لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/ عربي/ English

راگەیەنراوی بازنەكانی (پلاتفۆرمی دابڕان)
بە بەبۆنەی هێرشی ناڕەوای سەر ئازادیی شانۆگەریی و هونەرەجوانەكان

27/02/2020



خەبات لەپێناو ئازادیدا، فەلسەفەی تەواوی جوڵانەوە رزاگاریخوازییەكەی نەتەوەی كورد پێكدەهێنێت. 


لەم پێناوەدا شانازی شۆڕش و ڕاپەڕینەكانی كورد، لە گیانی پێكەوەیی و لێبوردنی ئایینی و ئاشتیخوازیدا خۆی دەبینێتەوە. 


كەلتوری كوردەواریی گۆشكراوی دنیابینی جوان و ئەندێشەی ئازادو هونەر و ئەدەبیاتێكی هیومانیستییە. 


ئێمە وەك چۆن لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا تەنها نەتەوەین كە راستەوخۆ رووبەڕووی تیرۆر بوینەتەوە، تەنها نەتەوەیەكین تاوەكو ئێستا لە خەم و خەباتی ئازادی و رزگاریداین دژ بە دەوڵەتە نەتەوەییە تۆتالیتارو تاكڕەو و مەزهەبییەكانی هەرێمەكە.


بەوجۆرەیش دژی هەموو توانج و تەشهیر و ناوزڕاندن و سوكایەتییەكین بە پیرۆزی و پێناویی نەتەوەییمان. ئێمە دارای دنیابینییەكی كراوەو ئازادین و بە پەروەردەیەكی سەردەمیانە ئاڕاستەی كایە جیاوازەكانی ژیانی كۆمەڵایەتیمان دەكەین و رۆڵی رەونەقداری زانایانی ئایینی و جوانییەكانی ئایین لە مێژووی دوورو درێژی كوردەواریدا بەرزدەنرخێنین.


لێرەوە رایدەگەیەنین، هەموو هەوڵێك بۆ بەرتەسككردنەوەی ئازادی دەدەینە دوواوە، هەموو هێزێكی فشار و فەلسەفەیەكی بناژۆی  بۆ شكاندنی شكۆی شانۆ و هونەر و ئەدەب ئازارێكە لەجەستەماندا.


دەبێت بە میتۆدو میكانیزمێكی مەدەنیانەو بە چەمك و چەكی رەخنەی بونیادنەرەوە ببینە بەربەست لەبەردەم ئەو كەسایەتی و كارەكتەرانەی كە بەناوی ئایینەوە دەیانەوێ ئیستیغلالی ئازادی و  دامەزراوەی دیموكراسیی ئەم هەرێمە بكەن و ببنە بنكۆڵكەری باوەڕی سیكیۆلاریستیی و سیاسەتی گیانی پێكەوەییمان. 


لە رۆژانی رابردوودا نمایشێكی شانۆیی سەرشەقام، لە گەرمیانەوە، كاردانەوەی بەشێك لە زانایانی ئایینی و تەنانەت لایەنی بەرپرسیاری كاروچالاكییە هونەرییەكانی گەرمیانی بەدووی خۆیدا هێنا، ئەوە لەكاتێكدا بوو، پەیامی شانۆگەرییەكە رەخنەیەكی جدی بوو لەو جەدەلە بێمانایەو لەو دیاردە دابڕاوەی تێكەڵ بە كەلتوری وتارو وێناو زیهنییەتی بەشێك لە مەلاكان بووە، ئەوان بە ئاشكراو بێ پەردە راڤەی بەشێك لە تێكستە ئاینیەكان بە زمانێكی زبر، بە ناتۆرەو تەكفیرو تێڕامانێكی توندەوە رووبەرووی كۆمەڵ دەكەنەوە، ئەوان لە مینبەرو تۆڕی كۆمەڵایەتیدا، بە ئاشكرا ئازادی پۆشینی جل و بەرگ و هەڵسوكەوت و بۆنەو بابەتە كەسییەكان قۆڕغدەكەن و هێرشدەكەنە سەریان. 


بۆیە رووبەڕوو بوونەوەی ئەم تەوژمە نابێت بەتوندوتیژیی بێت، دەبێت بە پەروەردەو هونەرو و شانۆ و لێكتێگەیشتن بێت.


ئێمە وەك بازنەكانی دابڕان، رێكاری رەخنە، هونەر، شانۆ، فیكر و دیالۆگی رۆشنگەرانە بە رێگای راسان وراپڕین دەزانین دژ  بەم تەوژمە تاریكبینییە.
لەم سۆنگەیەشەوە پشتیوانی هەموو هەوڵێكی هونەریی و هێزێكی لێبوردەو جیهانیبینییەكی سەردەمیانەین.


بازنەكانی (پلاتفۆرمی دابڕان)
۲۰۲۰/۰۲/۲۷ 

نوێترین

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure