لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/ عربي/ English

عیلمەكەی مەلا عەلی كەڵەك لە كوێ بوو ابو عبیدەی جراح رزگار بكات؟

08/02/2020


رامان عوسمان

 

لەساڵی 18ی كۆچی و لەسەردەمی خەلافەتی عومەری كوڕی خەتاب دوای فەتحی ئۆرشەلیم لەلایەن لەشكری موسڵمانەوە، لە ئاوەدانییەكی بچوك بەناوی (عمواس) لەنزیك قودس، نەخۆشی تاعون لەناو لەشكری موسڵمانان بڵاودەبێتەوە و 25-30 هەزار كەس لە موسڵمانان كە زۆربەیان سەحابە و هاوەڵی پێغەمبەر بوون دەكوژێ، لەوانە سەحابە دیارەكانی وەك أبو عبیدە بن الجراح و معاذ بن جبل و یزید بن أبی سفیان و سهیل بن عمرو و ضرار بن الآزور و أبو جندل بن سهیل.

ئەم رووداوە ئەوەندە گەورە بووە‌ لەچەند كتێبی مێژووی وەك بدایە و نهایە و تاریخی تەبەری بەناوی ‌طاعون عمواس هاتووەو لەكاتێكدا بووە زۆربەی موسڵمانە پێشینەكان لە ژیاندابوون و تازەش فەتحی قودسیان كردبوو.

پرسیارەكە ئەوەیە عیلمەكەی مەلا عەلی كەڵەك كە دەڵێ لەوانەوە بۆی ماوەتەوە بۆچی ئەو كاتە نەیتوانی دەرەقەتی ئەو نەخۆشییە بەكتریایە بێت و سەحابەكان بە رەشكە و شمڵی و میزی حوشتر رزگاریان بێت؟!

ئەی چۆن دەتوانێ بە میزی حوشتر و رەشكە و هەنگڤیین چارەسەری كرۆناكەی چین بكات؟، لەكاتێكدا، چینییەكان پێشەنگی داهێنەرانی جیهانن و چەندین داهێنانی گەورە لەمێژوودا ئەوان سەرەتا دۆزویانەتەوە، ئەوان 200 ساڵ پێش زایین كتێبیان نوسیووە دەربارەی چارەسەری نەخۆشییەكان و خاوەنی داهێنانی چارەسەری دەرزی ئاژەنین!

كابرایەك هەیە بە حساب ئەندازیارەو خەریكی ئەم بەزمی ئیجازی زانستی و شتەیە، لەم رۆژانە نوسیووبووی سوپاس بۆ خوا موسڵمانان بەهۆی فەرموودەیەكەوە لە تاعون پارێزراون و هەرگیز توش نەبوون!!! بۆم نوسی كاكی برا وانییە و پێویست نییە خەریكی چەواشەكردنی خەڵك بن و دین بە درۆ و دەلەسە سەرناكەوێ و نمونەی ئەوەم بۆ هێنایەوە چۆن لە ساڵی 1831 بەهۆی تاعونەوە نیوەی راستی دانیشتوانی بەغدا دەمرن، كەچی هەموو وەڵامی ئەو وەك هەمیشە ئەوەیە كە وا نییە و زانیاریتان نییە، بێ ئەوەی پێمان بڵێ زانیارییە راستەكەی ئەو چییە!!!

مەسەلەی سەرهەڵدان و دەركەوتنی ڤایرۆس و بەكتریای نوێ، بابەتێكی سروشتییە و لەمێژە ئاماژە بۆ مەترسی سەرهەڵدانی كراوە، بەتایبەت لە ئێستادا كە دەرمان و بەتایبەت ئەنتی بایۆتیك زۆر بەكاردەهێنرێت و مەترسی ئەوەی دروستكردووە كە ڤایرۆسەكان بتوانن بەرگری بەرامبەر ئەو دەرمانە بكەن و جۆری بەهێزی وا پەرەبستێنن كە بەئاسانی نەتوانرێت بەسەریدا زاڵ ببین، بەڵام زانستی مرۆڤیش لە ئاستێكی زۆر بەرزدایە و ئەگەری زاڵبوون بەسەر نەخۆشییەكان ئەگەرێكی زۆرە و پێویست نییە، وەك مرۆڤی سەدەكانی ناوەڕاست تەفسیری نا لۆژیكی بۆ نەخۆشییەكان بكرێت و گرێ بدرێتەوە بە سەروی سروشت!!!

نوێترین

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure