لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/ عربي/ English

داهاتوی داعش و تیرۆر دوای كوشتنی بەغدادی

پێش 2 هەفتە


كاردۆ عوسمان هەورامی

دواجار بەغدادی  ئەمیری ڕێكخراوی داعش لە ئۆپراسیۆنێكی تایبەتی ئەمریكادا كوژرا، كوژرانی بەغدادی ئەو پرسیارەی هێناوەتە كایەوە، كە ئایا چارەنوسی  داعش چۆن دەبێت  و بەردەوامی ڕێكخراوەكە پەیوەست دەبێت بە چییەوە؟

لەم وتارە شیكاریەدا دەمانەوێت وەڵامی ئەو پرسیارە و چەند لایەنێكی نهێنی ڕێكخراوە تیرۆرستیەكە و داهاتوی تیرۆر باس بكەین:

ڕێكخراوە تیرۆرستیەكان وەك سروشتی خۆیان ماوەیەكی زۆر لە گەشەی بەردەوامدا دەبن و دواتر چەندین كردەی تیرۆرستی ئەنجام دەدەن، بە كوشتنی سەركردەكەشیان بۆ ماوەیەك توشی نائومێدی دەبنەوە، بەڵام دواتر یان بە ناوێكی دیكەوە درێژە بە كردەوەكانیان دەدەن یان لەژێر سەرپەرشتی ئەمیرێكی نوێدا بەردەوام دەبن، كوژرانی سەركردەكانی ڕێكخراوەكان ئەوەمان بۆ پشت ڕاست دەكاتەوە، بۆ نمونە كاتێك ئوسامە بن لادن سەركردەی قاعیدە كوژرا، تا ماوەیەكی دیاری كراو ڕێكخراوەكە هیچ كردەیەكی تیرۆرستی ئەنجام نەدا، بەڵام دواتر خۆی ڕێكخستەوە و ئێستاش دەبینین ، لە لیبیا و یەمەن و میسر و چەندین وڵاتی دیكەدا كردەوەی تیرۆرستی ئەنجام دەدەن.

بەڵام چاودێرانی سیاسی و شارەزا لە تیرۆر بۆ كوشتنی بەغدادی بۆچونی جیاوازتریان هەیە،هێشتا ناتوانن داهاتوەكەی بە تەواوی ڕون بكەنەوە، د.غیدۆ شتاینبیرگ لە پەیمانگای ئەڵمانی بۆ كاروباری نێودەوڵەتی و ئەمنی دەڵێت:" بەغدادی كەسێكی زۆر گرنگی داعش بو،ئەو كاتێك ڕێكخراوەكەی دامەزراند كەمتر لە هەزار چەكداری هەبو، بەڵام دوای چوار ساڵ بینیمان كە شێوە دەوڵەتێكی لە سوریا و عیراق دروست كرد،بۆیە زەحمەت دەبێت بۆ ماوەی چەند مانگێك یان ساڵێك كەسێك بدۆزرێتەوە كە جێگای ئەو بگرێتەوە، لە ڕوی ئەو حەماسیەت و ئەو  توندوتیژیەی پەیڕەوی دەكرد.... بۆیە بێگومان ڕێكخراوەكە هەر لەسەر سوریا و عیراق نا، بەڵكو لە سەرانسەری جیهاندا لاواز دەبێت".

لە وتەی ئەو چاودێرەوە دەتوانین بڵێین  كەكوژرانی بەغدادی ڕاستە كاریگەری دەبێت بەڵام ئەمە تەنها هۆكار نیە بۆ زانینی داهاتوی ڕێكخراوەكە ، چونكە بونی ڕێكخراوەكە پەیوەست دەبێت بە سیاسیەتی دەوڵەتانی جیهان  و  ئەو وڵاتانەی كە ڕێكخراوە تیرۆرستیەكان تیایدا گەشەی كردوە،ئەمە جگە لەوەی لایەنی ئابوری ڕێكخراوەكە و شێوازی ڕێكخستەوەیان كاریگەری دەبێت.

هەرچی پەیوەست بە سیاسەتی نێودەوڵەتی بەتایبەت ئەو  وڵاتانەی كە سەرپەرشتی جەنگی دژی تیرۆر دەكەن،ئەو وڵاتانە هۆكارێكن بۆ دروستبونی ڕێكخراوەكان و گەشە و لاوازكردنیان، هەندێك جاریش بە مەبەست هاوكاری ڕێكخراوێك دەكەن و پاشان لە كۆنتڕۆڵیان دەردەچن، بۆیە ئەم سیاسەتە بۆتە هۆی گەشەی تیرۆر،بۆ چارەسەری ئەمەش باشترین هۆكار بۆ لاوازكردنی ڕێكخراوەكان ئەوەیە، كە چارەسەرێكی هەمیشەیی بۆ كۆتایی تیرۆر بدۆزرێتەوە و چیتر پشت بە سیاسەتی ئەو وڵاتانە نەبەستن، كە لە ئێستادا سیاسەتێكی ناڕونیان هەیە،بە تایبەت دۆناڵد ترامپ سەرۆكی ئەمریكا، بۆیە چارەسەری هەمیشەیی بەوە دێتە دی، كە  ئەو وڵاتانەی تیرۆر تیایدا گەشەی كردوە،وەك عیراق و سوریا و ئەفغانستان و لیبیا، بەهێز بكرێن، بە شێوەیەك خۆیان توانای ڕوبەڕو بونەوەی تیرۆریان هەبێت.

هۆكارێكی دیكەی بەردەوامی داعش پەیوەستە بە كشانەوەی ئەمریكا لە ناوچەكە، كێشەی سەرەكی ئەمریكا ئێستا ئەوەیە كە كرداری دژ بە یەك ئەنجام دەدات، بۆ نمونە لەلایەك پابەندی خۆی بە كشانەوەی وڵاتەكەی و لەلایەكیش پابەندی خۆی بە جەنگی دژی داعش ڕادەگەیەنێت ، ئەمە بێگومان كاریگەری نەرێنی دەبێت،چونكە كشانەوەی بە تایبەت لە سوریا كێشەی فراغی ئەمنی جێدەهێلێت، بەتایبەت كە ئێستا بەشار ئەسەد سەرۆك كۆماری سوریا ڕاستە براوەی جەنگی ناوخۆی وڵاتەكەیەتی، بەڵام پێویستی بە چەند ساڵێكی دیكە هەیە بۆ ئەوەی كۆنتڕۆڵی تەواوی وڵاتەكەی خۆی بكاتەوە، بۆیە لەو جەنگەی سوریادا داعش كارەكتەرێكی سەرەكی دەبێت.

هۆكارێكی دیكە كە كار لە داهاتوی داعش دەكات، پەیوەستە بە لایەنی دارایی ئەو ڕێكخراوەوە، بۆیە هەتاوەكو توانای دارایی باش بێت، ئەوا ڕێكخراوەكە كۆتایی نایەت، چونكە چەكدارەكانی بەغدادی خاوەن فكرێكی توندڕەون و بە ئاسانی دەستبەرداری ئەو فكرەیان نابن، تەنها پێوستیان بە كەمێك ڕێكخستنەوە و لایەنی درایی هەیە، بۆ ڕێكخستەوەشیان ئەوان ئەنجومەنی شورایان هەیە كە لە نۆ ئەندام پێكدێت، كاری ئەم ئەنجومەنە دیاری كردنی جێگرەوەیە بۆ بەغدادی.

هۆكارێكی دیكە كەچارەنوسی داعش و ڕێكخراوەكە دیاری دەكات، ئەو وڵاتانە كە بەهۆی شكستخواردویان لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا ژینگەیەكی لەباریان بۆ تیرۆر خوڵقاندوە، لە نمونەی عیراق و ئەفغانستان و سوریا و یەمەن و چەند وڵاتێكی دیكە، ئەم وڵاتانە هێشتا لەناو گێژاوی قەیرانی سیاسی و شەڕی ناو خۆ و گەندەڵیدان و هیچ ئاسۆیەكی ڕون نیە بۆ كۆتایی هاتنی قەیرانەكانیان، بۆیە هێشتا ژینگەیەكی لەبارن بۆ گەشەی تیرۆر و مانەوەی ڕێكخراوە تیرۆرستیەكان.

دەرئەنجام و كۆتایی:

بە خوێندنەوەی دۆخی وڵاتانی هەرێمی و سیاسەتی نێودەوڵەتی و ئێستای ڕێكخراوەكە، دەگەینە ئەو ئەنجامەی كە هێشتا ناتوانرێت باس لە كۆتایی داعش بكرێت، چونكە سیاسیەتی وڵاتانی زلهێز هاندەری مانەوەی داعش و گروپە تیرۆرستیەكانن، هەروەها ئەو وڵاتانەشی كە داعش و گروپەكانی دیكەی تێدا گەشە كردوە، هێشتا توانای ڕوبەڕو بونەوەی ئەو گروپانەیان نیە، چونكە خۆیان گیرۆدەی شەڕی ناوخۆ و گەندەڵی و دەستوەردانی دەرەكین، كە ئەم هۆكارانە دەبنە ژینگەیەكی لەبار بۆ مانەوەی داعش.

هەرچی پەیوەست  بەخودی داعشەوەیە، ڕاستە ڕەمزەكەیان كە بەغدادیە و توانایەكی زۆری لە گەشەی ڕێكخراوەكەدا هەبو ئێستا كوژراوە، بەڵام كوژرانی كاریگەریەكی ئەوتۆی نابێت،كە  كۆتایی بە ڕێكخراوەكە بهێنێت، چونكە داعش لەسەر ئەرزی واقیع كۆتایی هاتوە، بەڵام هێشتا مەترسیەكانی كۆتایی نەهاتوە، واتە گەر ڕێكخراوەكە خۆی ڕێك بخاتەوە و ئەنجومەنی شوراكەیان ئەمیرێك هەڵبژێرێت، زۆر ئاسان دەبێت گەشە بكەنەوە یان لەژێر ناوێكی دیكەدا دەست بەكردەوە تیرۆرستیەكانیان بكەنەوە، بۆیە مەترسیەكانی داعش و ڕێكخراوە تیرۆرستیەكان بەردەوامی دەبێت، بەردەوامیەكەش بەهۆی ژینگەی لەباری ڕۆژهەڵاتەوەیە بۆ تیرۆر نەك كوژرانی سەركردەیەكی ڕێكخراوێك.

نوێترین

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure