لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/ عربي/ English

ئەمریكا ئەمینداری گشتی حیزبوڵای عێراقی خستە لیستی تیرۆرەوە

27/02/2020


وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا ئەحمەد ئەلحەمیداوی ئەمینداری گشتی كەتیبەكانی حیزبوڵای عێراقی خستە لیستی تیرۆرەوە.


لەوبارەیەوە ناسان سێڵز  هەماهەنگیكاری روبەڕوبونەوەی تیرۆر لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا رایگەیاند: كەتیبەكانی حیزبوڵا مەترسی و هەڕەشەن بۆ سەر هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق، وتیشی فشارەكانیان بۆ سەر ئەو گروپە و ئەمیندارەكەیان ماوەیەكی زۆر دەستیپێكردوە بە مەبەستی كەمكردنەوەی كاریگەریی و چالاكییەكانیان.


بەپێی راگەیەندراوێكی وەزارەتی خەزێنەی ئەمریكا، حەمیداوی بە ئەبو حوسەین و ئەحمەد موحسین فەرەج ناسراوە.


ئەوە لەكاتێكدایە دوێنێ چوارشەممە وەزارەتی خەزێنەی ئەمریكا لە بەیاننامەیەكدا بڵاویكردەوە:سێ كەسایەتی و (12) لایەنی لوبنانی خراونەتە لیستی تیرۆرەوە كە پەیوەندییان بە دامەزراوەی شەهیدی سەر بە حیزبوڵای لوبنانی هەبووە كە بەلای ئەمریكاوە رێكخراوێكی تیرۆریستییە.


جێی ئاماژەیە پێشتریش ئەمریكا دامەزراوەی شەهیدی خستە لیستی تیرۆرەوە و بەرپرسانی واشنتۆن ئاماژەیان بەوەكردبوو، كە ئەو دامەزراوەیە پاڵپشتی دارایی ژمارەیەك گروپی تیرۆریستی دەكات، لەنێویشیاندا رێكخراوی حیزبوڵای لوبنانی.

نوێترین

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure