لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/ عربي/ English

سه‌رۆكایه‌تی كردنی G20 دۆسیه‌ى سعوودیه‌ له‌ مافه‌كانى مرۆڤ ناسڕێته‌وه‌

پێش 1 هەفتە


وێرای ئه‌وه‌ی سه‌رۆكایه‌تیی كۆمه‌ڵه‌ی G20  له‌لایه‌ن سعوودیه‌وه‌ به‌ رووداوێكی مێژوویی داده‌نرێت، چونكه‌ یه‌كه‌م وڵاتی عه‌ره‌بی ده‌بێت سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌م كۆمه‌ڵه‌یه‌ بكات، كه‌چی رێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان دووپات له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌، ده‌بێت وڵاتانی ئه‌ندام له‌م كۆڕبه‌نده‌ گوشار بخه‌نه‌ سه‌ر سعوودیه‌ بۆ ئه‌وه‌ی پێشیلكارییه‌كانی له‌ بواری مافه‌كانی مرۆڤ بوه‌ستێنێت.

ئاژانسی فڕانس پرێس له‌ راپۆرتێكدا باس له‌ سه‌رۆكایه‌تیی كۆمه‌ڵه‌ی G20 ده‌كات له‌لایه‌ن سعوودیه‌وه‌ كه‌ ئه‌مه‌ رووداوێكی ده‌گمه‌نه‌ له‌ مێژووی كۆڕبه‌ندی G20، چونكه‌ تا ئێستا‌ هیچ وڵاتێكی عه‌ره‌بی سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌م گرووپه‌ی نه‌كردووه‌.

له‌ سه‌ره‌تای راپۆرته‌كەدا‌ هاتووه‌، شانشینی سعوودیه‌ یه‌كه‌م وڵاته‌ ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممە سه‌رۆكایه‌تی كۆمه‌ڵه‌ی G20 وه‌رده‌گرێت، ئه‌مه‌ش له‌ كاتێكدایه‌ ئه‌م وڵاته‌ هه‌وڵ ده‌دات بگه‌ڕێته‌وه‌ ناو گۆڕه‌پانی نێوده‌وڵه‌تی، چونكه‌ پێشتر له‌ دۆسییه‌كانی مافی مرۆڤدا رووبه‌ڕووی ره‌خنه‌ی توند ده‌بووه‌وه‌.

لەم كاتەدا سعوودیه‌ هەوڵدەدات له‌ رووی مافه‌كانی مرۆڤ خۆی چاكتر نیشان بدات، فرانس پرێسئماژە بەوە دەكات شانیشنی سعوودیه‌ به‌ره‌و ئاراسته‌ی كرانه‌وه‌ی زیاتر رۆیشتووه‌، به‌ تایبه‌تی كاتێك مافی زیاتری به‌ ژنان داوه‌، به‌ڵام له‌ هه‌مان كاتیشدا رووبه‌ڕووی ره‌خنه‌ توند ده‌بێته‌وه‌، به‌هۆی ئه‌و رێكارییه‌ توندانه‌ی ده‌رهه‌ق به‌ ئۆپۆزسیۆن ئه‌نجامی ده‌دات، هه‌روه‌ها به‌هۆی كوشتنی جه‌مال خاشقچی رۆژنامه‌نووس كه‌ له‌ سه‌ره‌تای مانگی ئۆكتۆبه‌ری ساڵی 2018 سه‌ردانی كونسوڵخانه‌ی سعوودیه‌ی كرد له‌ ئیستانبۆڵ و دواتر له‌ ناو كونسوڵخانه‌كه‌ كوژرا، ئه‌مه‌ش كاریگه‌ری له‌سه‌ر ناوبانگی سعوودیه‌ هه‌بوو له‌ بواری مافه‌كانی مرۆڤ، ته‌نانه‌ت هه‌ندێك وڵات بیریان له‌ سزادانی سعوودیه‌ كرده‌وه‌، كه‌ زۆرێكیان دۆستی دێرینی سعوودیه‌ بوون له‌وانه‌ ئه‌مه‌ریكا و چه‌ند وڵاتێكی تری ئه‌وروپا.

به‌ڵام ئێستا كه‌ سه‌رۆكایه‌تی گرنگترین كۆڕبه‌ندی نێوده‌وڵه‌تی ده‌كات و ئه‌مڕۆ به‌رپرسیارێتییه‌كه‌ی وه‌رگرتووه‌، ئه‌و وڵاته‌ هه‌وڵ ده‌دات كراوه‌یی خۆی نیشان بدات و له‌ به‌رانبه‌ریشدا وڵاتان و رێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان دووپات له‌سه‌ر گوشاردانان ده‌كه‌نه‌وه‌.

ساڵی رابردوو ژاپۆن سه‌رۆكایه‌تی سه‌رۆكایه‌تی كۆمه‌ڵه‌ی G20 له‌ ئه‌ستۆ گرتبوو، ئێستاش سعوودیه‌ كه‌ ده‌بێت له‌ رۆژی 21-22 ی مانگی تشرینی داهاتوو له‌ ریاز پێشوازی له‌ لووتكه‌ی G20 بكات له‌ ریاز.  به‌گوێره‌ی ئه‌و راگه‌یاندراوه‌ فه‌رمییه‌ی له‌لایه‌ن ئاژانسی هه‌واڵی سعوودیه‌ "واس" بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ "ئه‌مڕۆ یه‌كی كانوونی یه‌كه‌می 2019 سعوودیه‌ سه‌رۆكایه‌تی كۆمه‌ڵه‌ی G20 ده‌كات تا كاتی به‌ستنی لوتكه‌ی سه‌رۆكه‌كانی G20 كه‌ ساڵی داهاتوو له‌ ریاز به‌ڕێوه‌ده‌چێت".

ئاژانسه‌ سعوودیه‌كه‌ لێدوانێكی میر محه‌مه‌د بن سه‌لمانی جێنیشینی شای سعوودیه‌ی بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ دووپات له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ ریاز  له‌میانه‌ی سه‌رۆكایه‌تی كۆمه‌ڵه‌ی G20 پابه‌ند ده‌بێت به‌و كارانه‌ له‌ لووتكه‌ی ئۆساكای ژاپۆنی ده‌ستی پێ كردووه‌ و له‌گه‌ڵ به‌هێزكردنی هاوڕایی نێوده‌وڵه‌تی.

محه‌مه‌د بن سه‌لمان ده‌ڵێت "ئێمه‌ بڕوامان به‌وه‌ هه‌یه‌ ئه‌مه‌ هه‌لێكی ده‌گمه‌نه‌ بۆ هاوڕایی دنیا سه‌باره‌ت به‌ بابه‌ته‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان كاتێك له‌ سعوودیه‌ میوانداری وڵاتان ده‌كه‌ین". ئاژانسی هه‌واڵی سعوودیه‌ باسی له‌وه‌ش كردووه‌ به‌ر له‌ كۆبوونه‌وه‌ی سه‌رۆكه‌كان له‌ ریاز كه‌ له‌ ساڵی داهاتوو ده‌بێت، ئه‌م ساڵ سعوودیه‌ میواندارى زیاتر له‌ 100 بۆن و كۆنگره‌ی جۆراوجۆر ده‌كات، له‌گه‌ڵ چه‌ندان كۆبوونه‌وه‌ی وه‌زیران.

سه‌رۆكی ناوه‌ندی توێژینه‌وه‌ی گلۆباڵ سۆلیۆشنز ئینشیاتیف، كه‌ ناوی دینس سنوره‌ له‌ لێدوانێكی بۆ ئاژانسی فڕانس پرێس باس له‌وه‌ ده‌كات كۆمه‌ڵێك ئاسته‌نگ رووبه‌ڕووی سعوودیه‌ ده‌بێته‌وه‌، كاتێك سه‌رۆكایه‌تی ئه‌م كۆڕبه‌نده‌ گرنگه‌ی دنیا ده‌كات، له‌وانه‌ هه‌ندێك مه‌ترسی له‌سه‌ر ئاستی دنیا هه‌ن وه‌ك گۆڕانكاری كه‌شوهه‌وا، پێشكه‌وتنه‌ دیمۆگرافییه‌كانی له‌ شێوه‌ی دابه‌زینی تێكڕایی له‌دایكبوون و به‌رزبوونه‌وه‌ی تێكڕای ناوه‌ندی ته‌مه‌ن. ئه‌م سه‌رۆك رێكخراوه‌ ده‌شڵێت گه‌شه‌كردنی ناكۆكییه‌ سیاسی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كان رێگره‌ له‌ به‌رده‌م چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و كێشانه‌.

وه‌ك چاودێران ئاماژه‌ی بۆ ده‌كه‌ن چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و دۆسییانه‌ی گرووپه‌كه‌ له‌ ئه‌ستۆی ده‌گرێت ئاسان نییه‌، له‌ هه‌مان كاتیش رێكخراوه‌كانی بواری مافه‌كانی مرۆڤ داوا له‌ كۆمه‌ڵه‌ی G20 ده‌ه‌ن گوشاری زیاتر بخه‌نه‌سه‌ر سعوودیه‌ به‌هۆی ئه‌و رێكارییه‌ توندانه‌ی دژی ئۆپۆزسیۆن ئه‌نجامی ده‌دات له‌وانه‌ چه‌ندان چالاكی ژن و رۆژنامه‌وان و ئۆپۆزسیۆنی سیاسی گرتووه‌.

هبه‌ مرایف به‌ڕێوه‌به‌ری نووسینگه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و باكوری ئه‌فریقیا له‌ رێكخراوی لێبوردنی نێوده‌وڵه‌تی ده‌ڵێت "سعوودیه‌ سه‌رۆكایه‌تی كۆمه‌ڵه‌ی G20 ده‌كات له‌ نێو شه‌پۆلێكی نوێ گرتنی زۆرملێ، ئه‌م شه‌پۆله‌یش كه‌سانی ره‌خنه‌گری ئاشتیخواز ده‌كاته‌ ئامانج".هبه‌ له‌ به‌یاننامه‌یه‌ك ده‌ڵێت "له‌سه‌ر سه‌رۆكه‌كانی دنیا و گرووپی بیست پێویسته‌ گوشار بخه‌نه‌ سه‌ر میر محه‌مه‌د بن سه‌لمان بۆ گره‌نتی كردنی ته‌واوی مافه‌كانی مرۆڤ به‌ تایبه‌تی ئازادی راده‌برین و گردبوونه‌وه‌ی ئاشته‌وایی".
كۆڕبه‌ندی گرووپی بیست یان به‌ "G20 " ده‌ناسرێت له‌ ساڵی 1999 له‌ به‌رلین دامه‌زراوه‌ و كۆڕبه‌ندێكه‌ گرنگترین ئه‌و وڵاتانه‌ له‌ خۆده‌گرێت كه‌ گه‌وره‌ترین به‌شدارییان له‌ ئابووری دنیا هه‌یه‌. هه‌ر ساڵه‌ و وڵاتێكی ئه‌ندام سه‌رۆكایه‌تی ده‌كات. 
 

نوێترین

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure