لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/ عربي/ English

مەترسی هەیە جارێكی تر داعش جموجۆڵی زیاتر بێت و كۆنتڕۆڵ نەكرێت

25/10/2019


ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی كوردستان دەڵێت ئەگەر دۆخی رۆژئاوای كوردستان بەردەوام بێت، مەترسی هەیە جارێكی تر داعش جموجۆڵی زیاتر ببێت و كۆنتڕۆڵ نەكرێت.

جەبار یاوەر لەم چاوپێكەوتنەدا باس لەوەدەكات، پێشمەرگە بەهەمان شێوازی جارانی تائێستا لەهێڵەكانی بەرگری خۆی ماوەو هەشت میحوەرەكەیان هەر ماوە، دەشڵێت"بەدرێژایی 40 كیلۆمەتر بۆشایی ئەمنی هەیەو لێكتێگەیشتن لەگەڵ عێراق هەیە بۆ دروستكردنی هێزی هاوبەش، بەڵام هێشتا نەچۆتە بواری جێبەجێكردنەوە".

چەكدارانی داعش مەترسین لەسەر هەرێمی كوردستان، بەتایبەت دوای روداوەكانی سوریا باسی ئەوە دەكرێت دزەیان كردوەتە عێراقەوە؟  

جەبار یاوەر: داعش هەر هەبوەو  هەر مەترسییە و مەترسییەكەی بەردەوامە و پێش شەڕەكانی توركیاش هەر مەترسی بون، داعش هەر هەڕەشە بوە لەسەر ناوچەكانی عێراق بەگشتی، لەم دواییەدا كارەكانیان زۆر گەشەی كردوە، لەناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، ناوچەكانی ماددەی 140، لەقەرەچوغ بنكەی جێگیریان هەبوە و چەندین جار پرۆسەی سەربازیی ئەنجامدراوەو لەلایەن عێراقەوە یان پێشمەرگە و هاوپەیمانان پێكەوە، بەڵام تائێستا بنكەیان لەقەرەچوغ هەیە، لەحەمرین و لەنێوان دوز و لەناوچەكانی كفری هەیە و ناوچەی خانەقین هەیە، هۆكارەكەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی بۆشایی ئەمنی لەو ناوچانەدا هەیە، لەنێوان دابەشبونی هێزەكانی پێشمەرگە و لەخانەقینەوە تا سنوری رەبیعە، واتە سەر سنوری ئێران تا سوریا، لەنێوان ئەوان و هێزەكانی عێراق چونكە شوێن هەیە چل كیلۆمەترە نە هێزی پێشمەرگەی تێدایە، نە هێزی حكومەتی عێراقی تێدایە.

ئایا ئامارێك لەبەردەستاندا هەیە كەچەند كردەوەی توندوتیژییان ئەنجامداوە؟

جەبار یاوەر: بەپێی ئەو ئامارانەی كەئێمە كردومانە لەساڵی 2018 داعش 456 كردەوەی تیرۆرستی ئەنجامداوە، لەناوچەكانی دیالەو سەڵاحەدین و كەركوك و مەخمور تا موسڵ، ئەو پێنج پارێزگایە كە لەناوچەكانی ماددەی 140دان، لەو كردە تیرۆرستییانە، هەزارو 726 شەهیدو بریندار و رفێندراو هەبوە، بەهەمان شێوە لەساڵی 2019، لەمانگی یەكەوە تائێستا نزیكەی 925 كەس شەهیدو بریندار و رفێندراو بەدەست داعش هەبوەو بە بەردەوامیش كردەوەی تیرۆرستییان هەیە لەو ناوچانە، بەو پێیە داعش هەر ماوەو كۆتایی نەهاتوە، بەڵكو چالاكی كەمتر بۆتەوە، خەلافەتەكەی نەماوەو وەك دەوڵەت ناوچەی نییە، بەڵام كردەوەی تیرۆریستی ئەنجام دەدەن.

زانیاریتان هەیە لەسەر ژمارەی چەكدارانی داعش لەقەرەچوغ و ئەو ناوچانەی كەبونیان هەیە؟

جەبار یاوەر: ژمارەیان دیاری ناكرێت، هەندێك دەزگای هەواڵگری دەڵێن رەنگە پێنج هەزار كەس بن، هەندێك دەڵێن زیاترە و نزیكەی بیست هەزار كەس دەبن، ژمارەیان دیار نییە، بەگشتی شێوازی شەڕیان گۆڕیوە، لەشێوازی بەرەییەوە بۆ شەڕی پارتیزانی، زۆر گرنگی دەدەن بەكەمین و بەپەلاماردان و كشانەوە، بەدانانی بۆمب و خۆتەقاندنەوەو ئسلوبەكانیان وەك قاعیدەی جارانەو ناوچەیان بەدەست نەماوەو سەرچاوەی داراییان كەمترە، بەڵام هەر ماون و كۆتاییان نەهاتوە.

تێكچونی دۆخی سوریا مەترسی لەسەر دزەكردنی چەكدارانی داعش بۆ ناو عێراق ناكات؟

جەبار یاوەر: ئەم وەزعە رۆڵی دەبێت بۆ زیاتركردنی كردەوەی تیرۆریستی و زیادبونی داعش بێگومان كە بەردەوام بێت دەبێتە هۆی شڵەژانی هەلومەرجی سوریاو دەبێتە هۆكاری ئەوەی جارێكی تر بوترێت داعش جموجۆڵی زیاتر دەبێت و كۆنتڕۆڵ نەكرێت.

قەرەچوغ نزیكە لەسنوری مەخمورەوە، پێشمەرگە مەترسی لەسەرە یان نا؟

جەبار یاوەر: پێشمەرگە بەهەمان شێوازی جارانی تائێستا هێڵەكانی بەرگی خۆی ماوەو هەشت میحوەرەكەمان هەر ماوە، پێشمەرگەكان لەناوچەكانی خۆیان ماون، بەڵام ئەو كردەوە تیرۆرستییانە لەناوچەی سنوری دەسەڵاتی هێزی پێشمەرگە روینەداوە، لەسنوری دەسەڵاتی هێزەكانی حكومەتی عێراق رویداوە، هەمو ئەم كردە تیرۆرستییانە و هەمو ئەو شەهید و بریندار و رفێندراوانە لەسنوری ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی  ئەوان بوە، ئەوە دەسەلمێنێت كەهێزی پێشمەرگە ناوچەكانی ژێر دەستی خۆی پاراستوە بەهەمان شێوازی جاران، بەڵام حكومەتی عێراق ناتوانێت ناوچەكانی خۆی كۆنترۆڵ بكات و هیچ  هەماهەنگییەكیان نییە لەگەڵ پێشمەرگە بۆ پاراستنی ئەو ناوچانە.
سەرچاوە/ هاوڵاتی

نوێترین

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure