لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/ عربي/ English

گروپەكانی ئیسلامی سیاسی خەون بە گەڕانەوەی حاكمیەتی خوداوە دەبینن

پێش 2 هەفتە


چەمكی ئیسلامی سیاسی بەسەر ئەو بزوتنەوە و حزبانەدا دەبڕدرێت كە ئیسلام وەك فاكتەرێكی گۆڕانكاریی سیاسی بە كار دەهێنن و (ئیسلام) بە سیستمێكی سیاسی دەناسێنن، پێیان وایە پێویستە حوكمی كۆمەڵگەی پێ بكرێت و تەنها لە بواری پەرستش و بابەت و پرسە ڕۆحانییەكاندا قەتیس نەكرێت.

لە پاش ڕوخانی دەوڵەتی عوسمانی، كە بە پێی وتەی شارەزایان ڕۆڵی ئەم دەوڵەتە بۆ مسوڵمان وەك ڕۆڵی باوك بۆ پارێزگاریی خێزان و ڕۆڵی كەللەسەر وا بو بۆ مرۆڤ، ڕۆژئاوا توانی بە تەواوەتی دەسەڵات و هەیمەنەی خۆی زاڵ بكات بەسەر ناوچەكە و كۆمەڵگەی مسوڵماندا، چەندین ڕێباز و تەوژم و حزبیش دروست بون و هەریەكە و بە ئامرازێكی جیاواز هەوڵی چاكسازی و گێڕانەوەی شكۆیان بۆ خۆیان داوە.

بە بڕوای بەشێكی زۆر لە مسوڵمانان بۆ دەرباز بون لەم بارودۆخە شێواوەی ئێستای مسوڵمانان و گێڕانەوەی شكۆ و سەروەری و دەربازبون لە پاشكۆیەتیی ڕۆژئاوا، پێویستە هەمان ئەو ئامرازە بەكاربهێنرێت كە مسوڵمانانی پێشوتر بە كاریانهێنا و توانیان بە هۆیەوە پێشبكەون، ئەویش خۆی لەدەستگرتن بە ئایینی ئیسلام و كار پێكردنی دەبێت، چەندین بانگخوازی ئیسلامیش زیاتر جەخت لەزیندوكردنەوەی چەمكە ئیسلامییەكان و گێڕانەوەی خەڵك‌ بۆ ئایینی ڕاست و دروست دەكەنەوە، بەڵام ئیسلامی سیاسی بڕوای وایە پێویستە ئیسلام و دەسەڵات ئاوێزانی یەكتر بن و بەبێ یەكتر هیچیان ناتوانن مەبەستی سەرەكی و پیرۆزیی خۆیان بەجێ بگەیەنن.

خەونی دروستكردنی دەوڵەتێك كار بە سیستمی ئیسلامی بكات و شەریعەتی ئیسلامی جێبەجێ بكات جیاواز و جۆراوجۆرە لە نێوان گروپە ‌جیاوازەكاندا، هەندێك بانگەشەی دروستكردنی خەلافەتێك دەكەن كەسەرجەم مسوڵمانان بگرێتەوەو كۆی مسوڵمان و ناوچەكانیان بخاتە ژێر دەسەڵاتی خۆیەوە، هەندێكیش هەوڵی خۆیان كورتكردوەتەوە بۆ دروستكردنی تەنها دەوڵەتێك لە سنورێكی دیاریكراودا وەك ئەمارەتی تاڵیبان.

ئیسلامی سیاسی لە ڕوی بەكارهێنانی ئامرازەكان بۆ بونیادنانی دەو‌ڵەتێكی ئیسلامی دەتوانرێت جارێكی تر پۆلێن بكرێتەوە، بەشێكیان ‌ پەنا دەبەنە بەر توندوتیژی، ئەم بۆچونە بە جیهادیستەكان دەناسرێن، بەشێكیی تریش بۆ گەیشتن بەم خەونەیان پەنا دەبەنە بەر ڕێكارەكانی دیموكراتی وەك هەڵبژاردن و پەرلەمان و بەشداریی لە چالاكییەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی كە بە ئیسلامییەكان دەناسرێن.

ئیسلامییەكان توانیان لە بەهاری عەرەبیدا سەركەوتن بە دەستبهێنن و لە ڕێگەی خۆپیشاندان و هەڵبژاردنەوە جڵەوی حوكمی چەند وڵاتێكی عەرەبی بگرنە دەست.

ئیسلامی سیاسی و سێ دروشمی سەرەكی

ئیسلامی سیاسی بۆ برەودان بە كاری سیاسی سێ دروشمی سەرەكی بەكاردەهێنێت:

1- گشتگیرێتیی ئیسلام، مەبەست لە گشتگیرێتیی ئیسلام ئەوەیە كە شەریعەتی ئیسلامی شەریعەتێكی گشتگیرە بۆ سەرجەم بوار و ڕوانگەكانی ژیانی مرۆڤایەتی. ئیسلام بۆ هەر ڕوانگەیەك سیستمێكی تایبەت بە خۆی هەیە لەو بوارەدا، پێویستیی سەرشانی مرۆڤەكانیش ئەوەیە كە هەوڵی جێبەجێكردنی ئەم حوكم و یاسایانەی ئیسلام بدەن لە هەمو بوارە جۆراوجۆرەكاندا و بانگەشەشی بۆ بكەن بۆ جێبەجێكردنی لە ناو تێكڕای مرۆڤایەتی و كۆمەڵگەدا.

2- ئیسلام چارەسەرە: بەرزكردنەوەی دروشمی ئیسلام چارەسەرە بە ‌لای ئیسلامییەكانەوە پێویستییەكی ئیسلامیی ئەم ڕۆژگارەی ناو كۆمەڵگەی ئیسلامییە وەك پەرچەكردار و وەڵامێك لە بەرامبەر ئەو تەوژمە سیكۆلاریستییەی ڕوی لە ناوچەكە كردوە، ئەوان دەڵێن بەرامبەر ئەو دروشمانەی خاوەن ڕێباز و گروپە جیاوازەكان بەرزی دەكەنەوە كە پشت بە بنەما ئیسلامییەكان نابەستێت، پێویستە ئیسلامییەكان دروشمی ئیسلام چارەسەرە بەرزبكەنەوە وەك گوزارشتێك بۆ گەڕانەوە بۆ بنەما سەرەكییەكانی ئیسلام لە چارەسەركردنی گرفتەكانی كۆمەڵگە.
3- حاكمییەت تەنها بۆ خودایە: دروشمی حاكمییەت بۆ خودایە لە گرنگترین و سەرەكیترین دروشمی ئیسلامی‌ سیاسییە.

هەر لە سەردەمی خەواریجەوە كە دروشمی حاكمییەت بۆ خودایان بەرز كردبوەوە بەرامبەر عەلی كوڕی ئەبی تالیب، تا ئەمڕۆ درێژبونەوەی هەیە و بەكاردەهێنرێت.

لە ناو ئیسلامییەكانی سەردەمدا هەردو بیریاری ئیسلامی، كە بۆچونەكانیان كاریگەریی زۆریان لەسەر هەوادارانیان هەیە (ئەبو ئەعلای مەودودی و سەید قوتب) زیندوكەرەوەی سەرەكیی بیردۆزی حاكمییەت بۆ خودان و تێكڕای گروپە جیهادیستەكان بە جۆرێك لە جۆرەكان كەڵكیان لە تێڕوانینەكانی ئەمان وەرگرتوە لەمەڕ ئەم بابەتە و بەكاریانهێناوە بۆ خۆیان.

بەلای ئەم دو سەردەستەیەی جیهادیستەكانەوە داننان بە ‌دروشمی "حاكمییەت بۆ خودایە" بریتییە لە خودی ناسینی خودا و  بابەتەكە پەیوەستە بە بڕواداربون و هەڵوەشانەوەی باوەڕی مرۆڤەوە، ئایا خودا بە حاكمی موتڵەق دەزانێت یان بە پێچەوانەوە.

هەوڵدان بۆ دانانی سەرۆك یان هەر كەسێكی دیكە كە هەڵگری هەر نازناوێك بێت و جڵەوی حكومڕانیی بە ‌دەستەوە بێت كە كار بە شەریعەتی ئیسلامی بكات و حوكمەكانی ئیسلام جێبەجێ بكات، حاكمییەت تەنها بە خودا بزانێت، لەبری دانانی یاساو ڕێسای ژیان لە پەرلەمانەوە یان بەپێی داخوازی خەڵك لە پێویستییەكانی هەستانە بەكاری ئیسلامی و دروشمێكی سەرەكی ئیسلامی سیاسییە.

تەكفیر و ئیسلامی سیاسی

ئەوەی جێگەی سەرنجدان و شیكاریی وەردە ئەوەیە كە زۆر جار دروشمی "حاكمییەت بۆ خودایە"‌ بۆ ‌مەبەستی تر جگە لە كایەی سەرەكیی خۆی بە‌كارهێنراوە و لە هەندێك كاتدا بە سیاسی كراوە و بە هۆیەوە زیانی گەورە لە ئیسلامیش دراوە لە كۆمەڵگەدا.

زۆر جار گروپەكان ئەم دروشمەیان بە‌كارهێناوە بۆ تەكفیركردنی هەر كەس و لایەنێك كە بۆچون و هەڵوێستێكی سیاسیی جیاواز لە حزب و گروپەكەی ئەمان هەبێت و هیچ بۆچونێكی سیاسیی جیاوازیان پەسەند نەكردوە و هەمیشە پیرۆزییان بە بۆچونە سیاسییەكانی خۆیان داوە و كردویانە بە حوكمی خودا و لە تێڕامان و زادەی هزری خۆی دەریانكردوە و بەرگی حوكمی خودایان بە ‌بەردا كردوە.

تەنانەت لە ناوخودی گروپە چەكدارەكان و جیهادیستەكانیشدا تەكفیر هەیە، گروپێكی چەكداری ئیسلامیی تەكفیری گروپێكی چەكداری ئیسلامیی تری تەكفیر كردوە بە هۆی جیاوازیی بیروبۆچونە سیاسییەكانیانەوە.
سەرچاوە/ ئاژانس

نوێترین

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure