لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/ عربي/ English

ئایا ئەگەر نەهەنگ قوتت بدات، ڕزگارت دەبێت؟

07/09/2019


عەبدوڕەحمان زەمینی

ئایا ئەگەری بە سەلامەتی دەرچوونت چەند دەبێ، ئەگەر بێتو بە رێكەوت لەلایەن نەهەنگێكەوە قوت بدرێی؟

ئەگەر لە نزیكەوە نەهەنگێكت نەبینێت، ڕەنگە نەتوانی وێنای گەورەیی ئەم بوونەوەرە بكەیت، نەهەنگی شین گەورەترین گیانداری سەر زەمینە، بە جۆرێك تەنها زمانی بە ئەندازەی فیلێك دەبێ و دەتوانێ بەیەكجار 400 بۆ 500 كەس لە دەمیدا جێبكاتەوە.

هەڵبەتە ئێمە پێویست ناكات لە قوتدانی نەهەنگی شین بترسین، چونكە پێكهاتەیی توێكاریی جەستەیی ڕێگە لەمە دەگرێ، لە جیاتی ئەوان، ئێمە پێویستە لە ئامۆزا بچووكەكەی بترسین، "نەهەنگی عەنبەر" یان بە ئینگلیزییەكەی "sperm whale" .

ڕاپۆرتەكان ئاماژە بەوە دەكەن، ساڵی ١٨٩١، پیاوێك لە لایەن یەكێك لەو نەهەنگانەوە قوت دراوە بەڵام كەسەكە هەر زیندوو ماوە تاكو چیڕۆكەكەمان بۆ بگێڕێتەوە، بەپێی چیڕۆكەكە، كەشتییەكەی جەمز بارتلی لەلایەن نەهەنگێكی عەنبەرەوە هێرشی كراوەتە سەر و پاشان نەهەنگەكە جەیمزی قوت داوە.

پاشان تاقمەكەی نەهەنگەكە دەدۆزنەوە و دەیكوژن، سكی نەهەنگەكە ئەدڕن جەیمز بارتلی بە بێهۆشی بەڵام بە زیندووی دەبیننەوە، تەنها دەموچاو و دەست و باسكی سپی هەڵگەڕابوون، هەروەها كوێر بووبوو، ئەمەش هەمووی بەهۆی ترشی گەدەی نەهەنگەكەوە.

پاشان بە تێپەڕبوونی زەمەن خەڵك گومانیان لە چیرۆكەكە بۆ دروست بووە و دەپرسن ئایا بەڕاستی بارتلی قوت دراوە و پاشان زیندوو ماوەتەوە.

خەڵك دەڵێن ئایا ترشی گەدەی نەهەنگەكە تەنها دەتوانێ كەمێك پێستت چرچ و سپی بكات؟ لەمڕۆدا بەهۆی زانستەوە ئەم بابەتە لێكدەدرێتەوە، لەمڕۆدا ئێمە دەزانین ترشی گەدەی نەهەنگ لانی كەمی ئەو شتانەیە كە دەبێ لێی بترسین.

یەكەم شت كە پێویستە لێی بترسین، ددانە هاڕەڕەكانی نەهەنگە، كە درێژی هەر یەكەیان نزیك بە 20 سانتیمەترە، ئەمەش لە ئەندازەی چەقۆیەكدایە، لە هەر نەهەنگێكیش 40 بۆ 50 ددان هەیە.

با بڵێین بەختت هەیە و لە ددانەكانی نەهەنگەكە ڕزگارت دەبێ، پاش ئەوە بە گەرووی نەهەنگەكەدا دەچیتە خوارێ، گەرووی نەهەنگەكەش تەنها تاریك و لوس نییە، بەڵكو لەوێدا هەناسەدان زەحمەت دەبێ لەبەر ئەوەی بڕی ئۆكسجین كەم دەبێتەوە و گازی میسان زیاتر دەبێ.

لەو كاتەی ماسولكەكانی قوڕگی نەهەنگەكە گرژ دەبن و پاڵت پێوە دەنێن بۆ گەدەی نەهەنگەكە، بۆ یەكەمجار هەست بە كاریگەری ترشی هایدرۆكلۆریك دەكەی لەسەر پێستت.

هەتاوەكو ئێستا ڕەنگە چیرۆكەكەی بارتلی زۆر لەلات جێی گومان بێت، باشە تۆ هەڵە نیت، بەڵام هێشتا تەواو نەبووە.

پاش ئەوە تۆ دەكەویتە ناو یەكەم و گەورەترین گەدەی نەهەنگ لەو 4 گەدەیەی هەیەتی، تۆ بۆ ماوەیەك لەوێدا دەبی بەڵام ئەوەی باشە لەوێدا ڕەنگە هەندێ رووناكی هەبێ بە هۆی كارلێكە كیمیایەكانی گەدەی نەهەنگەكەوە كە ڕەنگە دوا ڕوناكی ژیانت بێت بیبینی، پاش ئەوە تۆ بۆ گەدەكانی تری نەهەنگەكە دەگوازرێیەوە، لەگەڵیشیدا ترشی گەدەی نەهەنگەكە نزیك بە هەموو جەستەت شیدەكاتەوە بە جۆرێك تۆ تەنها وەك چەند پارچە ئێسكانێك دەمێنێتەوە كە لە كۆمی نەهەنگەكەوە دەردەچێت.

بۆیە ئێستا دەتوانین بڵێین هیچ ڕێگایەك نییە نەهەنگێك تۆ قوت بدات و پاشان لە ژیاندا بمێنیەوە و چیڕۆك بۆ خەڵك بگێڕیەوە، ببورە جەیمز، ڕەنگە تۆ لەساڵی 1891 توانیبت خەڵك هەڵخەڵەتێنی بەم قسانە، بەڵام ئەمڕۆكە لەگەڵ زانستدا هیچت لەگەڵ ئێمە پێناكرێ.

لەگەڵ ئەوەی نەهەنگەكان زۆر گەورە و ترسناكن بەڵام هیچ ئارەزوویەكیان نییە تاكو مرۆڤ بخۆن، ئەگەر توانیباشیان قسە بكەن ئەوا هاواریان دەكرد و ئەمەیان دوبارە دەكردەوە.



 

نوێترین

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure