لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/ عربي/ English

لەبارەی روونكردنەوەكەی زانایانی ئایینی

09/12/2019


ئاشتی عەبدوڵا

روونكردنەوەكەی یەكێتی زانایانی ئایینی، پێویست نەبوو و لەگەڵ ئازادی تاك و یەكسانی جێندەری ، ھەروەھا كۆمەڵگەو كلتووری كوردەواریشدا ناگونجێ، ھەمووان ئەوەیان لەبیرە، كە یەكێك لەجوانییەكانی عادەتی كوردەواری ئەوەیە، كە بەچاوی رێزو بێ جیاوازی رێزی لەھەموو چین و توێژەكانی خۆی گرتووە، لەنێویاندا شۆفێری تەكسیش، جگە لەوەش ئەوەی بڵاوكراوەتەوە دەخستنە نێو ژیان و ئازادی تاك و نەھێشتنەوەی رۆڵە بۆ یاسا، خزمەت كردنیش نیە بەكۆمەڵگەمان.

ئاشكرایە كەژنانی كوردستان ئەو قۆناغەیان تێپەڕاندوە، كە ماف و ئازادیە سەرەتاییەكانیان لە چوونەدەرەوەیان بەتەكسی بەبێ مەحرەمێك لێ حەڵال و حەرام بكرێت، ھەزاران ژن و كچی ئەم ھەرێمە كاردەكەن و رۆژانە بۆ گەیشتن بەشوێنی كارو راپەراندنی كارەكانیان بەتەكسی ھاتووچۆ دەكەن، لەكاتی بوونی حاڵەتێكی كێچەڵ و دەست درێژیدا پێویستە و ئەركی دامودەزگا پەیوەندیدارەكانە، كە بەیاسا رووبەڕووی ببنەوە و ھەق وابوو،  كەبەڕێزان لەیەكێتی زانیانی ئایینی ھاوكارو پاڵپشتی یاسا بن بۆ رێگری كردن و كەم كردنەوەی دەستدرێژی و كێچەڵەكان نەك بەروونكردنەوەیەك كە پرسیاری زۆری بەدوای خۆیدا ھێنا.

بەداخەوە كە بڵاوكراوەیەكی لەو جۆرە، كە ژنان و كچانی نیگەران كردوە و بەدڵنیایی بێ ھەڵوێست نابین بەرامبەر ھەر روونكردنەوەو بۆچوونێك كە دوورنییە فەتواشی بەدوادا بێ، ئاماژەیەكیش بێ بۆ لێسەندنەوەی ماف و ئازادییەكانمان.

لە لایەكیترەوە، لەسۆنگەی باوەڕمان بە یەكسانی و خەباتمان بۆ ھێنانەدی یەكسانی جێندەری، ئەم نووسراوەی بەڕێزان لەیەكێتی زانایانی ئایینی دووجار نیگەرانی كردوین، یەكەمیان وەك ژنان، كە بەھەقی ھیچ كەس و لایەنێكی نابینین كەپاشەكشە بە دۆزو خەباتمان بكات بۆ پراكتیزەكردنی ماف و ئازادییەكانمان، لەھەمان كاتدا  ھەزاران پیاوی بەرێزی ئەم ھەرێمە دەخەنە ژێر گومان و پرسیارەوە، كە بۆ پەیداكردنی بژێوی ژیانیان كاری تەكسی دەكەن.

لێرەوە داوا لە ژنان و پیاوان دەكەین ھەموو ئەوانەی باوەڕیان بەیەكسانی و رێزگرتنی مافی تاك ھەیە، ھەڵوێستیان ھەبێ، كە بەروونی بڵێن رێگە نادەین لەژێر ھیچ پاساوێكدا ژیانی خۆمان و ئەندامانی خێزانەكانمان، كە لەئەرك و پیشەی رۆژانەدان، روونكردنەوەو بۆچوونی لەوجۆرە لەدوورەوە ئاڕاستەیان بكات.
سەرچاوە/ وێستگە

نوێترین

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure