لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

دیاردەی سەربڕین لەمێژوی ئیسلامیدا

14/08/2018


بێویژدانییە ئەگەر مێژوی پەیدابونی دیاردەی سەربڕینی مرۆڤ پەیوەست بكەین بەمێژوی سەرهەڵدانی ئایینی ئیسلامەوە لە نیمچە دورگەی عەرەبی، چونكە ئەم دیاردەیە زۆر لە مێژوی سەرهەڵدانی ئیسلام كۆنترە و تائەندازەیەك مێژوی سەرهەڵدانی هاوتەریبە لە گەڵ مێژوی پەیدابونی مرۆڤ لەسەر ئەم زەمینە، لەبەر ئەوە ناكرێت وەك شوناس و خەسڵەتی تەنها نەتەوەو ئایینیك، یان چركە ساتێكی مێژویی دیاریكراو تەماشا بكرێت، بەڵكو ئەمە دیاردەیەكی كۆمەڵایەتی و مێژویی و قێزەونی دورو درێژە.

سەرەڕای ئەم ڕاستییەش ناكرێت نكۆڵی لەوە بكرێت كۆمەڵی عەرەبی لە سەردەمی پێش هاتنی ئیسلامدا، یەكێك بوە لەكۆمەڵە خێڵەكی و دواكەوتوەكانی نێو مێژوی مرۆڤایەتی، كە لەهەرە خەسڵەتە قێزەونەكانیشیان بابەتی سەربڕینی نەیار و دوژمنەكانیان بوە، لەكاتی شەڕ و پەلامار و ڕاوڕوتدا، لوتبەرزی و شانازیكردن بە ڕەچەڵەك و بونی گیانی تۆڵەسەندنەوە لای كۆمەڵی عەرەبی لە ئاستێكدا بوە، هەمیشە هانیداون بۆ پەلاماردان و سڕینەوەو كوشتنی بەرامبەر بە شێوازو ئامرازی جیاجیاو لە پێش هەموشیانەوە پەنابردن بۆ سەربڕین، كاتێك خێڵیك پەلاماری خێڵیكی تری بدایەو بە هەر هۆكارێك ئەندامیكی ئەوی تری بكوشتایە، وەك نەریتێك كەللە سەرەكەیان لەلاشەی جیادەكردەوەو بە نوكی ڕمەكانەوە هەڵدەواسران، وەك ئاماژەیەك بۆ سەركەوتن و تۆڵەسەندنەوە، ئەمەش بوە نەریتێكی باوی كارپێكراو لای سەرجەم خێڵەكانی نێو كۆمەڵی عەرەبی.

كاتێكیش ئیسلام وەك ئایین و ڕوداویكی نوێ‌ لە هەناوی ئەم كۆمەڵەدا سەرهەڵدەدات، نەك هەر ناتوانێت ئەم دیاردەیە بنەبڕ و قەدەغە بكات، بەڵكو لەسەردەستی خەلیفەو والی و كاربەدەستانی دەسەڵاتی ئیسلامی ئەم دیاردە نامرۆڤانەو قێزەونە ئەچێتە ئاستێكی مەترسیدارترەوە، بگرە بە هەزاران مرۆڤی بێباوەڕو باوەڕداری موسڵمان دەكرێنە ئامانج و لەڕێگای سەربڕینەوە دەكرێنە قوربانی، تەنانەت لە نێو كۆمەڵ و دەسەڵاتی ئیسلامیدا لە قۆناغە جیاجیاكاندا، بابەتی سەربڕین وەك دڕەندەترین شێوازی كوشتن و ئەتككردنی مرۆڤەكان دەبێتە نەریتێكی باوی كارپێكراو، هەروەها وەك چەكێك بۆ تۆڵەسەندنەوەو پاكتاوكردنی نەیارو پاراستنی دەسەڵات و بەرژەوەندی كەسی و ماڵباتی و خێڵەكی، لەم ڕێگایەوە بەهەزاران موسڵمان بەزیندویی و بە كوژراوی سەردەبڕدران و بە شانازییەوە كەللە سەرەكانیان هەڵدەواسران، بێ‌ گوێدانە هیچ بەهایەكی مرۆیی و ئایینی و ویژدانی.

بڕوا ناكەم كەسی بەویژدان و بەئاگا بتوانێت نكۆڵی لەبونی ئەم دیاردە ناجۆرو قێزەونەی مێژوی فەرمانڕەوایەتی ئیسلامی لەسەرجەم قۆناغەكاندا بكات، باشە ئەگەر بەهانەی دەسەڵاتدارانی ئیسلامی بۆ سەربڕینی بێباوەڕان و مل پەڕاندنی یەخسیرەكانی جەنگ ئەوە بوبێت، كە ئەوان پەلاماردەرو دوژمنی ئیسلام و موسڵمانانن، ئەی پاساویان بۆ سەربڕینی هەزاران موسڵمان چییە؟ 

ئەگەر سۆراغی ناو لاپەڕەكانی مێژوی ئیسلامی بكەیت، زۆرێك لەشارەزایان و مێژونوسان و شەرعناسان بەشێوازی جیاجیا ڕەوایەتیان بەسەربڕینی بێباوەڕان داوە، تەنانەت بەناڕاستەخۆش ڕەوایەتییان داوە بەسەربڕینی چەندین هاوەڵ و كەسایەتی گرنگی ئیسلامی، ئەمەش تەنها لەبەر جیاوازی هزری و مەزهەبی، بۆیە دەبێت لە ئاست سەربڕینی كەسانی وەك زوبێری كوڕی عەوام و عەماری كوڕی یاسر و ئیمامی حوسێن و چەندانی تر لەسەر دەستی والی و فەرماندە چنگ بەخوێنەكانی ئەمەوی و عەباسی و ئەوانی تر، ئەم جۆرە لەواعیزەكانی سوڵتان چی بڵێن؟

بەڵی باشتر وایە هەمومان دان بەو ڕاستییەدا بنێن، بەهاتنی ئیسلامیش نەتوانراوە بەشێك لەو كلتورو نەریتە خراپانی كۆمەڵی عەرەبی بنبڕ بكرێن، كە سەرباری ئەوەی دەقاودەق پێچەوانەی قورئان و سوننەتەكانی پەیامبەری ئیسلامیش بون، كەچی بە زۆری لەلایەن خەلیفەو سەردارانی ئیسلامییەوە پەیڕەو دەكرا، بێ‌ گوێدان بە بەهاو بنەما ئایینییەكان.

 

ئەم بابەتە درێژەی دەبێت......

سەرچاوە/ كتێبی دیاردەی سەربڕین لەمێژوی ئیسلامیدا/ نوسینی حەسەن بارام

نوێترین

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure