لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/ عربي/ English

ئۆغلۆ: ئەردۆغان بووەتە بریكاری رشتنی خوێنی موسوڵمانان

18/01/2020


 سەرۆكی گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنی توركیا دەڵێت" ئەردۆغان بووەتە بریكاری ڕشتنی خوێنی موسوڵمانان لە جیهان.

كەمال كلیچدار ئۆغلۆ سەرۆكی پارتی گەلی كۆماری لە توركیا لەمیانی وتارێكدا لە ئەنقەرە رایگەیاند:" وڵاتانی رۆژئاوا  ئاگری شەڕ لە ناوخۆی سوریا و لیبیا بە ئەردۆغان خۆش دەكەن، دەشڵێت  پوتین سیاسەتی توركیا لە لیبیا دادەڕێژێت."

كلیچدار ئۆغلۆ وتیشی:" خوێنی موسوڵمانان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەڕژێت، ئەوانەشی چەك دابین دەكەن ئەمریكا و روسیان، ئێستاش (توركیای ئەردۆغان) بووەتە بریكاری رشتنی خوێنی موسوڵمانان."

كلیچدارئۆغلۆ پرسیارێك ئاڕاستەی هاوڵاتیانی وڵاتەكەی دەكات و دەڵێت:"ئێستا كێ سیاسەتی ئێمە دیاریدەكات؟، وەزارەتی دەرەوە؟ نەخێر، سەرۆكایەتی كۆمار؟ نەخێر، بەڵكو  ڤلادیمێر پوتین سەرۆك كۆماری روسیا  سیاسەتی ئێمە لە لیبیا و سوریا دیاریدەكات."

وتەكانی سەرۆكی گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنی توركیا،لە كاتێكدایە توركیا لە سوریا پاڵپشتی گروپە ئۆپۆزسیۆنەكان دەكات و تائێستاش ئامادە نیە لەگەڵ دیمەشق پەیوەندییەكانی ئاسایی بكاتەوە، لە لیبیاش هاوكێشەكە پێچەوانەیەو پاڵپشتی حكومەتی تەرابلوس دەكات كە لەلایەن نەتەوەیەكگرتوەكانەوە دانی پێدانراوە و نەیاری هێزەكانی رۆژهەڵاتی لیبیایە بە سەرۆكایەتی خەلیفە حەفتەر.

نوێترین

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure