لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/ عربي/ English

كێ دەبێتە نەسڕوڵای عێراق؟!

17/01/2020



هێرش عەبدولڕەحمان

ئێران دەمێكە دەیویست شیعەكانی عێراق بخاتە بەلەمێكەوە و كاپتنیان بۆ دابنێت، بەڵام پارە و بەرژەوندی وایكرد هەر یەكەیان لە ئاوازێك بخوێنێت. 

بەكوژرانی سولەیمانی كۆكرنەوەیان خەریكە دەبێتە مەحاڵ لەسەر پێگە و دەسەڵات، هەرچەندە خاوەن سەركردەی زۆرن، بەڵام تەنها موقتەدا و خەزعەلی بەردەوام بە قسە رەنگاوڕەنگەكانیان دژی ئەمەریكا و ئیسرائیل بۆ راكێشانی سۆزی شەقامی شیعی بەلای خۆیاندا میدیاكانیان تەنیەوە. 

وەك شەقامی عێراقی دەڵێن؛ هەردوكیان كار لەسەر دزینی بەرهەمی خۆپێشاندانەكان دەكەن، تا مەیدانەكە یەكێكیان دواجار بێ بڕیاری تاران وەك پاڵەوان یەكلایی بكاتەوە.

ئێران بۆ ئەوەی كۆپی لوبنان لەعێراق دوبارەبكاتەوە چەندین جار سەركردەكانی شیعەی بانگهێشتی تاران كردوە، كە دۆخەكە وا دەخوازێت ئەوە فرە كوێخاییە كۆتایی بێت، یەكێك وەك برا گەورەی هەموان هەڵبژێرن، بەدەر لە مەرجەعیەت چەترێكبێت ماڵە جیاوازەكانی شیعە بكاتەوە بەیەك ماڵی گەورە بۆ هەموان، چونكە لەبەرژەوندی هەردولا نیە. 

بۆ ئەم مەبەستە دوای چەندین جار بانگكردنی سەدر بۆ تاران بێ ئومێدی دەكەن و پێیدەڵێن خەزعەلی بۆ ئەوان بژاردەیەكی باشە و دەتوانێت ئەو كارەبكات و ببێت بە حەسەن نەسڕوڵای شیعەكانی عێراق.

 ئەو بریارە وایكرد سەدر چەند هەنگاوێك لە تاران دوربكەوێتەوە و دەستبكات بە جموڵ و نمایشكردن، بەوەی بڵێ من عێراقیم و شتەكانی تر لای من گرنگ نیە، دەركەوتنی لەناو خۆپێشاندەران گوایە ئەو دەتوانێت ئاڕاستەیان بكات و، بە تاران بڵێت ڕاستە ئێوە ئەوتان پێ باشە، بەڵام من لەپێشترم لەخەزعەلی، كە كاربەدەستی خۆم بوە و لە ماڵی مندا گەورە بوە و ناتوانن خواستی ئێوە بیكات بە نەسروڵڵاكەی عێراق.

بۆیە ئەو ململانێیە درێژە دەكێشی و بەردەوام دەبێت، بەنەمانی قاسمی سولەیمانی مەیدانێكی پڕ كێشە بۆ شیعەكانی عێراق جێماوە، ئەوان بڵاوتر دەبن و، وەك جاران ناتوانن دروشمی گەورە هەڵگرن، یان هەڕەشەبكەن، ئەو تەپوتۆزەی ڕۆژانە دەیكەن بەئامانجگرتنی بنكە سەربازییە ئەمەریكیەكان بەچەند موشەك و هاوەنێك، سەدان هەنگاو لەكۆتایی خۆیان نزیك دەبنەوە و. دواجار هەڵبژرادنی نەسڕوڵڵاكەی عێراق بە نەمانی یەكێكیان لە سەدر و خەزعەلی و  دورخستنەوەی كۆمەڵێك سەكردەیتر كۆتایی دێت!.

نوێترین

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure