لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/ عربي/ English

یان پابەندە بە بنەماكانی شەریعەتی ئاینێكی نوێ وە؟

26/01/2020


نووسینی سۆران حەمەڕەش

 مەلا هەڵۆ هەمان قسەی پیاوە ئاینیە ئاشوری و ئەكەدیەكانی زیاتر لە 4 هەزار ساڵ لەمەوبەر دەكاتەوە
 یان پابەندە بە بنەماكانی شەریعەتی ئاینێكی نوێوە؟

لەم چەند ڕۆژەدا قسەكانی مەلا هەڵۆ مشتومڕێكی زۆری دروستكردووە. جا منیش وەك مێژوونوسێك دەمەوێت دوور لە توڕەیی و لە ڕوانگەیەكی مێژووییەوە خوێندنەوە بۆ قسەكانی بكەم. مەلا هەڵۆ خۆی بە پارێزەری شەریعەت و پیاوێكی لە خودا ترس دادەنێت و ئەو پێی وایە كە ئەو قسانەی دەیكات پەیڕەویكردنی شەریعەتی خودای تاك و تەنیایە. كەچی كە ئاوڕێك لە سەرچاوە مێژووییەكان دەدەیتەوە بە تەواوی ڕوونە كە ئەم پیاوە پەیڕەوی یاسای بتبەرستی دەكات و ئەگەر چوار هەزار ساڵ لەمەوبەر لە سەردەمی ئەكەدیشدا وەك پیاوێكی ئاینی بژیایە ئەوا قسەكانی بەپێی ئاین و دابونەریتی ئەو سەردەمە دروست بووە و كۆمەڵگە پابەند بوون پێیەوە.

سەرداپۆشین لای نەتەوە سامیەكان وەك ئامرازێك بۆ كۆنتڕۆڵكردنی ئافرەت بەكارهاتووە و لای ئەوان هەمیشە نیشانەی ڕێزداری بووە، بۆیە هەموو ئافرەتێكی ئەكەدی، ئاشوری، ئاموری، كەنعانی و دواتریش عەرەب سەر داپۆشراو بوون. لای ئەوان تەنها لەشفرۆش و كۆیلە بۆیان نەبووە سەردابپۆشن بەو پێیەی كە بەوەی سەریان دانەپۆشێوە، ئامادەیی خۆیان بۆ كاری سێكسی نیشان داوە و پیاوێك زانیویەتی كە ئەو ئافرەتانە بۆ سێكس بەردەستن یان نا. واتە ئەگەر لەشفرۆشێك یان كۆیلەیەك سەری دابپۆشیایە ئەوا سزای زۆر گەورە دەدرا، لەبەر ئەوە تەنها "ئافرەتە ڕێزدارەكان" بە قسەی ئەوان، دەبوو سەر دابپۆشن.

تێكستی دێرین لەسەر سەرداپۆشینی ئافرەت لە سەردەمی دێریندا زۆرە. لە یەكێك لەو تێكستانەدا كە نزیكی ٣٢٠٠ ساڵ لەمەوبەر نووسراوە هەمان بۆچوون دووبارە دەكرێتەوە و دەڵێت "ئافرەتە بەشووەكان كە دەچنە دەرەوەی ماڵ نابێت سەریان دەربخەن. كچی پیاوی ئازادیش دەبێت سەرداپۆشراوبێت . لەلایەكی ترەوە لەشفرۆشەكان نابێت سەرداپۆشراوبن، سەریان دەبێت ڕووت بێت"

عەرەبەكان وەك خاوەن فەرهەگنگێكی سامی، پابەند بوون بە هەمان دابونەریتەوە و لە سەردەمی پێش ئیسلام و دوای ئیسلامیش لای ئەوان بەردەوامی بەو دابونەریتە دراوە. ئەمڕۆ لە وڵاتێكی وەك سعودیەدا، یاساكانی تایبەت بە سەرداپۆشین، زۆر جیاواز نیە لە یاسا ئەكەدی و ئاشوریەكان. جا مەلا هەڵۆ بێ ئەوەی ئاگاداری ئەو مێژووە دێرینە بێت، دووبارەی هەمان بۆچوون دەكاتەوە و دەیسلمێنێت كە بۆچوونی بەرامبەر بە ئافرەت و پیاو و كۆمەڵگە جیاوزیەكی ئەوتۆی نیە لەگەڵ بۆچوونی پیاوێكی ئاینی سەردەمی بتپەریستی زیاتر لە چوار هەزار ساڵ لەمەوبەر. جگە لەوەش ئەو ڕیشەی كە ئەو بە سوننەت دایدەنێت، لای ئەكەدی و ئاشوریەكانیش سونەت بووە و پیاوی بێ ڕیش لای ئەوان بوونی نەبووە. لەبەر ئەوەی كە پەیڕەوی سوننەت و دابونەریتی خۆیان كردووە.

بە دڵنیایی مرۆڤ ئازادە پەیڕەوی هەر ئاینێك بكات یان نەیكات، لای من ئەوە سەرەتاكانی مافی مرۆڤە و دەبێت ڕێزی لێبگیرێت. كاتێك بۆچوونی ئاینی یان بێ ئاینی دەبێتە كێشە، كە دڵت پڕ بێت لە قین بەرامبەر بە كۆمەڵگە و ئەو شتانەی كە لەگەڵ بۆچوونی توندڕەوانەت ناگونجێن ڕەتیان بكەیتەوە. مەلا هەڵۆ ئاگاداری مێژوو نیە و پێی وایە دەبێت تاكەكانی كۆمەڵگە وەك زیاتر لە چوار هەزار ساڵ لەمەوبەر پابەند بن بە دابونەریتی ئەكەدی و ئاشوریەوە و لای ئەو هاوشێوەی سەردەمی بتپەرستی ڕێزداری بۆ ئافرەت ئەوەیە كە سەری داپۆشراوبێت. گەر مەلا هەڵۆ و هەر كەسێكی تر سەر بە هەر ئاین و بۆچوونێك بێت، قبوڵی گۆڕانكاری كۆمەڵگە و خوێندنەوەی نوێی ئاینیی نەكەن، ئەوا دەبنە دەنگ و ڕەنگی سەردەمێك كە مەلا هەڵۆ خۆی بە بتپەرستی و جاهلی لەقەڵەمی دەدات.

كێشەی مەلا هەڵۆ كێشەی ئایین نیە بەڵكو كێشەیەكە پێی دەڵێن "یەكتر قبوڵنەكردن". ئەم كێشەیە ئەمڕۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی هەمووی گرتۆتەوە. ڕێچكەیەكە كە بەرەی ئاینی و عەلمانی زۆرینەیان پەیڕەوی دەكەن كە ئەویش لەسەر ئەو بنامەیەیە كە مادەم من علمانیم ئەو كەسەی كە ئاینیە كەسێكی بێ ئەقڵە و دواكەوتووە و هەموو شتێك كە پەیوەست بەو لایەوەیە من ڕەتی دەكەمەوە و ئەوان نەزانن. مادەم منیش كەسێكی ئاینیم تۆی علمانی كافر و بێ دینیت و دەچیتە جەهەنەم و تۆ و هەموو علمانیەك هیچ ڕەوشتێكتان نیە. كۆمەڵگە كە ئاوا دوو جەمسەری بوو و خاڵی هاوبەشی كەمبوو، كۆمەڵەگەیەكی ناتەبا و پڕ كێشە دەبێت. بە دڵنیایی كێشەی یەكتر قبوڵنەكردن بناغەكەی ناعەقڵانی بوونی كۆمەڵگەیە و ئەمڕۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە هەموو بوارێكدا بەدەستیەوە دەناڵینێت.

ئەو كۆمەڵگەیەی كە عەقڵ باڵی بەسەریدا كێشاوە ئەوا یەكترقبوڵكردن تیایدا بووەتە بناغەی پێكەوە ژیان. نزیكی پێنج سەد ساڵ لەمەوبەر ولیەم تیندەیڵ (١٤٩٤-١٥٣٦ ز) لە بەلجیكادا كە ئەمڕۆ پێشەنگی یەكترقبوڵكردنە، تەنها لەسەر تەرجومەكردنی تەورات بۆ زمانی ئینگلیزی بە زیندوویی سوتێنرا. كەچی نزیكی هەزار ساڵ لەمەوبەر ئەبی عەلای معەری (٩٧٣-١٠٥٧زاینی) بە ئاشكرا هێرشی گەورەی كردۆتە سەر ئایین و سەرەڕای ئەوەش ئەوپەڕی ڕێزگیراوە و ئاسایی ژیانی بدۆتە سەر. ئەو كاتەی كە ئەقڵ باڵی كێشابوو بەسەر ڕۆژهەڵاتدا كۆمەڵگە سنگفراوان بوو و جیاوازی بۆچوونی ئاینی و فكری تا ڕادەیەكی باش قبوڵكراو بووە. لە ڕاستیدا گەر نزیكی حەوت سەد ساڵ دوای ئەبی عەلای معەری بۆچوونی لەو جۆرەی ئەو لە ئەوروپادا بدرایە، ئەوا زۆر ئاسایی خاوەن بۆچوونەكە دەسوتێنرا لەسەری. كەچی ئەبی عەلای معەری ئاسایی ژیانی بردۆتە سەر. دیارە كێشە لەسەر فكر لە ڕابردوودا لە ڕۆژهەڵاتیشدا دروست بووە بەڵام بە دڵنیایی زۆر لە ڕۆژئاوا باشتر بووە بۆ جیاوازی و هەمەڕەنگیی فكری.

من پێم وایە ملیۆنان كەس لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا مافی خۆیانە كە پابەندبن بە دابونەریتێكەوە كە بەپێی بەڵگە مێژووییەكان هی سەردەمی بتپەرستین و هەر تاكێك لەوانە مافی خۆشیانە لە ژێر هەر ناوێكی نوێدا پەیڕەوی بكەن جا ئەوە ڕیش دانان بێت یان سەرداپۆشین، لەبەر ئەوەی ئەو پابەندیە دەچێتە خانەی ئازادی تاكەوە. بەڵام لە هەمان كاتدا ئەوانەی لەسەر ئەو بۆچوونەن نابێت مەلاهەڵۆییانە وابزانن خەڵكانێك كە باڵاپۆش نین و پابەند نین بە دابونەریتی نزیكی پێنج هەزار ساڵەی سەردەمی بتپەرسیتەوە ڕەوشتیان لەوان نزمتر بێت.

با فێربین ئەو ڕێگایەی بە گونجاوی دەزانین ئازادانە پەیڕەوی بكەین و لە هەمان كاتدا بێ ڕێزیش نەكەین بەرامبەر ئەوانەی كە ڕێگایەكی جیاواز لە ئێمە هەڵدەبژێرن بۆ خۆیان. كێشەی ئێمە سنگفراوانی و عەقڵانیەتە، جا لە هەر جەمسەرێكی فكریدا بین گەر لایەكەی تر ڕەتبكەینەوە ئەوا دەبینە مەلا هەڵۆی علمانی یان ئاینی كە لە بناغەدا جیاوازیان نیە و هەر لە هەمان بنەچەی فكریەوە هاتوون و هەر هەمان كێشە بۆ كۆمەڵگە بەرهەم دێنن.

تێبینی:
- پێشتر بابەتم لەسەر مێژووی (سەرداپۆشین) بە درێژی نووسیوە بۆیە لێرەدا نەمویست هەندێكیان دووبارە بكەمەوە. وەك لەم لینكەی خوارەوەدا دانراوە:
https://www.facebook.com/photo.php?fbid=664261513609519&set=pb.100000770292893.-2207520000..&type=3&theater
- وێنەكەی لای ڕاست وێنەی پیاوێكی ئاشوریە كە ئەویش پابەندی سونەت بووە و هەمیشە ڕیشی هێشتۆتەوە و سەرداپۆشینی بە ئەرك داناوە وێنەكەی لای چەپ مەلا هەڵۆیە كە لەسەر هەمان ڕێچكە و دابوونەریتی ئەو سەردەمەی ئاشوریەكانە.

لینكی فەیسبوك

 

نوێترین

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure