لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

دیاردەی سەربڕین لەمێژوی ئیسلامیدا
سەربڕین لەسەردەمی خەلافەتی ئەمەوی دا – بەشی سێیەم

03/02/2019


كەللە سەرەكانی شەڕی زاوییە

لە نێوان حەجاج و عەبدولڕەحمانی كوڕی ئەلئەشعەس دا چەندین گەڕ شەڕ و پەلاماری خوێناوی ڕویان داوە، كە قوربانییەكانی ئەو شەڕانە بەدەیان هەزار كەس مەزەندە دەكرێت، كە دواجار ئەم ململانێیە بەكوشتنی كوڕی ئەلئەشعەس كۆتایی دێت.

وەك سەرچاوەكان ئاماژەی بۆ دەكەن شەڕی (الزاویة)ە لەساڵی (82ك) خوێناویترین شەڕی نێوان هەردولا بوە، دەوترێت: لەم شەڕەدا لەڕێگای فێڵكردن و هەڵخەڵەتاندنەوە حەجاج نزیكەی (12) هەزار شەڕكەری لەسوپاكەی كوڕی ئەلئەشعەسی كوشتوە، پاشان بەمردوێتی سەری هەندێك لە كەسایەتییەكانی بڕیوە و لەڕێگای هۆنراوە و وتەی ناشایستەوە سوكایەتی بەكەللە سەرەكان كردوە، بەتایبەتی سوكایەتیكردن بە كەللەسەرەكەی هەریەك لە (عبداللە بن عامر) و (المنذر بن الجارودی) و (عبداللە بن شداد) و (بسطام بن مصقە بن هبیرە) و (عمر بن ضبیعە الرقاشی) و (بشر بن المنذر) و (بكیر بن ربیعە).

دەگێڕنەوە كاتێك حەجاج كەللە سەری (بكیر) لە نێو كەللە سەرەكانی تردا دەبینێت، بەسوكایەتییەوە دەڵێت: كێ‌ كەللە سەری ئەم دەبەنگەی لە گەڵ كەللە سەری ئەوانیتردا كۆكردوەتەوە، گوێچكەی بگرن و فڕێی بدەنە شوێنێكی تر.

ئایە حەجاج والی دەوڵەتێكی ئیسلامییە؟ یان قەسابی سەروپێ‌ فرۆشە؟ ئەمە چ ئاستێكە لە بێدەربەستی و دڕەندەیی، دەبوایە تا هەنوكە چەندین لیكۆڵینەوە لەكار و كردەوەكانی ئەم فەرمانڕەوا چنگ بە خوێنە بكرایە، تاكو وەكو خۆی بناسێنرێت.

سەربڕینی كوڕی ئەلئەشعەس

دوای كوشتاریكی زۆر، سەرئەنجام ڕاپەڕینەكەی كوڕی ئەلئەشعەس خوێناوی كرا و نەیتوانی لەوە زیاتر لە بەردەم حەجاج و سوپاكەیدا خۆی ڕابگرێت و دواجار بۆ دەرەوەی سنورەكانی عێراق هەڵات، ئەگەرچی هەندێك لە فەرماندەكانی داوای ئەوەیان لێی دەكرد بچنە شاری مەدینە و تا بۆیان بكرێت بەرگری بكەن، بەڵام ناوبراو بڕیاری دابو خۆی و هەندێك لەهاوكارەكانی ڕو بكەنە دەڤەری ڕەتەبیل تاكو لەوێی خۆیان پەنا بدەن.

لەمەڕ چیرۆكی دەستگیركردنی كوڕی ئەلئەشعەس و چۆنێتی كوشتنی، سەرچاوەكان زانیاری زۆریان خست وەتەڕو، بە كورتی تەنها ئاماژە بۆ ناوەڕۆكی بەسەرهاتەكە دەكەین: 

كاتێك ناوبراو دوچاری شكست بوەوە و لە بەسرەوە بەڕێگای فارس و كرمانەوە چوە سیستان، كەچی لەوێی خەڵك ڕێگەیان پێ نەدا بمێنێتەوە، بە ئان و ساتیش پیاوەكانی حەجاج بە دوایەوە بون، ناچار سیستانی بە جێهێشت و ڕوی كردە ڕەتەبیل و لەوێ مایەوە، دواتریش هەواڵ لە سەر شوێنی مانەوە و خۆ حەشاردنی كوڕی ئەلئەشعەس گەیشتە حەجاج، بۆیە بە نوێنەرایەتی خۆی (عمارە ابن تمیم اللخمی) ناردە ڕەتەبیل و داوای لە كاربەدەستانی ئەوێ كرد كوِری ئەلئەشعەسیان ڕادەست بكەنەوە، لە بەرامبەردا ئاشتەوایی و دۆستایەتی لە نێوان ئێمە و ئێوەدا دروست دەبێت و بە هیچ جۆریك باج و خەراجتان لێی وەرناگرین، ئیتر بەم بەڵێنانە حاكمی ئەو و ڵاتە دەمی چەشە دەبێت، بە زنجیرێك كوڕی ئەلئەشعەس و یەكێك لە هاوەڵەكانی دەبەستێتەوە و ڕادەستی نوێنەرەكەی حەجاجی دەكات.

دەڵێن كەللە سەرەكەی ناردوەتەوە بۆ حەجاج، و هەروەها دوچاری نەخۆشی سیل بوە،  هەندێك لە سەرچاوەكانیش دەڵێن: خۆی و سێ لە ئەندامانی خێزانەكەی بە زنجیرەوە بە بەستراوەیی ڕادەستی (عمارە) كراون، لە ڕێگادا بەرەوە عێراق لە كاتی پشودان دا كوڕی ئەلئەشعەس خۆی لە كۆشكێكەوە خستۆتە خوارەوە و مردوە، پاشان عەمارە كەللە سەرەكەی لە لەشی جیاكردوەتەوە بردوێتییەوە بۆ لای حەجاج، ئەمەش لە ساڵی (84ك) یان ساڵی (85ك) ڕویداوە.

ئیتر زۆر گرنگ نییە لەمە زیاتر خۆمان بە چۆنێتی پرۆسەی كوشتنی ناوبراوە خەریك بكەین، چونكە ئەم بەبەرنامەی حەجاج بە كوشت چوە و پاشان كەللە سەرەكەی براوەتەوە بۆ لای دەسەڵاتدارانی عێراق، بەڵام كوشتنی كوڕی ئەلئەشعەس كۆمەڵێك  وێنەمان بۆ ڕون دەكاتەوە، كە سیماكانی كۆمەڵی عەرەبی –ئیسلامی ئەوێ ڕۆژمان بۆ ڕۆشن دەكاتەوە و كۆمەڵێك بەرئەنجامان بۆ دەخاتەڕو:

یەكەم: بیری دەمارگیر و تۆڵەسەندنەوە و ڕق لەیەكبونەوە لای زۆربەی دەسەڵاتدارانی ئیسلامی لە ئاستێك دا بوە، جگە بە كوشتن و لەتوپەتكردن دڵییان بە هیچی تر ئاوی نەخوارد وەتەوە، تەنانەت ئامادەبونە لەبەرامبەر دوژمنەكانی دوێنیاندا سازش بكەن، تەنها لە بەرئەوەی ڕكابەرەكانی خۆیان لە ناوببن و نەبنە مەترسی بۆ سەر دەسەڵات و پێگەكانیان، ئەوەتا حەجاج ئامادەیە لە گەڵ خەڵك و دەسەڵاتی ڕەتەبیل دا ڕێك بكەوێت كە تا دوێنی لەشكری دەكردنە سەر، تەنها لەبەر ئەوەی كوڕی ئەلئەشعەسیان ڕادەست بكەنەوە.

دوەم: سەیرە نەریتی سەربڕین باوترین شێوازی تۆڵەسەندنەوە بوە لای خەلیفە و والییەكانی دەوڵەتی ئەمەوی، ئەمەش چۆن، دوای كوشتن دەبو كەللە سەرەكانیان لێی جیا بكردایەتەوە و بە دیاری ببردرایەتەوە بۆ لای دەسەڵاتدارە پلە یەكەكان، تەماشاكەن لە پێناوی هێشتنەوەی ئەم كلتورە و پابەندبون پێیوە وەك نەریتێكی ئەو كۆمەڵە، كەللە سەری كوڕی ئەلئەشعەس لە خاكی ڕەتەبیلەوە بهێنرێتەوە بۆ عێراق، كە كارێكی زۆر قێزەون و بێ‌ مانا و نامرۆڤانەیە، ئەگینا كەسێك كوژرا یان مرد چ پێویست دەكات كەللە سەرەكەی لێ بكرێتەوە، كەچی دەسەڵاتدارەكانی ئەمەوی بە مردوێتیش دەستبەرداری نەیار و ڕەكەبەرەكانیان نەدەبون.

سێهەم: لە یەكێك لە بۆچونەكاندا لە بارەی مەرگی كوڕی ئەلئەشعەسەوە و ا هات وە گوایە خۆی كوشت، كاتێك لە كۆشكەكەوە خۆی فڕێداوتە خوارەوە و مردوە، ئەگەر ئەمە وابێت ئەوە تەنها نمونە نییە، ئێمە پێشتریش گوێ بیستی چیرۆكی (عبیداللە ابن الحر) بوین، بۆ ئەوەی بە یەخسیر نەكەوێتە دەستی سوپای ئەمەوی بە برینداری خۆی فڕێدەداتە ڕوباری فوراتەوە دەمرێت، چونكە باش ئاگایان لە زوڵم و ستەمكاری و ئەشكەنجەكانی سەرانی ئەو دەسەڵاتە بوە، بۆیە پێیان باش نەبوە بە یەخسیری بكەونە دەستیان و لە ژێر ئازار و ئەشكەنجەدان بكوژرێن.

سەربڕینی فەیرۆزی كوڕی حەسین

فەیرۆز یەكێك لە فەرماندە دیارەكانی شۆڕشەكەی كوڕی ئەلئەشعەس بوە، بەشداری زۆربەی شەڕەكانی كردوە، كاتێك شۆڕشەكەیان دوچاری شكست و لە ناوچون بوەوە، بەدەیان فەرماندە و كەسایەتی دیار و شەڕكەری ئەم شۆڕشە بەدیلی كەوتنە دەستی حەجاج، ئەویش زۆر بێبەزەییانە كەوتە وێزەیان و بە شێوازی جیاجیا هەمویانی كوشت.

كاتێك دوای نسكۆی شۆڕشەكە، فەیرۆز بە یەخسیری دەكەوێتە دەستی حەجاج، سەرەتا بە توندترین شێواز و ئامراز ئەشكەنجەی دەدەن، دەگێڕنەوە دوای ئەوەی هەمو جل و بەرگەكانی دادەكەنن ئینجا بەقامیشی شكاوەوە لاشەی هەنجن هەنجن دەكەن، پاشان بۆ ئەوەی ئازاری زیاتر بچەشێت خوێ‌ و سركە دەكەن بەسەر زامەكانیدا، دوای ئەوەی حەجاج بێئومێد دەبێت لەوەی فیرۆز هەندێك زانیارییان بۆ ئاشكرا بكات، لەملی فەیرۆز دەدەن و سەری دەبڕن.

ئەم جۆرە لە ئازار و ئەشكەنجەدان لەبەرنامە و ڕێبازی دەوڵەت و فەرمانداریك ناچێت باس لە لێبوردەیی و ڕێزگرتن لەمافی مرۆڤ و ئازادی بیروڕا بگرێت، بەڵكو ئەمە ئەوپەڕیی ئاستە لەدڵڕەقی و بێویژدانی، كە لای بەشێك لەدەسەڵاتدارانی ئەمەوی ڕێبازی بەڕێوەبردنی موسوڵمانان بوە.

سەربڕینی قەتری كوڕی ئەلفوجائە

ناوی تەواوی شاعیر(قطری بن الفجاءة بن مازن بن یزید مناە المازنی التمیمی) لەگەڵ ئەوەی شاعیر و هۆزانڤانیكی شارەزا بوە، هاوكات خاوەن كەسایەتییەكی دیار و بەرچاو و ڕێبەریكی گەورەی لقێكی دیاری خەوارجەكان بوە، زۆرجار خۆی بەگەورەی باوەڕداران دەناسی و دو نازناوی هەبوە، لەكاتی ئاشتیدا بە (ئەبو محەمەد) خۆی دەناساند، لەكاتی شەڕیشدا بە (ئەبو نەعامە).

لەسەرەتادا لایەنگری ئەمەوییەكان دەبێت، تەنانەت لە گەڵ (المهلب بن ابی صفرە) و هەروەها لەگرتنی ناوچەكانی (سجستان) بە فەرماندەیی (عبدالرحمن بن سمرە) بۆ بەرژەوەندی ئەمەوییەكان بەشداری ئەو شەڕانەی كردوە.

كاتێك مەسعەبی كوڕی زوبێر لەعێراق دەسەڵاتی گرتە دەست، ئەمیش لە ئەمەوییەكان هەڵگەڕایەوە و پەیوەندی كرد بەگروپی (الازارقە)وە، بەمەش بوە شاعیر و سوارچاك و گوتاربێژ و ئەمیری ئەو گروپە، بۆ ماوەی سیازدە ساڵ شەڕ و پێكدادان لەنێوان (القطری) و (المهلب)دا درێژەی كێشا، بۆ چەندین جار حەجاج سوپای دەناردە سەریان و سەرئەنجام تێكدەشكان، كاتێكیش ناكۆكی و دوبەرەكی كەوتە ناو ئەلئەزاریقەوە، حەجاج ئەم هەلەی قۆستەوە و سوپایەكی بە فەرماندەی (سفیان بن الابرد) ناردە سەر ئەلقەتری و دوای ئەوەی زۆرێك لە لایەنگرانی ناوبراو لەبەرەكانی شەڕ كشانەوە و پشتیان بەردا، لە ساڵی(78ك) ناوبراو كوژرا.

دەگێڕنەوە دوای ئەوەی سوپاكەی تیكدەشكێت، قەتری دەیەوێت بە ئەسپەكەیەوە هەڵبێت، بەڵام بەخت یاوەری نابێت و دەكەوێت، بۆیە پیاوانی حەجاج دێنە سەری و پاش ئەوەی دەیكوژن، كەللە سەرەكەی لەلاشەی جیا دەكەنەوە و دەیبەنەوە بۆ بەردەمی حەجاج، وەك هێمایەك بۆ سەركەوتن، ئەگەرچی بە پێ‌ هەمو پێوەرەكان ئەمە هێمایە بۆ دڕەندەیی.

سەربڕینی سەعیدی كوڕی جوبیر

سەعید یەكێك بوە لەو كەسایەتییە گرنگانەی نێو مێژوی موسوڵمانان، كە بە دەستی دەسەڵاتدارانی ئەمەوی كوژرا، بێگومان ئەمەش یەكێكە لە تاوانە گەورەكانی ئەو دەسەڵاتە، كە عەیامێك بو لە دژی كەسایەتی و گەورە پیاوانی ئایینی و كۆمەڵایەتی و سیاسی ناو كۆمەڵی ئیسلامی بەرپایان كردبو.

كوڕی جوبیر یەكێك بوە لە شوێنكەوتوان (التابعین) و بە كەسێكی شارەزا و خوداناس ناسراو بوە، شارەزا بوە لە بواری (التفسیر)دا، لە پشتەوەی ئیمامی زەینولعابدینەوە نوێژی دەكرد، كەسێك بوە لە بوارە جیاجیاكانی ئایینیدا پرس و ڕاوێژی پێكراوە.

دەگێڕنەوە كوڕی جوبیر لە كاتی نوێژدا هەمو جارێك بۆ نزیكەی بیست جار ئەم ئایەتەی دەخوێندەوە (واتقوا يوما ترجعون فية الى الله) هەر لە بارەی گرنگیدانی كوڕی جوبیرەوە بە قورئان، دەگێڕنەوە لە مانگی ڕەمەزان دا لە نێوان نوێژی ئێوارە و عیشادا قورئانی خەتم كردوە، جارێك پرسیاری لێدەكەن، ئایا نیشانەكانی لە ناوچونی خەڵك چییە؟ ئەویش لە  وەڵامدا دەڵێت: ئەو كاتەیە كە زاناكانیان لە ناو دەچن و  دەڕۆن.

لە بارەی دەستگیركردنی كوڕی جوبیر لە لایەن حەجاجەوە، سەرچاوەكان كۆكن لە سەر ئەوەی كاتێك كوڕی جوبیر دەهێننە لای حەجاج و دەڵێت من ئەوم، ئەویش بە سوكایەتییەوە دەڵێت: نەخێر تۆ (شقی بن كسیر)ی هەر دەبێت بتكوژم، پاشان كوڕی جوبیر دەڵێت: ڕێگام بدە با دو ڕكات نوێژ بكەم، لە بەرامبەردا حەجاج دەڵێت: باشە بەڵام ڕوی لە قیبلەی نەسرانییەكان بكەن، ئەویش بە ئایەتێكی قورئان  وەڵامی دەداتەوە و پێی دەڵێت: (فأينما تولوا فثم وجه الله) دوای هەندێك وەڵام و پرسیار سەرەنجام كوڕی جوبیر لە لایەن حەجاجەوە دەكوژرێت.

دوای شكستهێنانی ڕاپەڕینەكەی كوڕی ئەلئەشعەس، بەشێك لەوانەی كە هاوكار و بەشداربون یان لە بەرەی دژ بە حەجاج و دەوڵەتی ئەمەوی دا بون، هەڵدەهاتن و لە شاری مەككە نیشتەجێ‌ دەبون، چونكە ئەو دەمە والی مەككە عومەری كوڕی عەبدولعەزیز بوە و كەسێكی باش و دادپەروەر بوە، دەگێڕنەوە ساڵی (93ك) عومەر نامەیەك دەنوسێت بۆ  وەلید و تێیدا باس لە كار و كردەوە خراپەكانی حەجاج دەكات لە عێراق، كاتێكیش حەجاج بەم نامەیە دەزانێت لە بەرامبەردا ئەویش نامەیەك بۆ خەلیفە دەنوسێت و تێدا ئاماژە بۆ ئەوە دەكات هەمو نەیار و دوژمنەكانی دەوڵەت لە شاری مەككەدا كۆ بونەتەوە، لە سەر ڕۆشنایی ئەم زانیارییە  وەلید فەرمان دەدات عومەر لە كار بخەن و خالیدی كوڕی عەبدوڵلای قەسری دەكاتە والی حیجاز، بۆیە لە یەكەم هەنگاویدا هەمو ئەو عێراقییە هەڵاتوانە ناچار دەكات بە زۆرەملێ ڕەوانەی عێراق بكرێنەوە، دیارە یەكێك لەوانەش كوڕی جوبیر دەبێت كە دواتر دەكوژرێت.

دەگێڕنەوە حەجاج هەمو شەوێك لە خەویدا كوڕی جوبیر دەبینێت و پێ‌ دەڵێت: ئەی دوژمنی خودا بۆ منت كوشت؟ ئەمەش حەجاجی دوچاری جۆریك لە نەخۆشی و گرفتی دەرونی كردبو.

هەر لە بارەی بەرسەرهاتی كوشتنی سەعیدی كوڕی جوبیرەوە هەندێك زانیاری تر هاتوە و زۆربەی سەرچاوەكان ئاماژەیان بۆ كردوە و دەڵێن:

دوای ئەوەی ناوبراو بە دەست و قاچی بەستراوی دەهێننە لای حەجاج، كۆمەڵێك پرسیار وەڵام و گفتوگۆ لە نێوان هەردولایاندا دروست دەبێت، كوڕی جوبیر لە وەڵامی هەمو پرسیارەكاندا بێ‌ هیچ ترس و دو دڵییەك وەڵامی حەجاج دەداتەوە، پاشان داوا دەكات ڕێگەی بدەن دو ڕەكات نوێژ بكات، حەجاجیش دەڵێت: ڕوی بكەنە قیبلەی نەسرانییەكان، چونكە ئەم لە حیزبی ئەوانە، كوڕی جوبیر لە بەرامبەردا لە خودای گەورە دەپاڕێتەوە كە ئەم زوڵمە قبوڵ نەكات و تۆڵەی بسێنێت، هەروەها لە خودا دەپاڕێتەوە كە ئەمە دوا موسوڵمان بێت لە نەتەوەی محەمەد بكوژرێت، پاشان حەجاج فەرمان دەكات لە ملی بدەن و بیكوژن، دواتر فەرمان دەكات ئەوانی تریش بهێنن و لە ملیان بدەن و بكوژرێن.

دەگێڕنەوە كاتێك حەجاج لە كوشتنی كوڕی جوبیر بوە یەكسەر مێشكی دوچاری جۆریك لە تێكچون بوە و هەست دەكرا تێكەڵ و پێكەڵییەك دەكات و زۆرجار هاواری دەكرد و دەیگوت كۆت و بەندەكان، دەڵێن مەبەستی لە كۆت و بەندەكانی سەعید بوە، دواتر بینرا حەجاج دوچاری جۆریك لە نەخۆشی بوە.

حەجاج بەكوشتنی كەسایەتییەكی بێتاوان و خوداناسی وەك سەعیدی كوڕی جوبیر، تاوانێكی تری گەورەی تۆمار كرد، تەنها تاوانی ناوبراو ئەوە بوە ئامادە نەبوە ملكەچ بكات بۆ دەسەڵاتی پڕ لە زوڵم و زۆری حەجاج و دارودەستەكەی، ئەگینا ئەم زانا گەورەیە هیچ كەتن و تاوانێكی  وای نەكردبو تاكو شایەنی كوشتن بێت بەو چەشنەی باس دەكرێت.

سەربڕینی عەبدولعەزیزی كوڕی موسای كوڕی نەسیر

ناوبراو كوڕی موسای نەسیرە و بە دوەم والی ئەمەوی لەوڵاتی ئەندەلوس ئەژمار دەكرێت، هەروەها یەكێك بوە لەو فەرماندانەی كە بەشداری فەتحی ئیسلامی كردوە لەهەرێمەكانی ئەندەلوس و ڕۆڵی دیاری هەبوە لەو بوارەدا.

كاتێك ساڵی (95ك) وەلیدی كوڕی عەبدولمەلیكی خەلیفەی ئەمەوی دەنێرێت بە شوێنی باوكیدا بۆ شام، ئەم جێگاكەی دەگرێتەوە وەك والی ئەندەلوس، بۆیە عەبدولعەزیز ئەندەلوس دەكاتە پێگەی خۆی و تەواوی ناوچەكانی تری دەوروبەری ئەخاتە ژێر ڕكێفی خۆیەوە، لە ڕوی كارگێڕی و سەربازییەوە پێگەكانی خۆی لەو و ڵاتە قاییم دەكات.

لەگەڵ هەمو ئەم ڕێوشوێنانەدا سەرەڕای پەلاماری دەرەكی جۆرێك لەناحەزی و ئاژاوەی نێوخۆییش لەدەڤەرەكەدا لەدژی سەرهەڵدەدەن، بەتایبەتی دوای ئەوەی ژنێكی ئاینزا گاور مارە دەكات، ئیتر ژێر بەژێر ژمارەیەك لەدەوروبەرەكەی دەكەونە دژایەتیكردنی، بگرە چەندین جۆر پڕوپاگەندەش لە دژی بڵاودەكەنەوە، تا بۆ دواجار سێ‌ كەس ڕێك دەكەون بیكوژن، كە بریتی بون لە (زیاد بن النابغە التمیمی) و (حبیب بن ابی عبیدە الفهری) و (زیاد بن عذرە البلوی) سەرئەنجام لە كاتی نوێژدا لە مزگەوتی (ربینە) لە ئیشبیلیە لەلایەن (زیاد التیمی) و وتراویشە (زیاد البلوی))وە پەلامار دەدرێت و تیرۆر دەكرێت، پاشان سەری دەبڕن و كەللە سەرەكەی دەنێرنەوە بۆ شام بۆ لای خەلیفە سولیمانی كوڕی عەبدولمەلیك، بۆیە خەلیفەش لای خۆیەوە كەللە سەرەكەی عەبدولعەزیز دەخاتە بەردەستی موسا و پێ‌ دەڵێت ئەمە دەناسیتەوە؟ ئەویش لە وەڵامدا دەڵێت: بەڵی من ئەمم بە خۆڕاگر و جوامێر ناسیوە، نەفرەتی لێ‌ بێت ئەگەر ئەوەی كوشتوێتی لەم باشتر بێت.

دەوترێت پیلانی كوشتنی عەبدولعەزیز بە فەرمانی سولیمانی كوڕی عەبدولمەلیك بوە، بەپێێ‌ هەندێك سەرچاوە ڕوداوی تیرۆركردنی ناوبراو لە ساڵی (97ك) بوە، بەڵام هەندێك سەرچاوەی دیكە دەڵێن ساڵی (98ك) بوە، دوای ئەمیش (ایوب بن حبیب اللخمی) بوە بەوالی ئەندەلوس.

سەربڕینی قەنبەر

قەنبەر یەكێك بوە لەهاوەڵە دیار و نزیكەكانی ئیمامی عەلی، مانەوەی لەگەڵ عەلی ماوەیەكی زۆری خایاندوە، دوای ئەوەی دەسەڵات دەكەوێتە دەستی ئەمەوییەكان، ژمارەیەك لەیار و یاوەرانی ئیمامی عەلی لە سەر دەستی خەلیفە و والی و فەرماندەكانی دەوڵەتی بەنو ئومەیەوە كەوتنە بەر شاڵاوی كوشتن و ڕاوەدونان و سوكایەتی پێكردن،.

پاش ئەوەش حەجاج بەتەواوەتی لەعێراقدا دەبێتە باڵا دەست و لەڕێگای پەیڕەوكردنی سیاسەتی ئاگر و ئاسن و سوتاندنی تەڕ و وشك پێكەوە، چەندین قەسابخانە و كوشتاری جۆراوجۆری ئەنجامدا و خەڵكێكی زۆر بونە قوربانی ئەو سیاسەتە كوێرو شەڕانگێزانەی ناوبراو، چ ئەوانەی پێش حەجاج و چ خودی حەجاجیش بۆ پاراستنی بەرژەوەندی خۆی و خەلیفەكانیان تەنانەت دەستیان لە كوشتنی هاوەڵانی پێغەمبەر (د.خ) و شوێنكەوتوان نەدەپاراست.

زۆر زانا و كەسایەتی دیاری ئایینی و كۆمەڵایەتیان بێ‌ هیچ گوناە و تاوانێك دەكوژران، دەگێڕنەوە جارێكیان حەجاج بە جەلادەكانی دەڵێت: ئارەزو دەكەم یەكێك لەهەوادارانی باوكی توراب بكوژم، دیارە مەبەستی ئیمامی عەلییە كە ئەوان بە باوكی توراب ناوزەدیان دەكرد، ئەوانیش دەڵێن كەسێك ناناسین هێندەی (قەنبەر) هاوەڵ و هاوڕێی ئیمامی عەلی بوبێت، ئەویش یەكسەر داوا دەكات بۆی بهێنن، كاتێكیش هێنایانە بەر دەستی حەجاج پێ دەڵێت: تۆ قەنبەری؟، ئەویش دەڵێت: بەڵێ‌، حەجاج دەڵێت: باشە داوات لێی دەكەم لەئایینی عەلی پاشگەزببیتەوە، ئەویش  وەڵامی حەجاج دەداتەوە و پێ دەڵێت: ئایا تۆ ئاینێكی ترم پیشان دەدەیت لە ئاینەكەی ئەو باشتر بێت؟ حەجاجیش وەك پەرچەكدارییەك بۆ  وەڵامەكەی قەنبەر پێی دەڵێت دەتكوژم، ئارەزو دەكەیت چۆن بتكوژم، قەنبەر وەڵامی دەداتەوە و دەڵێت: كاتی خۆی ئیمامی باوەڕداران پێی وتوم بەناهەقی سەرت دەبڕن، بۆیە یەكسەر حەجاج فەرمانیكرد وەك بەرخ سەری ببڕن.

ناوەڕۆكی ئەم بەسەرهاتە چەندین  وێنەی تراژیدیایی تێدایە، كە هەمویان ئاماژەن بۆ بیری شەڕانگێزی و ڕێبازی توندوتیژی و نادادی لای حەجاج و هاوشێوەكانی، ئەگینا گوناهی قەنبەر چییە وەكو بەرخ سەرببڕدرێت و بكوژرێت.

سەربڕینی یەزیدی كوڕی ئەلموهەلەب

ناوی تەواوی بریتییە لە(يزيد بن المهلب بن سراق بن صحيح بن كندة بن عمرو بن وائل بن الحارب) دیارە سەرەتا ناوبراو خاوەنی پێگە و كەسایەتییەكی دیار بوە، بەتایبەتی لەعێراقدا تا دەهات قورسایی و كاریگەری زیاتر دەبو، كاتێك هەستی بەبونی خۆی كرد یەكسەر لەدژی ئەمەوییەكان هەڵگەڕایەوە.

جوڵانەوەكەی لەساڵی (101ك دەستپێدەكات و تا ساڵی (102ك) درێژە دەكێشێ‌، لەم ماوەیەدا توانی بەسرە و چەندین ناوچەی تری عێراق و ئەلئەهواز و خۆراسان بخاتە ژێر ڕكێفی خۆیەوە، ئەمەش بەتەواوەتی دەوڵەتی ئەمەوی ناڕەحەت و نیگەرانكرد، بۆیە بەفەرماندەیی (مسلمە بن عبدالملك) سوپایەكی (120) هەزاركەسی بەڕێی خرا  بەرەو عێراق بەئامانجی دامركاندنەوەی هەڵگەڕاندنەوەكەی یەزید، كاتێكیش شەڕ لەنێوان هەردو سوپادا بەرپابو، لەهەنگاوی یەكەمدا باڵانسی شەڕ بەقازانجی یەزید دا درێژەی كێشا، كەچی دواتر عێراقییەكان وەك پیشەی هەمیشەییان بەشێكیان پشتی یەزیدیان بەردا و لە گۆڕەپانی جەنگ هەڵهاتن، ئەمەشیان زەمینەی ڕەخساند بۆ دواجار سوپاكەی شام سەركەوتن مسۆگەر بكات، سەرەڕای بەرگرییەكانی سەرئەنجام یەزیدی كوڕی ئەلموهەلەب لەمەیدانی شەڕدا دەكوژرێت، پاشان سەری دەبڕن و كەللە سەرەكەی دەبەنەوە بۆ شام بۆ بەردەستی خەلیفە.

بۆ ئێمە گرنگ نییە كێ‌ لەسەر ڕێگای ڕاست بوە، گریمان لەم شەڕەدا هەق لای دەوڵەتی ئەمەوییە، ئێ‌ خۆ بەكوشتنی ڕابەری شۆڕشەكە و كۆتایهاتن بەجوڵانەوەكە، ئیتر دەبێت توندوتیژی و دڵڕەقی دابمركێتەوە، نەك بەمردوێتی ڕابەری شۆڕشەكە سەرببڕن و كەللە سەرەكەی ببنەوە بۆ شام، ئەی دەبێتە بەهای فەرمودەكانی پەیامبەری ئیسلام لە كوێ‌ بێت، كاتێك بەهەم و شێوەیەك شێواندنی جەستەی مرد و و كوژراوانی جەنگی قەدەغە كردوە، بۆیە ئەوە موسوڵمانان و لەپێش هەمویانەوە خودی خەلیفە و فەرماندەكانی دەوڵەتی ئیسلامییە، بۆ گەیشتن بەمەرامەكانیان هەمو بەها و فەرمودەكانی پەیامبەریان پێشێلكردوە، یان ئامادەنەبون كاری پێ‌ بكەن و وەك دەستوری ژیان پەیڕەوی بكەن.

دیاردەی سەربڕین لەمێژوی ئیسلامیدا 
سەربڕین لەسەردەمی خەلافەتی ئەمەوی دا – بەشی یەكەم

 

دیاردەی سەربڕین لەمێژوی ئیسلامیدا 
سەربڕین لەسەردەمی خەلافەتی ئەمەوی دا – بەشی دوەم

سەرچاوە/ كتێبی دیاردەی سەربڕین لەمێژوی ئیسلامیدا/ نوسینی حەسەن بارام

نوێترین

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure