لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

دیاردەی سەربڕین لەمێژوی ئیسلامیدا
سەربڕین لەسەردەمی خەلافەتی ئەمەوی دا – بەشی دوەم

22/01/2019


كەللەسەری خەوارجەكان

خەوارجەكان لەشەڕی سەفین بەدواوە بون بەخاوەنی هێز و توانای سەربازی و لایەنگری زۆریان بۆ دروست بو وەك گروپێكی ئیسلام، كە پێیان  وابو ئایینی ڕاست و ڕەوان لای ئەوانە و موسوڵمانانی تر لادەر و سەرلێشیواون، كەواتا بەبەراورد بەگروپە ئیسلامییەكانی تر خۆیان بە موسوڵمانی نمونەیی دەزانی، هەر بۆیە بەهیچ شێوازێك ملیان بۆ دەوڵەتی ئەمەوی نەئەدا و هەمیشە لەشەڕ و بەربەرەكانێدابون، زۆر شەڕی خوێناوی لەنێوان هەردولادا كرا، گومان دەكرێت تەنها لە شەڕی هەردولادا بەسەدان هەزار موسوڵمان كوژرابێتن.

وەك بەشێك لەسەرچاوەكان باسی لێوە دەكەن لەشەڕیكی خوێناوی دا لەساڵی (77ك) بەفەرمانی حەجاج بەسەدانیان لێ‌ كوژراوە، دەگێڕنەوە لەهەمان ساڵدا بەفەرمانی حەجاجی كوڕی یوسفی ئەلسەقەفی و بەفەرماندەیی (سفیان بن الابرد) لەشكرێك دەچێتە سەر خەوارجەكان، بۆ ماوەی چەند ڕۆژیك لەكۆشكێكدا بەناوی(بقومس) گەمارۆی خەوارجەكان دەدەن، پاشان بانگەوازێكیان ئاراستە دەكەن و پێیان دەڵێن هەر شەڕكەرێكتان هاوڕێیەكی بكوژێت و هەڵبێت بۆ لای ئێمە ئەوا لێی خۆش دەبین، بەڵام هیچكام لەخەوارجەكان ملكەچی ئەم بانگەوازە نابن و خیانەت لەیەكتری ناكەن.

دوای ماوەیەك گەمارۆدان و برسێتی تەنگیان پێ‌ هەڵدەچنێت و ناچار بۆ شەڕ و بەرگری لەكۆشكەكە بێنە دەرەوە و تا كوشتنی دوا كەسیان بەرگری دەكەن، دواتر سوپای ئەمەوی سەرجەمیان سەردەبڕن و بەدیاری كەللە سەرەكانیان دەنێرنەوە بۆ عێراق بۆ بەردەستی حەجاج وەك هێمایەك بۆ سەركەوتن.

جێ‌ داخە زۆرێك لەوالی و فەرماندەكانی ئەمەوی وەك قەساب مامەڵەیان كردوە و لە هەمو  ویژدان و بەهایەك داماڵدرابون، ئەگینا ئەمە چ  ویژدانێكە دوای كوشتنی ئەو هەمو كەسە بەمردوێتی كەللە سەرەكانیان لەجەستەیان جیا بكرێتەوە و بەسوكایەتییەوە شار بەشاریان پێ‌ بكرێت، ڕاستە بە درێژایی مێژوی مرۆڤایەتی دیاردەی سەربڕین هەر هەبوە، بەڵام بڕوا ناكەم لەهیچ سەردەم و بارودۆخێكدا ئەم دیاردە قێزەونە وەك سەردەمی فەرمانڕەوایەتی ئیسلامی زۆر بوبێت، ئەمەش بابەتێكە دەكرێت لیكۆڵینەوەی جدی و هەمەچەشن لەبارەیەوە بكرێت.

سەربڕینی مەسعەبی كوڕی زوبێر

پاش ئەوەی عەبدولمەلیك دەسەڵاتی شامی بۆ تەخت بو، هەروەها توانی كۆمەڵێك گۆڕانكاری ڕیشەیی لەكایە جیاجیاكانی دەوڵەتدا ئەنجام بدات، ئیتر بیری بۆ ئەوەچو هەوڵەكانی بخاتە گەڕ تاكو هەرێمەكانی تر بخاتەوە ژێر ڕكێفی خۆیەوە، لەو چركەساتەشدا لەلایەن ژمارەیەك لە عێراقییەكانەوە ژێر بەژێر نامەی پێ‌ دەگەیشت كە تێدا داوای ئەوەیان لێی دەكرد بێتە عێراق و لە دەسەڵاتی كوڕی زوبێر ڕزگاریان بكات، لە بەرامبەردا ئەوانیش بەیعەتی پێ دەدەن و بە خەلیفەی خۆیانی پەسەند دەكەن، بێگومان ئەم هەڵوێستەی بەشێك لەعێراقییەكان پاڵنەریكی تر بو  وای لە خەلیفە كرد خۆی ساز و ئامادە بكات بۆ عێراق.

بۆیە بە فەرماندەیی خۆی سوپایەكی گەورەی بەرەو عێراق بە ڕێ دەخات، دوای چەندین گەڕ لە شەڕی خوێناوی، چەندین فەرماندەی دیاری سوپاكەی مەسعەب كوژران، بەتایبەتی (عمر الباهلی) و چەندانی تر، دواتر توانرا ئیبراهیمی كوڕی ئەلئەشتەری سەركردەی دیاری سوپاكەی كوفەش بكوژن و كەللە سەرەكەیان ناردەوە بەر دەستی عەبدولمەلیك.

عێراقییەكان وەك پێویست پشتگیری مەسعەبیان نەدەكرد و بەشێكیان لە شەڕكردن پاشگەز دەبونەوە، لەگەڵ ئەوەشدا شەڕێكی خوێناوی درێژەی هەبو، تاكو خودی مەسعەبی كوڕی زوبێر كوژراو كەللە سەرەكەی لەلایەن خودی خەلیفەوە بە شارەكانی كوفە و شام دا دەسوڕێنرایەوە و هەڵدەوەسرا، تاكو(عاتكە بنت یزید)ی خێزانی خەلیفە ناڕەزایی دەربڕی و داوای كرد كەللە سەرەكە دابگرن و بیشۆنەوە و لەخاكدا بنێژرێت، لێرەوە بۆ جارێكیتر عێراق كەوتەوە ژێر قەڵەمڕەوی ئەمەوییەكانەوە .

لەشكركێشی عەبدولمەلیك بۆ سەر عێراق كۆمەڵێك دەرهاویشتەی لێ كەوتەوە، وەك:

یەكەم: هاوشانی شام دەسەڵاتی عێراقیش بۆ ئەمەوییەكان تەخت بو، بەمەش هەرێمیكی گرنگ كەوتەوە دەستیان و توانیان دوژمنێكی سەرسەختیان لەعێراق دەرپەڕێنن.

دوەم: بۆ یەكەمجار لە سەر دەستی عەبدولمەلیك خوێنێكی زۆر ڕژێندرا و هەزاران موسوڵمان لەم شەڕە ناوخۆییەدا بونە قوربانی، تەنانەت چەندین فەرماندەی دیار كوژران، عەبدولمەلیك هاوشێوەی خەلیفەكانی پێشوی لە سەر هەمان ڕێچكە كەللە سەری كوژراوەكانی بە شاراندا دەگێڕا، تەنانەت كەللە سەرەكەی مەسعەبی بۆ ماوەیەكیش بە هەڵواسراویی هێشتەوە، كە ئەمە نەریتی زۆرێك لە دەسەڵاتدارانی ئیسلامی بوە، بەمەرجێك قوربانییەكەش هەر موسوڵمان بوە.

سەربڕینی عەمارەی كوڕی عەمرو

پەلاماردانی شاری مەككە لەلایەن حەجاجی كوڕی یوسفی سەقەفییەوە، تەنها بریتی نەبو لەپرۆسەیەك بۆ لەڕەگ و ڕیشە هەڵكەندنی بون و پێگەی عەبدوڵلای كوڕی زوبێر، بەڵكو هەوڵێكیش بو بۆ لەناوبردنی كوڕی زوبێر و تەواوی كاراكتەرە سەرەكییەكانیان، بۆ ئەوەی جاریكیتر جوڵانەوەی لەو شێوەیە سەرهەڵنەدات و ببێتە هەڕەشە و مەترسی بۆ سەر دەوڵەتی ئەمەوی، بەمەش نەك هەر ئەو جوڵانەوەیە كۆتایی پێهات، بەڵكو سەرەڕای سوكایەتی زۆر بەپیرۆزی شارەكە وەك ناوەندێكی گرنگی ئیسلامی، بگرە شار وەك قەسابخانە خەڵتانی خوێن كرا و خەڵكێكی زۆر بە كوشت چون.

عەمارەی كوڕی عەمرو كوڕی حەزم وەك یەكێك لەفەرماندە و كەسە دیارەكانی كوڕی زوبێر دوای ئەوەی دەكوژرێت، سەری لەلاشەی جیا دەكەنەوە و بۆ ماوەیەك لەشاردا هەڵیدەواسن، دواتر كەللە سەرەكەی لەگەڵ كەللە سەرەكەی عەبدوڵلای كوڕی سەفوان دا دەگوازنەوە بۆ شام بۆ بەردەستی عەبدولمەلیكی كوڕی مەروان، ئەمەش وەك ئاماژەیەك بۆ سەركەوتن و تۆڵەسەندنەوە، كە نەریتێكی باوی ناو كۆمەڵی ئیسلامی بوە.

سەربڕینی عەبدوڵلای كوڕی سەفوان

لەڕوداوی پەلاماردانی حەجاج دا بۆ سەر شاری مەككە، تەنها عەبدوڵلای كوڕی زوبێر بە كوشت نەچو، بەڵكو ژمارەیەكی تر لەكەسە دیارەكانی ناوبراویش لەو هێرشەدا بۆ سەر مەككە كوژران و پاشان كەللە سەرەكانیان لەلاشەیان جیاكرانەوە.

یەكێك لەهاوكارە دیارەكانی كوڕی زوبێر (عبداللە بن صفوان) بو، تا دواجاریش لە سەنگەری شەڕدا هاوشانی كوڕی زوبێر مایەوە و بەرگری لێكرد، كاتێكیش تێكشكان و شارەكە خەڵتانی خوێن كرا، ژمارەیەك فەرماندە و كەسایەتی دیار نەك هەر كوژران، بگرە وەك بەرخ سەربڕدران و كەللە سەرەكانیان بەشارانەوە سوڕێندرانەوە، بێگومان یەكێك لەوانەش بەم دەردە برا عەبدوڵلای كوڕی سەفوان بو، سەرەتا لەناو شاری مەككەدا لاشەكەیان هەڵواسی و پاشان كەللە سەرەكەیان ناردەوە بۆ شام بۆ لای عەبدولمەلیكی كوڕی مەروان.

سەربڕینی عەبدوڵلای كوڕی زوبێر

لەدرێژەی نوسینەوەی لاپەڕە خوێناوییەكانی مێژوی دەسەڵاتدارێتی موسوڵماناندا، جاریكیتر دێنەوە سەر لاپەڕەیەكی تر، كە ئەویش پەلاماردانی شاری مەككە و كوشتنی سەدان موسوڵمانە، ئەوەندە سەركردە  والی و دەسەڵاتداران سەرقاڵی بەڕێخستنی شەڕی ناوخۆ و پاراستنی كورسی دەسەڵاتەكانیان بون، نیوهێندە خەمی باشتركردنی ژیان و گوزەرانی موسوڵمانان نەبون، هەر ئەم تەرزەش لەسیاسەت و حكومڕانی  وای لەبەندە كرد بچمە ژێر باری نوسینی ئەم كتێبە، چونكە ناكرێت لەلایەك بانگەشەی فەرمانڕەوایەتی ئیسلامی بكەیت و لەلایەكی ترەوە ئەوەی خودا و پێغەمبەر و ئیسلام پێ ناخۆش بوبێت لە نادادپەروەری و لە دزینی داهاتی بەیتولمال و كوشتنی موسوڵمانان و هەڵگیرساندنی چەندین گەڕ شەڕی ناوخۆ و خوڵقاندنی سەدان كاولكاری و كارەسات و كۆمەڵكوژی ئەنجام بدرێت، دواتریش بوترێت ئەم مێژوە جێگای سەروەری و شانازییە!

دوای ئەوەی بە تەواوەتی عێراق كەوتەوە ژێر هەژمونی ئەمەوییەكانەوە، ڕۆژیكیان حەجاجی كوڕی یوسفی سەقەفی دێتە لای عەبدولمەلیك و پێ دەڵێت: ئەی گەورەی باوەڕداران لە خەومدا بینیم عەبدوڵلای كوڕی زوبێر كەوڵ دەكەم، لە بەرامبەردا خەلیفە پێی دەڵێت: كەواتە تۆ بۆ ئەو ئەركە ڕادەسپێرم و بچۆ جێبەجێی بكە.

سەرەتا هەزار و پێنج سەد كەس لە گەڵ خۆی دەبات و پاشان خودی خەلیفەش سوپایەكی زۆری بۆ ئامادە دەكات، ئەمەش ڕێك لە مانگی زی عەقدەی ساڵی (72ك)دا بوە، سوپاكەی حەجاج لە (ابی قبیس) و دەوروبەری شاری مەككە جێگیری دەبێت و مەنجەنیقەكانی ئامادە دەكرێن و ئابڵوقە دەخاتە سەر شارەكە، پێش دەستپیكردنی شەڕ حەجاج بانگەوازێك ئاراستەی دانیشتوانی شاری مەككە دەكات و  داوایان لێی دەكات خۆیان بدەن بە دەستەوە و گیانیان پارێزراو دەبێت، ئەم بانگەوازە كاریگەرییەكی زۆر لە سەر لایەنگرانی كوڕی زوبێر دروست دەكات، بە هەزاران لایەنگری خۆیان ڕادەستی حەجاج دەكەن، تەنانەت هەردو كوڕەكەی عبدوڵلای كوڕی زوبێریش بەناوەكانی (حمزە و خبیب) لە نێو ئەوانەدا بون كە خۆیان ڕادەستی سوپای ئەمەوییەكان كرد، بۆیە كوڕی زوبێر ئەچێتە لای دایكی و پێ دەڵێت: دایكە خەڵكەكە درۆیان لە گەڵ كردم و هەمویان خۆیان ڕادەستی حەجاج كرد تەنانەت هەردو كوڕەكەشم، كەچی دایكی هانی دەدات بەرگری بكات، بۆیە ئەمیش بە هێزیكی كەمەوە بڕیاری دا شەڕ و بەرگری بكات.

دوای چەندین گەڕ شەڕ و پیكدادان سەرئەنجام عەبدوڵلای كوڕی زوبێر دەكوژرێت، دواتر حەجاج كەللە سەری هەریەك لە عەبدوڵلای كوڕی زوبێر و  عەبدوڵلای كوڕی سەفوان و  عەمارەی كوڕی حەزم دەنێرێت بۆ شام بۆ لای عەبدولمەلیكی كوڕی مەروان، هەرچی لاشەكەی كوڕی زوبێر هەبو لە ناو شاری مەككە دا هەڵواسرا، تاكو دواتر لە سەر داوای عەبدوڵلای كوڕی عومەر لاشەكەیان داگرد و بە خاكیان سپارد، ئیتر حەجاج بەیعەتی هەرێمەكانی مەككە و یەمەنی بۆ عەبدولمەلیك  وەرگرت.

بەمەش جارێكیتر ئەم هەرێمانە كەوتنەوە ژێر فەرمانڕەوایەتی ئەمەوییەكانەوە و هەر هیچ نەبێت بۆ ماوەیەك دەنگی ناڕەزایەتی و بەرهەڵستكاری كپ كرانەوە، بە فەرمانیكیش لە لایەن خەلیفەوە خودی حەجاج كرایە والی ئەو ناوچەیە.

لە بارەی ئەم ڕوداوەوە هاتوە: حەجاج هێندە زاڵم و ستەمكار بوە لە ڕێگای بەكارهێنانی مەنجەنیقەوە مەكەی بەردباران كردوە، تەنانەت دەگێڕنەوە لە سەردەمی نەفامی و بێباوەڕیش دا لە  وەرزی حەجكردندا وەك ڕێزلێنانیك بۆ ئەو  شوێنە پیرۆزە هەمو جۆرە شەڕ و پەلاماریكیان بۆ سەر یەكتر ڕادەگرد، كەچی حەجاجی فەرماندەی دەوڵەتی ئەمەوی بە ناو ئیسلامی پەلاماری پیرۆزترین ناوەندی ئیسلامی دەدات و بە جێ‌ گەیاندنی ئەركە ئایینییەكان لە موسوڵمانان تێك دەدات.

وەك دەیگێڕنەوە بە هۆی ئەو پەلامارەوە زۆریك لەوانە بەر لەوەی ئەركەكانیان تەواو بكەن شاری مەككەیان بە جێ‌ هێشت و  ڕۆیشتنەوە، چونكە لە بەر ئەوەی شارەكە دەدرایە بەر مەنجەنیق و هێرشی دەكرایە سەر، ئیتر باوەڕداران نەیانتوانی ئەركە ئاینییەكانیان تەواو بكەن و لە بەر بارانی مەنجەنیق و پەلاماری خوێناویدا، شارەكەیان بە جێ‌ هێشت و هەڵاتن، تاكو حەجاج توانی مەككە داگیر بكات و هەر یەك لە كوڕی زوبێر و عەبدوڵلای كوڕی سەفوان و عەمارەی كوڕی حەزمیان كوشتوە و كاری نامرۆڤانەیان لەگەڵ لاشەكانیان كرد.

با بزانین دەرهاویشتەكانی پوختەی ئەم لەشكركێشییەی حەجاج بۆ سەر شاری مەككە و  عەبدوڵلای كوڕی زوبێر چی لێ كەوتەوە:

یەكەم: بونی دیاردەی ناپاكی و لە یەك هەڵگەڕانەوە، بەشی هەرە زۆری ئەندامانی سوپاكەی بە هەردو كوڕەكەشییەوە لە عەبدوڵلای كوڕی زوبێر هەڵگەڕانەوە و خۆیان ڕادەستی حەجاج كرد، ئەمەش ئاماژەی بونی ماكی ناپاكی و درۆ و هەڵگەڕانەوەیە لای بەشێك لە موسوڵمانان.

دوەم: پێشیلكردنی  وەرزی حەج و سوكایەتیكردن بە پیرۆزییەكان لە لایەن حەجاج و سوپاكەیەوە، سەیرە وەك سەرچاوەكان دەیگێڕنەوە ئەوەندە لە سەردەمی نەفامی و پێش هاتنی ئیسلامدا ڕێز لە پیرۆزی كەعبە و شاری مەككە گیردراوە، نیو هێندە لە سەردەمی ئیسلام و موسوڵمانان دا ڕێز لەم شوێنە پیرۆزە نەگیراوە، وەك لەم كتێبەدا لە چەند شوێنیك ئاماژەمان بۆ كردوە، چەندین جار ئەم شارە و شوێنە پیرۆزەكانی تر كەوتنە بەر هەڕەشە و سوكایەتیكردن و سوتاندن و خاپوركردن.

سێهەم: بەم جەنگە ئیتر كۆتایی بە ڕاپەڕین و شۆڕشەكەی كوڕی زوبێر هات، كە بۆ ماوەی چەندین ساڵ لە هەرێمەكانی عێراق و حیجاز دەوڵەتی ئەمەوییان هەراسان كردبو، چونكە بە كوشتنی كوڕی زوبێر ئیتر گەورەترین نەیار و بەرهەڵستكار لە كۆڵی  بە ناو خەلیفەكانی ئەمەوی بوەوە و دەسەڵاتیان گەڕایەوە بۆ هەرێمەكانی تر.

چوارەم: دیاردەی لەت و پەتكردنی لاشەی كوژراوەكان و جیاكردنەوەی كەللە سەرەكانیان، وەك دیاردەیەكی هەمیشەیی دەسەڵاتدارانی ئیسلامی، كوژراوانی ئەم جەنگەشی گرتەوە، وەك ئەوەی كەللە سەرەكانی كوڕی زوبێر و دوان لە هاوەڵەكانی بە دیاری ڕەوانەی لای خەلیفە كران و پاشان مانەوەی لاشەكەی كوڕی زوبێر بە هەڵوەسراویی بۆ ماوەیەك، دیاردەگەلێكی تاریك و قێزەون و ناشرینی نێو ئەم مێژوە خوێناوییەن.

سەربڕینی عەمرو كوڕی سەعیدی ئەلئەشدەق

سەرەڕای ئەوەی عەبدولمەلیك بە كەسێكی خوداناس و زاهید ناسرابو، هەروەها توانیشی هەندێك گۆڕانكاری لە جومگەكانی دەسەڵات دا بكات، بەڵام ئەمیش وەك ئەوانی تر هەر زو دەستی چوە خوێنی موسوڵمانان، لە سەر دەستی  والی و سوپاكەیان خوێنێكی زۆری موسوڵمانان ڕژێندرا و تاوانگی زۆر تۆمار كران.

یەكێك لەو تاوانانە كوشتنی (عمرو بن سعید الاشدق)ە، عەمرو خاوەن كەسایەتی و پێگەیەكی گەورە بوە بە تایبەتی لە شام، هیچكات خۆی لە خەلیفەكانی ئەمەوی بە كەمتر نەزانیوە، خۆی بە خاوەن ماف دەزانی و هەمیشە چاوی لە سەر ئەوە بوە ڕۆژیك لە ڕۆژان دەستی بگاتە لوتكەی دەسەڵات و لە سەر تەختی پاشایەتی دەوڵەت دابنشێت و حوكمڕانی  وڵاتی ئیسلامی بكات، بەڵام بەرلەوەی ئەم ئاواتەی بێتە دیی لە سەر دەستی خەلیفە دەكوژرێت و سەر دەنێتەوە.

سەرچاوەكان لەسەر چۆنێتی كوشتنی عەمروی كوڕی سەعید لەسەر دەستی عەبدولمەلیك زانیاری زۆریان خستوەتە بەر دەست، ئێمەش تەنها ئاماژە بۆ پوختەی ڕوداوەكە دەكەین و  زۆر ڕۆناچینەوە وردەكارییەكان.

كاتێك بەفەرمانی كوڕی زوبێر مەسعەبی برای كرایە  والی عێراق، كاروكردەوە نابەجێیەكانی بە تەواوەتی عێراقییەكانی  وەڕس و بێزار كردبو، بۆیە زۆربەیان ژێر بە ژێر نامەیان ئاراستەی عەبدولمەلیك دەكرد و تێدا داوایان دەكرد لە دەستی مەسعەب ڕزگاریان بكات، ئەم داوایەی بەشێك لە عێراقییەكان هانی خەلیفەی دا تاكو سوپایەك ئامادە بكات و بەرەو عێراق بە ڕێی بخات.

لەو كاتەی خەلیفە بە نیازی ئەوە بو بەرەو عێراق بكەوێتە ڕێ، عەمروی كوڕی سەعید لێی ڕاپەڕی و كۆنترۆڵی شاری دیمەشقی كرد، ناچار خەلیفە گەڕایەوە بۆ شام و ئابڵوقەی دیمەشقی دا، دوای گفتوگۆیەكی زۆر سەرئەنجام خەلیفە بەڵێنی دا بە عەمرو كە زۆربەی دەسەڵاتەكانی زیاد بكات و دوای مردنی خەلیفەش ئەو بكرێتە خەلیفەی دەوڵەتی ئەمەوی، تەنانەت كاروباری بەیتولمالیش خرایە ژێر دەسەڵاتی عەمرەوە، هاوشانی خەلیفە ئەمیش بوە خاوەنی پاسەوان، دوای ئەوەی دۆخەكە هێور بوە، عەبدولمەلیك بە دەستی خۆی عەمروی كوڕی سەعیدی كوشت بەڵكو دواتر سەری دەبڕن و كەللە سەرەكەی فڕێ‌ دەدەنە بەردەم لایەنگرانی.

وابزانم جگە لەكردەی كوشتنی بێ‌ هۆ كە سزای بكوژ ئەوەیە دەبێت بكوژرێتەوە، ئەگینا كوشتن تاوانێكی هێجگار گەورەیە، ئەمە چجای بۆ یاسا و دەوڵەتێك بانگەشەی بۆ ئیسلام و دادپەروەری بكات، ڕاستە عەمرو لەخەلیفە هەڵگەڕابوە و دەیویست پشكی هەبێت لەدەسەڵات، بەڵام نەدەكرا بەو چەشنە بكوژرێت و كەللە سەرەكەی لەلاشەی جیابكرێتەوە و فڕێ‌ بدرێت، دەكرا لەبڕی كوشتن بخرایەتە كونجی زیندانەوە و سزای تر بدرایە، نەك سەربڕینی بێ‌ هیچ دادگاییكردنیك.

سەربڕینی هۆزانڤان (اعشی همدان)

یەكێك لەو چینانەی لە بەر هەڵوێست و بەرهەمەكانیان زو زو لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئەمەوییەوە دەكرانە ئامانج، هۆزانڤان و زانایانی و ئەهلی زانست بون، گەر بەمێژوی ئەم دەسەڵاتدارانەدا ڕو بچینەوە خوار نمونەی زۆرمان بەرچاو دەكەوێت.

شكستی ڕاپەڕینەكەی كوڕی ئەلئەشعەس دواتریش كاریگەرییەكانی هەر بەردەوام بون، ئەوەی بە یەخسیری دەگیرا دەكوژرا، پاش ماوەیەكیش پیاوەكانی حەجاج بە دوای ئەوانەوە بون كە بە شێوازی جیاجیا بەشداریان لە ڕاپەڕینەكەدا كردبو دەستگیر دەكران و بە دڕەندەترین شێوە دەكوژران و لەت و پەت دەكران.

عەبدولڕەحمانی كوڕی عەبدوڵلا ناسراو بە (اعشی همدان) لەشاری كوفە پەروەردە ببو، بەڵام ژیانی بریتی بوە لە گواستنەوە و هاتوچۆ بۆ ئەم شار و ئەو شار، ڕەنگە ئەمە سروشتی ژیانی زۆریك لە هۆزانڤانەكان بوبێت، لەبواری  وێژە و هۆنراوەدا ناوێكی دیار و ناسراو بوە و لە ڕوداوەكان دا خاوەنی هەڵوێستی تایبەتی خۆی بوە، پێشتر بۆ پاڵپشتی شۆڕشی (التوابین) بەڕێبەرایەتی (سلیمان بن صرد) چەندین هونراوەی جوانی بۆ پشتیوانی و هاندانی ئەو شۆڕشە نوسیبو، دواتریش ئەعشا بوە هۆزانڤانی شۆڕشەكەی كوڕی ئەلئەشعەس.

دەگێڕنەوە دواتر ناوبراو بە یەخسیری دەستگیر دەكرێت و كاتێك دەیهێننە بەردەم حەجاج، پرسیاری لێی دەكات و پێ دەڵێت: بۆ بەشداریت لە شۆڕشەكەی كوڕی ئەلئەشعەسدا كردوە و چەندین هۆنراوەت بۆ سەركەوتن و هاندانی ئەوان  وتوەتەوە، سەرەڕای ئەوەی ئەعشا هەوڵدەدات بڕوا بە حەجاج بهێنێت تاكو ئازادی بكات، سەرئەنجام ئەمەی دوایی فەرمان دەدات لە ملی بدەن و بیكوژن.

هەر لەبارەی ڕۆڵی هۆزانڤانانی شۆڕشەكەی كوڕی ئەلئەشعەس (دكتور شوقی ضیف) دەڵێت: ئەعشا هەمدان و چەندان هۆزانڤان ترلەڕێگای هۆنراوەكانیانەوە هانی خەڵكیان دەدا تاكو دژ بە حەجاج بوەستنەوە و هاوكاری شۆڕشەكە بكەن.

هەمان سەرچاوە باس لەوە دەكات: ئەعشا سەرەتا بایەخەكانی لە بواری قورئان و فەرمودەناسیدا بوە و لە بواری فیقهیشدا كەسێكی شارەزا بوە، كەچی دواتر لە هەمو ئەمانە دور دەكەوێتەوە و شیعر وەكو ئارەزویەك هەڵدەبژێرێت و كاری تێدا دەكات، كاتێكیش بە یەخسیری دەكەوێتە دەستی حەجاج هەوڵ  دەدات لە ڕێگای چەند پارچە هۆنراوەیەكەوە دڵی حەجاج نەرم بكات و نەیكوژێت، بەڵام هیچ سودیكی نابێت، بەڵكو حەجاج فەرمان دەكات لە ملی بدەن و بیكوژن، ئەمەش لە ساڵی هەشتا و سێ‌ كوچی بوە.

تاكە گوناهی ئەعشا ئەوە بوە لە ڕێگای هۆنراوەكانییەوە پشتگیری لە شۆڕشەكەی كوڕی ئەلئەشعەس كردوە، پاشان كوشتنی یەخسیرەكانی جەنگ تاوانكاری بوە، هیچ یاسا و ئایینیك ڕێگا بەوە نادات دوای كۆتایهاتنی شەڕ دیلەكان بكوژرێن و سوكایەتیان پێ بكرێت، ئەمە تەنها یاساكانی حەجاجە بەو چەشنە ڕێگە دەدات مرۆڤەكان وەك قەسابخانە لەت و پەت بكرێن و هەڵبواسرێن.

سەربڕینی كەمیلی كوڕی ئەلزیاد

كەمیل كەسایەتییەكی دیار و یەكێك لە لایەنگرانی خانەوادەی ئیمامی عەلی بو، لەو سەردەمەدا لە عێراق كەسایەتییەكی ئەژمار بۆ كراو بوە، كاتێكیش لە دژی سیاسەت و خراپەكارییەكانی حەجاج  وەستایەوە، حەجاج كەوتە دوژمنایەتیكردنی و لە هەل دەگەڕا تا كۆتایی بە ژیانی كەمیل بهێنێت و بە هەر  شێوەیەك بێت بیكوژێت.

بۆیە جارێكیان حەجاج داوای كەمیلی دەكات، ئەویش هەڵدێت و خۆی دەشارێتەوە، لە بەرامبەردا كەس و كار و خانەوادەكەی لە هەمو مافیك بێبەشكران و گوشاری زۆریان دەخرایە سەر، ناچار كەمیل دەڵێت: من پیاویكی بەتەمەنم و شتێكی ئەوتۆ لە ژیانمدا نەماوە ئیتر بۆ دەبێت ببمە مایەی بێبەشكردن خانەوادەكەم لە هەمو مافێك و بەهۆی منەوە دوچاری ناڕەحەتی و ئازار ببن، بۆیە بە ناچاری خۆی ڕادەستی حەجاج دەكات، دوای هەندێك گفتوگۆ و بێنەوبەرە لە نێوان هەردولادا، سەرئەنجام كەمیل بە حەجاج دەڵێت: من شتێكی ئەوتۆ لە تەمەنم نەماوە و كۆتاییم هاتوە، كاتی خۆیش ئەمیری باوەڕداران پێ و وتوم تۆ بكوژمی، حەجاج بە بیستنی ئەم قسانە فەرمان دەكات لە ملی بدەن و بیكوژن.

سەرەڕای ئەوەی كەمیل باوەڕداریكی عەیار بیست و یەك بوە و بە پێی زانیاری هەمو سەرچاوەكان هیچ تاوانێكی ئەوتۆی ئەنجام نەدابو، تاكو بەو چەشنە بكوژرێت، سەیرە ئەم  والییە بەناو موسوڵمانە ئەوەی كەم بایەخ و زۆر ئاسان بوبێت لای، مل پەڕاندن و كوشتنی موسوڵمانان بوە، دور نییە حەجاج لە ڕوی كەسایەتی و دورونییەوە نەخۆش بوبێت و تەنها بە كوشتنی مرۆڤەكان ئاسودە و بەختیار بوبێت كە ئەمەش پێویستی بە توێژینەوەی مێژویی و دەرونی یە، ئەگینا كوشتنی مرۆڤ كارێكی هێجگار قورس و گرانە، ئیتر بۆ دەبێت ئەم هەمو خوێنڕشتن و تاوانكارییە لە مێژوی خۆیدا تۆمار بكات؟


سەرچاوە/ كتێبی دیاردەی سەربڕین لەمێژوی ئیسلامیدا/ نوسینی حەسەن بارام

دیاردەی سەربڕین لەمێژوی ئیسلامیدا 
سەربڕین لەسەردەمی خەلافەتی ئەمەوی دا – بەشی یەكەم

نوێترین

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure