لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/ عربي/ English

سكيزۆفرينيا و ئايين

01/07/2019


ئامادەكردنى: ديارى سابير

سكيزۆفرينيا (شيزۆفرينيا) نەخۆشييەكى درێژخايەنى دەرونييە, كە %١ى دانيشتووانى ئەمەريكا لەگەڵ ئەم نەخۆشييەدا دەژين. كاتێك سكيزۆفرينيا چالاكە, كەسى تووشبوو  ناتوانێت ئەزموونە ڕاستى و ناڕاستييەكان لێك جوودا بكاتەوە. نەخۆشييەكە تێكچوونى ڕەفتارى, سۆزدارى و بيركردنەوەيى لەخۆدەگرێت. بيركردنەوە تێيدا ناڕێكخراوە و بيرۆكەكان پەيوەندى لۆژيكى لە نێوانياندا نييە و, لە لايەنى سۆزدارييەوە هەندێكجار دەربڕينى نەگونجاو ڕوودەدات ياخود هيچ دەربڕينێكى سۆزدارى لە ئارادا نييە. ڕواڵەتيان دەكرێت شێواو دەربكەوێت و جلوبەرگ و ڕوخسارييان پاك نەبێت. ئەو كەسانەى سكيزۆفرينيايان هەيە لە خەڵكى و واقيعى ڕۆژانەيان دووردەكەونەوە و دەكەونە ژيانێكى نامۆ لە وەهم و هەڵوەسە. نيشانەكانى سكيزۆفرينيا زۆربەى لايەنەكانى ژيانى كەسەكە داگيردەكات, كە دابەشدەكرێت بەسەر نيشانە ئەرێنييەكان, نيشانە نەرێنييەكان و نيشانەكانى ناڕێكخراوى.

نيشانە ئەرێنييەكان پێكهاتوون لە وەهم و هەڵوەسە. وەهم ئەو بيروباوەڕانەن كە سەرەڕاى پێچەوانەييان لەگەڵ واقيع كەسى سكيزۆفرينيك بە توندى دەستيان پێوەدەگرێت, كە بە چەند فۆڕمێك دەردەكەون:

- Grandiose delusion: هەستێكى پڕ لە زيادەڕۆيى دەربارەى گرنگى, هێز, مەعريفە يان, شوناسى خود. بۆ نمونە, ژنێكى سكيزۆفرينيك دەكرێت بڕواى وابێت دەتوانێت دەتوانێت تەنها بە جوڵاندنى دەستى ئاڕاستەى با بگۆڕێت.
- Ideas of reference: ڕووداوى ناگرنگ دەخاتە نێو چوارچێوەيەكى وەهمى و گرنگى كەسى لە چالاكييە كەمبايەخەكانى كەسانى ديكەدا دەخوێنێتەوە. بۆ نمونە, ئەو كەسانەى ئەم نيشانەيان هەيە لەوانەيە وابيربكەنەوە كە ئەوەى لە بەشێكى گفتوگۆييەكەوە گوێيان لێدەبێت دەربارەى ئەوانە. ياخود لەو شەقامەى پێيدا دەڕۆن گەر كەسێك بەردەوام ببينن ئەوا ماناى ئەوەيە ئەم كەسە چاودێريياندەكات. ئەوەى لە تەلەفيزيۆن دەيبنن يان لە گۆڤارەكاندا دەيخوێننەوە واى لێكدەدەنەوە كە بە شێوەيەك ئاماژەى تێدايە بۆ ئەوان.
- thought insertion: كەسى سكيزۆفرينيك لەوانەيە باوەڕى وابێت بيرەكانى هى خۆى نين و سەرچاوەيەكى دەرەكى لە مێشكيدا دايانناوە. بۆ نمونە, ژنێكى سكيزۆفرينيك دەكرێت باوەڕى وابێت حكومەت پارچەيەكى كۆمپيوتەرييان خستۆتە نێو مێشكييەوە تا بتوانن بير بخەنە مێشكييەوە.
- thought broadcasting: كەسى سكيزۆفرينيك دەكرێت باوەڕى وابێت كە بيرەكانى دەگوازرێنەوە و پەخشدەبن تا كەسانى تر بزانن بير لە چى دەكاتەوە. بۆ نمونە, كەسى سكيزۆفرينيك كاتێك بە ڕێيەكدا دەڕوات و كەسێك دەبينێت پێيوايە ئەم كەسە دەتوانێت گوێى لێبێت كە ئەم بير لە چى دەكاتەوە.
- Persecutory delusions: بڕواى وايە زۆربەى خەڵكى ئەويان خۆشناوێت بۆيە پيلان لە دژى دەگێڕن و سيخورى لەسەر دەكەن. بۆ نمونە, كەسى سكيزۆفرينيك كاتێك دەچێتە ژوورێكەوە بە دواى ئامێرى گوێلێگرتندا دەگەڕێت بە وردى و, كاتێك كەسێكى نوێ دەناسێت پرسيارگەلێكى زۆرى لێدەكات تا بزانێت ئايا ئەو كەسەش پيلان لە دژى دەگێڕێت.
- كەسى سكيزۆفرينيك دەكرێت بڕواى وابێت هێزێكى دەرەكى كۆنترۆڵى هەست و ڕەفتارەكانى دەكات. بۆ نمونە بڕواى وايە سيگناڵى تاوەرى مۆبايلەكان كۆنترۆڵى هەست و ڕەفتارى دەكەن.

هەڵوەسە و تێكچوونەكانى ترى پەيبردن
ئەوانەى سكيزۆفرينيايان هەيە زۆربەى جار باس لەوە دەكەن كە دونيا بە جۆرێك جياواز ياخود ناڕاستييە بۆ ئەوان. بەرچاوترين تێكچوونەكانى پەيبردن هەڵوەسەيە: ئەزموونى هەستى لە نەبوونى وروژێنەرى پەيوەنديدار لە ژينگەوە. %٧٤ى نەخۆشى سكيزۆفرينيك ڕيپۆرتى هەبوونى هەڵوەسەى دەنگييان كردووە, واتە هەڵوەسەى دەنگى زياترە لە وێنەيى. هەندێك لە نەخۆشانى سكيزۆفرينيك باس لە گوێلێبوون لە بيرەكانى خۆيان دەكەن بە دەنگى كەسێكى تر. هەندێكى تريان دەڵێن گوێيان لە دەنگە كە مژار دەكەن و, هەندێكى تريان گوێيان لە دەنگگەلێكە كە لێدوان لەسەر ڕەفتارييان دەدات. بۆ زۆربەيان هەڵوەسە ئەزموونێكى بێزاركەر و ترسێنەرە.

نيشانە نەرێنييەكان
 - Avolition: نەمانى پاڵنەر و نەبوونى گرنگى ياخود نەتوانين لە بەردەوامى دان چالاكييە ڕۆتينييەكان, وەك چوون بۆ خوێندنگە يان كار, گرنگى نەدان بە ئارەزووەكان يان چالاكييە كۆمەڵايەتييەكان.
- Asociality: تێكچوونى توند لە پەيوەندييە كۆمەڵايەتييەكاندا. كەمبوونەوەى گرنگيدان بە پەيوەندى كۆمەڵايەتى بۆ ئاستێكى زۆر نزم, نەمانى ويست بۆ پەيوەندى نزيك لەگەڵ خێزان, هاوڕێ يان پەيوەندييە ڕۆمانسييەكان.
- Anhedonia: گرنگينەدان و كەمببونەوەى ئەزموونكردنى چێژ, هەم چێژى كاتى ئەنجامدان و هەم چێژى چاوەڕنكراو لە ڕووداوەكانى داهاتوو.
- Blunted Affect: نەمانى دەربڕينى سۆزەكان, لە ڕێى جوڵەى ڕووخسارى, تۆنى دەنگ و قسەكردن. لە تۆژينەوەيەكدا ئەم نيشانەيە %٦٦ى سامپڵێكى گەورەى نەخۆشانى سكيزۆفرينيادا دۆزرايەوە.
- Alogia: كەمبوونەوەيەكى بەرچاو لە ڕێژەى قسەكردن. وەڵامدانەوەى پرسيار بە چەند وشەيەك و نەدانى وردەكارى.

نيشانەكانى ناڕێكخراوى
 ئەم نيشانانە گوتارى ناڕێكخراو و ڕەفتارى ناڕێكخراو لەخۆدەگرێت.
- گوتارى ناڕێكخراو: ئاماژەيە بۆ كێشەگەلێك لە رێكخستنى بيرۆكەكان و قسەكردن بە شێوازێك كەسى گوێگر بتوانێت تێبگات.
- ڕەفتارى ناڕێكخراو: بە زۆر فۆڕم دەردەكەوێت. ئەو كەسانەى ئەم نيشانەيان هەيە دەچنە نۆرەى پەشۆكان, لەبەركردنى جلى نائاسايى, ڕەفتارى منداڵانە, كۆكردنەوەى خواردن ياخود خاشاك. وا دەردەكەون كە تواناى ڕێكخستنى ڕەفتارەكانيان, بە شێوازێكى پەسەندكراو لە لايەن كۆمەڵگەوە, لە دەستبدەن.

پراكتيزەكردنى ئايين و ئاييندارى لە نێو نەخۆشانى سكيزۆفرينيك
 تۆژينەوەكان هەڵسەنگاندنيان كردووە بۆ كردارە ئايينييەكان لە نێو نەخۆشانى سكيزۆفرينيك. تۆژينەوەيەك لە سويسرا پێشنيارى ئەوەى كردووە كە يەك لەسەر سێى نەخۆشانى سكيزۆفرينيك بەشدارييەكى زۆرييان لە كۆمەڵەيەكى ئايينى هەيە. تۆژينەوەيەكى تر لە هەمان وڵات هەمان دەرەنجامى بەدەستكەوت, وە ڕيپۆرتى ئەوەى كرد كە يەك لەسەر سێى ترى نەخۆشەكان ڕۆحانييەتيان بە بەشێكى گرنگ لە ژيانيان داناوە و ڕۆژانە چالاكيى ڕۆحانييان ئەنجامداوە بەبێ بەشداريكردن لە كۆمەڵەيەكى ئايينى. لە تۆژينەوەيكدا دەركەوت %٩١ى نەخۆشەكان بەشدارى چالاكى ئايينى و ڕۆحانييان كردووە و چێژيان لێبينيووە. هەندێك تۆژينەوە كە بەراوردى نێوان نەخۆشانى سكيزۆفرينيك و دانيشتوانى گشتى تێدا كراوە دەركەوتووە لە نێو نەخۆشانى سكيزۆفرينيك كردارى ئايينيانە زياترە, وەلێ هەندێك تۆژينەوە پێچەوانەى ئەمە ڕيپۆرت دەكەن.

ئايين و سايكۆپاتۆلۆجى١
 لە نێو لايەنە هەمە چەشنەكانى ئايين و ڕۆحانييەت, كاريگەرييان لەسەر سايكۆپاتۆلۆجى يەكێكە لە هەرە ناوچە پێداگەڕاوەكانى تۆژينەوە. بە فراوانى بدوێين, وەهم و هەڵوەسە كە سروشتێكى ئايينيان هەيە دابەشكراون بەسەر ئەوانەى بابەتى ئايينى و سەرووسروشتى لەخۆدەگرن. وەهم و هەڵوەسە ئايينييەكان سەرچاوەى سەرەكييان بابەتە ڕێكخراوە ئايينييەكانە (نمونە: نوێژ, گوناهـ, كۆنترۆڵكران لە لايەن يەكەيەكى سەرووسروشتى) يان كەسايەتييە ئايينييەكان (نمونە: خودا, پێغەمبەر, شەيتان, عيسا). وەهم و هەڵوەسە سەرووسروشتييەكان زياتر سەرچاوەيان ميستيسيزمە٢ (نمونە: جادووى ڕەش, ڕۆحەكان, جنۆكە, سيحر لێكران, خێو, هێزە سەرووسروشتييەكان , جادوو و بوكەڵەى ڤوودوو٣). وەلێ لە نوسينە بڵاوكراوەكاندا هەردووكى بە وەهمى ئايينى ئاماژەيان بۆ دەكرێت. ئەو تۆژينەوانەى لە نێو نەخۆشانى سكيزۆفرينيك لە نێو نەخۆشخانەكاندا, ئەنجامدراوە پێشنيارى ئەوە دەكەن كە ڕێژەى بەربڵاوى وەهم و هەڵوەسەى ئايينى لە وڵاتێكەوە بۆ وڵاتێكى دى جياوازە و لە نێوان %٦ يۆ %٦٦.٣دايە. لەم تۆژينەوەدا دەركەوتووە وەهمى ئايينى لە ئەڵمانيا بەربڵاوترە بە بەراوورد بە يابان.

لەو تۆژينەوانەدا كە هەڵسەنگاندن بۆ بابەتى هەچەشنىيى وەهمە ئايينييەكان كراوە دەركەوتووە وەهمى بەد ڕەفتار٤ (لە لايەن هێزێكى ڕۆحى شەڕانگێزەوە), كاريگەرى (كۆنترۆڵكران لە لايەن يەكەيەكى ڕۆحى), خود پێ گرنگى (وەهمى گرانديۆيس) لە بەربڵاوەكانن. تۆژينەوەكان هەروەها پێشنيارى ئەوە دەكەن وەهمە ئايينييەكان زياتر لە جۆرەكانى ديكە بە قەناعەتەوە دەستيان پێوە دەگيرێت و تەشەنەدەكەن. داتاكان ئەوە پيشاندەدەن كە ئەو نەخۆشانەى وەهمى ئايينى و ڕۆحانييان هەيە لەگەڵ ئەوانەى كە نييانە هەمان بەها دەدەنە پاڵ ئايين, وەلێ ئەو نەخۆشانەى وەهمى ئايينيان هەيە ڕيپۆرتى ئەوە دەكە كە پاڵپشتى كەمتر وەردەگرن لە كۆمەڵە ئايينييەكانەوە.

تۆژينەوەكان دەربارەى هەڵسەنگاندنى ئايين لە چوارچێوەى سايكۆپاتۆلۆجى پيشانى دەدەن كە نەخۆشە مەسيحييەكان وەهمى ئايينييان زياترە, بە تايبەتى وەهمى  هەستكردن بە تاوان و گوناهـ, بە بەراوورد بە ئايينەكانى ديكە. تۆژينەوەكانى ديكە ئاماژە بەوە دەكەن كە بوزييەكان وەهمى ئايينييان كەمترە لە مەسيحييەكان, وە لە نێو مەسيحييەكاندا, پرۆتێستانتەكان زياتر ئەزموونى وەهمى ئايينى دەكەن بە بەراوورد بە كاتۆليكەكان و ئەوانەى ئنتيماى ئايينييان نييە. تۆژينەوە نێو كەلتورييەكان كە بەراورردكارى دەكەن لە نێو خەڵكى بە پاشخانى كەلتورى جياوازەوە, پێشنيارى ئەوە دەكەن كە لە حاڵەتەكانى وەهمى پارانۆيد٥, نەخۆشە مەسيحييەكان وەهمى بەدڕەفتارى لەگەڵ كردنيان لە لايەن هێزى سەرووسروشتييەوە زياتر تێدايە لە نەخۆشە مسوڵمان و بوزييەكان.

دەربارەى پەيوەندى ئاييندارى و بوونى وەهم و هەڵوەسەى ئايينى, دۆزيينەوەكان هاودژييەكيان لە نێواندايە. هەندێكيان پێشنيارى بەربڵاوى زياترى وەهم و هەڵوەسە ئايينييەكان دەكەن لە نێو ئەو كەسانەى ئاييندارييان بەرزترە, وەلێ هەندێك تۆژينەوەى ديكە پێشنيارى نەبوونى پەيوەندى دەكەن لە نێوان ئەم دووانەدا. سەبارەت بە گۆڕاوە سۆسيۆديمۆگرافيكەكان٦, ڕيپۆرتەكان ئەوە پيشاندەدەن كە بابەتى ئايينى وەهمەكان پەيوەنديدارە بە بارى خێزانى و ئاستى پەروەردەيى نەخۆشە سكيزۆفرينيكەكان . هەندێك تۆژينەوەش پێشنيارى بوونى پەيوەندييەك دەكەن لە نێوان وەهمى ئايينى و كەموكوڕى زانەكى (مەعريفى).

وەهمە ئايينييەكان كاريگەرى دەخەنە سەر بە دواى يارمەتى گەڕان, چارەسەر و, دەرەنجامەكان. بەڵگەكان پێشنيارى ئەوە دەكەن كە ئەو كەسانەى وەهمى ئايينييان هەيە زۆرتريان پێدەچێت لە پەيەوەندييكردن بە خزمەتگوزارييەكانەوە, زياتر دەرمان وەردەگرن, بە گشتى ئەنجامى نيشانەكانيان بەرزترە و كاركردەييان خراپترە. ئەو نەخۆشانەى وەهم و هەڵوەسەى ئايينييان هەيە ئەگەريان زياترە چارەسەرى ئايينى و جادوويى وەربگرن و ڕازى نەبن بە چارەسەرى دەروونپزيشكييانە و ئەگەر وەريشى بگرن ئەگەرى گويڕايەڵييان كەمە. بەڵگەكان هەروەها پيشانى دەدەن ئەوانەى وەهمى ئايينييان هەيە زيارتر چێژ وەردەگرن لە تووندوتيژى و زيان بە خۆگەياندن. هەندێك لە تۆژەرەكان ئاماژە بەوە دەكەن وەهمى ئايينى كاريگەرى دەكاتە سەر مۆدێلى باوەڕى تەندرووستى و لە ئەنجامدا كەمتر گوێڕايەڵى چارەسەرييەكان لە ئارادا دەبێت. زۆرێك لەو تۆژينەوانەى هەڵسەنگاندنيان بۆ كاريگەرى ئايين لەسەر ئاستى خراپى سايكۆپاتۆلۆجى كردووە دۆزينەوەكانيان هاودژ يەكترييە. هەندێك پێشنيارى ئەوە دەكەن چالاكى و باوەڕە ئايينييەكان بەو كەسانەدا زياترە كە ئەزموونى نيشانەى زۆر خراپ دەكەن بە تايبەتى نيشانەى سايكۆتيكى٧ و نيشانەى گشتى. لە كاتێكدا هەندێكى ديكە چالاكيى زياترى ئايينى دەبەستنەوە بە ئاستێكى كەمتر لە خراپى لە نيشانەكاندا. 

___________________________
پەراوێز:
١)psychopathology : زاراوەيەكە ئاماژە دەكات بۆ تۆژينەوەى نەخۆشييە دەروونييەكان يان دەركەوتنى ڕەفتار ئەزموونگەلێك كە دەرخەرى نەخۆشى دەروونى يان تێكچوونى دەروونين.
٢) Mysticism : سۆفيگەرى, پەيوەنديبەستن لەگەڵ يەكەيەكى سەرووسروشتى ئايينى.
٣) Voodoo Doll : بوكەڵيەكە لەسەر شێوەى كەسێك دروستكراوە تا بتوانرێت لە ڕێگەى ئەم بووكەڵەيەوە زيان بە كەسەكە بگەيەندرێت يان جادووى لێبكرێت.
٤) Persecution : خراپ مامەڵەكردن, سەركووتكردن, هەراسانكردن.
٥) Paranoid: باوەڕێكى ناهۆكارييانە كە ناتوانيت متمانە بە خەڵكە ديكە بكەيت, يان كە خەڵكى دەيانەوێت ئازارت پێ بگەيەنن يان بۆچوونێكى خراپيان دەربارەت هەبێت.
٦) Sociodemographic : ڕەگەز, تەمەن, بارى خێزانى, پيشە, ئاستى خوێندن و خاسيەتە كەسييەكانى ديكە لەخۆدەگرێت.
٧) Psychotic : پەيوەندى بە سايكۆسسەوە هەبێت, كە نەمانى پەيوەندى لەگەڵ واقيع دەگەيەنێت.

____________________________
سەرچاوەكان:
Kring, A. Johnson, S. and Davison G. (2014). Abnormal psychology. 12th ed. Wiley.
Sandeep G., Triveni D. and Subho C. (2014) Religion, Spirituality, and Schizophrenia: A Review. Indian J Psychol Med. 2014 Apr-Jun; 36(2): 119-124. doi: 10.4103/0253-7176.130962

نوێترین

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure