لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/ عربي/ English

بۆچی ئەنجومەنی باڵای فەتواو یەكێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی دژی بایكۆتن؟

پێش 1 هەفتە



گۆران هەڵەبجەیی

پاش لەشكركێشیەكەی سوپای توركیا بۆ سەر ڕۆژئاوا، كە ئاكامەكەی  وێرانكاری و  كووشتن و داگیركردن  و ئاوارەو سەرگەردان بوونی پتر لە (300) هەزار خەڵك بوو، جیهان هەمووی هاتە دەنگ، شەقامەكانی زۆربەی  باژێڕەكانی جیهان پڕبوون لە مرۆڤدۆستان و پرۆتەستی ڕژێمەكەی ئەردۆغانیان كرد و پشتگیری خۆیان بۆ خەباتی كوردانی ڕۆژئاوا دەربڕی، هاوكات ئەردۆغانیان وەك تەرۆریست، داگیركەر، كوردكوژ پێناسە كرد، كوردانیش لەهەموو جیهان ڕابوون و ڕێپێوان و چالاكیەكانیان بوونە جگەی سەرنجی جیهان.

هەر لەم سەروبەندەدا زۆرێك لە كوردە دڵسۆزەكان لە باشوور و هەندەران، شێوازێكی نوێی تێكۆشانیان دۆزیەوە كە هەم شارساتنی و هەمیش كاریگەر، ئەویش بایكۆتی شمەك و كاڵای توركی و سەفەرنەكردنە بۆ توركیا.

ئەم بیرۆكەیە زۆر بەخێرایی چووە بواری جێبەجێكردنەوە، چەندین گرووپ لە باژێڕەكانی باشوور و هەندەران پەیدابوون كە دانەیەكیان پتر لە 300 هەزار ئەندامی هەیە لە فەیسبووك، شایانی ئاماژەیە ئەم گرووپانە زۆر پرۆفیشیۆناڵانە كار دەكەن.

تەنانەت كاریگەری ئەم هەلمەتە پەڕیەوە بۆ كوردانی ڕۆژهەڵات و ئەوانیش دەستیان بەم كارە پیرۆزە كرد. لە باژێڕەكانی باشوور گەنجانی سەر بەم گرووپانە بە جۆرەها چالاكی برەویان بەم هەڵمەتەدا و كاراكتەری كارابوون بۆ بڵاوكردنەوەی.

لەگەڵ هەوڵ و پڕوپاگەندەی هەندێك كەنالی نزیك لە دەسەڵات و بڕێك لە مەلاكان بۆ بەكەم سەیركردنی ئەم كارە و بێ بەها كردنی كاریگەریەكانی، لێ بەپێی  بۆچوونی خەڵكان و هەندێك لە ئامارەكان، ئەم هەڵمەتە كاریگەری خۆی لەسەر ئابووری توركیا جێهێشتووە. 
بەجۆرێك باڵوێزی توركیا لە عێڕاق هاتە هەریم بۆ وەستاندنی ئەو هەڵمەتە.بەڵام دەركەت هیچی پێ نەكرا چونكە ئەوە بڕیاری خەڵك بوو نەك  حیزب و دەسەڵات.

ئا لەم كاتەدا هەموو چاوەڕێ بووین كە توێژێكی ئاینی نێو كۆمەڵگا كە بریتیە لە مەلاو بانگخوازەكان بێنە ژێر دەورای ئەم كارە پیرۆزەو ڕۆڵی خۆیان بگێڕن و خەڵكی ئیماندار هانبدەن بۆ هاتنە نێو ئەم پرۆسەیە، بەڵام بەداخەوە نەك هەر ئەوەیان نەكرد بەڵكو بە سلبیانەش دەیانڕوانیە ئەو كارە و لە ڕێگەی میدیاكان و سۆشیال میدیاوە بە بۆچونە هەڵەو نالۆژیكەكانیان هەوڵی ساردكردنەوەی خەلكیان دەدا، ناكرێ هەڵوێستی هەندێك لەمەلاو بانگخواز نادیدە بكەین كە بەداخەوە ژمارەیان كەمە، بەڵام هەڵوێستیان جوامێرانە بوو چ لە پرۆتەست كردنی رژێمی توركیا وەچ لە بایكۆتدا، كە شایەنی ستایشن.

[ یەكێتی زانایانی ئیسلام] و { لیژنەی فەتوا}، دوو ئۆرگانانن كە  مرۆڤە ئاینیە پۆستدارەكان كۆدەكاتەوە، كە لە ڕاستیدا وەك  یەك ئۆرگان كاردەكەن، بە جیاوازیەكی كەمەوە و یەك  بارەگاشیان هەیە  لە هەولێر، لە ساڵانی ڕابردوودا ئەم دوو ئۆرگانە هێندە بەیاننامەو فەتوا و ڕێنماییان دەركردوە، كە كورد واتەنی [لە تام دەرچووە]. زۆربەی ئەو فەتواو بەیاننامانە دەستتێوەردانی ڕاستەوخۆ بووە لە  ژیانی خەڵكدا، چوونە ناو وردەكاری ژیانی ڕۆژانەی تاك و خێزان و كۆمەڵگەبووە، زۆر بەدەگمەن ڕوویداوە فەتوایەك یا بەیاننامەیەك بۆ بەرژەوەندی خاك و نیشتمان و مەسەلەیەكی نەتەوایەتی دەركرابێت.

هەر بە باشوورەوە نەوەستان بەڵكو مداخەلەكانیان پەڕیەوە بۆ ڕۆژئاوا و دژی دەركردنی یاسا مەدەنیەكانی كانتۆنەكانی ئەوێ بە بەیاننامە ژیان وەستانەوە، گوایە [دەستكاری یاساكانی خودایان كردوە].

دەمێك  بابەتی بایكۆتی كاڵا و شمەكی توركی هاتە ئاراوە، خەڵكانێكی زۆر لە ناوەوە و هەندەران پێوەی پەیوەست بوون، هاوكات ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی، هونەرمەندان، پیشەوەران، خاوەن سوپەرماكیت و دوكاندارەكان كەم تازۆر ئەم بایكۆتەیان جێبەجێكرد.

چاوەڕێم دەكرد یەكێتی زانایانی  ئیسلامیش وەك ئەركیكی ئاینی و نیشتمانی لەو بارەوە بەئەركی خۆیان هەستن و ئیمانداران هانبدەن كە بایكۆتەكە جێبەجێ بكەن، بەڵام مەخابن خۆیان لێ بێدەنگ كردو لە بەیاننامەیەكی لاواز بەولاوە كە  [نیگەرانن] لە هێرشكاری توركیا بۆ سەر ڕۆژئاوا كە تێیدا تەنها جارێك ناوی توركیا هێنراوە، ئیدی لەوە بەولاوە هیچ هەڵویستیكیان نەبوو.

سەیرە لیژنەكە بۆ ڕاگرتنی سەگ لەماڵدا فەتوا دەردەكات كە وێڕای ئەوەی كاری ئەوان نییە، هاوكات شتێكی لاوەكی و بێ ماناشە، كەچی ئەم لیژنەیە ئامادە نییە فەتوایەك، بەیاننامەیەك بۆ پشتگیری لە مەسەكەیەكی وا گرنگی نەتەوەیی دەربكات.

بۆ ئەم مەبەستە بەتەلەفۆن پەیوەندیم كرد بەسەرۆكی لیژنەی فەتوا بەڕێز {دكتۆر حەسەن موفتی} و سەرۆكی یەكیتی زانایانی ئیسلام بەڕێز {عەبدوڵا وەیسی}، پرساری ئەوەم كرد لێێان كە ئایا بەنیاز نین پشتگیری لەم هەڵمەتە بكەن؟ سەیر ئەوە بوو نەك هەر لەگەڵ پشتگیریدا نەبوون، بەڵكو بە قسەكانیاندا بۆم دەركەوت كە دژی ئەو بایكۆتەن و بە پاساوی بێ بنەما و نالۆژیك دەیانویست وا نیشان بدەن ئەم بایكۆتە بێ بەرهەمە، بۆ نمونە ئەم بایكۆتە كاریگەری بۆ سەر  ئابووری توركیا نابێت، ئیمە ئەڵتەرناتیڤمان نییە، زۆربەی خەڵك ئیلتزامی پێوە ناكەن و ئاگاشیان لێی نییە، دووكاندار گەر كاڵای توركی نەفرۆشێت چی بفرۆشێت و زۆر قسەی دیكە.

 ئەز ئەم هەڵوێستە دژ و سلبیەی ئەم دوو لایەنە دوو جۆر لێكدانەوەی بۆ دەكەم، یەكەم كە بەهیزتر ئەوەیە بەهۆی ئیلتزامی ئاینییانەوە ناخوازن كارێك بكەن زیان بە ڕژێمەكەی ئەردۆغان بگەیەنن، دیارە ئەم دیدە ئاینییە زاڵە بەسەر هەستە نەتەوەیی و ئینسانییەكەیاندا، ئەوان ئەردۆغان بە موسوڵمانیكی پاك و دڵسۆزی ئیسلام و ئومێدی ئایندە و خەلیفەی موسوڵمانان دەزانن و سەرسامن بە كەسایەتییەكەی، جا بەدەر لەمانە ئەردۆغان چۆن مامەڵە لەگەڵ كورددا دەكات، ئەوە دەكرێ چاوی لیبپۆشن، چونكە ئەو لایەنە گرنگ نییە لە كنیان.

دووەم هۆكار نزیكی ئەم دوو ناوەندەیە لە پارتیەوە، بەهۆی بوونی ئۆفیسی ئەم  ئۆرگانانە لە هەولێر دەتوانین بڵێین پارتی هەژموونی خۆی بەسەریاندا هەیە و هەردوولا موراعاتی یەكتر دەكەن، هەروەها زۆرێك لە مەلاو بانگخوازەكان كە لە  لەزۆنی زەرددا نشتەجین، گەر ئەندام نەبن ئەوە هەوادرای پارتین و موچەكانیان  لە ڕێگەی وەزارەتی ئەقافەوە دەبەخشرێت كە وەزیرەكەی پارتیە و بە ڕێنمایی پارتی كار دەكات، بۆ ئەوەی بەدڵی پارتی بجوڵێنەوە، دیارە پارتیش لە بەرامبەردا  لە  پێدانی ئیمتیازاتدا كەمتەرخەمی ناكات.

خاڵی دووەم دەمانگەیەنێتە ئەو ئەنجامەی كە مادام پارتی وەك حیزب، وەك دەسەڵات لەگەڵ بایكۆتدا نییە و ناخوازێت توركیا لەخۆی بڕەنجێنێت، كەواتە ئەو دوو ئۆرگانەش كۆدەكانی پارتی دەخوێننەوە و لەو ڕوەوە كارێك ناكەن كە پارتیان لێ بڕەنجێت.

بەوە كۆتایی پێدەهێنم دەڵێم، گەر رێكخراویك یا هەر دامەزراوەیەك ئاكاری كاركردنی هەرچی بێت، سود بە گەل و نیشتمان نەگەیەنێت، لەگەڵ ئازار و مەینەتی نەتەوەكەیدا نەبێت، دەنگی هەق دژی ناهەق و ستەم بەرزنەكاتەوە، یاخود  خۆیان بە جۆرە كارێكەوە خەریك بكەن كە  شتی لاوەكین  و گرنگییان لە ژیانی خەڵكدا نییە و هیچ گۆڕانكارییەكی ئیجابی درووست ناكەن، ئەوە  نەبوونیان  لە بوونیان باشترە.

نوێترین

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure