لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/ عربي/ English

ئەلبێرت ئاینشتاین: زانایەکی موجیزە(بەشی دووەم و کۆتایی)

19/04/2019


شێرکۆ ڕەشید قادر

 

تیوری نسبی گشتی
ئاینشتاین ویستی تیوری نسبیەتی تایبەتییەکەی فراوان بکات و سیمایەکی گەردونی لە خۆبگرێت، هەر بۆیەش لای وی زۆر گرنگ بو کە هێزی ڕاکێشان، یان کێشکردن پێگەیەکی بەرچاوی هەبێت لە تیورییەکەدا، بەلام ئەمە پێوستی بە کاتێکی زۆر یان ساڵانێک بو بۆ ئەوەی ئەم کارە ئەنجام بدات. تیوری نسبی تایبەت بۆیە پێێ دەگوترێت تایبەت چونکە تایبەتە بەو تەنانەی بە کە بە خێراییەکی نەگۆڕ دەجوڵێن، بەڵام بۆ ئەو تەنانەی کە خێراییەکەیان یان ئاڕاستەکەیان لە گۆڕاندایە بە هۆی هێزی کێشکردنەوە ئەم تیورییە گونجاو نییە. سەرەنجام ئاینشتاین لە ساڵی ١٩١٥، واتە دوای دە ساڵ ماندوبون و کارکردن، تیوری نسبی گشتی پێشکەشکرد.

ئاینشتاین، لەم تیورییە نوێیەدا، بۆ یەکەمجار، دوای سێسەد ساڵ، هەر لە ڕۆژگاری نیوتنەوە هەتا سەرەتای سەدەی بیستەم، تەحەدای هەمو فیزیکی کلاسیک و باڵادەست یان فەرمانڕەوای کرد و ئەوەی خستەڕو کە کێشکردن هێز نییە، بەڵکو شێواندنێکە لە فەزا – زەمەندا، بە هۆی حزوری مادەوە دروستبوە. لای ئاینشتاین، مەبەست لە فەزا – زەمەن بریتیە لە فەزا و زەمەن، کە ئێمە وەک دو شتی جیاواز سەیریان دەکەین، بەڵام لای وی لە هەقیقەتدا دیاردەیەکی چوار رەهەندی دروست دەکەن. سیان لەم ڕەهەندانە، کە فەزا دروست دەکەن، بریتیین لە درێژی، پانی و بەرزی، چوارەمیش زەمەنە، هەر بۆیەش دەگوترێت فەزا – زەمەن. بە پێێ تیوری نسبی گشتی تەنەکان، کە بارستاییان هەیە، لە فەزا – زەمەندا، شێواندن یان چەمانەوە دەخوڵقێنن، خۆ ئەگەر هەتا بارستایی تەنەکە گەورەتربێت، ئەوا شیواندنەکە یاخود چەمانەوەکە گەورەتر دەبێت. لای ئاینشتاین هەسارەکان بە دەوری خۆردا دەسوڕێنەوە، هۆکەی ئەوە نییە کە هێزێک پاڵیان پێوەدەنێت، بەڵکو لەبەر ئەوەی خۆر فەزا – زەمەنێکی چەماوەی هەیە و دەبێت بە هۆی ئەوەی کە هەسارەکانیش لە فەزادا و لە سوڕانەوەیاندا ملکەچی هێڵێکی چەماوەی هێلکەیی بن.

لای زۆربەی خەڵک ئەزمکردنی ئەم تیورییەی ئاینشتاین شتێکی مەحاڵ بو، یان بە واتایەکی تر بڵێین زەحمەت بو کە وێنابکرێت. ئەوانەش کە لە سەرەتادا لێی تێگەیشتن وەک تیورییەکی ناقۆڵا ڕەتیان کردەوە. بەمجۆرە ئاینشتاین پێوستی بە سەلمانادنی فیزیکی بو بۆ ئەوەی خەڵک باوەڕ بە تیورییەکەی بکەن و پێێ قایل بن. ئاینشتاین گوتی هەمو شتێک دەچێتە ژێر کاریگەری ئەم شێواندنەوە، تەنانەت روناکیش. خۆ ئەگەر بتوانێت ئەوە بسەلمێنێت کە ئەگەر ڕوناکی لە ئەستێرەیەکەوە بێت و بە بەردەم خۆردا گوزەربکات، یەکێکیش لەسەر عەردەوە سەیری بکات و ببینێت کە ئەم ڕوناکییە کە لە ئەستێرەکەوە دێت و بە بەردەمی خۆردا تێپەردەبێت ئەوا دەچەمێتەوە. ئاینشتاین چاوەڕوان بو بەڵام دوای چەند ساڵێک سەلماندنی ئەم تیورییە گەورەیە دەرکەوت.

 

زانای گەورەی ئنگلیزی، ئارتەر ئێدینتۆن[1]، مەبەستی بو ئەم تیورییە تاقی بکاتەوە و بە چاوانی خۆی چەمانەوەی ئەو ڕوناکییە ببینێت و تۆمار بکات کە لە ئەستێرەیەکەوە دێت و بە بەردەم خۆردا گوزەردەکات. دەکرێت ئەستێرە لە ڕۆژدا ببینرێت، بەڵام تەنها کات کە دەکرێت ئەم دیاردە گرنگە تۆماربکرێت کاتی خۆرگیرانە. لە ٢٩ ی مانگی مایسی ١٩١٩ دا ئێدینتن، بە خۆی و تیمێکەوە گەیشتە وڵاتی گوینا لە ڕۆژئاوای ئەفریقا بۆ ئەوەی لە خۆرگیرانەکە بڕوانێت و داتاکانی خۆی تۆمار بکات. لە مانگی نۆڤەمبەری هەمان ساڵدا کۆمەڵەی شاهانە بۆ ئەسترۆنۆمی دەرەنجامی گەشتەکەی ئەدینتنی بە وێنەوە چاپکرد و بڵاوکردەوە. تیمەکە جەختیان لەوە کرد کە کاتێک ڕوناکی ئەستێرەیەک بە لای خۆردا گوزەردەکات ئەوا لە مەوقیعی ڕاستە هێڵی خۆی لادەدات و سیمایەکی چەماوەیی وەردەگرێت، هەر بەو جۆرەی کە ئاینشتاین پێشبینی کردبو.

بەناوبانگترین زانا لە دونیادا
لە ماوەیەکی زۆر کورتدا، ئەوەی ئەدینتن ئەنجامیدا و ئەو ئەنجامەی دەستەبەری کرد، ئاینشتاینی کرد بە بەناوبانگترین زانا لە دونیادا. بە سەدان نامەی لە هەمو گۆشەیەکی دونیاوە پێگەیشت، رۆژنامەکان دەیان بابەتیان لەسەر ژیانی ئاینشتاین و تیوری نسبی بڵاوکردەوە، لە هەمو لایەکی جیهانەوە بانگێشت کرا بۆ ئەوەی موحازەرە پێشکەش بکات.ئاینشتاین بەم شتانە بێتاقەت بو، هەستیکرد ئەم هەمو بانگەشەیە بوە بە مایەی شەرم لە نێو خەڵکدا. سەرباری ئەمانە هەموی ئاینشتاین لە کارکردن و توێژینەوە بەردەوام بو. پرۆژەی ئایندەی بریتی بو لە هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی پەیوەندی نێوان ئەلکترۆموگناتیزم و هێزی کێشکردن، ئەمە سەرەتا و هەنگاوی یەکەم بو، کە دوایی خۆی لە پلانێکی مەزندا بەرجەستە بو، کە بریتی بو لە هەوڵدان و کارکردن بۆ دۆزینەوەی ”تیوری کایەی یەکانگیری” یان سەراپایی، کە ئەمەش تیورییەک بو ئامانجەکەی بریتی بو لە تەفسیکردنی ئەو یاسایانەی کە حوکمی هەمو شتێک دەکەن لە گەردوندا، هەر لە تەنۆلکەی ژێر  ئەتۆمییەوە هەتا دەگاتە ئەستێرە و هەسارەکان.

 

ئاینشتاین هەتا دوا ساڵانی ژیانی، سەرقاڵی ئەم خواست و ئاواتە بو، بەڵام ئاکامەکەی نوشوستی بو. فیزیکی نوێ، کە خۆی لە کوانتەمدا دەبینییەوە و ئاینشتاین خۆی یەکێک بو لەو کەسانەی کە ڕۆلێ هەبو لە بنیاتنان و پەرەسەندنیدا، ئەوەی خستەڕو کە پرینسیپی نایەقینی حوکمی تەنکۆلکە ژێر- ئەتۆمییەکان دەکەن. بە پێێ پرینسیپی نایەقینی، ماتماتیک، تەنها بە شێوەیەکی ئیحتیمالی دەتوانێت پێشبینی پێگە و مەوقیعی تەنۆلکەیەکمان بۆ بکات، نە بە تەواوی و نە سەد لە سەد. ئاینشتاین، بە زۆر لایەنی تیوری کوانتەم ڕازیبو، بەڵام هەرگیز پرینسیپی نایەقینی پێ ئەزم نەکرا و نەیتوانی قبوڵی بکات، یاخود هەرگیز بەوە قایل نەبو کە تیوری ئحتمالیەت بەکار بهێنرێت بۆ حلکردنی گرفت و پرسە فیزیکییەکان، هەروەک چۆن گوتی.” خودا لە پرسی گەردوندا یاری بە زار ناکات.”

کاتێک ئاینشتاین لە ساڵی ١٩٢٩ دا فۆرمی یەکەمی تیوری کایەی یەکانگیری بڵاوکردەوە، میدیا بە چاوێکی بایەخەوە سەیریان کرد، بەڵام زانایان بە چاوی ڕەخنەوە خوێندیانەوە. بانگەشەی ئەوەیان کرد کە ئاینشتاین بە ئاڕاستەیەکی هەڵەدا هەنگاو هەڵدەگرێت، هیوادارن تواناکانی خۆی تەرخان بکات بۆ یارمەتیدان و پێشکەوتنی تیوری کوانتەم.لە دوای ١٩٢٠ وە، ئاینشتاین زیاتر چوە بواری سیاسەت و ساڵ لە دوی ساڵ رۆڵی لەم کایەیە و پرسە سیاسییەکاندا فراوان بو. بە درێژایی ژیانی کەسێکی ئاشتیخواز بو، زۆر چالاکانە بۆ ئاشتی جیهان تێدەکۆشا، هەر بۆ ئەم مەبەستە گەشتی بە وڵاتاندا دەکرد و لەگەڵ زانایانی گەورەی دونیادا نامەگۆڕینەوەی دەکرد، لەگەڵ دەرونشیکاری گەورە، سیگمۆند فرۆید چەندەها نامەیان بۆ یەکتر نوسی، لەگەڵ شاعیری گەورەی هیند، تاگور، ئاڵوگۆڕی بیروڕایان دەکرد. لە ساڵی ١٩٣٣ دا لە پەیمانگای توێنژینەوە پێشکەوتوکانی پرینستن، وڵاتە یەکگتوەکانی ئەمەریکا، کە تازە بنیاتنرابو ، پۆستێکی قبوڵکرد. کاتێک لە ساڵی ١٩٥٠ دا، دوبارە، فۆرمێکی نوێی تیوری کایەی یەکانگیری بڵاوکردەوە، دیسانەوە ڕوبەڕوی ڕەخنەی زیاتر بوەوە. ئیتر لێرە بە دواوە، هێدی هێدی زۆربەی فیزیکناسانی تیوریستی جیهان کارە زانستییەکانی ئاینشتانیان فەرامۆش دەکرد و حسابێکی ئەوتۆیان بۆ نەدەکرد.

ئاینشتاین لە ساڵی ١٩٥٥ دا و لە تەمەنی ٧٦ ساڵیدا مرد.لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا، ئاینشتاین وەک یەکێک لە زانا هەرە گەورەکانی مێژوو یاد دەکرێتەوە. تیورییەکانی، کە لەسەرەتای چەرخی بیستەمدا گەشەیان کرد، توانیان تێگەیشتن و دیدی مرۆڤ لە هەمبەر یاساکانی گەردون بگۆڕن. لە باری هەم ڕامان و هەم تاقیکردنەوەوە چەندین جار سەلمێنروان کە ڕاستن. هەرچەندە کاتێک کە تیوری گشتی بڵاوبوەوە، ئاینشتاین باوەڕی وابو کە گەردون لە فۆرمێکی ستاتیک یان نەگۆڕدایە، بەڵام سەیر لەوەدایە کە تیوری نسبی گشتی ئەوەی دەرخست کە گەردون لە پرۆسەی کشاندایە، ئەم دیاردەیە لە لایەن فەلەکناسی گەورە، ”ئەدوین هەبڵ” وە لە ساڵی ١٩٢٩ دا سەلمێنرا. هاوکێشە هەرە بەناوبانگەکەی ئاینشتاین کە دەڵێت E = MC2 چوە بواری پراکتیکییەوە و بو بە هۆی دروستکردنی وزەی ناوەکی و بۆمبای هایایدرۆجینی لێکەوتەوە کە بە تەواوی بۆ مرۆڤایەتی چەکێکی شەڕانگیزی روخێنەر بو، ماڵوێرانی بە دوادا هات و هەزاران مرۆڤی سادەی بەرەو مەرگێکی ترسناک ڕاپێچکرد.

 

کاریگەری فۆتۆکارەبایی
کاتێک تیشکی ڕوناکی دەدات بە تەبەقێکی کانزاییدا، پێگە و مەوقیعی ئەلیکترۆنەکان تێکدەچێت و لە ئەتۆمەکەیان دەترازێن. زانایان دەرکیان بەم دیاردەی کاریگەری فۆتۆکارەباییە کردبو، بەڵام نەیاندەزانی هۆکارەکەی چییە. ئاینشتاین هات و سودی لەو پێشکەوتنەی تیوری کوانتەم وەرگرت بۆ ئەوەی پرسەکە حل بکات. کوانتەم ئەوەی خستەڕو کە ئەو وزەیەی لە مادە تیشکدەرەکانەوە پەخش دەبن لە فۆرمێکدان کە بە کوانتا ناودەبرێت. ئاینشتاین پێشنیازی ئەوەی کرد ڕوناکی هەمان خاسیەت و هەمان فۆرم لەخۆدەگرێت و بە هەمان شێوە رەفتاردەکات. لای ئاینشتاین تیشکی ڕوناکی بریتییە لە ڕستێک تەنۆلکەی وزەیی کە فۆتۆنن. فۆتۆنەکان، ئەگەر ئەوەندە وزەیان تێدابێت، ئەوا دەتوانن ئەلیکترۆن لە ئەتۆمەکەی جیابکەنەوە. لە ساڵی ١٩١٣ تاقیکردنەوە سەلماندی کە ئاینشتاین ڕاست بو.

ــــــــــــــــــــ
سەرچاوە:
هەرچەندە بە شێوەیەکی سەرەکی لەم سەرچاوەیەوە وەرگیراوە، بەڵام زۆر دەستکاری کراوە لە لایەن خۆمەوە.
Farndon, John The Great Scientists: From Euclid to Stephen Hawking, (2005) (Kindle Edition). Arcturus Publishing.
پەراوێز
[1] لە راستیدا لۆرد ئەدینتن یەکێک بو لەو سێ زانایەی لە سەرەتادا لە تیۆری نسبیەتی ئاینشتاین گەیشتبو، تەواو قەناعەتی پێ هێنابو، تەنانەت جارێک ڕۆژنامەنوسێک لێی پرسی کە ” ئایا راستە تەنها تۆ و دو کەسی تر لە دونیادا لە نسبیەت گەیشتون؟” ئەدینتن، هەڵوێستەیەکی بۆ کرد و کابرای رۆژنامەنوس لێێ پرسییەوە، ” بیر لە چی دەکەیتەوە؟” لە وەڵامدا گوتی، ” وەڵڵا بیر لەوە دەکەمەوە کە دەبێت کەسی سێێەم کێ بێت.” ئەدینتن تاکە زانای بەریتانی بو کە ناراستەوخۆ پەیوەندی هەبو بە فەلەکناسانی ئەڵمانییەوە. ئەم کابرایە کاراکتەرێکی زۆر عینادبو لە ژیانیدا، لە ساڵی ١٩١٦ دا، بە ئاشکرا گوتی من ئامادە نیم بچم بۆ شەر، هەرچەندە کۆمەڵەی شاهانە کارێکیان بۆ کرد کە نەچێت بۆ شەڕ، چونکە دەتوانێت لە دەرەوەی جەنگ خزمەتی زیاتر بە زانست بگەێنێت، کاتێک وەزارەتی بەرگری لە خزمەتی سەبازی بەخشی، هات و گوتی ئەگەر نەشم بەخشن ئەوا هەر ناچم بۆ جەنگ، چونکە ئیمانم بە جەنگ نییە. لەسەر ئەمە خەریک بو ڕوبەڕوی لێپێچینەوە ببێت. لە مانگی مایسی ١٩١٩ هەتا تشرینی یەکەمی هەمان ساڵ سەرقاڵی سەلماندنی ئەم تیورییە بو. دوایی کە تیورییەکەی سەلماند، کچێک کە لەگەڵ ئاینشتایندا کاری دەکرد، لە ئاینشتاینی پرسی ،” هەستت چۆن دەبو ئەگەر تاقیکردنەوەکانی ئەدینتن تیورییەکەی تۆیان نەسەلماندایە؟” لە وەڵامدا گوتی، ” بە داخەوە ئەوە کێشەی من نییە، چونکە تیورییەکەی من هەر ڕاستە.”

نوێترین

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure