لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/ عربي/ English

جیهانێکی نادیار لە ناو جەستەماندا

22/01/2018


شاژیر محەمەد


 ڕەنگە لە ماڵی زۆرینەمان وێنەی باپیر و  داپیرمان بە ڕێزەوە هەڵواسرابێت و بە شکۆمەندییەوە لە چوارچێوە گیرابێت،  بەو پێیەی ئێمە دەبێت ڕێزی ئەوان بگرین چونکە ئەوان هۆکاری دروست بونی ئێمەن یان لە هەندێک ماڵ درەختی بنەماڵە وەک بەڵگەنامەیەکی سەنگین و بە بەها هەڵواسرابێت و هەموان بە ڕێزەوە تەماشای بکەن،  چی ڕودەدات ئەگەر لە دیدێکی قوڵتری بایۆلۆجییەوە لە باپیرانمان بڕوانین! چی ڕودەدات ئەگەر بمانەوێت وێنەی ڕەچەڵەکێکی دورتری باوانمان هەڵبواسین؟! ڕەنگە پێویستمان بە وێنەیەکی ئەیپەکان بێت کە بە توک و قژی درێژەوە  لە سەر دارەکان ڕاکشاون! خۆ ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ باپیرە دورترەکانمان ئەوا شتەکە گاڵتەجاڕانەتر دەردەکەوێت،  چونکە ئەوکات دەبێت وێنەی چەند بەکتریایەک هەڵبواسین کە لە ناو ترشی سەلفەریکا دەژین! ئایا ئێمە ئامادەین ڕێز لە بەکتریاکان بگرین بەو پێیەی ئەوان باوانی دووری ئێمەن؟!

٣.٥ بلیۆن ساڵ لەمەوپێش بەکتریا و زیندەوەرە تاک خانەکان وەک یەکەمین و سەرەتایترین فۆڕمی ژیان دەرکەوتن،  دەتوانین بڵێین ئەوان بون بناغەی ژیانیان دانا لەسەر هەسارەی زەوی،  بەڵام کاتێک ئێمەی مرۆڤی ژیر (هۆمۆساپیان) ماوەیەکی زۆر درەنگتر و پێش نزیکەی ٣٠٠ هەزار ساڵ دەرکەوتین هیچ زانیاریەکمان لە بونی ئەم زیندەوەرە بە چاو نەبینراوانە نەبو تەنانەت تا سەدەی نۆزدەش ناوی میکرۆبەکان لە ناواندا نەبو هیچ کەسێک نەیدەزانی کە میکرۆب و زیندەوەرە وردبینییەکان بونیان هەیە،  تەنانەت پاش داهێنانی مایکرۆسکۆب و دۆزینەوەی هەندێک ڕاستی وەک ئەوەی هۆکاری هەندێك لە نەخۆشییەکان میکرۆبەکانن،  هێشتاش هەندێک لە پزیشکەکان نکۆڵییان لە بونی زیندەوەری لەو جۆرە دەکرد و هیچ جۆرە پاککەرەوەیەکیان لە کاتی چارەسەری نەخۆش بەکارنەدەهێنا! کاتێکیش کە بونی ئەم زیندەوەرانە سەلمێنرا مرۆڤ تا ڕادەیەک وەک زیندەوەری زیانبەخش و مەترسیدار و وەک هۆکاری مردن و نەخۆشی ناوی دەبردن.

تا ئێستاش لە زۆر جێگا ناوی بەکتریاکان وەک دوژمنی مرۆڤ دەهێنرێت،  دەستەواژەیەک هەیە کە تا ڕادەیەک ڕەگەزپەرستی و خۆپەرستی ڕەگەزی مرۆڤ نیشان دەدات ئەویش دەستەواژەی بەکتریای سودبەخش و بەکتریای زیانبەخشە،  لە ڕاستیدا ناوبردنی ئەو بەکتریایانەی کە بۆ مرۆڤ سودیان نییە یاخود مرۆڤ نەخۆش دەخەن بە (زیانبەخش)  هەڵوێستێکی خۆپەرستانەی ئێمەی مرۆڤە، لایەنی کەم دەبێت ئەوەمان لە پێش چاو بێت کە ئەوان ماوەیەکی زۆر پێش ئێمە لەسەر ئەم زەویە بونیان هەبوە و کاریگەریشیان لەسەر ژینگە لە شیکردنەوەی پاشماوەکان و ژیانیان لە ناو جەستەی زیندەوەران  بەهایەکی یەکجار گەورە بە ژیانیان دەبەخشێت،  ڕەنگە بتوانین بڵێین سەرجەم زیندەوەران لە ئێستاو ڕابردودا بونیان پەیوەستە بە بونی زیندەوەرە وردبینییەکانەوە،  لە هەمو بارەکاند ا بەکتریاکان فۆڕمێک لە فۆڕمەکانی ژیانن جا ئەگەر زەرەرمەند بن بۆ ئێمە یاخود نا!

جەستەی مرۆڤ یان کۆڵۆنی بەکتریا و ڤایرۆس؟!
 جیهانێکی نادیار لە ناو جەستەی ئێمەدا هەیە کە ئەویش جیهانی زیندەوەرە وردبینییەکانە،  لە ڕاستیدا ئێمە لە جەستەماندا ئەوەندەی خانەی بەکتریایی و ڤایرۆسیمان هەیە ئەوەندە خانەی مرۆییمان نییە! ئەگەر مەزەندەی ژمارەی خانەکانی جەستەی مرۆڤ ١٠٠بلیۆن خانە بێت ئەوا خانە مرۆییەکان تەنها ١٠ بلیۆن خانە دەگرنەوە،  ئەوی دیکە خانەی بەکتریایی و ڤایرۆسییە،  بۆیە ئەگەر بە گوێرەی ژمارەی خانەکانمان بێت،  ئێمە بەکتریا یاخود ڤایرۆسین زیاتر لەوەی مرۆڤ بین! یاخود ئێمە نیشتیمانی ژمارەیەک بەکتریا و ڤایرۆسین،  بە درێژایی ژیانمان پێویستە هاوکێشەیەکی تەندروستی میکرۆبە جیاوازەکان هەبێت لە لەشماندا،  بەڵێ ئێمە لە چەند زیندەوەرێکی ورد کە دەتوانن پێکەوە بژین پێکهاتوین،  هەروەک چۆن   لەسەر گۆی زەوی هەندێک بیاباننشینن و هەندێک چیانشینن ئەوا جەستەی ئێمەش بە گوێرەی بەکتریا و ڤایرۆسەکان بە نزیکەیی هەمان شتە.

جەستەی ئێمە کۆڵۆنی یاخود خانەخوێیەکە بۆ مایکرۆ ئۆرگانیزمەکان،  لە شوێنە جیاوازەکانی جەستەمان بەکتریای جیاواز دەژین،  هەر کۆمەڵگایەکی بەکتریاکان شوێنێکی جەستەی ئێمەیان داگیرکردوە و بە زەحمەت ڕێگە دەدەن بە مایکرۆئۆرگانیزمەکانی تر کە بێنە ناوەوە! هەروەک چۆن ئێمەی مرۆڤ بە زەحمەت ڕێگە بە کەسانی بیانی دەدەین بێنە وڵاتەکانمان،  جینی میکرۆبەکان و ڤایرۆسەکانمان دو بەشن لە بەشەکانی جینی ئێمە کە بە مایکرۆبایۆم و ڤایرۆم ناودەبرێن،   دی ئێن ئەی زیندەوەرە وردبینییەکانمان لەگەڵ دی ئێن ئەی ئێمە بە جۆرێک تێکەڵ بوە کە جینی ئەوان لە هەندێک ڕوەوە وەک جینی ئێمە ڕۆڵ دەگێڕن.


مایکرۆبایۆم (بەکتریاکانی ناو جەستەمان )
ئەو ڕێژە مایکرۆبە جیاوازانەی کە لە ناو ئاوی دەریاکاندا بەدی دەکرێت ڕێژەیەکی ئەوتۆ نیە بە بەراورد بە بەو مایکرۆبانەی کە لە ناو جەستەی مرۆڤ دان،  ئەو مایکرۆبانەی لە ناو دەمتدا دەژین جیاوازن لەوانەی لە ناو هەناوت دا دەژین،  لەشی مرۆڤ وەک شوێنێکی زۆر بەربڵاو وایە کە لە ناوچەی جوگرافی جیاواز جیاواز پێکهاتوە،  یەک سامتیممەتر دوجا لە پێستی مرۆڤ نزیکەی دە ملیۆن مایکرۆبی تێدایە،  تەنها لەسەر قۆڵەکانت نزیکەی ٤٤ جۆری جیاوازی مایکرۆبی دەژین،  لەگەڵ گەورەبونی تەمەنمان جۆری جیاوازی بەکتریا لە خۆراک و ژینگەوە بە دەست دەهێنین،  میکرۆبەکانمان ئەو خواردنانە تێکدەشکێنن کە هەرس کردنیان زۆر سەختە،  گازی بچوک لەخواردنەکان دەگرن و وای لێدەکەن ئاسانتر هەرس بکرێت هەندێک لەو خۆراکانەی ڕۆژانە دەیخۆین جەستەی خۆمان ئەنزیمی تایبەت بە هەرس کردنیانی نییە،  بەڵام دەتوانین هەرسیان بکەین چونکە دەشێت لە ناو بەکتریاکانی هەناومان دا ئەو جۆرە ئەنزیمە بونی هەبێت و ئەوان لە بری ئێمە هەرسی بکەن.

مایکرۆبەکانی ئەمڕۆمان جیاوازن لە مایکرۆبەکانی دوێنێمان،  لەگەڵ تێپەڕبونی تەمەن بەکتریاکان لەگەڵت دەگۆڕێن و بەکتریای نوێ دێتە ناو جەستەت،  بەکتریاکانی جەستەی مرۆڤێکی پێگەشتو هەمەچەشنتر و جێگیرترن لە بەکتریاکانی جەستەی منداڵێک،  ئێمە لە توانامان دایە تا ڕادەیەک کۆنتڕۆڵی جۆری ئەو بەکتریایانە بکەین کە جەستەی منداڵەکانمان دەکەنە خانەخوێ،  ئەویش بە کۆنتڕۆڵکردنی خۆراک و ژینگە و دەرمانی منداڵەکانمان،  لە ڕاستیدا بونی زانیاری دەربارەی جۆر و ڕێژەی بەکتریاکانی جەستەت زانیاری دەدات دەربارەی خودی خۆت و شێوازی ژیانت،  وەک جۆری خۆراکت و پاکوخاوێنی،  ئەوەی کە ئایا بە سروشتی لە دایک بویت یاخود بە نەشتەرگەری ...هتد،  هەر وەک پێشتر ئاماژەمان پێکرد ئەو بەکتریایانەی کە ئێستا لە ناو جەستەی تۆدان هەمان ئەوانە نین کە لە جەستەی باوباپیرانت بون هەروەک چۆن دانیشتوانی شارەکەت هەمان ئەوانە نین کە لە سەردەمی کۆن لەوێ دەژیان،  تۆ بە گۆڕینی جۆری خۆراک و دەرمان و ژینگە و سەفەرکردن و کۆی شێوازی ژیانت  گۆڕانکاری لە بڕو جۆری بەکتریاکانی جەستەت دەکەیت،  بەکتریاکان لەگەڵ تێپەڕینی کات لەگەڵ ئێمە بونەتە هاوڕێ و چیتر ئەستەمە بتوانین بێ یەک بژین بەکتریاکانی ناو جەستەمان دەکرێت ناوی بەکتریا ماڵیکراوەکانیان لێبنێین ئەم بەکتریا ماڵی بوانە دەکرێت سودمان پێ بگەیەنن هەوەک ئاژەڵە ماڵی بوەکانی ناو ماڵەکانمان هەروەک چۆن ئەوان لە هەندێک لە ئاژەڵە ناماڵی و دڕندەکان دەمانپارێزن ئەمانیش لە بەکتریا نامۆ و ناماڵیەکان دەمانپارێزن .  


ڤایرۆم (ڤایرۆسەکانی ناو جەستەمان)
بە لایەنی کەمەوە لە سەدا هەشتی هەمو جینۆمی مرۆڤ لە ڕەچەڵەکێکی ڤایرۆسەکانەوە هاتۆتە کایەوە،  لەناو لەشی ئێمەدا لە بەرامبەر هەر بەکتریایەک دا دە ڤایرۆس هەیە،  هەندێکجاریش وەک چۆن لە کاتی هاتنە ناوەوەی شەپۆلێک تیرۆرست زۆرینەیان دەسگیر دەکرێن و دەکوژرێن بەڵام دەشێت ژمارەیەکی کەمیان دزە بکەنە شارەوە و خانەخوێ بۆ خۆیان پەیدا بکەن و خۆیان بگونجێین و تەنانەت کاریش پەیدا بکەن،  هەندێکێش لە ڤایرۆس و بەکتریا زیانبەخشەکان لە ناو جەستەمان خۆیان مەڵاس دەدەن وجێگیر دەبن،  کاتێک ڤایرۆسێک دێتە ناو جەستەی مرۆڤەوە سێ ئەگەری لەبەردە م دایە یەکەم ئەگەر ئەوەیە ئەو ڤایرۆسە ئۆرگانیزمەکە داگیربکات و بیکوژێت،  دووەم ئەگەر ئەوەیە لەشی زیندەوەرەکە ڤایرۆسەکە لە ناو ببات،  سێیەمین ئەگەر تا ڕادەیەک نوێیە ئەویش ئەوەیە کە ڤایرۆسەکە لەگەڵ زیندەوەرەکە دانوستان بکەن و پێکەوە بگۆڕدرێن و لەگەڵ یەکتری  هەڵبکەن،  ڤایرۆسەکان هەڵگر و ئاڵوگۆڕکەر و بگۆڕی (دی ئێن ئەی ) نێوان خانەکانن،  ئەوان بەردەوام بە بێ وەستان خۆیان دەخەنە نێوەندەکانەوە و دوبارە ڕیزبەندی دی ئێن ئەی ئێمە بەندڕێژی دەکەنەوە.

ڤایرۆسەکان بون بە ڕاڕەوێکی خێرا بۆ ئیڤۆلوشن،  هەندێکجار دی ئێن ئەی ڤایرۆسەکان تێکەڵ بە دی ئێن ئەی مرۆڤ دەبن و بە ناچالاکی دەمێننەوە،  ئەوەی ناسراوە بە ڤایرۆم پێکهاتوە لە تریلیۆنەها ڤایرۆس کە لە ناو و لەسەر خانەکانی لەشمان دەژین،   ئەم ڤایرۆسانە بەردەوام گۆڕانکاری لە خۆیان دەکەن و میوتەیشن دەکەن،  بەجۆرێک هەندێکجار کاتێ دەچنە لەشی مرۆڤێکەوە جۆرێکن و کاتێ دێنە دەرەوە جۆرێکی ترن،  مامەڵە کردنیان لەگەل ڤایرۆسەکانی تری ناو جەستەمان سیفەتەکانیان دەگۆڕێت،  ئێستا ئێمە دەستمان کردوە بە ماڵیکردن و بەکارهێنانی ڤایرۆسەکان بە زوویی فێری ئەوە دەبین کە چۆنچۆنی دەستکارییان بکەین و بیانگۆڕین بۆ مەبەستی خۆمان،  سودوەرگرتن لەڤایرۆسەکان بۆ چارەسەری نەخۆشی بەو مانایە دێت کە تۆ کەسەکە توشی ڤایرۆسێکی بێ زیان دەکەیت،  ڤایرۆسەکە دەچێتە ناو لەشی ئەو کەسە و دوبارە کۆدڕێژی خانەکانی ئەو کەسە دەکاتەوە و جینە ناڕێکەکە چاک دەکاتەوە،  لەمڕۆدا بۆ چارەسەرکردنی زیاتر لە سەدا هەشتای تاقیکردنەوەکانی چارەسەرکردنی بۆ‌هێڵی ڤایرۆسی خۆشەکراو بەکاردەهێنرێت.


کاریگەری بەکتریاو ڤایرۆسەکانی ناو جەستەمان لەسەر شێوازی ژیانمان
زیندەوەرە وردبینییەکان بەوە ناسراون کە بە قەبارە یەکجار بچوکن بەڵام کاریگەرییان لەسەر ژینگە و زیندەوەران یەکجار گەورەیە،  ڕوبەڕوبونەوە و بەرگرتن لە شێر و پڵنگەکان زۆر ئاسانتترە لە بەر گرتن لە ڤایرۆسە یەکجار بجوکەکان! توش بون بە نەخۆشی زۆر زیاتر لە جەنگ و چەکە قورسەکان مرۆڤی کوشتوە،  لە جەنگی ناسراو بە (شەڕی کرایمێیەن) کە لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەدا ڕویدا نزیکەی ٢٧٥٥ سەربازی بەریتانی لە مەیدانی جەنگدا کوژران،  بەڵام نەخۆشی میکرۆب و ڤایرۆسەکان ١٦٣٢٣ سەربازی لەناو برد،  یەکێک لە ڕوداوە گرنگەکانی مێژووی مرۆڤایەتی کە زیاد بونی ژمارەی دانیشتوانە تا ڕادەیەکی زۆر بە هۆی کەمکردنەوە و ڕوبەڕوبونەوەی ڤایرۆس و میکرۆبەکانەوە بەدیهاتوە،  بەو پێیەی هۆکاری سەرەکی مردنی کۆرپەلە لە کۆن دا ئەم زیندەوەرە وردبینییانە بون،  ئەو میکرۆبانەی لە ناو تۆدا دەژین کاردەکەنە سەر (قەڵەوی و لاوازیت وە نەخۆشییەکانی دڵ و ئۆتیزم و یادەوەری و هەروەها گۆڕینی خواردنەکان بۆ ماددەی بەسود،  ئەوان یارمەتی چاکبونەوەی برینەکانمان دەدەن،  ڤیتامینەکان بەرهەم دەهێنن ).

گۆڕانکاری مایکرۆبەکانی لەشت واتە گۆڕانی کتوپڕ لە ناو لەشی تۆ،  کاتێک مایکرۆبی هەناوی مشکێکی لاواز لە ناو هەناوی مشکێکی قەڵەوی هاوشێوە لە ڕوی جێنەتیکییەوە چێنرا،  تەنها بەو ئاڵوگۆڕە مایکرۆبییە مشکە قەڵەوەکە دەستی کرد بە لەدەست دانی کێشی بێگومان بێ ئەوەی مشکە کە هیچ وەرزشێک بکات یاخود هیچ پارێزێک لە خۆراک دا بکات! ئەم چارەسەرە تا ڕادەیەک بۆ مرۆڤیش بەکاردێت،  هەروەک ئەوەی هەندێک لە ئافرەتان حەبی (پرۆبایۆتیک) دەخۆن کە بۆ هاندانی گەشەی بەکتریا بەکاردێت،  ئەم حەبە وای کردوە لە ماوەی دو هەفتەدا زیاتر لە چوار کیلۆ و نیو کێشیان دابەزێت،  زیاتر لە سەدا ٣٦ی ماددە کیمیاییە سروشتییەکانی ناو لەشمان لە لایەن مایکرۆبەکانەوە دروست دەبێت بە نمونە دەمارە گوێزەرەوەکانی وەک سیرۆتۆننین،  هەندێک لە توێژەران کێشەی خەمۆکی و ئۆتیزم و توانای مێشک و دەبەستنەوە بە میکرۆبەکانی ناو هەناوەوە،،  هەروەها هەندێکیان پێیان وایە بەکتریاکانی ناو هەناومان وامان لێدەکەن ئارەزووی خۆراکێکی دیاریکراو بکەین بە پێیەی لەو خۆراکەدا ئەو جۆرە پرۆتین یاخود تفتە نایترۆجیینییە هەیە کە بەکتریاکە لەسەری دەژی بۆیە بەکتریاکە مێشک ئاگادار دەکاتەوە کە ئەو خۆراکە بخوات،  واتە کاتێک لەسەر مێزی چێشتخانەیەک دانیشتویت و کارمەندی چێشتخانەکە لێت دەپرسێت چی دەخۆیت،  تۆش وەڵام دەدەیتەوە و دەڵێیت پارچەیەک کێک! ڕەنگە پێت وایە شتێکت داواکردوە کە هەڵبژاردەی خۆتە،  بەڵام ڕەنگە تۆ هەڵە بیت! لە ڕاستیدا تۆ داوای ئەوە دەکەیت کە مایکرۆبەکانی هەناوت داوای دەکەن! سەرەتا ئەوان خواردنەکە لە تۆ داوا دەکەن و تۆش لە کارمەندەکەی داوا دەکەیت!.


ڕۆڵی زیندەوەرە وردبینییەکانی لە ڕودانی ئیڤۆلوشنی مێشک و جەستەی مرۆڤ
دەکرێت بەشێک لەو شکۆمەندییەی ئەمڕۆ مرۆڤ شانازی پێوە دەکات بە بەرهەمی بەکتریاکانی ناو جەستەمان بزانین! بەو پێیەی بەکتریاکانی جەستەمان ڕۆڵی گرنگیان هەبوە لە ڕودانی ئیڤۆلوشنی جەستە و مێشکی مرۆڤ،  وە بەبەردەوامی گۆڕانکاری نوێ لە شێوازی ژیانی مرۆڤ دەهێننە ئاراوە،  بە نمونە بەکتریای نەخۆشی سیل (تی بی) بە ساڵەهای ساڵ لە ناو لەشمان دا دەژی و بە تەواوی لەناوناچێت،  بەهۆی کۆئەندامی بەرگری لەشمانەوە ساڵانە بە ملیۆنەها کەسی تر توش دەکات،  کۆئەندامی بەرگری مرۆڤ وەک هاوڕێیەک دەڕوانێتە مایکرۆبی تی بی و لە زۆربەی جارەکان دا لە ناوی نابات،  وە مایکرۆبی (تی بی) بە بێ چالاکی دەمێنێتەوە و بە بێ دەنگی لە ناو سییەکانمان یاخود لە شوێنی دیکە دەنیشێت،  تەنها لە سەدا دەی کاتەکان دەبێتە مایکرۆبێکی کوشندە،  لە ڕاستیدا دەتوانین بڵێین مایکرۆبی تی بی یەکێک بوە لە هۆکارەکانی گەورەبونی مێشکی مرۆڤ،  مێشکی گەورە پێویستی بە وزەی زۆرە،  بۆ بەرهەمهێنانی ئەو وزەیەش ڕێژەیەکی زۆری ڤیتامین بی سری پێویستە.

ئەم ڤیتامینە لە خواردنی گۆشتەوە دێت،  لە کاتێکدا ئاستی ڤیتامین بی سری لە خوار ئاستی پێویستەوە بێت لە ناو خواردنەکان دا لەو کاتەدا مایکرۆبی تی بی دەست دەکات بە دروستکردنی ئەو ڤیتامینە،  بەڵام لە هەمان کات دا ڕێژەی ئەو مایکرۆبانە زۆر زیاد دەبێت لە لەشدا،  ئەو زیادبونە دەبێتە هۆکار بۆ نەخۆشخستنی کەسەکان،  لە کاتێکدا ئاستی ڤیتماین بی سری زیادی کرد،  مایکرۆبەکانی تی بی خامۆش دەبنەوە،  لە ڕاستیشدا سەردەمانێک ڤیتامین بی سری بەکاردەهات بۆ چارەسەری نەخۆشی تی بی، ئەمە دەکرێت وەک بەشداری مایکرۆبەکان لە ئڤۆلوشنی مێشک ناویبهێنین،  بەڵام وەک بەشدارییان لە ئیڤۆلوشنی جەستە مایکرۆبەکان ڕۆڵێکی سەرەکییان هەیە لە ئیڤلوشنی مرۆڤ و گۆڕینی شێوازی ژیانی ئەو میکرۆبانەی ئێمە ڕوبەڕویان دەبینەوە لە بنەماوە شکڵ و شێوەیان داوە بە شارستانییەتی مرۆڤ،  لە کاتێکدا ئەژدادەکانی ئێمە بۆ چەندەها نەوە لە یەک شوێن دا دەژیان و هەمان خواردنیان دەخوارد،  ئێمە ئێستا لە جوڵەداین لە سەرتاسەری جیهان دا مایکرۆبەکان ئاڵوگۆڕ دەکەین و هاوردە و هەناردەیان دەکەین.

ئێمە بە گەشت و جوڵەکانمان ئیکۆسیستمی مایکرۆبەکانمان تێکەڵاو دەکەین بە چاکە و خراپە گۆڕانیان تێدا دەکەین،  کاتێک زاناکان جینۆمی مایکرۆبەکانی لاشەیەکی مۆمیاکراویان خوێندەوە کە تەمەنەکەی دەگەڕایەوە بۆ ٥٢٠٠ ساڵ لەمەوپێش لە ئەنجام دا بۆیان دەرکەوت کە کۆمەڵە مایکرۆبەکانی ئەمڕۆ و ئەوکاتە بەتەواوی جیاوازبون،  ئێمە بێ مەبەست بە گۆڕینی شێوازی ژیانمان جۆرێکی بەکتریا زاڵ دەکەین بەسەر جۆرێکی تر،  ئێمە بێ ئەوەی بزانین گۆڕانکاری گەورە لە شێوازی ژیانی ئەوان دەکەین،  ئەوانیش بە هەمان شێوە ژیانی ئێمە دەگۆڕن،  دی ئێن ئەی میکرۆبەکانمان وەک جینۆمی سێیەمی ئێمە کاردەکەو دی ئێن ئەی ڤایرۆەکانیشمان جینۆمی چوارەممانن،  لە هەندێ کات دا کۆدی جێنەتیکی ڤایرۆسەکان تێکەڵ بە دی ئێن ئەی ناو سپێرم یاخود هێلکەی مرۆڤ دەبێت و لە ئەنجام دا دەگوازرێتەوە بۆ نەوەی داهاتو،  ئەندازیارکردنی جێنەتیکی مرۆڤ شتێکی تازە نیە،  بەڵکو شتێکە بۆ ماوەیەکی یەکجار زۆر بە شێوازێکی سروشتی ڕودەدات،  ڤایرۆسە کۆنەکان زۆر بە باشی توانیویانە خۆیان بخزیننە ناو جینی مرۆڤەکانەوە و گۆرانکاری لە ناو جینەکاندا بهێننە ئاراوە! هەواڵێکی دیکەی ناخۆش بۆ ئەوانەی شکۆمەندی مرۆڤ زۆر لایان گرنگە ئەوەیە مرۆڤ تەنها لە مێژوودا  ڕەچەڵەکێکی هاوبەشی نەبوە لەگەڵ مەیمون و گیانەوەرانی دیکە،  بەڵکو هەر ئێستاش جەستەی مرۆڤ نیشتیمانێکە بۆ بەکتریاکان،  وە بەکتریاکا ن لە زۆر ڕوەوە جڵەوی ڕەفتارەکانی مرۆڤی شکۆمەند دەکەن تا ڕادەیەکیش ئەوان دەتوانن داهاتوی ئێمە دیاری بکەن!

 

سەرچاوە :
ئێستای ئیڤۆلوشن،  گۆڕینی هەموو ژیانی سەر زەوی،  گۆران ئیبراهیم

نوێترین

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure