لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/ عربي/ English

داعش شێواز و تاكتیكی هێرشەكانی لە ناوچە كوردستانییەكان دەگۆڕێت

09/12/2019


هۆشداری لەبارەی جموجوڵەكانی دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلامی (داعش) و فراوانبونی هێرشەكانی دەدرێت، لە لایەكی تریشەوە چەكدارانی داعش شێواز و تاكتیكی هێرشەكانیان دوای كوژرانی كەسی یەكەمی رێكخراوەكەیان بۆ شەڕی پارتیزانی گۆڕیوە، بە تایبەتی لە ناوچە كوردستانییەكانی سەر بە پارێزگاكانی دیالە و كەركوك و سەڵاحەدین، كە لەماوەی كەمتر لە 10 رۆژدا، چەندین هێرشیان كردوەتە سەر پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەكان لەو ناوچانە.

سەبارەت بە چۆنیەتی خۆڕێكخستنەوەی داعش و دەستگەیشتنیان بە چەك و پێداویستی،‌ لیوا محەمەد سابیر پسپۆڕی سەربازیی دەڵێت، مانەوەی سنورەكانی عێراق لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، هۆكارێكی سەرەكییە بۆ دەستگەیشتنیان بە چەك و پێداویستی و لە روی مادییشەوە دەستێكی دەرەكی پاڵپشتیان دەكات، هۆكاری فراوانبونی هێرشەكانی چەكدارانی ئەو رێكخراوەش بۆ ئەو بۆشاییە ئەمنییە دەگەڕێنێتەوە، كە لە نێوان پێشمەرگە و هێزە عێراقییەكان دروستبوە.

دوای چەندین هێرشی داعش بۆ سەر هێزی پێشمەرگە لە ناحیەی كوڵەجۆ، پێشمەرگە هێزی زیاتری رەوانەی ناوچەكە كردوە و خۆی بۆ هەر هێرشێكی تر ئامادە كردوە، بەڵام  هێزە ئەمنییەكانی عێراق بە پێچەوانەوە، سەرقاڵی خۆپیشاندانی پارێزگاكانی عێراقن.

ناسر هەركی ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت، حكومەتی عێراقمان لە مەترسییەكانی داعش ئاگادار كردوەتەوە و چارەسەریش تەنها هەماهەنگی نێوان پێشمەرگە و هێزەكانی عێراقە.

هۆكاری سەرەكی زۆربونی جموجوڵی چەكدارانی داعش نەبونی هەماهەنگییە لە نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق، پسپۆڕانیش دوپاتی دەكەنەوە، تاكە چارەسەر گەڕانەوەی پێشمەرگەیە، بەڵام تا ئێستا حكومەتی عێراق هەنگاوی كرداریی بۆ دروستكردنی ئەو هەماهەنگییە نەناوە، داعشیش ئەم بۆشاییە ئەمنییەی بەدەرفەت زانیوە.

نوێترین

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure