لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/ عربي/ English

ھەڵبژاردنی گەردونەکەمان (بەشی سێیەم)

12/12/2017


 لیونارد ملۆدینۆ و ستیڤن هاوکینگ
  وەرگێڕانی: حسێن حسێنی

 

 

لە راستیدا ئەگەر کات بتوانێت وەکوو ئاراستەکانی تری فەزا بێت مانای وایە کە کات سەرەتایی ھەیە و ئێمە دەتوانین بە شێوازێک بگەین بە لێوارەکانی جیھان . وای دابنێ کە سەرتای جیھان وەک جەمسەری باشور وابووە ، کە لەودا پلەکانی پانی(لاتیتود) رۆڵی کات بگێڕێت. ئەگەر یەکێک بڕوات بەرەو باکور پلەکانی بازنە نەگۆرەکان پانی جوگرافیایی(لاتیتود) پێنیشاندەری قەبارەی گەردون دەبن. گەردون لە خاڵێکی جەمسەری باشورەوە دەست پیدەکات بەڵام ئەم جەمسەرە وەک ھەموو خاڵەکانی تر وایە واتە خاڵێکی تایبەتی نییە. پرسیاری ئەوەی پێش دەست پیکردنی گەردون چی روییداوە دەبێت بە پرسیارێکی بێ مانا چونکوو ھیچ باشورێکی جەمسەری باشور بوونی نەبووە. لەم وێنەیەدا فەزاو کات ھێچ چەشنە سنورێکیان نەبووە- وەکوو ئەوەی کە جەمسەری باشور وەکوو ھەموو شوێنەکانی تر وایە. بە شێوەی قیاسی کاتێک ئێمە تیوری کوانتەمی لەگەڵ رێژەیی گشتی تێکەڵ دەکەین پرسیاری ئەوەی کە پێش دەست پێکردنی گەردون چی روییداوە بێ مانایە. ئیدەی کە مێژوەکان دەبێت روبەرە داخراوەکان بن بە بێ سنور پێی دەگوترێ مەرجی بێ-سنوری.

لە سەدەکانی پێشوو زۆر کەس یەک لەوان ئەرەستوو باوەڕیان وابوو کە گەردون دەبێت ھەمیشە ھەبوو بێت تاوەکوو خۆیان ‌ لە بابەتی چۆن دروستکراوە بە دور بگرن . خەلکی کە باوەڕیان وابوو کە گەردون سەرەتایی ھەیەو لەمە کەلکیان وەردەگرت بۆ ئەوەی کە بڵێن خودا ھەیە. ئەو حەقیقەتەی کە کات وەکوو فەزا رەفتار دەکات ئەلتەرناتێڤێکی نوێ پێشکەش دەکات. ئەمە رەخنە گرتن لە تەمەنی کۆنی گەردون لادەبات بەوەی کە گەردون دەستپێکی ھەیە بەڵام ھەر وەھا ئەوە دێنێتە بەر باس کە دەستپێکی گەردونیش بە پێی یاساکانی زانست بووە نەک بە ھۆی بیر کردنەوەی ھەندێک خودا.

ئەگەر سەرەتای گەردون روداوێکی کوانتەمی بێت دەبێت بە دروستی بە ھۆی کۆکردنەوەی مێژوەکانی فاینمەن شرۆڤە بکرێت. بەکار ھێنانی تیوری کوانتەمی بۆ ھەموو گەردون –کە بینەر خۆی بەشێکە لەو سیستەمەی کە سەیری دەکات – بە ھەر حاڵ ھەڵخڵەتێنەرە. لە بەشی چوارەم کە چۆن تەنۆلکە مادییەکان کاتێک بەرەو شاشەێک بە دو درزەوە دەھاوێژرێن ھەر وەکوو شەپۆلی ئاوی بەیەکدا چوون ئەنجام دەدەن. فاینمەن پێنیشانی ئەمە لەوەوە سەرچاوە دەگرێت کە تەنۆلکەێک بە تەنھا یەک مێژوی نییە. کاتێک تەنۆلکەیەک لە خاڵی سەرەتای (A)‌ وە بەرەو خاڵی کۆتایی (B) دەچێت تەنھا بە یەک رێگادا ناڕوات بەڵکوو بێکۆتایی رێگە ھەیە کە دەتوانێت بیگرێتە بەر.

 

بۆیە بەیەکدا چوون شتێکی سەر سور ھێنەر نییە چونکوو لە یەک کاتدا تەنۆلکەکە دەتوانێت لە ھەر دو درزەکەوە تێپەڕ بێت و بەیەکدا چوون لە گەڵ خۆییدا بکات. بۆ جولەی تەنێک مێتۆدی فاینمەن پێمان دەڵێت بۆ حیساب کردنی ئەگەری ھەر خاڵێکی تایبەتی کۆتایی ئێمە پێویستیمان بەوەیە کە ھەموو مێژوە مومکینەکانی تەنۆلکەکە لە خاڵی سەرەتاوە بۆ خاڵی کۆتایی لە بەرچاو بگریین. خەڵک دەتوانن لە میتۆدەکانی فاینمەن بۆ حیساب کردنی ئەگەری کوانتەمی بینراوەکانی گەردون کەڵک وەربگرین. ئەگەر ئێمە ئەمە بۆ تەواوی گەردون بەکار بھێنین ئەو دەم خاڵی (A) بوونی نابێت و ئێمە ھەموو مێژوەکان کۆدەکەینەوە کە تێرکەری مەرجی بێسنوری و کۆتایی جیھانە بەو شیوازەی کە ئێستا دەیبینین.

لەم تێڕوانینەدا گەردون دەتوانێت خۆ بە خۆ بە ھەموو رێگە مومکینەکان دەست پێبکات کە زۆرترینیان دەبەسرێنەوە بە گەردونەکانی ترەوە. تا ئەو جێگەیەی کە ھەندێک لەو گەردونانە ھاوشێوەی گەردونەکەی ئێمەن بەڵام زۆرترینەکەیان زۆر جیاوازن لە ئێمە. جیاوازییەکە بە تەنھا لە وردەکارییەکاندا وەکوو ئەوەی کە (ئەلڤیس) بە راستی لە گەنجیدا مردبێت یان شەلەم دێسری خواردن بێت. بەڵکو ئەوان لە راستییدا لە دەر‌کەوتەی یاساکانی سروشتیشدا جیاوازن. لە راستیدا زۆر گەردون بوونی ھەیە بە کۆمەڵێکی زۆری یاسا فیزیکی جیاوازەوە. ھەندێک لە خەلک لەم ئیدەیە رازێکی گەورە دروست دەکەن و ھەندێک جار ناوی چەند گەردونی (Multiverse)ی لێدەنێن بەڵام لە راستیدا ئەمە شێوازێکی تری دەربڕینی فاینمەن بۆ کۆ کردنەوە لە سەر مێژوە جیاوازەکانە.

بۆ کێشانی ئەم وینەیە، با باڵۆنە قیاسیەکەی (ئیدینگتۆن) تۆزێک بگۆڕین لە جیاتی ئەوەی بیر بکەینەوە کە کشانی گەردون وەک کشانی روبەری باڵۆنەکە وایە. وێنەکەی ئێمە لە خەڵقی کوانتەمی خۆبەخۆ ی گەردون تۆزێک وەک دروست بوونی بڵقی ھەڵم لە ئاوی کوڵاودا وایە . زۆر بلقی ورد دروست دەبن و دوبارە تیادەچنەوە. ئەمە پینیشاندەری گەردونە بچوکەکانە کە دروست دەبن و دەکشێن و جارێکی تر دەرۆخێنەوە بۆ قەبارە مایکرۆسکۆپیەکە. ئەوان پێنیشاندەری گەردونە ئەلتەرناتیڤە مومکینەکانن. بەڵام ئەوان زۆر جێگەی سەرنج نیین چونکوو ئەوان بەو ئەندازەیە نامێننەوە تاوەکوو گەلەئەستێرەکان و ئەستێرەکان گەشە بکەن چ بگات بە ژیانی ھۆشمەند. بەڵام ھەندێک لە بلقە بچوکەکان بە ئەندازەی پێویست گەورە دەبن و لە تێکچوونەوە دەپارێزرێن . ئەوان درێژە دەدەن بە کشان بە رێژەێکی رولە زیاد بوون بلقی ھەڵم دروست دەکەن کە ئێمە توانایی بینینیمان ھەیە. ئەمە ھاو شێوەی گەردونەکانە کە دەست دەکەن بە کشان بە رێژەێکی رولە زیاد بوونی ھەمیشەیی ، یان بە واتاێکی تر گەردونەکان لە ناو‌ دۆخێکی ھەڵئاوسانیدان.

وەکوو باسمان کرد کشان بە ھۆی ھەڵئاوسانەوە بە تەواوەتی چوون یەک نیە. لە کۆکردنەوی مێژوەکان ، تەنھا یەک مێژوی بە تەواوەتی رێک و چوون یەک بوونی ھەیە ، کە ئەویش زۆرترین ئەگەری ھەیە ، بەڵام زۆر لە مێژوەکانی تر کە تۆزێک نارێکن ئەگەری بوونیان ھەیە کە تا رادەێکێش ئەگەرێکی بەرزە. ‌ ھەلئاوسان پێش بینی سەرتای گەردون بە شێوازی تۆزێک ناچوون یەک دەکات کە بەسراوەیە بەو‌ گۆڕانکاری پلەی گەرمیەی کە لە (CMBR) دەبینرێت . ئەم نا ڕێکیە لە سەرتای گەردوندا جێی خۆشحاڵیە بۆ ئێمە . دەزانن بۆ؟ یەک جۆری باشە کاتێک ئێوە نەتانەوێت چەوری لە شیرەکەتان جیا ببێتەوە.

بەڵام گەردونێکی یەکجۆر گەردونێکی ئازار دەرە. ناڕێکی سەرەتای گەردون زۆر گرینگە چونکو دەبێت بە ھۆی ئەوەی ھەندێک ناوچە چرییەکەیان تۆزێک لە شوێنەکانی تر زیاتر بێت ھێزی راکێشانی ناوچە تۆزێ چرترەکە کشانەکەی ھێواشتر دەبێت بە بەراورد لەگەڵ دەوربەرەکەی. ھەر وەھا ھێزی راکێشان بە ھێواشی مادەکان بۆ لای یەکتری رادەکێشێت، کە ئەمە لە کۆتاییدا دەبێت بە ھۆی دروست بوونی گەلەئەستێرە و ئەستێرەو ھەسارەو و فرسەتێک بۆ بوونی ئێمەش. ئێستا بە وردی سەیری نەخشەی شەپۆلی مایکرۆی ئاسمان بکەن. کە ئەمە دیزاێنێکی سەرەتاییە بۆ ھەموو ساختارێکی گەردون وایە. ئێمە بەرئەنجامی بەرزو نزمی یان ناسافی (fluctuation) کوانتەمی سەرەتایی گەردوونین. ئەگەر یەکێک ئاییندار بێت دەتوانێت بڵێت لە راستییدا خودا یاری بە زار دەکات.

‌ئەم ئیدەیە دەبێت بە ھۆی تێڕوانێنێک لە گەردون کە بە تەواوی لەگەڵ مەفھومە سونەتیەکە جیاوازە ، کە پێویست دەکات بیرکردنەوکانمان لەگەڵ مێژوەکەی گەردوندا بگونجێنین. بە مەبەستی دروستکردنی پێش بینی لە کەوندا ئێمە پێویستە ئەگەری حاڵەتە جیاوازەکانی تەواوی گەردون لە کاتی ئێستادا حیساب بکەین. لە فیزیکدا بە شێوازی نۆرماڵ خەڵک فەرزی دۆخە سەرەتاییەکانی سیستمێک لە کاتێکدا دەکەن و گەشەکەی بۆ پێشەوە بە پێی کات بە کەڵک وەرگرتن لە ھاوکێشە ماتماتیکییەکان حیساب دەکەن. فەرزکرنی ئاسایی لە( کەون ناسی)دا ئەوەیە کە گەردون بە تەنھا یەک مێژوی دیاری کراوی ھەیە. خەلک دەتوانن بە کەلک وەرگرتن لە یاساکانی فیزیک چۆنیەتی گۆڕانکاری ئەم مێژوە بە پێی کات بزانن. ئێمە ئەمە ناو دەنێن نزیک بوونەوەی " سەرو-بن" لە (کەون ناسی).

 

بەڵام چونکو ئێمە دەبێت سروشتی کوانتەمی گەردون کە بەپێی کۆکردنەوەکانی فاینمەنە حیسابی بۆ بکەین ، فەراوانی ئەگەری ئەوەی کە گەردون ئێستا بۆ لەم دۆخە تایبەتەدایە بە بە شداری پێکردنی ھەموو ئەو مێژوانەی کە تێرکەری مەرجی بێسنورین دێتەدی. بە واتاێکی تر لە (کەون ناسیدا)‌ خەلک نابێت لە سەرەوە بۆ بنەوە دوایی بکەون وکوو ئەوەی کە فەرزکرابوو خاڵێکی سەرەتایی دیاری کراو و یەک مێژو بوونی ھەبێت. لە جیاتی ئەوە دەبێت بە دوایی ھەموو مێژوەکانی تر لە سەرەوە بۆ خوارەوە بکەوێت،‌ لە ئێستا بۆ دواوە بەرەو دواوە. بڕێک لە مێژوەکان ئەگەری رودانیان زۆر زیاترە لەوانی تر و کۆ کردنەوەکە بە شێوازێکی ئاسایی لە ژێرە سەیتەرەی یەک مێژودا دەبێت کە ئەوەیش ئەو مێژەوەیە کە دەستپێکەری دروست کردنی گەردون و ئەستێرەکانە واتە ئەم حاڵەتە بەرزترین لە بەرچاو گرتنی ھەیە.

 

بەڵام لە ھەمان کاتدا مێژوی جۆربەجۆر بە دۆخی جۆربەجۆری گەردونەوە لەم کاتەدا بوونی ھەیە. ئەمە ئەبێت بە ھۆی تێروانینێکی زۆر جیاوازو رادیکاڵیانە سەبارەت بە (کەون ناسی) و پێوەندی نێوان ھۆکار و بەرکار (cause and effect) . ئەو مێژوانەی کە بەشداری لە کۆکردنەوەکانی فاینمەندا دەکەن بوونێکی سەربەخۆیان نییە بەلکو بەندن لە سەر ئەوەی کە چی دەپێورێت. ئێمە بە پێوانمان و بینینمان مێژوو دەخوڵقێنین نەک ئەوەی کە مێژوو ئێمەی خوڵقاندبێت. ئەو ئیدەی کە گەردون کە مێژوێکی سەربەخۆ لە بینەری نییە لەوانەیە لەگەڵ ھەندێک راستی دیاریکراودا کە ئێمە دەیزانین تووشی کێشەببێت. لەوانەیە مێژوێک بوونی ھەبێت کە مانگ لە پەنیری (راکۆفۆرت) دروست کرابێت. بەڵام ئێمە بینیومانە مانگ لە پەنیر دروستنەکراوە کە خەبەرێکی ناخۆشە بۆ مشکەکان. لێرەدایە کە ئەو مێژوانەی کە لەواندا مانگ لە پەنیر دروستکراوە بەشداری لە دۆخی ئێستای گەردونەکەماندا ناکات ‌بەڵام لەوانەیە لە شتی تردا بەشداری بکات.

 

ئەمە لەوانە لە چیرۆکە زانستیەکان بچێت بەڵام وانییە. یەکێک لە مەفھومە گرینگەکانی نزییک بوونەوەی سەرو-خوار کە دەرکەوتە یاساکانی سروشت بەندن لە سەر مێژوی گەردونەکە. زۆر لەزاناکان باوەڕیان وایە کە تیورێکی تەنیا کە شرۆڤەی یاساکان و نەگۆڕەکانی فیزیک وەک بارەستایی ئەلکترۆن یان دورییەکانی فەزا-کات بکات بوونی ھەیە. بەڵام (کەون ناسی) سەر- خوار ئەمرمان پێدەکات کە دەرکەوتە یاساکانی سروشت بۆ مێژوە جیاوازەکان جیاوازن. بێنە بەرچاوی خۆت دوری(بوعدی) گەردون ، بە پێی (M-تیوری) فەزا-کات دە دوری فەزاو یەک دوری کاتی ھەیە. ئیدەکە ئەوەیە کە حەوت دوری فەزایی بە شێوەێکی زۆر بچوک دەپێچرێنەوە کە ئێمە ناتوانین بیبینین ئەوەی بۆ ئێمە دەمێنێتەوە ئەو ھەڵە بینیەیە کە زۆر ترین دوری کە دەمێنێتەوە ٣ دانەیە و ئاشنایان لەگەڵی. یەکێک لە پرسیارە ناوەندییە کراوە کانی (M-تیوری) ئەمەیە : بۆچی لە گەردونەکەی ئێمەدا دوری زۆرتر لە سێ نییەو بۆچی ھەموویان ئەپێچرێنەوە؟

نوێترین

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure