لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/ عربي/ English

ئەحلام: 24 جار فرۆشرام و 24 جاریش دەستدرێژییان كردەسەرم

پێش 1 هەفتە


ژنە رزگاربوویەكی دەستی داعش، دەڵێت:"لە رۆژی یەكەمی هێرشی داعش بۆ سەر شەنگال، لە تەمەنی 27 ساڵی رفێندرام، جارێك لە عێراق و 23 جاریش لە سوریا فرۆشرام و 24 چەكداری داعش دەستدرێژییان كردە سەرم".
 
"لە كاتژمێر هەشتی بەیانیی رۆژی یەكەمی هێرشی داعش بۆ سەر شەنگال، لە كومەڵگەی (سیبا شێخ خدر) پێنج ئۆتۆمبێلی داعش چواردەوری ماڵەكەمانیان گرت و دەستگیركراین، ژن و پیاو لێكجیاكراینەوە و دەستی باب و براكانم كەلەپچەكران، بردینیانە بنكەی پۆلیس لە سیبا شێخ خدر"، ئەمە سەرەتای قسەكانی ئەحلام میعە خەڵەف، بوو.

ئەحلام میعە خەڵەف ژنە رزگاربوویەكی دەستی داعش، چیرۆكی بەسەرهاتەكانی خۆیی بەمجۆرە گێڕایەوە:

(لەو كاتە چەند پاسێكیان هێنا و لە رۆژی یەكەم لە سیبا شێخ خدر بردینیانە بەعاج، ژنی بەتەمەنیش لەگەڵمادابوون، جیاكراینەوە و كچ و ژنە گەنجەكان پێكەوە ماینەوە، بەشێك لەو ژنانە دوو گیانبوون، لە شەوی یەكەمی رفاندنمان ئەوانەی جوانبوون هەموویان سواری پێنج پاس كران و بردیانینە شاری موسڵ.

لە ناو پاسدا چەكدارانی داعش چ داوایەكیان كرد؟

ئەحلام دەڵێت"بە رێگەوە چەكدارانی داعش داوایانكرد كە قژی خۆمان بكەینەوە،‌ بە كامێرا وێنەیان گرتین و چەند جارێك پاسەكانیان وەستان و تەقەیان دەكرد، لە بیرمە ئۆتۆمبێلەكانیان رەشپۆش كرابوون، ماوەی 14رۆژ لە موسڵ ماینەوە".

وتیشی"سێ كوڕی برام لەگەڵ من بوون، بە چەكدارانی داعشم وت ئەوانە كوڕی خۆمن، خوشكێكیشم لەگەڵمان بوو، بەمنیان وت لەگەڵمان وەرە با ئەو منداڵانە لای خوشكەكەت بن و دەتوانێت چاودێرییان بكات".

پێنج مانگ لە گوندێك ماینەوە

دوای ئەوەی چەند رۆژێك لە شاری موسڵ ماینەوە، بردیانین بۆ گوندی كەسر میحراب لە قەزای تەلەعفەر، پێنج مانگ لەو گوندە ماینەوە، هەندێك گەنجی ئێزدی لەگەڵمانبوون هەوڵماندا متمانە بۆ چەكدارانی داعش دروستبكەین كە ئەو گەنجانە پیاوی ئێمەن و هاوسەرمانن، بەو شێوەیە ناونووسكراین و جارێكیتر بردیانینەوە بۆ موسڵ، مانگێك و حەوت رۆژ لەوێ ماینەوە و جارێكی تر براینە گەڕەكی خەزرا لە تەلەعفەر، ماوەیەك لەو گەڕەكە بووین و لەناو باخ و زەویەكانی ئەو ناوچەیە لەگەڵ برا و ئەو گەنجانەی كە پێشتر وەكو هاوسەری خۆمان بە چەكدارانی داعش ناسێندرابووین ئیشمان دەكرد، رۆژێك هەموو پیاوەكان لە مزگەوت كۆكرانەوە، كە براكەم گەڕایەوە وتی لەمەودوا پێكەوە نابین، لێك جیا دەكرێینەوەو ئەم بڕیارەیانداوە.

نەمزانی بەچەند فرۆشرام

رۆژێك كامێرایان هێنا و وێنەی هەموومانیان گرت و بۆ والی تەلەعفەر نێردران، كچ و ژنی گەنج لەماڵێكدا كۆكرانەوە، ساڵێك لە عێراق بووین، من و ژنی براكەم و هەردوو برزاكانم پێكەوە بردیانین بۆ سوریا، پێش ئەوەی بمانبەنە سوریا چەكدارێك بەناوی (ئەبو عەقیر عیراقی) سێ مانگ لەلای خۆی گلیدامەوە، دواتر چووینە سوریا و بە چەكدارێكی تونسی فرۆشرام بەناوی (ئەبو حەیدەر تونسی) نەمزانی بەچەند فرۆشرام.

هەر ژنێكیان بەدڵ بوایە دەیانبرد

لە ناوچەیەك بووین لە شاری حومس لە سوریا، لەبیرمە كاتژمێر نۆی شەو چەكدارانی داعش هاتنە‌ ئەو ژوورەی كە لێ خەوتبووین، سەیریان دەكرد هەر ژنێك بە دڵی ئەوان بووایە بۆ خۆیان دەبرد، ئەو شەوە چەكدارێك منی بۆ خۆی برد.

لەو ماوەیەی كە لە ژێردەستی چەكدارانی داعشدابووین، جارێك لە شاری موسڵ و 23 جاریش لە سوریا كڕین و فرۆشتن بە من كرا و هەمووشیان دەستدرێژییان كردە سەرم، ئەبو ئەحمەد سعودی چەكدارێكی تەمەن 50 ساڵ بوو، زۆر ئەشكەنجەی ‌دام و دەستدرێژیی سێكسییشی كردە سەرم، ناخۆشترین كات لە دوای رفاندنمان لەلای ئەو بووە.

دووگیان بووم و منداڵەكەم لەناوبرد

جارێك دووگیانبووم بە چەكدارێك بە رەگەز تونسی بەناوی (ئەبو حەیدەر) ئەو بە منی وت حەزم لە منداڵە، كاتێك دووگیان بووم ئەو چەكدارە بەردەوام لە بەرەكانی شەڕ بوو، جارێك بردمیە نەخۆشخانە و دوای پشكنین دیار بوو منداڵم هەبوو، ئەو چەكدارە بە ‌منی وت دەچمە شەڕ و ئاگات لەخۆت و منداڵەكەمان بێت، لەو كاتەدا منداڵەكەم تەمەنی دوو مانگ بوو، چوومە لای ژنێك بەناوی (ئوم نور) كە خێزانێكی هەژاربوون لەو ناوچەیە، جاربەجار سەوزە و میوەم بەو خێزانە دەدا.

كاتێك ئەو چەكدارە رۆیشت دەرزییەكی لەباربردنی منداڵم لە دەرمانخانەیەك كڕی و چوومە لای ئوم نور، پێیوتم دەچینە لای ژنێك شارەزای ئەو ئیشەیە و دەتوانێت ئەو دەرزیە بۆ تۆ دانێت و منداڵەكە لەناودەچێت یان نامێنێت، كە گەیشتینە لای ژنەكە وتی ناتوانم ئەو دەرزیە دانێم ئەگەر ئاشكرا‌ ببم داعش دەمكوژن.

ئوم نور بە ژنەكەی وت مەترسە ئەمە ئەحلامە، ژنێكی ئێزدیە و نایەوێت منداڵی هەبێت، گوناحە و پێویستە ئەو دەرزیەی بۆ دانێیت، دەرزیەكەی بۆم دانا و دواتر منداڵەكەم لەباربرد.

ئەبو هورەیرە دەیفرۆشێت بە قاچاخچییەك

لە شاری رەققە چەكدارێك بەناوی (ئەبو هورەیرە) تەمەن 23 ساڵ كە بە رەگەز ئەڵمانی و ئەمیریش ‌بوو، منی  بۆ خۆی كڕی و دواتر لەبەر بارودۆخی ئەمنی چووینە ناوچەی دێرەزۆر.

كە گەیشتینە دێرەزۆر، براكەم وێنەی منی دابوو بە قاچاخچیەك، ئەویش هەر چەكداری داعش بوو، بەڵام ئەو ئیشەی دەكرد، لە بەرامبەر رزگاركردنمان داوای پارەیەكی زۆریان دەكرد، قاچاخچیەكە‌ هاتە لامان و بە ئەمیرە ئەڵمانیەكەی وت، ئەحلامم دەوێت، دەبێ بیفرۆشی بە‌ ئێمە، ئەویش پێیوت ژنێكی تر هەیە ئەویش ئێزدیە لەلای براكەمە،‌ من ئەمە نافرۆشم.

رۆژانە ئەو قاخچیە پەیوەندیی بەو ئەمیرە ئەڵمانیەوە دەكرد و داوای كڕینی منی دەكرد، رۆژێك رازی بوو لە بەرامبەر زیادكردنی ئەو پارەیەی كە منی پێدەكڕێ‌، قاچاخچیەكە منی كڕی و بردمیە لای خۆی، بە منی وت دەبێت دوو مانگ لای من بمێنیتەوە، چونكە ئێوە دەچنە كوردستان و لەوێ لە میدیاكان دەردەكەون و ئەوانیش لێرە دەمانكوژن و مەترسی لە سەر ئێمە هەیە، زۆر كچی ئێزدیمان زرگاركردووە و چاوەرێبە تۆش دەگەیتە لای كەسوكارەكانت.

ئەو قاچاخچیە بە رەگەز سعودی بوو، كە منی بردە لای خۆی بە ڤیدیۆ لەگەڵ براكەم قسەمان دەكرد و متمانەم پێكرد كە دەمگەیەنێتە كەسوكارەكانم، جارێك بە ‌منی وت ئەگەر ناتەوێت بچیە لای كاسوكارەكانی خۆت، لە رەققە چەكدارێك داوای تۆی كردووە و ئەتفرۆشم بەو چەكدارە، منیش پێموت دەمەوێت بچمە لای كەسوكارەكانم، لەو ماوەیەی كە لەلای ئەو قاچاخچیە ‌بووم ئەویش دەستدرێژیی كردەسەرم.

دوای نزیكەی دوو مانگ قاچاخچیەكی تر هاتە لامان كە خەڵكی سوریا بوو، پێیوتم لەگەڵ من وەرە، دوایی بە ئۆتۆمبێل و ماتۆڕسكیڵ رێگەمان بڕی و رووبارمان بڕی، ئێوارەیەك بە ‌رێگەوە بووین چەكدارانی داعش لە دوورەوە بە ئێمەیان وت چی دەكەن و بۆ كوێ دەچن؟ ئەویش پێیانی وت ئەوە هاوسەرمە و دەیبەمە لای براكەی و دەگەڕێینەوە، دواتر تەقەیان لە ئێمە ‌كرد و قاچاخچیەكە بە گولـلەی قەناس كوژرا و بەتەنیا مامەوە.

دەگاتەوە لای براكەی

بەتەنیا مامەوە، هەوڵمدا خۆم بگەیەنمە شوێنێك، ئەو ناوچانە هەمووی لە ژێر كۆنترۆڵی چەكدارانی داعشدا بوون، جارێك بینیم ماتۆڕسكیلێك هات و دوو چەكداری لەسەربوو، لە بیرمە مانگی رەمەزان بوو، ئەوانیش وەستان و وتیان ئەو ژنە لە سنورەوە هاتووە و خۆی بە ئێمەدا دەتەقێنێتەوە، منیش وتم واناكەم ماڵەكەمان بۆردوومانكراوە و منیش هاتووم دەچمە لای خوشكەكەم، دەمەوێت هاوكاریم بكەن و بمگەیینە (كەشتیەكە)‌ و دواتر خۆم دەڕۆم، ئەوانیش رازیبوون.

كە منیان گەیاندە نزیك رووبارەكە،‌ ئەو چەكدارانەی كە لەوێ بوون وتیان ئەم ژنە بە عێراقی قسە دەكات، ئەمە سوریی نییە، جارێكی تر داوام لەو چەكدارانە كرد كە ماڵەكەمان بۆردوومانكراوە و پیاوەكەم موجاهیدە، دەمەوێت بچە لای خوشكەكەم. رێگەیاندا و گەیشتمە ئەو ماڵەی كە قاچاخچیەكان دیاریانكردبوو.

ماوەی چەند رۆژێك لەو ماڵە مامەوە و قاچاخچیەكی تر هات بە 20 هەزار دۆلار گەیاندمیە شوێنێكی تر و دواتر گەیاندمیە تەبقە و هاتینە كۆبانێ و قامیشلۆ و لەوێوە هاتمە كۆمەڵگەی خانەسۆر لە شەنگال دواتر گەیشتمە لای براكەم.

دوای چوار ساڵ لە رفاندنمان، مانگی نیسانی 2017 گەیشتمەوە‌ شەنگال، حەوت خوشك و برا و برازاكانم لە دەستی چەكدارانی داعشدا ماون".
سەرچاوە/ دواڕۆژ

نوێترین

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure