لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/ عربي/ English

ڕابەرێكی سەلەفییەكان : خواردنی گۆشتی حوشتر دەستنوێژ دەشكێنێت

08/12/2019


 مامۆستاو یەكێك لە ڕابەرانی سەلەفییەكانی كوردستانە كە لە  ئەڵمانیا دەژی، ڕایدەگەیەنێت كە بە خواردنی گۆشتی حوشتر دەست نوێژت دەشكێت.

باوكی حارس پەیامێكیدا لە فەیسبووكی تایبەتی خۆی نوسیویەتی:" پێم خۆشە بۆ ئاگادار بوونەوەتان ئەوە ڕوون بكەمەوە كە ئەوەی گۆشتی وشتر بخوات دەست نوێژی هەبووبێ ئەوە دەست نوێژەكەی ئەشكێت، لەبەر ئەوەی ئێستا دەڵێن لە كوردستان هەندێ چێشتخانە هەیە گۆشتی وشتر ئەفرۆشێ، وە خەڵكی زۆریش بۆ حەج و عومرە ئەڕوات و لەوێ گۆشتی وشتر ئەخوات پێویستە ئەو حوكمە بزانن".

باوكی حارس بەڵگە دێنێتەوە لەسەر شكاندنی دەستنوێژ بە گۆشتی حوشترو دەڵێت:" هاتووە لە سەحیحی موسلیم ڕیوایەت كراوە كە یەكێك پرسیاری كرد لە پێغەمبەری خوا صلی الله علیه وعلی اله وسلم : (أَأَتَوَضَّأُ مِنْ لُحُومِ الْغَنَمِ؟ قَالَ: «إِنْ شِئْتَ فَتَوَضَّأْ، وَإِنْ شِئْتَ فَلَا تَوَضَّأْ» قَالَ أَتَوَضَّأُ مِنْ لُحُومِ الْإِبِلِ؟ قَالَ: «نَعَمْ فَتَوَضَّأْ مِنْ لُحُومِ الْإِبِلِ) واتە: ( ئایا دەست نوێژ بشۆمەوە لە خواردنی گۆشتی مەڕو بزن؟ -پێغەمبەری خوا صلی الله علیه وعلی اله وسلم- فەرموی: ئەگەر ویستت دەست نوێژ بشۆ، وە ئەگەر ویستت مەیشۆ. -پرسیاركەر- وتی: ئایا دەست نوێژ بشۆم لەخواردنی گۆشتی وشتر؟ -پێغەمبەری خوا صلی الله علیه وعلی اله وسلم- فەرموی: بەڵێ دەست نوێژ بشۆوە لە خواردنی گۆشتی وشتر).

ئەو مامۆستا سەلەفییە ئاماژەش بەوە دەكات" خیلاف هەیە لەبەینی زاناكاندا لەسەر ئەوەی كە خواردنی گۆشتی حوشتر دەستنوێژ دەشكێنێت یاخود نا، بەڵام ئەو بۆچوونی وایەو ئەوە بەڕاست دەزانێت كە دەستنوێژی پێدەشكێت، ئەو دەڵێت:" بەڵام حەق وایە دەست نوێژ بەخواردنی گۆشتی وشتر ئەشكێ، وە ئەو فەرموودەیە ماناكەی ئاشكرایە، هەر چەند لەزانایان هەن وتویانە نەسخ بۆتەوە بەڵام بەڵگەی دروستیان نیە بۆ ئەوە، وە فەرموودەكە تەنها ئەوەی تێدا كە بە خواردنی گۆشتی وشتر دەست نوێژ ئەشكێ نەك بە خواردنەوەی شیری وشتر، ئەوەی شیری وشتر بخواتەوە دەست نوێژی ناشكێ".

نوێترین

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure