لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/ عربي/ English

عەلی باپیر: بەقسەكردنی (من) بە قسەكردنی پێغەمبەره!

05/12/2018


عەلی باپیر ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی، لە گرتەیەكی ڤیدیۆییدا كە وتار بۆ كۆمەڵێك لە ئەندامانی حزبەكەی دەدات چەند بیروبۆچونێكی جیاواز لە بۆچون و بەرنامەی كاری ئێستای دەخاتەڕوو، هەر لەو وتارەیدا بۆ مانەوەی لە ترۆپكی دەسەڵاتی حزبەكەیدا نمونەیەك دەهێنێتەوە و خۆی بە پێغەمبەری ئیسلام دەشوبهێنێت.

عەلی باپیر لەو وتارەیدا كە مێژوەكەی بۆ چەند ساڵێك لەمەوبەر دەگەڕێتەوە، پێی وایە پێویستە جیهاد لە دژی ئەو كەسانە بكرێت كە لەسەر ئاینی ئیسلام نین و لایانداوە، بەڵام ئەو سەركردە توندڕەوەی ئەوكات، ئێستا وەك سەركردەیەكی میانڕەو و كراوەی ئیسلامی خۆی دەردەخات و تەنانەت هەندێك وتاری دەبێتە جێی ڕەخنەی لایەنە ئیسلامیەكان، وەك ئەوەی لەماوەی ڕابردوودا وتی "مەرج نیە ئافرەت سەرپۆش بدات بەسەریدا بۆ ئەوەی بچێتە بەهەشت"!

عەلی باپیر هەر لەو وتارەیدا دەڵێت كە بەقسەكردنی پێغەمبەر ئەوا بەقسەكردنی خوایە، بە قسەكردنی ئەمیرێكی ئیسلامیش ئەوە بەقسەكردنی پێغەمبەرە و سەرپێچیكردنیشی ئەوا سەرپێچی پێغەمبەرە! ئەم وتانەی ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی لەو سەردەمەدا ئامانجەكەی ڕون و ئاشكرایە كە مەبەستی بەكارهێنانی ئاینی ئیسلام و ناوی پێغەمبەری ئیسلامە بۆ دەستكەوتە مادیی و مەعنەوییەكانی خۆی، هەروەها شەرعیەتدانە بە دەسەڵاتەكەی وەك ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی و مانەوەیەتی لەو جێگەیەدا و لێدانیەتی لە نەیارەكانی لەناو حزبەكەی خۆیدا.

چاودێرانی بواری ئیسلامی سیاسی پێیان وایە كە لەوسەردەمەدا عەلی باپیر زۆر توندڕەوبوە و داعش ئاسا بیری كردۆتەوە، بۆیە لەو وتارەیدا دەڵێت: تەنها سزا شەرعیەكان بەس نین بۆ ئەوەی حوكمی پێ بكرێت!، هەروەها دەڵێت: ئەوانەی لەگەڵ بنەما شەرعیەكانی ئاینی ئیسلام و كۆمەڵی ئیسلامی و ئەحكامەكانی ئیسلام یەكناگرنەوە كە زیاتر مەبەستی "عەلمانیەكانە"، پێویستە جەنگ و جیهادیان بەرامبەر بەرپابكرێت!

ڤیدیۆ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure