لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/ عربي/ English

ئەنجومەنی باڵای فەتوا لەسەر یاسای چاكسازیی هاتە دەنگ

18/01/2020


ئەنجومەنی باڵای فەتوای كوردستان سەبارەت بە پەسەندكردنی یاسای چاكسازیی دەڵێت"لەگەڵ ئەوەی نادادپەروەریشی تێدایە، بە هەنگاوێكی باشی دەزانین، بەڵام ئێستا ناتوانین بڕیار بدەین لە بابەتی حەرام و حەڵاڵی بۆ وەرگرتنی ئەو پارەیە، چونكە هێشتا پرۆژەكە نەكەوتۆتە بواری جێبەجێكردنەوە".

حەسەن خالید موفتی سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای فەتوای كوردستان راگەیاند"ئەم پرۆژە چاكسازییە جێگەی دەستخۆشیە لە ئەسڵی ئیرادە و هەنگاوەكەیان لەچاو ساڵانی رابردو، چونكە پرۆژەكە شتی زۆر باشی تێدایە و ناكرێت سفر بكرێتەوە، بەڵام لەئاستی داواكاریی هەمو چین و توێژەكان نییە، بەتایبەتی چینی هەژار، بۆیە ئەنجومەنی باڵای فەتوای كوردستان چاوەڕێی ئەم دو مانگە دەكات كە تا چەند ئەو بەڵێنانەی داویانە جێبەجێی دەكەن، یاسای خانەنشینی یەكدەخرێتەوە یان تەنها لەسەر كاغەز دەمێنێتەوە".

سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای فەتوای كوردستان وتیشی"گومانی تێدانیە ئێمەش چوار ملیۆن دینارمان پێ زۆرە،  لەروی شەریعەتی ئیسلامەوە پارە بە ئەندازەی هەوڵدان وەردەگیرێت، بۆیە كەسێك خانەنشین دەبێت نێوانی خۆی و خوا چ هەوڵێك دەدات بەلایەنی كەمەوە دەبێت بڕە پارەیەكی هەبێت بۆ بژێوی ژیانی، تا پۆستێكی باڵات هەبێت مافی خۆتە پارە وەربگریت، چونكە زۆرترین كاركردنی هەیە و جیاوازیی دەبێت لەگەڵ كارمەندێكی ئاسایی، بۆیە خانەنشین بون بە چوار ملیۆن دینار لەگەڵ كەسێكی تر بە 500 هەزار خانەنشین دەبێت نادادپەروەریی تێدایە".

ئاماژەی بەوەشكرد"لەگەڵ ئەوەی نادادپەروەریشی تێدایە، هەر بەهەنگاوێكی باشی دەزانین، بەڵام بابەتی حەرام و حەڵاڵی بۆ وەرگرتنی ئەو پارەیە ئێستا ناتوانین بڕیار بدەین، چونكە هێشتا پرۆژەكە نەكەوتۆتە بواری جێبەجێكردنەوە، بەڵام لەگەڵ یاسای دادپەروەریی ئیسلام ناگونجێت، لەگەڵ ئەوەشدا ئەگەر 50%ی چاكسازی ئەنجام بدرێت بە كارێكی باشی دەزانین، چونكە لەم وڵاتەی خۆشمان نا دادپەروەری و نایاسایی و ناشەرعی چەقی بەستوە، هەر سێ سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان تابتوانن خزمەتی میللەتی خۆیان بكەن، ئەوا خزمەتی خۆیان كردوە و ئایندەی خۆیان دابینكردوە، بەڵام بەپێچەوانەوە هاوكێشەكەش پێچەوانە دەبێتەوە، پەیامیشمان بۆ خەڵكی ئەوەیە خۆڕاگر بن لەم ماوە كورتەی ئایندەدا ئەگەر هەستیان كرد مافەكانیان خوراوە، رێگەپێدراوە داوای مافی خۆیان بكەن بە رێگەیەكی دروست".
سەرچاوە/ نەوا

نوێترین

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure