.

* بەیعەتدان بە یەزیدی كوڕی معاویە، بەیعەتدانێكی شەرعییە. حوسەینی كوڕی عەلی هەڵەیكرد كە بەیعەتی پێنەدا.

* معاویەی كوڕی یەزیدی كوڕی معاویە، پێشەوایەكی دادپەروەر بوو.

* "نابێت لە شەڕی دژ بە ئیسرائیلدا، پشتیوانی لە حزبوڵڵا بكەیت".

* "ئێرانییەكان مسوڵمان نین".

هەموو ئەو فەتوایانەی "ئال شێخ" بە ڤیدیۆ و تێكست لە یوتیوب و ماڵپەڕ و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا هەن و بەردەست دەكەون.

نوێترین

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure