لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/ عربي/ English

ئەگەر بەڕاستی زەوی تەخت بووایە، چیدەبوو

01/09/2019


ئایا هێزی کێشکردن چۆن دەبوو؟ ئایا ئەوساش ناوچەکاتی (Time zones)ی جیاوازمان دەبوو؟ وەرزی جیاواز؟ ئەسڵەن ئایا ژیان لەسەر زەوی گونجاو دەبوو؟پێش هەمووشتێک دەبێ فلات ئێرسەکان، ئەوە لە بیرکەن بڵێن، دەچینە قەراغی زەوی لە بەستەڵەکەکان، چونکە هێزی کێشکردن ڕێگەت پێنادات، بەڵام پێش ئەوە، ئایا هەبوونی هێزی کێشکردن لە زەوییەکی تەختدا، ئەگەری بوونی هەیە؟

وەڵامەکە بەڵێیە بێگومان، هێزی کێشکردن پێویستە بۆ ئەوەی هەسارەی ئێمە یاخود هەر هەسارەیەکی تر بەیەکەوە بمێنێتەوە، بەڵکو لە هەنگاوی یەکەمەوە هێزی کێشکردن هەسارەکان دروستدەکات، لە حاڵەتی زەوییەکی وەک کولێرە تەختدا، هێزی کێشکردن تۆ رادەکێشێتە سەنتەری هەسارەکە و هەر کاتێک بتەوێ لێی ڕابکەیت بەهێزتر دەبێ، سەرت دەگرێ و بەرەو دواوە ڕاتدەکێشێ.وەک ئەوە وایە بەسەر گردێکدا سەرکەوی و بەردوام لێژ و لێژ و لێژتر ببێتەوە، ئەو کاتەی دەگەیتە قەراغی زەوی، دەکەویتە خوارەوە و لەو کاتەدا "خوارەوە" و "پشتەوەت" بەهەمان ئاڕاستە دەبن.

سەیرە؟ چی دەربارەی ئەو ئاوەی کە بەناخی زەویدا رۆدەچێ؟ ئەی نابێ دار و درەختی ناوچە قەراغییەکان لار ببنەوە؟ جگە لەمانەش ئێمە خۆرمان هەیە، ئایا زەوییەکی تەخت، چۆن مامەڵە لەگەڵ خۆر دەکات؟یەکێ لە گریمانەکان ئەوەیە دەڵێن خۆر بە دەوری زەویدا دەسوڕێتەوە، بەڵام ئەگەر خۆر بە دەوری زەویدا سوڕابایەوە، هەروەکو چۆن مانگ دەسوڕێتەوە، ئەو کات توشی سەرلێشێوان نەدەبووین، چونکە خۆر لە یەک ساتدا سەر و بنی زەوی ڕوناک دەکردەوە، شەو و ڕۆژێک بوونی نەدەبوو، وەرزەکانیش بوونیان نەدەبوو، هەروەها خۆرگیرانیش بوونی نەدەبوو، ئەسڵەن دەبوو خۆر زۆر بچووکتر بووایە ئەگینا زەوی وشک دەکردەوە.

بەڵکو هەر چۆنێک بووایە زەوی هەر وشک دەکردەوە، چونکە ئەوسا هیچ بوارێکی موگناتیسی زەوی بوونی نەدەبوو تاکو زەوی لە تیشکدانەوەکانی خۆر بپارێزێت، بواری موگناتیسی زەوی، لە ناواخنە پتەوەکەی زەوی دروستدەبێ و بەرگەهەوای زەوی لە نەمان و دەربازبوون دەپارێزێ، کە بێ بەرگەهەوا، تیشکە گەردوونیەکان وەک بۆمب بەسەر جەستەی ئێمەدا دەکەوتن و دەبوونە هۆی هەموو شتێک لە شێرپەنجەوە تاکو تێکچوونی DNA.

زەریا و هەوای زەوی، لە ناویشیدا هەموو ئۆکسجینی زەوی لە زەوی بەرەو بۆشایی دەردەچوون، بەڵام با وا دابنێین زەوی لە جیاتی هێزی موگناتیسی ئاڵتەرنیتیڤێکی تری هەیە، لەو حاڵەتەدا تۆ زیندوو دەمێنیەوە بەڵام هەر کاریگەرییە سەیرەکانی تری زەوی تەخت دەبینی.بۆ نموونە کاریگەری لەسەر سێبەرەکەی خۆت، وا دانێ تۆ برادەرێکت هەیە بە ئەندازەی خۆت درێژە و هەزاران میل لێت دوورە، لە رۆژێکی هەتاودا، سێبەری هەردووکتان هەمان درێژی دەبێ چونکە لە زەوی تەختدا خۆر بە هەمان گۆشە لە هەردووکتان دەدات.

وە ئەگەر بتەوێ سەردانی برادەرەکەت بکەیت، ئەوا گەشتکردن زۆر جیاواز دەبێت، با تەماشایی نەخشەیەک بکەین کە لەلایەن کۆمەڵگەیەکی زەوی تەختانەوە دانراوە، وەک نیشانی دەدات جەمسەری باکور لە ناوەڕاست و جەمسەری باشور لە قەراغی نەخشەکەیە.لە جیهانێکی لەو جۆرەدا تۆ پێویستت بە ٣٢ کاتژمێر دەبێ تاکو لە ئوستراڵیاوە بۆ هەندێ ناوچەی ئەمریکای لاتینی بچیت، هەروەها ئەوکاتە شتێک بە ناوی GPSەوە بوونی نابێت، چونکە سەتەلایتەکان ناتوانن لە دەوری زەوییەکی تەخت بسوڕێنەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی مرۆڤایەتی بەبێ کاتێکی ڕێکخراو و سیستمی ڕێگە دۆزینەوە بێت.

ئەمەش مانای وایە بێ کرێدیت کارد و ATM و مامەڵەی بازاڕی خێرا دەمێنینەوە، بەڵام لایەنە باشەکەشی ئەوەیە لە هەر شوێنێک بیت لەسەر زەوی بە دووربینێکی باش دەتوانیت بورجی خەلیفە لە دوبەی ببینی.بەڵام با راستگۆ بین، تۆ پێویست ناکات موشەکی خۆت دروست بکەیت و بچیتە ئاسمان تا بزانی زەوی تەخت نییە، هەموو بەڵگەکان لە دەوری خۆمانن.

ـــــــــــــــــــــــــ

پلاتفۆرمی زانستی زەوی

نوێترین

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure