لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/ عربي/ English

ئەردۆغان و ئیخوان .. پەیوەندییەكی بەرژەوەندخواز .. جوانكردنی وێنەی سەرۆك

28/12/2019


تایبەت بەسایتی دابڕان
وەرگێڕانی: هـ.ع


پلانی نوێی ئەردۆغان لە لیبیا

لەكاتێكدا كە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا ئامادەیی وڵاتەكەی پیشانداوە بۆئەوەی هێزی سەربازیی رەوانەی لیبیا بكات بۆ پشتیوانیكردن لە حكومەتی ویفاقی نیشتیمانی بە سەرۆكایەتی فایز سەڕاج كە سەر بە ئیخوان موسلمینە، بەهەنگاوێك لێكدەدرێتەوە كە پەیوەندییەكی بەهێز لەنێوان ئەنقەرە و ئیخواندا هەیە، بۆ ئەمەش ئەردۆغان هەوڵ دەدات لەو رێگەیەوە ئامانجە ستراتیژییەكانی بەدەستبهێنێت و فراوانتریشیان بكات، هاوكات كار بۆ ئەوە دەكات مەرامە داگیركارییەكەی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بەهێزتر بكات، لەگەڵ ئەوەشدا وێنەیەكی جوان بۆ خۆی لەناوخۆی توركیادا دروست بكات.

بەكارهێنانی ئیخوان وەك كارتێك بۆ دەستهێنانی ئامانجەكان

ئێستا ئەنقەرە كۆمەڵەی ئیخوان موسلمین وەك كارتێك بەكاردەهێنێت بۆ بەدەستهێنانی تەماعە فراوانەكانی، لەم بارەیەشەوە بابەتی زۆر دەوروژێنرێت، بۆ نمونە پرۆژەكەی ئێستای توركیا لە لیبیا شانۆگەرییەكی نوێیە بۆ جێبەجێكردنی ئەجێندا تایبەتییەكانی.

ئەو لێكتێگەیشتنەی رەجەب تەیب ئەردۆغان و فایز سەڕاج ئیمزایان كردوە، بڵاوكردنەوەی ڕەگی دارێكە بەمەبەستی كۆنترۆڵكردنی نەوت و سەرچاوە سروشتییەكانی لیبیا لە لایەن توركیاوە.

دووبارەكردنەوەی سیناریۆكەی سوریا

بەپێی سەرچاوەكانیش ئامانجی توركیا لە رەوانەكردنی هێزی سەربازیی بۆ لیبیا، تەنها لە پێناو هاوكاریكردنی گروپە میلیشیاكان و ئاڵۆزتركردنی ناكۆكییەكان و دابەشكارییە لەو وڵاتە، ئەوەش هاوشێوەی ئەو سیناریۆیەیە كە لەم چەند ساڵەی رابردودا لە سوریا جێبەجێی كرد و لەو چوارچێوەیەشدا توانی سوپای سوریای ئازاد بكاتە نوێنەری خۆی لەسوریا و لەبری ئەو شەڕ بۆ بەرژەوەندییەكانی بكات، هێرشەكانی ئەم دواییەشی بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان بە پشتیوانی سوپای سوریای ئازاد سەلمێنەری پەیوەندییەكی بەهێزە لە نێوان ئەنقەرە و ئەو گروپە چەكدارەی سوریا.

لەو چوارچێوەیەشدا هەوڵەكانی ئەردۆغان زیاتر ئاشكرا و روون بوونەوە بەتایبەتی لە دروستكردنی ناوچەی ئارام كە هەندێك بە پیلانی زیاتر سەپاندنی دەسەڵاتی توركیا لە سوریا و بەدەستهێنانی ئامانجە ستراتیژییەكانی لێكی دەدەنەوە.

ئەردۆغان و ئیخوانەكانی یەمەن

هەوڵەكانی ئەردۆغان لە یەمەنیش بەئاشكرا دەبینرێن، بەڵام ئەو وڵاتە خۆی رادەستی دەستوەردانەكانی توركیا نەكرد، بەتایبەتیش لەكاتێكدا كەهاوپەیمانی ئێرانی و توركی و قەتەری لەو وڵاتە بەئاشكرا دەبینرێت لەچوارچێوەی گۆڕانكاری و پێشهاتەكانی ئەم دواییەی یەمەن، لەم نێوەندەشدا ئەنقەرە یارییەكەی گەورەی ئەنجامدا لە رێگەی ئیخوانەكان و هەندێك سەركردەی سیاسی یەمەنییەوە.

هاوشێوەی هەوڵەكانی بۆ چوونە ناو لیبیا لەرێگەی هاوكاری سەربازییەوە، ئەمجارە توركیا كار بۆ ئەوە دەكات بچێتە ناو یەمەن لەرێگەی وەزارەتی گواستنەوەی ئەو وڵاتەوە، بەتایبەتی بەهۆی كاركردن لەگەڵ ساڵح جەبوانی وەزیری گواستنەوەی یەمەن و كار كردن لەسەر رەشنوسی رێككەوتنی هاوكاری و وەبەرهێنانی توركی لە كەرتی گواستنەوەی یەمەن.

هەڵوێستی نەیارەكانی ئەردۆغان

لەبەرامبەریشدا نەیارە سیاسییەكانی ئەردۆغان لەناوخۆی توركيا وای دەبینن كە بەكارهێنانی ئیخوان بۆ جێبەجێكردنی ئەجێنداكانی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، رێگەیەكە بۆ جوانكردنی وێنەی ئەردۆغان لەناوخۆی وڵاتەكەیدا، ئەمەش دوای پاشەكشەی جەماوەریی لەدواین هەڵبژاردندا، لەگەڵ هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانەوەی هاوسەنگی لە هەڵبژاردنی داهاتوودا.
سەرچاوە/ سكای نیوز

نوێترین

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure