لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/ عربي/ English

سەرۆكی میانمار بەهۆی دۆسیەی موسوڵمانانی ڕۆهینگا دەچێتە بەردەم دادگا

09/12/2019


سەرۆكی میانمار كە خاوەنی خەڵاتی نۆبڵە بۆ ئاشتی، بەهۆی دۆسیەی كوشتاری موسوڵمانانی ڕۆهینگا لەمیانمار دەچێتە بەردەم دادگای نێودەوڵەتی لاهای، ئەویش بەمەبەستی بەرگری لە حكومەتی  وڵاتەكەی كە تاوانبارە بەو دۆسیەیە.


ئۆنگ سان سۆی كەی سەرۆكی میانمار ڕۆژی یەكشەممە شاری نایبیدای پایتەختی وڵاتەكەی بەرەو شاری لاهای لەهۆڵەندا جێهێشت ، لەكاتی ڕۆیشتنیشیدا هەزاران كەس بۆ پشتیوانی ناوبراو لە فڕۆكەخانە كۆبوونەوە.


ڕۆژانی 10 تا 12 ی ئەم مانگە دادگایی سەرۆكە ژنەكەی میانمار لە لاهای بەڕێوەدەچێت، ژمارەیەكی زۆر لە لایەنگرانی ئەو سەرۆكە خۆیان ئامادەكردووە لەبەردەم دادگای نێودەوڵەتی خۆپیشاندان ئەنجام بدەن، بەڵام لەهەمانكاتدا چاوەڕوان دەكرێت ژمارەیەكی زۆر موسوڵمان لەبەردەم دادگای لاهای دژ بەسەرۆكی میانمار كە حكومەتەكەی تۆمەتبارە بەكوشتنی موسوڵمانانی ڕۆهینگا كۆببنەوە.


دادگایی كردنی سەرۆكی میانمار لەسەر سكاڵایەكی وڵاتی نامبیایە لەئەفریقیا، كە زۆرینەی موسوڵمانە، لە سكاڵاكەدا حكومەتی بوزی میانمار تۆمەتبار كراوە بە پاكتاوی نەژادی دژ بە كەمینەی موسوڵمانی ڕۆهینگا .


گامبیا داواشی لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كردووە، لیژنەیەكی 16 كەسی لێكۆڵینەوە لە سەرۆكی میانمار بكەن تا بڕیارێك دەربچێت حكومەتی ئەو وڵاتە ناچار بكات كەمینەی موسوڵمانی ڕۆهینگا لەو وڵاتە بپارێزێت.


جێگەی ئاماژەیە بەهۆی ئەو پرۆسەیەی حكومەتی میانمار دژ بەموسوڵمانانی ڕۆهینگا ئەنجامیداوە، تا ئێستا 730 هەزار موسوڵمان لەو وڵاتە هەڵاتوون و ڕوویان لە وڵاتانی دەوروبەری كردووە، نەتەوەیەكگرتوەكانیش ئەو وڵاتەی بە كۆمەڵكوژی و دەستدرێژی سێكسی بۆ سەر  كەمینەی ڕۆهینگا تۆمەتبار كردووە.
سەرەڕای ئەوەی سەرۆكی میانمار لەلایەن كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە تۆمەتبار كراوە بە كوشتنی بە كۆمەڵی موسوڵمانان ، بەڵام تا ئیستا خاوەن پێگەیەكی جەماوەری فراوانە لە وڵاتەكەی ، حكومەتی ئەو وڵاتەش كوشتاری موسوڵمانانی ئەو وڵاتە بە هەڵمەتی روبەڕوو بوونەوەی چەكدارانی موسوڵمانی رۆهینگا ناودەبات و وەك وەڵامێك بۆ كردەوە چەكداریەكانیان دەیبینێت.

نوێترین

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure