لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/ عربي/ English

دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلامی رفێنراو بە نرخی هەرزان ئازاد دەكات

18/01/2020


دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلامی (داعش) لەو كاتەی جوگرافیایەكی بەرفراوانی بەدەستەوە بو، بە فرۆشتنی نەوت و كۆكردنەوەی باج و سەرانە، داهاتی زۆری كۆدەكردوە، بەڵام دوای روخانی خەلافەتەكەی، هەمو ئەو سەرچاوانە نەماون، ئێستاش كە وەك شانەی نوستو كار دەكات، رفاندن بوەتە سەرچاوەی داهاتی، هەندێك جار بە نرخی هەرزانیش رفێنراو ئازاد دەكەن.

یەكێك لەو ناوچانە لە ژێر هەڕەشەی داعشدایە، ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمە، لە دو ساڵی رابردوشدا نۆ كەس لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە رفێنراون و هەندێكیان بە پارە ئازاد كراون.

دەشتێكی فراوانی سنوری قەرەتەپە تا دەگاتە عوزێم لە ناوچە كوردستانییەكانی دیالە، بوەتە شوێنی خۆحەشاردان و تەراتێن و كارە نهێنییەكانی داعش، بۆیە تیرۆرستان كۆمەڵێك هاوڵاتییان رفاندوە.

دوای مامەڵەیەكی زۆر بە شەش هەزار دۆلار رفێنراوێك ئازاد دەكەن

فایەق قادر حسێن ناسراو بە "مام فایەقی گێژ" یەكێكە لەو كەسایەتییە دیارانەی هۆزی گێژ كە هۆزێكی گەورەی كوردی سنوری قەرەتەپەیە باسی لەوە كرد كە لەكاتی رفاندنی هەر كەسێكیان، چاوەڕێ دەكەن تا تیرۆریستان پەیوەندییان پێوە بكەن، دواتر پارەیان دەدەنێ و رفێنراوەكە ئازاد دەكەن.

بەوتەی مام غایەق، داعش لە نێوان قەرەتەپە و جەلەولا بەڕوی دەشتی عوزێم، رفێنراوان لای خۆیان دەهێڵنەوە و پاشان بە پارە ئازادیان دەكەن، لەكاتی ئازادكردنیش، دەبێ كەسوكاری رفێنراو ئەو كاتەی كەسەكە وەردەگرنەوە، چەك لەگەڵ خۆیان نەبەن.

دەڵێت"لەم رۆژانەدا كەسێك بەناوی حەسەن والی خەڵكی گوندی نارین، لەلایەن داعشەوە ئازاد كرا، پێش ئازادكردنی من وەك سەرۆك هۆز قسەم لەگەڵ كردن، سەرەتا بۆ ئازادكردنی داوای 25 هەزار دۆلاریان كرد، پاش هەفتەیەك مامەڵە و هەوڵی ئازادكردنی هاتنە 15 هەزار دۆلار، ئیتر پێم وتن كەسوكاری زۆر بە ئەستەم شەش هەزار دۆلاریان بۆ كۆ كراوەتەوە، رازی بون بەو بڕە پارەیە و ئازادیان كرد".

مام فایەق باس لەشێوەی تیرۆریستان دەكات و دەڵێت"كاتێك دەچی بۆ وەرگرتنەوەی كەسی رفێنراو، هەمویان دەمامكیان پۆشیوە و بە زمانی عەرەبی قسە دەكەن، هاوكات لە ناوچەیەكی فراوان و چۆڵدان و هیچ هێزێكی لێ نییە، بۆیە بە ئاسانی كەسانی رفێنراو بە چەند رۆژ لای خۆیان دەهێڵنەوە". 


ئەو پێی وایە تیرۆریستان ئەگەر هەمویان خەڵكی ناوچەكە نەبن، هەندێكیان خەڵكی ناوچەكەن چونكە زۆر شارەزان.

لە گێڕانەوەی هەڵسوكەوتی تیرۆریستەكان درێژەی بەقسەكانی دا و ئەوەی دركاند، "لە كاتێكدا هەوڵیان لەگەڵ دەدەیت و مامەڵەیان لەگەڵ دەكەیت، دەبێ رێزی زۆریان لێ بگری، چونكە كوشتنی رفێنراو بەلایانەوە ئاساییە، بۆ ئەوەش ئێمە ئەزمونمان هەیە و رفێنراو هەیە كوشتویانە".

كەناڵ ئیبراهیم بەرپرسی لیژنەی ناوچەی قەرەتەپەی پارتیش دەڵێت، داعش بەهۆی بۆشایی ئەمنی و سودوەرگرتن لە نەبونی هێزی سوپا و میلیشیا و نەمانی پێشمەرگە لە سنورەكە، بەردەوامن لە ئەنجامدانی كردەوەی تیرۆریستی و رفاندن.

وتیشی"هێزە عێراقییەكان بە سوپا و پۆلیس و میلیشیاكانی شیعەوە، لە ناوچەكە ناتوانن پارێزگاری لە خۆیان بكەن، ئیتر چۆن پارێزگاری لە هاوڵاتییان بكەن". 

ئەگەرچی داعش وەك رێكخراوێكی تیرۆریستی مەترسیدار، ماوەی دو ساڵە لەلایەن حكومەتی عێراقەوە نەمانی مەترسییەكانی راگەیەنراوە، بەڵام بەوتەی خەلیل خوداداد بەرپرسی كۆمیتەی رێكخستنی جەلەولای یەكێتیی، هێشتا ئەو رێكخراوە تیرۆریستییە لە سنوری ناوچە كوردستانییەكان گرتوخانەی نهێنیی هەیە و خەڵكی تێدا حەشار دەدات.

لەكاتی ئۆپەراسیۆنەكانی هێزە عێراقییەكان لە ماوەی ساڵی رابردو و ئەمساڵیش، نزیكەی حەوت گرتوخانەی نهێنیی داعش لە سنوری حەمرین و قەرەتەپە و سەعدیە ئاشكرا بون.

بەپێی ئاماری پۆلیسی پارێزگای دیالەش، لە دو ساڵی رابردودا لە سنوری ناوچە كوردستانییەكانی دیالە نۆ هاوڵاتی رفێنراون.

نیهاد محەمەد وتەبێژی پۆلیسی دیالە وتی، داعش زیاتر جوتیار و كاسبكار دەكاتە ئامانجی كردەوە تیرۆریستییەكانی و بە ئاسانی ئەو دو توێژەی بۆ دەڕفێنرێت، چونكە شوێنی كار و كاسبیان لە حەشارگەكانی داعش نزیكە.
سەرچاوە/ وشە

نوێترین

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure