لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/ عربي/ English

مرۆڤ هۆشیاری بەرهەمدێنێت یاخود داکەوت و ژیان؟

پێش 2 هەفتە


ناودار زیاد

 

بۆ وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارەی کە هۆشیاریی مرۆڤ مانا بە ژیان دەدات یاخود ژیان و داکەوت ئاستی هۆشیاریی مرۆڤ دیاریدەکات؟ لە سەرەتادا تەنها وەڵامی ئەفسانە و ئایین هەبوو. ئەفسانە و ئایینیش وەڵامەکانیان ئامادە و یەکلاکەرەوە بوو. لە ڕوانگەی ئەفسانە و ئایینەوە هێزە ئاسمانییەکان و قودرەتە ئیلاهییەکان و دەسەڵاتی خوداوەندەکان، یاخود تاقە خودایەکی گەورە و باڵادەست دەستێوەردانی ڕاستەوخۆیان لە ئاڕاستەپێدان و شکڵگرتنی ژیانی مرۆڤەکان هەبووە. هەر ئەوانیش تاکە هێزی بەرپرسیاربوون لە ڕووداو و کارەسات و پێشهاتەکان، تا ئەو ڕاددەیەی ڕەنگڕێژی ژیان و چارەنووسی مرۆڤەکانیان دەکرد. بەڵام دواتر فەلسەفە و فەیلەسوفەکان هاتن لەبری وەڵامی دڵنیا و ئامادەی ئەفسانە و ئایین بۆ پرسیارەکان هەوڵی وروژاندنی پرسیار و تێڕامانیاندا لە پرسیارەکان. ئەمەش بووەهۆی ئەوەی وەڵامی هەمەجۆر بۆ پرسیارەکان بێتە ئاراوە. بۆ وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارەی ئایا هۆشیاری لەپێش داکەوت و واقیعەوەیە یاخود واقیع لەپێش هۆشیارییەوەیە؟ (کارل مارکس، ١٨١٨-١٨٨٣) لەکتێبی (ئایدیۆلۆژیای ئەڵمانی، 1845)ـدا دەڵێت "هۆشیاری ژیان دیاریناکات، بەڵکو ئەوە ژیانە هۆشیاری دیاریدەکات". هەرچەندە ئەم گوتراوە لەلایەن خودی مارکسییە هاوچەرخەکانەوە ڕەخنەی لێگیراوە، بەو پێیەی ئەمە زەبردانە لە مرۆڤ وەک چەق و بابەتی هۆشیاری و، برەو بە هۆشیاریی سەردەست و باو دەدات کە بریتییە لە هۆشیاریی چینە فەرمانڕەواکان، هاوکات دان بەوەدا دەنێت کە بەرزبوونەوە و گەشەسەندنی ئاستی هۆشیاریی تاک ئەگەر پێ بە پێ نەبێت لەگەڵ هۆشیاریی باو و ئارادا ئەوا ناتوانێت کاریگەری ڕاستەوخۆی هەبێت و هێزی فەرمان و بڕیاری لەدەستدا نابێت و ناتوانێت دەسکاری پێوەر و بەهاکان بکات. لە دۆخێکی لەم شێوەیەدا دوو بژاردە لەبەردەم تاکدا دەمێنێتەوە، ئەوانیش: یان یاخیبوون و بەرەنگاری یاخود خۆبەدەستەوەدان و توانەوە لە هۆشیاریی باو و ئارادا.


بۆچوونێکی تر هەیە پێیوایە سەرباری جەبر و ناچاری ئەو قۆناغ و ژینگەیەی مرۆڤ تێیدایە، واتا سەرباری هەلومەرجی داسەپاو، هێزی عەقڵی مرۆڤ لە هێزی کارتێکەرەکان کەمدەکاتەوە و، جیهان وەک کارتێکەرێک دەگۆڕێت بۆ جیهانی کارتێکراو، بەڵام ئەمە بەو مانایە نایەت کە ئیدی کارتێکەر ون دەبێت، بەڵکو بەپێچەوانەوە پەیوەندی نێوان عەقڵ لەگەڵ ژیان و جیهاندا بەردەوام دەبێت تا ئەو کاتەی مرۆڤ لەسەر زەوی دەژیت. لێرەوە لە ئەنجامی بەرکەوتنی عەقڵەکان لەگەڵ کارتێکەرەکاندا هەمەڕەنگی و هۆشیاری و ڕوانگەکان چێدەبێت. هەر ئەمەش وادەکات جوڵەی ژیان و جیهان لە جوڵەیەکی سەرپۆش لەسەر نراو و نهێنییەکی داخراو و بونیادێکی جێگرەوە بگۆڕێت بۆ جوڵەیەکی ئاشکراو و زەمەنێکی کراوە و بونیادێکی بزۆک.


لێرەدا ئەو پرسیارە دروست دەبێت ئەگەر مرۆڤ بەرهەمی هۆشیاری ئەو ژیان و جیهان و واقیعە بێت کە تێیدا لەدایک دەبێت و دەژیت ئەدی چۆن تەماشای ئەو گۆڕانکاری و داهێنان و ڕووداوانە بکەین کە مرۆڤ دەستی لە خوڵقاندنیاندا هەیە؟ لەمبارەیەوە لەناو چەندین وەڵامی هەمەجۆردا دەگەڕێـیـنەوە بۆ تێـز و چەمکەکانی فەیلەسوفی فەڕەنسی (ژاک لاکان، ١٩٠١-١٩٨١)، بە بۆچوونی (لاکان) مرۆڤ لە ژیاندا لەگەڵ سێ پانتاییدا دەرگیرە، ئەوانیش: (پانتایی خەیاڵی، پانتایی ڕەمزی، پانتایی ڕیاڵ).

 

لە پانتایی خەیاڵدا مرۆڤ کاتێک بەر وێنەی خۆی لەناو ئاوێنەدا دەکەوێت تووشی سەرسوڕمان دەبێت، چونکە خۆی ناتەواو و پڕ دژوێژی و لەیەکترازاو و پارچە پارچەیە لە ناخەوە، کەچی وێنەکەی خۆی لە ئاوێنەدا تەواو و یەکانگیر و یەکگرتووە. لە پانتایی ڕەمزیدا هەموو شتێک لەناو زماندا وێنە و مانا وەردەگرێت و، لەلایەن ئەویتری گەورەوە (سیستەم، بەها، خێزان، کۆمەڵگا) سنوردار دەکرێت. بەڵام پانتایی ڕیاڵ جیاوازە لە واقیع، چونکە لە پانتایی ڕیاڵدا شتێک هەیە لە قالب نادرێت و وێنەکەی پەخشنابێتەوە بۆ واقیع و ناتوانرێت وەک خۆی گوزارشتی لێبکرێت. پانتایی ڕیاڵ لە قوڵایی هەست و ناخ و خەیاڵدانی مرۆڤەکاندایە. کەواتە لەم پانتاییەوەیە داهێنان چێدەبێت و هونەر دەئافرێت و خوڵقاندن دێتە ئاراوە. بەمجۆرە لە سۆنگەی (لاکان)ـەوە هەم ژیان و ئەو جیهانەی کە مرۆڤ تێیدا لەدایک دەبێت و گەورە دەبێت، هەم ئەو بەهرە و هەست و ئیدراکەی لە ناخیدایە خوڵقێنەر و دیاریکەری هۆشیارییەکەیەتی.

لەگەڵ ئەوەشدا هۆشیاری بابەتێکی ئیپستمۆلۆژییە، چونکە هۆشیاری پەیوەستە بە باوەڕ و بۆچوونەکانەوە. ئیپستمۆلۆژیش لە کورتترین پێناسەیدا بریتییە لە "باوەڕێکی ڕاستی بەڵگەدار". کەواتە ئەو هۆشیارییەی لای مرۆڤ دروست دەبێت پێویستە تەبا بێت لەگەڵ واقیعدا، ئەم بۆچوونە لە تێڕوانینەکانی فەیلەسوفی ئەمەریکی (ڕۆبرت نوزیک، ١٩٣٨-٢٠٠٢)ـەوە هەڵدەقوڵێت، چونکە (نوزیک) لە تیۆریی هۆکاری و دەلالیی جیادەبێتەوە و، تیۆریی مەرجی پەسەند دەکات. بەپێی ئەم تیۆرە، مەعریفە بریتییە لە باوەڕێکی ڕاست بە مەرجێک هاوتای واقیع بێت. کەواتە تێکچڕژان و تێکەڵاوی هەیە لەنێوان هۆشیاریی مرۆڤ لەگەڵ واقیعدا، واتا ئەو هۆشیارییەی لای مرۆڤ هەیە ئەگەر لە واقیعیشەوە هەڵنەگۆزرێت دەبێت هاوئاهەنگ بێت لەگەڵ واقیعدا.
 
سەرچاوەکان:
1. بەختیار عەلی، یادەوەری و زەمەن، ناوەندی ڕۆشنبیری و هونەری ئەندێشە، سلێمانی/هەرێمی کوردستان-عێراق، چاپخانەی تاران، تاران، ٢٠١٥.
2. تیری إیجلتون، مشكلات مع الغربا‌و...دراسە فی فلسفە اڵاخلاق، ترجمە: عبدالرحمن مجدی ومصگفی محمـد فوأد، مۆسسە هنداوی سی ێ‌ی سی، المملكە المتحدە، 2019.
3. جاستون باشلار، ابستمولوجیا: نصوص مختارە فی ابستمولوجیا العلوم والتحلیل النفسی للمعرفە الموچوعیە، ترجمە: درویش الحلوجی، دار المستقبل العربی، بیروت، 1998.
4. كارل ماركس وفریدریك إنجلز، الإیدیولوجیە اڵالمانیە، ترجمە: فۆاد أیوب، دار الفارابی، بیروت، 2016.

نوێترین

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure