لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/ عربي/ English

یاسر بەرهامی

25/07/2017


دوڕیان – تایبەت

بایۆگرافیا
ناوی تەواوی:- یاسر حوسەین مەحمود بەرهامی حەشیش
ساڵی لەدایكبوون:- 1958
شوێنی لەدایكبوون:- كەفر دەوار – بوحەیرە - میسر
ئایین و رێباز:- مسوڵمان – ئەهلی سوننە و جەماعە – سەلەفی
بڕوانامە و پسپۆڕی:- بەكالۆریۆس لە پزیشكی و نەشتەرگەریدا – ماستەر لە پزیشكیی منداڵاندا – لیسانس لە شەریعەی ئیسلامی لە ئەزهەر.
پیشە:- بانگخوازی ئایینی
پلە و پۆست:- جێگری سەرۆكی "بانگخوازیی سەلەفی" لە میسر.

كاری ئیسلامی
یاسر بەرهامی، یەكێكە لە دامەزرێنەرانی "بانگخوازیی سەلەفی" لە میسر و كاتێك كە خوێندكاری زانكۆ بووە، لەگەڵ محەمەد ئیسماعیل و ئەحمەد فەرید دا ئەو بزوتنەوەیەیان دامەزراندوە. ئێستا بەرهامی جێگری سەرۆكی "بانگخوازیی سەلەفی"ـیە.

بەرهامی، لە دامەزراندنی "پەیمانگەی ئامادەكردنی بانگخوازان"ـدا لە ئیسكەندەرییە رۆڵێكی سەرەكی هەبووە. لە هەمان پەیمانگەدا ساڵانێك وانەی ئایینی وتوەتەوە، بە تایبەت لە بوارەكانی عەقیدە، تەفسیر، فەرمودە و بانگخوازیدا.

یاسر بەرهامی، لە بواری راگەیاندنی بزوتنەوەكەیاندا رۆڵی كاریگەر و لێپرسراوێتی هەیە، بە جۆرێك كە سەرپەرشتی ماڵپەڕی "دەنگی سەلەف" دەكات و رۆڵی سەرەكی لە بەڕێوەبردنی ماڵپەڕی "بانگخوازیی سەلەفی"ـی زمانحاڵی بزوتنەوە ئیسلامییەكەیاندا هەیە. بە بەردەوامییش فەتوا و بۆچوونەكانی لەو ماڵپەڕەدا بڵاودەكاتەوە.

بەرهامی و پارتی نور-ی سەلەفی
یاسر بەرهامی، یەكێكە لە دامەزرێنەرانی پارتی نور باڵی سیاسی و حزبیی سەلەفییەكانی میسر. ئەو پارتە لە سەروبەندی خۆپیشاندان و بارگرژییەكانی ساڵی 2011ـی میسر دا پێكهێندرا. لە یەكەم هەڵبژاردنی دوای لەسەر كارلابردنی حوسنی موبارەك سەرۆكی پێشوتری میسر دا، پارتی نور بەشداری لە هەڵبژاردندا كرد و ژمارەیەك نوێنەری چونە پەرلەمان. ئەمەش لەكاتێكدا كە سەلەفییەكان كاری سیاسی و حزبی رەتدەكەنەوە و تەنانەت بەشێكیان بە حەرامی ئەژمار دەكەن.

كتێبەكانی یاسر بەرهامی
*شیكردنەوە و خستنەڕوی كتێبی سەحیحی موسلیم.
*شیكردنەوەی تەفسیری ئیبن كەسیر.
*خوێندنەوە و خستنەڕوی كتێبی ئیمان كە ئیبن تەیمیە شێخی ئیسلام نوسیویەتی.
*شیكردنەوەی كتێبی چارەی دەردەدار و كتێبی "العقیدة الوسطية" كە ئیبن قەیم جەوزییە نوسیویەتی.
*"فضل الغني الحمید" كە یەكەم كتێبی بەرهامییە و ساڵی 1980 نوسیویەتی.

بەشێك لە فەتواكانی بەرهامی
یاسر بەرهامی بە دەركردنی فەتوای سەیر ناسراوە و چەندین فەتوای سەیروسەمەرەی هەیە، تەنانەت بەشێك لە فەتواكانی دژ و پێچەوانەی یەكترن. ئەو جیاوازییەی بەرهامی لە فەتوادا پەیڕەوی دەكات، وایكردوە ناوبراو لە میدیای میسری بە تایبەت و میدیای عەرەبی بە گشتی، ببێتە جێگەی باس و هەمیشە فەتواكانی بڵاودەكرێنەوە و كاردانەوەی جۆراوجۆر بەدوای خۆیاندا دەهێنن. ئەمانەی لای خوارەوە، بەشێكن لەو فەتوایانەی یاسر بەرهامی لە ماوەی چەند ساڵی رابردودا بڵاویكردونەتەوە:-
*پیاو دەتوانێت لەكاتی سوڕی مانگانەدا لەگەڵ ژنەكەیدا جوتببێت.
*سوڕی مانگانەی ژن پیساییەكە لە شەیتانەوەیە.
* حەرامە مرۆڤ ئێكسسواراتی تایبەت بە بۆنە و ئاهەنگەكان بفرۆشێت، چونكە خەڵكی بەشێوەیەكی حەرام بەكاریاندەهێنن.
* ئەگەر ژن پێی خۆشنەبوو هاوسەرەكەی "ڤیاگرا" بەكاربهێنێت و ناڕەزایی دەربڕی، ئەوا پیاوەكە دەتوانێت و بۆی هەیە تەمێی بكات (لێی بدات).
*خودا نەفرەتی لەو ژنانە كردوە كە خۆیان دەڕازێننەوە و جوانییەكانیان دەردەخەن و خۆیان بۆنخۆش دەكەن.
*بۆیەی نینۆكی ژنان حەڵاڵە.
*تەڵاقدانی ژن لەڕێگەی مۆبایل و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە، ئەژمار دەكرێت.
*مەسیحییەكانی میسر كافر، تاوانكار و ستەمكارن.
*مەسیحییەكانی میسر كۆیلەن و مافی دەنگدانیان نییە.
*پیرۆزبایی سەری ساڵ حەرامە.
*نابێت پیاوی مسوڵمان ژنە مەسیحییەكەی خۆشبوێت، بەڵكو دەبێت تەنها لەبەر جەستەی هاوسەرگیری لەگەڵدا بكات و  ژیانی لەگەڵدا بەسەرببات.
*ئەگەر پیاو ژنەكەی خۆی و پیاوێكی بە رووتی بینی، نابێت كاردانەوەی بەرامبەریان هەبێت و ژنەكەی تەڵاق بدات، چونكە تەنها بە رووتی بینیونی و شتی تری نەبینیوە.
*ئەگەر پیاوێك دەستدرێژی سێكسی كردە سەر ژنەكەت، دەبێت دەستبەرداری ژنەكەت ببیت و بۆ ئەوی بەجێبهێڵیت.
*سەماكردنی ژنان تەنانەت ئەگەر تەنها ژنان لەو شوێنەدا بن، حەرامە.
*كۆچی نایاسایی ئیسلام دەخاتە مەترسییەوە.
*تەوقەكردنی ژن و پیاو حەرامە. تەنانەت تەوقەی سیاسی.
*جگەرەفرۆشتن حەرامە.
*ژن لە بەردەمی منداڵ و براكانیشیدا نابێت سترێج بپۆشێت.
*سەیركردنی یارییەكانی جامی جیهانی بۆ دووگۆڵی حەرامە.
*لایككردن لە فەیسبوكدا نەخۆشییەكی مەترسیدارە و دڵ گەند دەكات.
*خەڵاتی ئەو خولانەی لە مانگی رەمەزاندا بەڕێوەدەبرێن، حەرامە و وەك قومارە.
*ماچكردنی ژن و كچی خەڵك نابێت بە زینا.
*سەیركردنی رەگەزی بەرامبەر حەرامە.

تێبینی/ فەتواكانی بەرهامی لە ئینتەرنێتدا و بە تایبەت لە یوتیوب بە دەنگ و رەنگی خۆی بڵاوكراونەتەوە.

نوێترین

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure