لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/ عربي/ English

هاوسەرگیری منداڵان و كاریگەرییە دەروونییەكانی

04/09/2019


وەرگێڕانی: ديارى سابير

 

تۆژينەوەى زانستی: هاوسەرگیری پێشوەختە, بە تایبەت لە تەمەنێكی منداڵیدا پەیوەندیدارە بە خراپبوونی دروستی دەروونی.

 نەجەڕ بەرزترین ڕێژەی هاوسەرگیری منداڵانی تێدایە لە هەموو دونیادا و, دانیشتووانی زۆرینەی مسوڵمانن. بە گوێرەی دوایین ڕاپرسی سێ لەسەر چواری ژنانی تەمەن ٢٠ بۆ ٢٤ ساڵ پێش تەمەنی ١٨ ساڵی هاوسەرگیرییان كردووە و, ئەم ڕێژەیە گۆڕانێكی كەمی بەخۆیەوە بینیوە لە دوو دەیەی ڕابردوودا. ئیسۆپیا, كە لەسەدا ٦٣ی مەسیحی و لە سەدا ٣٤ی دانیشتوانی مسوڵمانن, بە هەمان شێوە ڕێژەیەكی بەرزی هەبووە لە هاوسەرگیری منداڵان, دوو لەسەر پێنجی ژنانی تەمەن٢٠ بۆ ٢٤ ساڵ پێش ١٨ ساڵی هاوسەرگیرییان كردووە.

چۆن هاوسەرگیری منداڵان پەیوەندیدارە بە دروستی دەروونی منداڵان؟ هەندێك بەڵگە لە وڵاتانی داهات نزم و داهات مامناوەند پێشنیاری ئەوە دەكەن كە پەیوەندییەكی نەرێنیانە هەیە لە نێوان هاوسەرگیری منداڵان و دروستی دەروونیان. لە تۆژینەوەیەكدا لە ئیسۆپیا سامپڵێك لە كچی تەمەن ١٠ بۆ ١٧ ساڵ وەریگرابوو دەركەوت ڕێژەی خۆكوژی لە نێوان ئەو كچانەدا زیاترە كە هاوسەرگیرییان كردووە, یان بەڵێندرابوو بدرێن بە شوو یاخود داواكارییان هاتبوو بە بەراورد بەو كچانەی هەرگیز لە پرۆسەی هاوسەرگیریدا نەبووبوون (گەیج, ٢٠١٣). هەروەها لە تۆژینەوەكەدا دەركەوت مانەوە لەو ناوچانەی رێژەی بەشداربوون بۆ ڕێگریكردن لە هاوسەرگیری منداڵان بەرزبوو وەك پارێزگارێك بووە لە بیرۆكەی خۆكوژی (گەیج, ٢٠١٣). بە هەمان شێوە تۆژینەوەكان لە باشوری ئاسیا پیشانی دەدەن ئەو كچانەی بە منداڵی هاوسەرگیرییان كردووە مەترسی تووشبوونیان بە خەمۆكی و, بوونی بیرۆكەی خۆكوژی تێیاندا بەرزترە, بە تایبەت بەهۆی پەیوەندی ناڕاستەخۆیان بە بەركەوتنی توندوتیژی جەندەری (ڕاج, ساگورتی, بالایاه, و سیلڤەرمان, ٢٠٠٩: ڕاج, گۆمێز, و سیلڤەرمان ٢٠٠٨). 

مێتۆدۆلۆجی
لەم تۆژینەوەیەدا ٢٤٦٣ ژن لە نەجەڕ و ٣٥٠١ ژن لە ئیسۆپیا بەشدارییان كردووە بە پڕكردنەوەی پرسیارنامە. بۆ پێوانی باشبوون پرسیارنامەی باشبوونی دەروونی گشتی  (PGWBI), كە زۆر بەكاردێت بۆ پێوانی كوالێتی ژیانی كەسانی گشتی و ئەو كەسانەی نەخۆشی درێژخایەنییان هەیە, بەكارهاتووە. شەش لایەن تایبەت بە تەندرووستی ژنان و كوالێتی پەیوەندیداری ژیانیان لەخۆدەگرێت: دڵەڕاوكێ, میزاجی خەمۆك,باشبوونی ئەرێنی, كۆنترۆڵی خود, تەندروستی گشتی و چالاكبوون. ئەم بەشانە بە جیا پێوانە دەكرێن و لە كۆتاییدا ئەنجامێكی گشتی باشبوون دەردەچێت لە نێوان سفر بۆ سەد.

دۆزینەوەكان
هاوسەرگیری منداڵی پەیوەندیدارە بە خراپبوونی دروستی دەروونی و باشبوون, بە تایبەت ئەوانەی بە تەمەنی زۆر منداڵی هاوسەرگیری دەكەن. لە هەردوو وڵات هاوسەرگیری منداڵی كاریگەری بەچاوی هەبوو لەسەر باشبوونی دەروونی ژنەكە, تەنانەت دوای ڕەچاوكردنی هەندێك فاكتەری دیكە, كە دەكرێت كاریگەری لەسەر درووستی دەروون دابنێن وەك: باری ئابووری و ئەزموونكردنی توندوتیژی لەلایەن هاوسەرەوە. لە نەجەڕ, هاوسەرگیریكردن لە هەر تەمەنێك تا ١٥ ساڵی بە شێوەیەكی بەرچاو باشبوونی دەروونی كەمدەكردەوە و گەورەترین كاریگەری لەسەر ئەو منداڵانە بوو كە لە خوار تەمەنی ١٢ ساڵییەوە هاوسەرگیرییان كردبوو.

دوای كۆنترۆڵكردنی ئەو فاكتەرانەی كاریگەری لەسەر باشبوونی دەروونی دادەنێن, وەك ئاستی سۆسیۆئیكۆنۆمی و ئەزموونەكانی توندوتیژی هاوسەریی, ژنانی بەشداربووی ئیسۆپیا, كە لە خوار تەمەنی ١٢ ساڵییەوە هاوسەرگییریان كردبوو, بە تێكڕا ٥ نمرە نزمتریان هەبوو لە پرسیارنامەی باشبوونی دەروونی گشتی  (PGWBI)  بە بەراورد بەوانەی دوای تەمەنی ١٢ ساڵی هاوسەرگیرییان كردبوو. ئەم نمرەیە لە ژنانی بەشداربووی مەجەڕدا لە ٧ زیاتربوو. 

ئەم دۆزینەوە چەندێتییانە لەلایەن چاوپێكەتنەوەكانەوە, لەگەڵ ئەو ژنانەی پێش ١٨ ساڵی هاوسەرگیرییان كردبوو, پاڵپشتیكراون.لەم چاوپێكەوتنانەدا ژنانی بەشداربوو باسیان لەوە دەكرد ناچاركراون هاوسەرگیری بكەن عادەتەن بە كەسێكی نەناسراو, ئەمە لەگەڵ باری بەرپرسیارییەتەكانی هاوسەرگیری, منداڵبوون و بەخێوكردنی و داواكارییە سێكشواڵییەكانی هاوسەرەكانیان بوونەتە هۆی پەشێوی سۆزداریی و خەمۆكی. یەكێك لەو ژنانەی بە تەمەنێكی منداڵی ناچاری هاوسەرگیری كرابوو گوتی: "هەمیشە دەگریام و خەمۆك بووم... پێتوایە هەستت چۆن دەبێت كە ناچاری هاوسەرگیریكردن كرابیت و لەگەڵ كەسێكدا بژیت كە نە دەیناست و نە هەڵتبژاردووە؟"

دەرەنجام
ئەم تۆژینەوەیە هەلێكی ناوازە بوو بۆ سەرنجدان لە پەیوەندی نێوان هاوسەرگیری منداڵی و دروستی دەروونی بە بەكارهێنانی پێوانی ورد. دۆزینەوەكانمان پیشانی داك ە هاوسەرگیریكردن بە زوویی, بە تایبەت لە تەمەنكێی زۆر منداڵیدا, پەیوەندییەكی بەهێز و نەرێنی هەیە لەسەر دروستی دەروونی ئەو منداڵانەی تووشی ئەمە هاتوون.

___________________

سەرچاوەكان: 

Central Statistical Agency [Ethiopia] & ICF International (2017). Ethiopia Demographic and Health Survey 2016 Addis Ababa, Ethiopia. 

Gage, A. J. (2013). Association of Child Marriage With Suicidal Thoughts and Attempts Among Adolescent Girls in Ethiopia. Journal of Adolescent  Health, 52, 654-656. 

Institut National de la Statistique - INS/Niger & ICF International (2013). Enquête Démographique et de Santé et à Indicateurs Multiples du Niger 2012 Calverton, Maryland, USA. 

Raj, A., Gomez, C., & Silverman, J. G. (2008). Driven to a Fiery Death--The Tragedy of Self-Immolation in Afghanistan. New England Journal of  Medicine, 358, 2201-2203. 

Raj, A., Saggurti, N., Balaiah, D., & Silverman, J. G. (2009). Prevalence of child marriage and its effect on fertility and fertility-control outcomes of  young women in India: a cross-sectional, observational study. Lancet, 373, 1883-1889.  

© International Center for Research on Women  icrw.org 

نوێترین

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure