لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/ عربي/ English

ھەڵبژاردنی گەردونەکەمان (بەشی یەکەم)

14/11/2017


لیونارد ملۆدینۆ و ستیڤن هاوکینگ
  وەرگێڕانی: حسێن حسێنی

 

بە پێی وتەی خەلکی (بۆشنگۆ) لە ناوەڕاستی ئەفریقا ، لە سەرەتادا تەنھا تاریکی و ئاو لە گەڵ خوای گەورەی (بومبا) بوونی ھەبوو.رۆژێک( بومبا) تووشی سکێشە بوو رشایە بە سەر خۆردا. لەو کاتەدا خۆر بڕێک لە ئاوەکانی وشک کردو زەوی دەرکەوت. بەڵام ھێشتا بومبا ھەر ئێشی ھەبوو تۆزێک زیاتر رشایەوە. مانگ ، ئەستێرەکان و بڕێک لە گیانلەبەران وەک پڵنگ و کۆرۆکۆدیل و کیسەڵ و لە کۆتاییدا مرۆڤ دەرکەوتن. (مایا)‌کانی مکزیک لە ناوەڕاستی ئەمریکا ھاوشێوەی ئەمە دەربارەی سەردەمێک کە بەس خاڵق و ئاسمان و دەریا بوونی ھەبووە، دەگێرنەوە. لە ئەفسانەی (مایا) کاندا خاڵق خەمباری ئەوە بوو کە کەس نایپەرستێ بۆیە زەوی ، کێوەکان و درختەکان و زۆربەی گیانلەبەرانی دروست کرد. بەڵام گیانلەبەران قسەیان نەدەکرد بۆیە بڕیاری دا مرۆڤەکان دروست بکات . سەرەتا ئەوانی لە قوڕ و خۆڵ دروست کرد ، بەڵام ئەوان بە بێ مانا قسەیان دەکرد، بۆیە لە ناویبردن و جارێکی کە دەستی پێکردەوە ، ئەمجارەیان لە دار دروستی کردن ، بەڵام زۆر ھێواش بوون بۆیە بڕیاری دا ئەوانیش تیا بەرێت، بەڵام ئەوان بۆ ناو دارستان ھەڵھاتن مانەوەی تێکچوونەکان بە درێژی رێگەکە تۆزێک گۆرانکاریان بەسەر دا ھێنان ، ئەوەی لێی بەرھەم ھات ئەوانەن کە ئیمڕۆ پێیان دەڵێین مەیمون.

 

خاڵق دوای شکەستە شەرمھێنەکەی لە کۆتاییدا فرمۆلێکی دۆزییەوە کە کاری دەکرد. ئەوە بوو کە یەکەم مرۆڤی بە کەڵک وەرگرتن لە گەنمەشامی زەردو سپی دروست کرد. لە ئیمڕۆدا ئێمە (ئیسانۆڵ) لە گەنمە شامی دروست دەکەین بەڵام تا ئێستا پێوەندیەک لە نیوان خەلکە شاکارە دروستکراوەکەی خالق لە گەڵ ئەو شتەی کە دەیخواتەوە بوونی نییە. چیرۆکی خلقت وەکوو ئەوانەی سەرەوە ھەمووی ھەوڵدانە بۆ وڵام دانەوەی ئەو پرسیارانەیە کە ئێمە لەم کتێبەدا بەدواییدا دەگەڕیین: بۆچی تەنھا یەک گەردون بوونی ھەیە؟‌ و بۆچی گەردونەکە بەم رێگەیەدا رۆیشتووە؟ تواناییەکانمان بۆ وڵامدانەوەی ئەم پرسیارە لە سەردەمی (یۆنان)ی کۆنەوە بە ھێواشی گەشەی سەندووە کە زۆرترین گۆڕانکارییەکە لە سەدەی پێشوودا رویداوە. بە سەرنج دان بەو ھێزو بەکگراوندەی کە لە بەشەکانی پێشوودا وەرمان گرتوە ئێستا ئێمە ئامادەین بۆ پێشکەشکردنی وڵامی پرسیارەکان. شتێک کە لەوانەیە دەر بکەویەت تەنانەت ئەگەر ژیان لە گەردون زۆر تازە دروست کرابێت یان تەنانەت ئەگەر بەشەر لە بەشێکی بچوکی مێژوی جیھاندا ژیابێت ئەویش ئەوەیە کە پێشکەوتنەکانی رەگەزی مرۆڤ لە زانست و تێکنۆلۆجیادا یەکجار خێرایە بۆیە ئەگەر مرۆڤ میلیونھا ساڵ ژیا با دەسەڵاتدارییەکەی یەکجار زیاتر دەبوو.

بە پێی دەقە کۆنەکان ، خودا ئادەم و حەوای تەنھا لە شەش رۆژی ئافراندندا دروست کرد. قەشە( ئوسەر) پێشەوای( ئایرلەند) لە ساڵی ١٦٢٥ تا ١٦٥٦ تەنانەت خاڵی سەرتایی زەوی بە وردی یەکجار زۆرەوە پێشبینی کرد بوو بە رای ئەو جیھان لە کاتژمێر نۆی سەرلەبەیانی ٢٧ ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٤٠٠٤ ی پێش زایین دەستی پێکردوە. ئێمە تێڕوانێنێکی جیاوازمان ھەیە ، مرۆڤ تازە دروستکراوە بەڵام سەرتای گەردون دەگەڕێتەوە بۆ‌ ١٣.٧ بیلیۆن ساڵ لەوەو پێش .

یەکەم بەڵگە بۆ سەرەتای گەردون دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی ١٩٢٠ . وەکوو لە بەشی سێ دا باسمان کرد لەو کاتەدا زۆربەی زاناکان باوەڕیان وابوو کە گەردون وەستاوە و ھەمیشە ھەبووە. بەڵام بەڵگەی دژ بەمە بە شێوازی ناراستەوخۆ بە پێی بینینەکانی( ئیدوین ھابڵ )وە بوو کە کەڵکی لە تیلسکۆپێکی ١٠٠ ئینچی لە سەر کیوەکانی (ویلسن )،تەپۆلکەکانی سەر( پاسادینا)ی (کالیفۆرنیا) وەردەگرت. بە شیکردنەوەی شەبەنگی روناکی کە گەلەئەستێرەکان لە خۆیان دەریان دەکرد ھابڵ گەیشت بەو دەرئەنجامەی کە نزیکەی ھەموویی گەلە ئەستێرەکان لە ئێمە دوردەکەونەوە و بەردەوام خێراییەکانیان زیاتر دەبێت.

لە ساڵی ١٩٢٩ ئەو بە بڵاو کردنەوەی یاساێک کە بە پێی گەڕانە دواوەی لەرەلەری شەبەنگ لە سەر دووری گەلە ئە ستیرە لە ئێمەوە بوو پێنیشانیدا گەردون دەکشێت. ئەگەر ئەمە راست بێت دەبێت گەردون لە پێشدا بچووکتر بووبێت. لە راستیدا ئەگەر ئێمە بۆ رابردوێکی دوور بگەڕینەوە دەگەین بەشوێنێک کە ھەموو مادە و وزە لە شوێنێکی زۆر بچوکدا چڕ بوو بێتەوە شوینیکی لە رادەبەدەر چڕو گەرم . ئەگەر بە ئەندازەی پێویست بگەڕینەوە بۆ دواوە دەگەین بە سەرەتایی ھەموو شتێک -بەو روداوەی کە ناوی تەقینەوە گەورەکە (بیگ بانگ) ی لێنراوە.

ئەو ئیدەیەی کە گەردون دەکشێت ھەڵگری تۆزێک شیرین کارییە. بۆ نمونە ئێمە مەستمان ئەوەنییە کە کەسێک بتوانێت بە روخاندنی دیواری مالەکەی حەمامیک کە دار بەڕوێکی گەورەی تێدا بێت دروست بکات. کشانی فەزا بە مانای ئەوەیە کە مەودای نیوان دوخاڵ زیاد دەکات. ئیدەکە لەناو ئەو موناقشە و باسەکانی ١٩٣٠ ەکان ھاتەدەرەوە، بەلام یەکێک لە باشترین قیاسە رێگەکان بۆ تەسەوری ئەمە لەلایەن ئەستێرەناسی زانکۆی( کەمبریج ) واتە (ئارسۆر ئیدینگتۆن)وە پێشکەش کرا . (ئیدینگتۆن) تەسەورەکەی وابوو کە کشانی گەردون ‌ ،وەکوو کشانی باڵۆن وایە و ھەموو (گەلە ئەستێرەکان)یش لە خاڵەکانی سەر باڵۆنەکە جێگیرن. ئەم وێنەیە لە کشان بە جوانی شرۆڤەی ئەوە دەکات کە بۆچی گەلە ئەستێرە دورەکان خێراتر لە گەلە ئەستێرە نزییکەکان دور دەکەونەوە. بۆ نمونە ئەگەر نیوەتیرەی باڵۆنەکە لە کاتژمێرێکدا دووقات ببێتەوە دووری نێوان دوو گەلە ئەستێرەی سەر بالۆنەکەش لە کاتژمێرەکەدا دوو قات دەبێتەوە. ئەگەر لە کاتێکدا دووری نێوانیان ١ ئینچ بیت دوای یەک کاتژمێر دوورییەکە دەبێت بە ٢ ئینچ و ئەوان بە خێرایی ١ ئینچ لە کاتژمێر لە یەک دوردەکەونەوە. بەڵام ئەگەر لە سەرەتاوە جیاوازی دوورییان لە یەکتر ٢ ئینچ بێت دوای یەک کاتژمێر دورییەکە دەبێت بە ٤ ئینچ کە وابوو بە نرخی ٢ ئینچ لە کاتژمێرێکدا لە یەک دووردەکەونەوە. ئەمە ھۆکار‌ی ئەو بوو کە (ھابڵ) رایگەیاند: ئەو (گەلە ئەستێرە)یی کە لە ئێمە دورترە بە خێراێکی زیاتر لە ئێمە دور دەکەوێتەوە.

گرینگە لەوە بگەین کە کشانی فەزا ئەو واتایە ناگەێنێت کە قەبارەی تەنە مادییەکان وەکوو (گەلە ئەستێرە) ، ئەستێرە،سێو ، ئەتۆم یان ھەر تەنێکی تر کە بە ھۆی ھێزگەلیکەوە پێکەوە ھێڵڕاونەتەوە دەگۆڕێت. بۆ نمونە ئەگەر بین بازنەێک بە دەوری بۆڵێک گەلەئەستێرەی سەر باڵۆنەکەدا بکێشین، بازنەکە کاتێک باڵۆنەکە دەکشێت گەورەنابێتەوە. بەلکوو بە ھۆی ئەوەی گەلەئەستێرەکان بە ھێزی راکێشان پێکەوە بەسراونەتەوە بازنەکەو گەلە ئەستێرەکانی ناوی قەبارە و پەیکەربەندییەکەی خۆیان کاتێک باڵۆنەکە گەورە دەبێتەوە دەھێڵنەوە. گرینگی ئەمە لەوەدایە ئێمە کاتێک دەتوانیین کشانەکە بپیوێن کە ئەمرازەکانمان قەبارەکانیان نەگۆڕ بێت. ئەگەر ھەموو شتێک بۆ کشان سەربەست بن کەوابوو ئێمەو پێوانەکانمان و تاقیگەکانمان و ھەموو شتێکی تریش بە رێژەێکی نەگۆڕ دەکشێن و ئێمە ھیچ جۆرە جیاوازێک نابینین.

‌ئەوەی کە گەردون دەکشێت بۆ ئەنیشتاین ھەواڵێکی خۆش بوو بەڵام ئەگەری ئەوەی کە گەلە ئەستێرەکان لە یەک دوردەکەونەوە چەند ساڵێک پێش بڵاوبوونەوەی وتارەزانستییەکانی( ھابڵ) بە شێوەی تیوری لە ھاوکێشەکانی (ئانیشتاین) دەرکەوتبوو. لە ساڵی ١٩٢٢ فیزیکزان و ماتماتیکزانی روسی (ئیلکساندێر فریدمەن) لێکۆڵینەوەی لەسەر ئەوە کرد کە چی روودەدات لە گەردونێک کە لەسەر دوو فەرزی زۆر سادەی ماتماتیکی بینا کرابێت: گەردوون لە ھەموو ئاراستەکاندا چوون یەک دێتە پێش چاو ھەر وەھا لە ھەر خاڵێکەوە سەیری بکەیت یەک شتە. ئێمە ئێستا دەزانین کە فەرزی یەکەمی (فریدمەن) بە بە تەواوەتی راست نییە- خۆشبختانە گەردوون لە ھەموو ئاراستەکاندا چوون یەک نییە!. ئەگەر ئێمە لە ئاراستەێکەوە سەیری سەرەوە بکەین لەوانەیە خۆر ببینین، لە ئاراستەێکی ترەوە مانگ و لە ئاراستەێکی تریشەوە لەوانەیە ھێلانەی شەمشەمە کوێرە خوێن خۆرەکان ببینین.

 

بەڵام گەردوون تا رادەێکی زۆر لە ھەموو ئاراستەکاندا چوون یەک دەنوێنێت ‌کاتێک لە سکێڵێکی دورتر –دورترەو تەنانەت سکێڵی نیوان گەلە ئەستێرەکانەوە سەیری بکەین. ئەمە زۆربەی کات وەکوو سەیر کردنی دارستانێک وایە کە لە سەرەوە سەیری بکەین. ئەگەر ئێوە بە ئەندازەی پێویست بە دارستانەکە نزییک بن دەتوانن گەڵای دارەکان بە تەنیایی ببینن یان لانی کەم دارەکان و فەزای نێوانیان بینن. بەڵام ئەگەر ئێوە زۆر لە سەرەوە سەیەری بکەن بە شێوازێک پەنجە گەوریەک مایلێکی دوو جا لە دارەکان داپۆشێت دارەستانەکە دەبێت بە سێبەرێکی سەوزی چوونیەک. ئەو کات ئێمە دەڵێین لەم سکێلەدا دارستانەکە چوونیەکە.بە پێی ئەم فەرزە (فریدمەن) توانی شیکارێک بۆ ھاوکیشەکانی ئانیشتاین بدۆزێتەوە کە لەودا گەردوون دەکشا بەو شێوەی کە ھابڵ راستییەکەی سلماندبوو.

لە مودێلە تایبەتەکەی( فرییدمەن) گەردوون لە خاڵێکی سفرەوە دەست دەکات بە کشان و قەبارەکەی دەکشێت تاوەکوو ھێزی راکێشەری راکێشان کەمی دەکاتەوە و سەر ئەنجام دەبێت بە ھۆی گەڕانەوە دارمان. ( دوو جۆر شیکاری تر بۆ ھاوکێشەکانی ئانیشتاین کە ھەر بە پێی فەرزەکانی( فریدمەن)ە لە یەکێکیاندا کشانی گەردوون درێژەی دەبێت بۆ ھەمیشە بەڵام تۆزێک بە ھیواشی ، لە یەکێکی تریاندا خێرایی کشانی گەردوون کەمدەبێتەوە بەرەو سفر بەڵام ھەرگیز پێی ناگات)‌ فریدمەن چەندساڵێکی کەم دوای دروست کردنی ئەم بەرھەمە کۆچی دوایی کرد، ئیدەکەی بە نەناسراوی زۆر مایەوە تاوەکوو دۆزینەوەکەی ھابڵ . بەڵام لە ساڵی ١٩٢٧ پرۆفیسۆرێکی فیزیک و قەشەێکی کاسۆلیکی رۆما بە ناوی( جورج لمایتری) ئیدەێکی ھاوشێوەی پێسنیار کرد: ئەگەر بە دوایی پێ شوێنی مێژویی گەردون بۆرابردوو بگەڕیتەوە گەردون بە بچوکتر و بچوکتر دەبینیت تاوەکوو دەگەییت بە روداوی خلقەت- کە ئێمە ئێستا پێی دەڵێین تەقینەوە گەورەکە-(بیگ بانگ).

کەس حەزی لە وێنەی بیگ بانگ نەبوو لە راستیدا وشەی "بیگ بانگ" لە سەر ١٩٤٩ لەلایەن ئەستێرەفیزیکزانی (کەمبریج) (فرێد ھۆیل ) وە ھاتە بەرباس کە باوەڕی وابوو گەردوون بۆ ھەمیشە دەکشێت ئەو دەستەواژەشی وەکوو وەسفێکی گاڵتە ئامیز بەکار دەھێنا. یەکەمین بینینی راستەوخۆ تاوەکوو ساڵی ١٩٦٥ بۆ پشتگیری کردن لە ئیدەکە بوونی نەبوو. لەم ساڵەدا پێش زەمینەێکی کز لە شەپۆلی مایکرۆ لە فەزا دۆزرایەوە. ئەم تیشکە شەپۆلییە مایکرۆیە کەونییە پێش زەمینەیە یان (CMBR) ھەر ئەوەیە کە لە فڕنە مایکرۆشەپۆلییە کاندا دروست دەبێت بەڵام بە توانایێکی کەمترەوە. ئێوە دەتوانن (CMBR) ی خۆتان بە خستنە سەری تەلەڤزیونەکەتان بۆ سەر کەناڵێکی بۆش ببینن- چەند لە سەددێکی کەم لەو بەفرەی کە لە سەر شاشەکە دەیبینن بە ھۆی ئەوەوە دروست دەبێت‌.

 

تیشکەکە بە شێوازێکی بە رێکەوت لەلایەن دوو زانای تاقیگەی (بێل)وە کاتێک دەیانویست وەھا ستاتیکێک لە ئالێری شەپۆلە مایکرۆکەیان لا بەرن دۆزرایەوە. لە سەرەتاوە ئەوان وەھا بیریان دەکردەوە کە لەوانەیە ئەم ستاتیکە پیوەندیان بە ھێلانە کۆتری سەر ئالێرەکەیانەوە ھەبێت. بەڵام دەرکەوت کە کێشەکەیان سەرچاوەێکی سەرنج راکێشی لەگەڵ خۆییدا ھەڵگرتووە-( CMBR) تیشکێکە لە گەردونی زۆر گەرم و چڕی سەرەتاییەوە کە ماوەێکی کورت دوایی بیگ بانگ ھەبووە دەرچووە. لە گەڵ کشانی گەردووندا ساردەوە بوونیش زیادی کردوە تا ئەو جێگەی تیشکەکە بووە بەو پاشماوە کزەی کە ئێمە ئێستا دەیبینین. لە ئێستادا ئەم شەپۆلە مایکرۆیە دەتوانێت خواردنەکەتان تاوەکوو -٢٧٣ پلەی گرمی واتە ٣ پلە لە سەر سفری رەھا بۆ گرم بکات کە زۆر سودمەند نییە بۆ برژاندنی گەنمە شامی.

نوێترین

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure