لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/ عربي/ English

كورتەیەك لەسەر مافیای ئیسلامیی ‌و فاشیزمی ئیسلامیزم

27/02/2020



ڕێبوار ڕەشید

كورتەیەك لەسەر مافیای ئیسلامیی‌و فاشیزمی ئیسلامیزم لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست‌ و لەباشور

بەم وتارە مەبەستم ئەوە نییە كە باس لە خودی ئیسلام خۆی وەكو ئاینێك بكەم. قسەوباس لە سەر ئیسلام بە زۆر زمانی جیاواز كراوە. قورئان و حەدیس و گێڕانەوەكان و ئەزموونی بەرفراوان و هەمەلایەنەی زیاتر لە ١٤٠٠ ساڵ ناوەڕۆكی ئیسلام دەخەنە بەردەست.

ئەوەی زیاتر لێرەدا مەبەستی ئەم وتارەیە ئەوەیە كە بە كورتیی باس لە سەرهەڵدانی مافیای ئیسلامیی نوێ بكەم كە جۆرێكی ترسناك لە مافیایە چون بە ناوی ئاینێكەوە دەكرێت. پاشان بە هۆی وەرگرتنی كەڵك لە دەسەڵاتی خودایەك و پێغەمبەرێك و پاشان قۆستنەوەی ئەو دەرفەتانەی لە دیموكراسییدا هەڵ دەكەون، دەتوانێت راستەوخۆ یان ناڕەستەوخۆ حوكم بكات و بەو شێوەیە حوكمی فاشیستیی خۆی بسەپێنێت. ئەم حوكمە فاشیستیە مافیایەكی فاشیستیی، تەواو بێویژدان و بێڕەووشت و بێدەربەست، بەرهەم دەهێنێت.

بە دەلیلگەلێك كە دەتوانرێت ئاماژەیان پێ بكرێت، دەتوانرێت پێ دابگیرێت كە ڕیشەی مافیای ئیسلامیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی سەروودا، دەگەڕێتەوە بۆ هاتنەسەركاری كۆماری ئیسلامیی ئێران لە ساڵی ١٩٧٩دا. دیارە كودەتای محەمەد زیائولحەق لە ٥/٧/١٩٧٧ لە ئۆپەراسیۆنێكدا بە ناوی (Operation Fair Play) دژ بە زولفەقار عەلی بۆتۆ و بەهێزبوونی بزووتنەوەی ئیسلامیی لە ئەفغانستان، پێش هاتنەر سەركاری كۆماری ئسیلامیی ئێران، هەروەها شایانی باسن.

زولفەقار عەلی بۆتۆ ئەو سەركردەیەی پاكستان بوو كە لە ئازادكردنی زیاندانیانی سیاسییدا تا ڕێككەوتن لەگەڵ هیندوستان و بە خۆماڵیكردنی كەرتی پیشەسازیی و كشتوكاڵ و زیادكردنی مافی كرێكاران و جووتیاران و زیادكردنی خوێندەواریی و زۆركردنی كۆلیژ و زانكۆكان و جێبەجێكردنی گەلێك ڕیفۆرمی دیكەی شایانباس، بەگشتیی بە قازانجی ژنان و هەژاران، ڕۆڵی كاریگەریی هەبوو. پاكستان، هەروەكوو بەنگلادیش، كە هەمیشە ناسنامەیەكی ئیسلامیی هەبوو وەكوو لە نەتەوەیی، لە سەردەمی زولفەقار عەلی بۆتۆ دا ڕچەی پێشكەوتن و گەشەی كولتوریی لێ دا. ئەمە وەرچەرخانێكی بنڕەتیی بوو لە مێژووی سەربەخۆیی پاكستاندا. ئەم گۆڕانكارییە ڕاستەوخۆ قازانجی گەورەی بە كورد دەگەیاند چون پاكستان لە مێژووی خۆیدا دژ بە پرسی ئازادیخوازانەی خەڵكی كوردستان بووە و لە سەنگەری توركیا و ئێران و ئێراق دا بووە.

كودەتای محەمەد زیائولحەق دروست بۆ وەستاندن و لێدان لە هەموو ئەو ڕیفۆرم و هەنگاوە ئاشتیانە بوو كە پاكستان بە خۆیەوە دەیدیت و گەڕاندنەوەی ڕەوڕەوەی مێژووی پاكستان بووە بەرەو دواوە. لە سێدارەدانی زولفەقار عەلی بۆتۆ دوو ساڵێك پاش ئەو كودەتایە، چاوترساندنی هەموو ئەوانە بوو لە پاكستان كە بیریان لە پێشكەوتووخوازیی و گەشەی كولتوریی و ئابووریی دەكردەوە. ( شایانی باسە خانم بێنەزیر، منداڵی یەكەمی خانم نوسرەت ئەسفەهانی ژنی دووهەمی زولفەقار عەلی بۆتۆ بوو كە لە بەگزادە كوردەكانی ئەسفەهان بوو. بێنەزیر لە سیاسەتدا ڕێگای باوكی خۆی گرتە بەر و لە هەستی نەتەوەیی ئەتنیكییشدا شانازی بەڕەچەڵك كوردبوونی خۆیەوە دەكرد. سەرئەنجام لە ڕێگای خەباتی ژانان و ئازادیخوازیشدا گیانی سپارد).

لە هاتنەسەركاری محەمەد زیائولحەق ـەوە پاكستان ڕووەو بە ئیسلامیكردنی زیاتر چوو، نەك هەر لە رووی كولتوریی، بەڵكو لە ڕووی سیاسیی، یاسایی و ساختاری سیاسیی و ئینتستیتیوتبەوە/ دامەزراوەییەوە. لە هاوكاریكردنی مجاهیدەكانی ئەفغانەوە هەتا تاڵیبانەكان. سەرئەنجامی سیاسەتی بە ئیسلامكردنی كۆمەڵگای پاكستان، پاش نزیكەی ٤٠ ساڵ، ئێستا لە هەموو كاتێك ڕۆشنتر و دیارترە، ئەویش پاكستانێكی دواكەوتووی داڕماوی داخراوی پارەپارەبووی كۆنەپەرستە، دروست هەروەكوو باقی جیهانی ئیسلامیی. پاكستانێك كە بارمەتەی شەڕی ناوخۆ و شەڕە دەراوسێ و كوشتەی پاشكەوتوویی و كۆنەپەرستیی دژ بە ژنان و بە هەر شتێك كە بۆنی ئازادیی و رزگاریی لێ بێت.

پاكستان یەكێكە لە باشترین نموونەكانی ئیسلامیی سیاسیی، نەك لەبەرئەوەی كودەتای كەسێكی كۆنەپەرستیی دواكەوتووی محەمەد زیائولحەق بەرەو ئەوێندەرێی بردووە، بەڵكو لەبەرئەوەی كە لە ١٤/٨/١٩٤٧ كە سەربەخۆیی لە ئینگلیز وەدەستهێنا، لە سەر بنەمای شەریعەتی ئیسلامیی بە ناوی "كۆماری ئسیلامیی پاكستان" دامەزرێنرا. جێی ئەم باسە، نییە، بەڵام دابڕینی بەنگلادیش لە هیندوستان هەر لە سەر بناخەی ئیسلامیبوون لە پاكستانەوە سەرچاوە دەگرێت. تیرۆركردنی خانم بێنەزیر، خەباتكاری دیموكراسیی و مافی ژنان، لە ٢٧/١٢/٢٠٠٧ دا، هاوشێوەی بە هەزاران لە خانمان و پیاوانی دیكەی ئازادیخوازی پاكستانیی، بەشێكی بچووكن لە تێرۆریزمی ئیسلامیی و مافیای ئیسلامیی لە مەیدانی نێونەتەوەییدا.

كەواتە پێش هاتنەسەركاری كۆماری ئیسلامیی دوو نموونەی وەحشیگەریی لەو شتەدا دەبینین كە پێی دەگوترێت بزووتنەوەی ئیسلامیی. یەكەمیان پاكستانە بە ڕابەرایەتی محەمەد زیائولحەق و دووهەمیان سەرهەڵدانی بزووتنەوەی موجاهیدینی ئەفغانستان دژ بە حكومەتی كۆمۆنیستیی و نفوزی سۆڤیەتی ئەو دەم، ڕاستەوخۆ پاش ساڵی ١٩٧٨. 

لە دونیای ئەدەبی سیاسییدا چیرۆكی سەیر سەبارەت بە دەستتێوەردانی سعودیەی عەرەبیی و ئەمەریكا و ڕۆژئاوا لە پاكستان و ئەفغانستان هەن، هەر لە چاپكردنی بە ملوێنان قورئان بە شێوەی جیاواز و قەبارە و فۆرمی جیاوازەوە، هەتا دابەشكردن و بڵاوكردنەوە و ڕێكخستنی خەڵك و دروستكردنی مزگەوت بە شێوەی بێئەژمار، و ئەوجا دروستكردن و بەرهەمهێنانی مەلا و مەدرەسە و فەقێ بە شێوەی بەرهەمی زنجیرەیی پیشەسازیی. 

گەڕانەوەی خومەینی لە ١ی فێبریوەری ١٩٧٩ بە بارێك بەڵێنی دیموكراسیی و خۆشگوزەرانییەوە بۆ ئێران بە شێوەیەكی دیكە ساختار و پرینسیی دامەزراوەیی بە مافیای ئیسلامیی و فاشیزمی ئیسلامیی دا. خومەینی كە خاوەن ئەزموونێكی ئەدەبیی و سیاسیی قووڵ بوو و هاوكاتیش سینگی گڕكانی ڕكێكی دڕندانە بوو لە هەموو جۆرە دەسەڵاتێكی غەیرەئیسلامیی، توانی بناخەی كۆمارێكی ئیسلامیی دابڕێژێت كە وا چل ساڵ لە تەمەنی خۆی تێ دەپەڕێنێت.

ئەندامانی حیزبوڵای ئێرانیی پێش هاتنەسەركار لە ئێران، لانی كەم لە ئێراق و لوبنان و میسر، خەریكی راهێنانن و مەشق بوون و لە ئوروپایش سێڵی ڕێكخستنیان هەبووە. خومەینی خۆی یەكێك لە نموونەی ئەو كادێرانەیە. بۆ تێگەیشتن لەم باسە دەتوانین لە مستەفا چەمران، بڕووانین كە لە سەرەتای ١٩٧٠ كاندا لە لوبنان یەكێك بووە لە دامەزرێنەرانی ڕێكخراوەی "ێ‌لامل/ هیوا/ هیواكەمان" و لە مەیدانی ڕێكخستندا پێوەندیی راستەوخۆی بە خومەینییەوە هەبووە. پاشان لە سەرەتای ١٩٨٠ كاندا مستەفا چەمران دەبێت بە جەلادی خەڵكی ڕۆژهەڵاتی كوردستان، هەر لە وێرانكردنی سنە و مەریوان و مەهاباد و سەقز و شوێنەكانی دیكەوە هەتا تیرۆركردنی كەسایەتی شۆڕشگێڕی كورد، فوئاد مستەفا سوڵتانیی، و دابڕینی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕی لە خەڵكەكەی، چالاك بووە.

دونیای ئیسلام

زەمانێك تەنیا سعودیەی عەرەبیی ناوەندی دونیای ئیسلام بوو. شیعەمەزهەبەكانی هەموو دەوڵەتانی خاوەرمیانە لەلایەن سوننەی دەسەڵاتدارەوە دەچەوسانەوە. شای ئێران، بەتایبەتیی لە بەر ترسی ناوخۆ، هەر لە سنووری بەرژەوەندیی ناوخۆیدا كارتی شیعەی بەكار دەبرد. سعودیە ناوەندی ئیسلامگەرایی بوو. بەڵام لە مێژووی مۆدێرندا، لانی كەم لە سەدەی ڕابردووەوە (لە ڕاستییدا لە كۆتایی سەدەی ١٩ هەمەوە)، هەر لە جۆرەكانی سەلەفییەوە تا ئیخوان ئەلموسلیمون و داعش ـی ئەوڕۆ شێوەی رەفتارفاشیست و فاشیت، سەرباری هەموو كۆنەپەرستیی و دواكەوتووییەك، لە بزووتنەوەی ئیسلامیی و ئیسلامیی سیاسییدا دەبینرێت. 

ئیسلام وەكوو ئایین، لە هەڵبژاردنی عومەر كوڕی خەتاب بە خەلیفەی ئەو دەمی موسڵمانانی عەرەب (چون لە ناو عەرەبدا هێشتا ئایینەكانی دیكە بە تەواوی لەناو نەبردرابوون)، ئایینی شەڕ و پشێویی بوو. شەڕی ناوخۆی عەرەبە موسڵمانەكان لە سەر خەلیفایەتی، لە كوشتنی عوسمان كوڕی عەفان، هەتا شەڕی بەناوبانگی "جەنگی وشتر" كە بە پێی ئەو گێڕانەوانەی لە ئیسلام خۆیدا باوەڕپێكراون زیاتر لە ١٧ هەزار عەرەبی موسڵمانی تیادا كوژراوە، تا شەڕی عەرەبە موسڵمانەكان لە دەرەوەی خاكی عەرەبدا، واتە لە ئێراق و شام، تا بە ئەوڕۆ دەگات، بریتییە لە شەڕی دەسەڵات و لە هێشتنەوەی باڵادەستیی كە هەمیشە كۆنەپەرستیی و ساختەچیەتیی و فریودان بەشێكی گرینگ لە ناوەڕۆكی بووە.

شەڕ و پشێوی لە نێوان موسڵمانان و جۆرەكانی ئیسلامدا هەمیشە هەبووە. ململانێ گاه لە نێوان شیعە و سوننەدا كە وەكوو دوو ئایین هەن نەك وەكوو دوو مەزهەب، و گاه لە نێوان شێوەكانی مەزهەبی ئیسلامدا و گاه لە نێوان هەموو جۆرەكانی ئسیلام كە عادەتەن لە سەر حوكم بوون و هەروەها لە نێوان زۆرینەی جۆرەكانی ڕێكخراوە ئیسلامیەكاندا، و پاشان خەسڵەتی خۆپەرستیی و مڵەیی و مشەخۆریی و درۆودەلەسە و ساختەچیەتیی نوێنەرەكانیان، ئەوە نیشان دەدەن كە قسەیەك لە سەر ئاشتیی و تەبایی و مرۆڤدۆستیی لە ئارادا نییە.

بە پێچەوانەی ئایینی جوو و كریستیانیزم كە ئەوانیش دوو ئایینی "ئاسمانیین" ئەوا ئیسلام هەر بە تەنیا ئایین نییە، بەڵكو ئایدیۆلیژیشە. بەشێكی قورئان و ژمارەیەكی زۆر لە حەدیسەكان تایبەت بە حوكمكردن و حوكمڕانیین. پێغەمبەری موسڵمانان  هەروەكوو خەلیفەكان و پاشان ئەمیر و سوڵتانەكان هەموو لە سیستەمی بەڕێوەبردنی كۆمەڵگاكانیاندا حاكم/ دەسەڵاتدار بوون. 

بەو شێوەیە ئیسلام هەم ئایینە و هەم ئایدیۆلۆژییە و تێگەیشتنی بەڕێوەبردنی كۆمەڵگایە. هاوكات ئایدیۆلۆژییەكە كە بە پشت بەستن بە خودایەك و وەرگرتنی سەروەریی/ شەرعیەت لە خودایەك بە رەهایی خۆی بە باشترین و بە تەنیا چارەسەر دادەنێت. لە سەر ئەو بناخەیە ئیسلام سیستەمی دیكەی بەڕێوەبردن وەكوو دیموكراسیی و پلورالیزم و سیكولاریزم ڕەت دەكاتەوە. لەبەرئەوە ئیسلام ناتوانێت بەشێك لە بەڕێوەبردنێكی دیموكراتیك بێت.

ئیسلام ناتوانێت جیابوونی ئایین و دەوڵەت قبوڵ بكات، چون بەو مانایە دێت كە خۆیشی بەشداریی لە حوكم و دەوڵەتدا نەكات. هەرەوەها لە ڕیزی هەموو ئایینە ئاسمانییەكان و نائاسمانییەكاندا، دووبارە بە ئاماژە بە خودایەك "اللە"خۆی بە تەنیا ئەڵتەرناتیڤی دروست دادەنێت و تەنیا لە چوارچێوەی جۆرێك لە "خوداپەرستیی" ئایینە ئاسمانیەكاندا ئەوانی قبوڵە. ئیسلام ئایینە نائاسمانییەكان بە ئایین دانانێت و بیروباوەڕی وەكوو لیبرالیزم، سۆسیالیزم و كۆمۆنیزم بە "كوفر" دا دەنێت.

ئەمریكا و هاوپەیمانە زۆر كۆنسەرڤاتیڤە توندڕەوەكانی زۆر هەوڵیان دا وا بكەن كە بزووتنەوەی ئیسلامیی لە ئەفغانستان و پاكستان بە مانای دڕندە دڕندە بێت و تیایدا سەركەوتوو بوون، بەڵام بۆ ئەو وڵاتانەی كە دۆستی خۆیانن ناوی "ئیسلامی میانڕەو" یان داتاشی. سەرۆككۆمار ئۆبا پارەیەكی زۆری سەرف كرد  بۆ ئەوەی ئەردۆغان و حكومەتەكەی بە "ئیسلامی میانڕەو" لە قەڵەم بدات لە كاتێكدا كە ئەردۆغان توندترین و دڕندەترین نموونەی ئیخوان موسلیمونی سەردەمە.

درەنگی نەبرد دەركەوت كە لەو چوارچێوە دیموكراسیەی "سندوقی دەنگدان" دا كە ئەمریكا و ئوروپا بە شانوباڵییدا هەڵ دەڵێن، توركیای ئەردۆغان هەروەكوو ئێرانی خامنەیی ئیسلامێكی فاشیستە. ئەردۆغان خۆی بە سووكایەتیی دادەنا كە بە "مەسڵمانی میانڕەو" و "ئیسلامی میانڕەو" دابنرێت. هەر زوو بە وردی باسی كرد كە بۆ ئەوان "دیموكراسیی شەمەندەفەرێكە و ئەمان لە هەر وێستاگەیەك پێیان خۆش بێت دا دەبەزن". ئەوان، هاوشێوەی تاڵیبەنەكان و داعش و ئەلقاعدە خۆیان بە "ئیسلامی ڕاستەقینە" و بە "نوێنەری ئیسلام" دادەنێن. بە سەدان و بگرە هەزاران بەڵگە هەن كە ئەردۆغان و حكومەتەكەیی و دارودەستەكەی تاوانی گەورەیان دژ بە مرۆڤایەتیی ئەنجام داوە و دەدەن.

ئیسلام ئاینێكی هۆمۆژێن یان هێترۆژێن؟

دەگوترێت و پێ دادەگیرێت كە ئیسلام هەر یەك ئایینە و یەك سەرچاوەیە. ئەمە پێداگرتنێكی نازانستیی و ناڕاستە. ئیسلام لە پاش مردنی ئەبوبەكری سەدیق و هاتنەسەركاری عومەر كوڕی خەتاب ـەوە بووە بە دووان، لایەنگرانی تەریقەتی خوێنیی و تەریقەتی وەفاداریی، كە لە ئەدەبی ئسیلامییدا وردەوردە بە "شیعە" و "سوننە" چەسپاوە هەر لەو دەمەوە هەن. ئەڵبەت لە دوای "شەڕی حوشتر" ـەوە ئیتر ئیسلام بوو بە دوو باڵ و دوو تێگەیشتن و دوو چەمكی تەواو جیاواز، ئەوا لانی كەم سێ جۆر لە ئیسلام پەیدابوون. هێڵی عەلی كوڕی موتەڵیب كە باوەڕی بە میراتی ئیسلامیی بە خوێن هەیە، و هێڵی عائیشەی كچی ئەبوبەكر كە باوەڕی بە هێڵی میراتگریی لە ڕێگای وەفادارییەوە هەبوو و پاشان ئەوانەی كە لەگەڵ كەسیان نەبوون و زیاتر باوەڕیان بە بێلایەنی و وەفادار بە خەتی سوننەتی محەمەد هەیە. پاش داگیركردنەكانی نەتەوەگەلی دیكەی غەیرە عەرەب لەلایەن عەرەبی موسڵمانەوە، بە سەدان شێوە لە جۆری ئیسلام پەیدا بوون. ئیسلام لە هەر وڵاتێكی ئیسلامیی تەنانەت لەوانەشدا كە تەواو سوننەن یان شیعەن شێوەی تایبەتیی هەیە. بێگومان شێخ و سەید و تەكیە و خانەقا و مزگەوت و حەوزە چ وەكوو مەقامی ئایینیی و چ وەكوو بارەگای ئیسلامیی پەیدا بوون. هەموو ئەم لك و پۆپانە بە شیعە و سوننەیەوە مانایەكی دیكە بە مەككە وەكوو ناوەندی ئیسلام دەدەن.

لە ئەوڕۆدا مرۆڤ دەتوانێت پێ دابگرێت كە نزیكەی هێندەی ژمارەی موسڵمانان شێوەی ئیسلامیش هەیە. نزیكەی هەر تاكێكی موسڵمان بە شێوەی خۆی و جیاواز لەوانی دیكە قورئان و حەدیس و گێڕانەوەی دیكەی ئسیلامیی لێك دەداتەوە. لێكدانەوەكان  شایەد بە شێوەیەك گرێدراو بە رێبازی "شیعە" و "سوننە" بن، بەڵام لە ناوەڕۆكدا گرێدراو بە تێگەیشتنی كەسیین.

دیارە لەو ژمارە چەند سەد ملوێنیەدا، بێ لە سەدان هەزار مەلای نەخوێنەوار و پەڕگیر هەروەها بە ملوێن لە تاكەكەسی تەواو نەخوێنەوار و بێسەواد هەن كە هیچ جۆرە زانیاریەكیی دروست و فاكت لە سەر ئیسلام یان ئایینەكانی دیكە و ئایدیۆلۆژیەكان و زانست و مێژوو نازانن، ئەوەندە نەبیت كە خۆیان بە موسڵمانی "ڕاستەقینە" دادەنێن.

خەسڵەتی نزیكەی هەموو دەوڵەتانی ئیسلامیی بە هەرێمی كوردستانی ئێراقەوە كە بە پێی شەریعەتی ئیسلام بەڕێوە دەبردرێت دیكتاتۆریی، خزموخزمچیەتیی، تاڵانكاریی، ساختەچیەتیی سیاسیی و گەندەڵیی، هەروەها بێرەووشتیی و بێئەدەبیی سیاسیی و بێویژدانیی حوكم دەكات. بزووتنەوە ئسیلامیەكانی وەكوو ئیخوان موسلیمون، حیزبولتەحریر، جۆرەكانی حیزبوڵا، موجاهیدینەكان، جۆرەكانی سەلەفیی و وەهابی، ڕێكخراوەكانی وەكوو ئەلقاعیدە، تالیبانەكان، ئەنساروئیسلام، ئا كە پە، جەبهەتولنوسرا، داعش و بۆكۆحەرام و دەیانی دیكە، هەر هەموویان لەوپەڕی وەحشیگەریی سیاسیی و ڕەووشتییدا هەن.

هەر یەكێك لەمانە و زۆرینەی تاكەكەسیان یەكتر ڕەت دەكەنەوە و بە "نائیسلام" و "ناموسڵمان" یەكتر ناوزەند دەكەن. ئەگەر جۆرێك لە هاوكاریی و یەكترخوێندنەوە هەبێت ئەوا كاتیی و تاكتیكییە و لەبەر لاوازیی پێگەیانە. ناوزەندكردن و لەقەڵەمدانی یەكتر بە "نائیسلام" و "ناموسڵمان" بە مانای ئەو ناهێترۆژێنیەیە/ لێكنەچوونەیە كە لە خودی ئیسلام دا هەیە. ئیسلام خۆی سەرچاوەی جیاوازییە، هەر لەبەرئەوەیە تێگەیشتن و لێكدانەوەكان بێ ئەژمارن.

دەستتێوەردانی سعودیە و ئێران و توركیا لە كوردستان

ئیسلام لە كوردستان هەتا هاتنەسەركاری كۆماری ئیسلامیی ئێران و دروستكردنی جۆرەكانی ئیسلامی سیاسیی لە ناو كورددا، بۆ نموونە بۆ یەكەم جار دروستكردنی  "لەشكری ئیسلامیی" لە 1982 دا ئیسلام لە كوردستان تەواو جیاواز بووە لە بەراووردی شێوەكانی دیكەی ئیسلام لە وڵاتانی دەوڵەتداردا.

ڕێكخستنی تاكەكەسی كورد لە ئیسلامی سیاسییدا بە پلەی یەك بە سەرمایەگوزاریی سعودیی عەرەبیی و ئێران و توركیا بووە. سەبارەت بە دەستی سعودیە لە ڕێكخستنی ئیسلامی سیاسیی لە كوردستان ڕەنگە بگەڕێتەوە بۆ سەرەتای ساڵانی  70 كان. پاشان بە پلەی دوو ئێران دێت كە هاوكات لەگەڵ هێرشبردن بۆ سەر بزووتنەوەی ئازادیخوازی رۆژهەڵات پێوەندیی بە ڕێكخستنەكانی باشوورەوە كردووە و ڕێكخستنی ئیسلامی سیاسیی دروست كردووە. ئاشكرایە كە باشترین چەكی دەستی توركەكان بەكارهێنانی مەزهەبی حەنەفی ئیسلام بوو بۆ داگیركاریەكانیی و لەوێدا هەبوونی "كوردی موسڵمان" ئەوی كە لە ژێر كاریگەریی ئیسلامدا ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ ئەجێندای عوسمانیەكانیان بەڕیوەبردووە ، شایانی باسە.

ئێران و توركیا وەكوو بەردەوامیی دوو ئیمپراتۆریی عوسمانیی و سەفەویی كە لە سەر بناخەی سوننە و شیعە دامەزراون و كە لە سەر كوردستان داگیركەر بوون، كاریان بۆ ئەوە كردووە كە موسڵمانی كورد ئەو جۆرە لە موسڵمان بێت كە لە بەرژەوەندیی خۆیاندا بێت.

توركەكان هەر لە ئەتاتوركەوە  زۆر بەلایانەوە گرینگ بوو كە كوردەكان بەو شێوەیە لە ئیسلام بمێننەوە كە وەفادار و وابەستە بە وان بێت، بەڵام كە ڕێكخستنی سیاسییان نەبێت، واتە ئیسلامی دەوڵەتیی، ئیسلامێكی ناڕاستەوخۆ سیاسیی. چون هەمیشە ڕێكخستنی سیاسیی دەتوانێت بە شێوەی جیاواز بگۆڕێت و ئەوانیش ئەو ڕیسكەیان هەڵ نەدەگرت. ئەتاتورك دڕندانە سەركردە كوردستانیە ئازادیخوازەكانی دەكوشت كە زۆر موسڵمانیش بوون، بەڵام ڕێگای دا ئیسلام لە سەر ئاستی فەقێ و مەلای پێشنوێژ لە باكووری كوردستان بە بەربڵاوی بمێنێتەوە. پرۆژەی بە سیكولاركردنی سیستەمی سیاسیی لە توركیا هیچ كاتێك باكووری كوردستانی نەگرتەوە.

نەجمەدین ئەربەكان لەگەڵ دروستكردنی پارتی "الرفاه" دا پرۆژەیەكی ستراتیژیی بە ئیسلامكردنی باكووری كوردستان بە شێوەی ئیسلامی توركیی دەوڵەتیی خستە كار. ئەردۆغان و ژمارەیەكی بەرچاو لە سەركردەكانی ئەوڕۆی پارتی دادوگەشە چ وەكوو ئیخوان موسلیمونی نێونەتەوەیی تیرۆریست و چ وەكوو پرۆژەی ئەوان بۆ بە هێشتنەوەی ئیسلام لە باكوور و هەروەها بڵاوكردنەوەیشی لە ڕێگای فەتحوڵا گوڵین ـەوە بۆ باشووری كوردستان، بەرهەمی ئەو پرۆژە ستراتیژیەی ئەربەكان ـە. 

هاوڕێیانی گیانبەگیانیی ئیخوانیی توركیی (دیارە لە باشووریش ئەمە ڕووی داوە) كە بە حوكمی تێگەیشتنی ئایدیۆلۆژیی ئیسلامیان لە یەكتر دووركەوتنەوە و تەنانەت ڕێبازی دژبەیەكیشیان گرتە بەر و لەو بەینەدا ئەردۆغان و گوڵین بوون بە دوژمنی سەرسەختی یەكتر. دروست لەبەر هەمان هۆیە كە توركەكان ناهێڵن جۆرێك لە ئیخوان موسلیمونی كوردیی لە شێوەی ڕێكخستنی سیاسییدا دروست ببێت. كوردەكان دەتوانن چەند پێیان خۆش بێت ئیسلامیست بن بەڵام لە رێكخراوەیەكی توركییدا. ئەمە ڕوونی دەكاتەوە كە بۆ چی "حیزبوڵای كوردیی" و "هوداپار/ حور دەعوا پارتیسی" تەنیا لە چوارچێوەی "میت" دا ڕێكخستنن.

پلانی سعودیە بۆ بە ئیسلام وێرانكردنی كوردستان پرۆژەیەكی جیاواز لەوی توركیا و ئێرانە و كە دیارە لە پاوانی بەرژەوەندییدا لەگەڵ ئەوی ئێران و توركیا دا كەوتووتە كێشەی گەورەوە. سعودیە دەیەوێت جۆرێك لە ئیسلامی سیاسیی دڕندە لە چواردەوری خۆی دروست بكات بۆ ئەوەی لە كۆنتێكستێكی گشتیی ئیسلامییدا خۆی بە كۆنسەرڤاتیڤێكی "میانڕەو" لە قەڵەم بدات. لەو بارەوە هەموو "دونیای ئیسلام" ی دەرەوەی سعودیە مەیدانی ئەو گرەوەیە.

 ڕێكخستنی موسڵمانەكانی ئەفغانستان بۆ ناو بزووتنەوەیەكی ئیسلامیی بە بێگومانییەوە كۆنتر لە "شۆڕشی ئەپریل" ی سالی 1978 ـی ئەفغانستانە. سەرۆككۆمار محەمەد داودخان خۆی بە پشتیوانیی "حیزبی دیموكرایكی خەڵكی ئەفغانستان" ساڵی 1973 توانی كودەتا دژ بە خانەوادەی موساحیبان بكات و زاهیر شا بڕووخێنێت و ئەفغانستان بكات بە كۆمار. بەڵام پێنجساڵێك دوای قووڵ بوونەوەی كێشەی دەسەڵات لە ناو  "حیزبی دیموكرایكی خەڵكی ئەفغانستان"دا سەرئەنجام ئەوە ڕوویدا كە پێی دەگوترێت "شۆڕشی ئەپریل" و كە كۆمنیستەكانی ناو حیزب و سەر بە یەكیەتیی سۆڤیەت هاتنە سەر حوكم و ناوی ئەفغانستانیان بۆ "كۆماری دیموكراتیكی ئەفغانستان" گۆڕی.

پرسیارەكە ئەوەیە كە ئایا بە سەدان هەزار لە ئیسلامیستی مەشقپێكراوی چەكدار و ڕاهێنراو بەو شێوە دڕندەیەی كە جیهان چاونێری بوو، لە كوێیوە لە شەو و ڕۆژكدا پەیدا بوون؟

بێگومان، ڕێكخستنی ئیسلامیی سیاسیی لە ئەفغانستان زۆر كۆنتر لە ڕووخانی زاهیر شایە.

بە هەمان شێوە، خوێندەوەكان لە سەر حیزبوڵای ئێرانیی، بۆ نموونە هاتنوچوویەكانی مستەفا چەمران، شیعر و نووسینەكانی خومەینی و وەدەرنانی لە ئێراق و هتد، ئاماژە بەوە دەكەن كە ڕێكخستنی ئیسلامی سیاسیی بەو شێوە چڕوپڕەی لە هەردوو شیعە و سوننەدا زۆر پێش شەڕی دژ بە سۆڤیەت و ڕاونانی حەمەرەزا شای ئێرانە. 

بێگومان ئێران و توركیا ئاگاداری دەستتێوەردانی سعودیی عەرەبیی لە باشوور بوون. بە ڕێكخستنی كورد لە ئیسلامی سیاسییدا و دروستكردنی سەدان مەلا و فەقێ لە قووڵایی ئەم ستراتیژیەدا دەیبینین كە ئێستا لە باشووری كوردستان دەیبینین و كە ئەگەر پێشی پێ نەگیرێت پاشان لە ڕۆژهەڵاتی كوردستانیش دەیبینین. بۆ سەرلێشواندن لە خەباتی ڕزگاریخوازیی خەڵكی كوردستان ئێرانی شیعە ئامادەیە سەلەفیی سوننەی كورد وەگەڕ بخات. لە هەڵبژاردنەكانی باكووردا بینیمان كە سەرەڕای خوێنی هەزاران گیانبەختكردوو، چل ساڵ لە خەباتی بێووچانی ئازادیخوازیی و هەبوونی ڕێكخراوێكی یاسایی پێشكەوتووخواز بە ناوی هادەپ، كە لە سەرئەنجامی خوێنی دەیان هەزار گیانبەختكردوو وەدەستهێنراوە، هێشتا ژمارەی ئەو كوردانە كە دەنگ بە ئیسلامی توركیی لە شێوەی ئەردۆغانیی دەدەن، بە سەدان هەزارن. ئەمە زەنگێكی ترسناكە.

 ئێران هیچ دوودڵیەكی لە پشتگرتنی بزووتنەوەی ئیسلامیی سیاسیی لە باشوور نەكردووە ئەگەرچی باش ئاگاداریش بووە كە سوننەیە. خومەینیی زوو تێگەیشت كە ئەو بزووتنەوە ئیسلامییەی باشوور تا ئەو كاتەی لە لایەكەوە دژ بە ڕژیمی سەددام حوسەین بێت و لەلایەكی دیكەوە وەكوو پوازی ناوخۆ دژ بە ئازادیخوازیی كورد بەكاربهێنرێت، و هەروەهایش بە ناوی ئیسلامەوە هەم لە پێشكەوتنخوازیی ناو كوردستان بدات و هەمیش بەرامبەر بە دەستتێوەردانی ئەمریكا و وڵاتانی ڕۆژئاوا بووەستێت، قازانج بە ئێران دەگەیەنێت.

ستراتیژیی درێژخایانی توركیا و ئێران ئەوەیە لەو بەرەیە بدەن كە وەفادارییی نەتەوەیی و نیشتیمانیی و ئازادیخوازیی كوردستانیی هەیە و لە بری ئەوە شتێك بە ناوی "ئومەتی ئیسلامیی" سەر بەخۆیان هەبێت و ئەویش تەنیا لە چوارچێوەی وابەستەییدا هەبێت. دەستتێوەردانی ئێران لە 1982 ـەوە لە باشوور بە مەبەستی ڕاگرتنی ناسەقامگیریی كردوویەتی. 

پاش ئەوەی توركەكان لە دژایەتیكردنی بزووتنەوەی ئازادیخوازی كورد لە باكووری كوردستان بێ چارە مان، لە رێگای حوسەین وەلی ئۆگڵۆ – وە "حیزبوڵای كوردیی" ـان دروست كرد. توركەكان بە ئاشكرا نەیاندەویست ناوی كورد تەنانەت لە شتی خراپیشدا بهێنرێت، لەبەرئەوە بە ڕەسمی بە "حیزبوڵای توركیی" ناویان دەبرد بەڵام بە ناڕەسمیی و بۆ فریودانی كورد و جیهانی دەرەوە بە "حیزبوڵای كوردیی" یان هەر "حیزبوڵا" ناو دەبردران. حیزبوڵا حیزبێكی سوننەی تیرۆریستیی بوو و دەوڵەت تەنیا یەك ئەركی لە سەر شان دانابوو، ئەویش دژایەتیكردنی پێشكەوتنخوازیی لە باكوور و پشتگیریكردنی دەوڵەت بوو.

ئاشكرا دیار بوو كە توركەكانیش گەیشتبوونە ئەو باوەڕەی كە ئەوانیش دەبێت بتوانن كارتی ئیسلام لە شێوەی ئیسلامی سیاسیی دژ بە خەڵكی كوردستان بەكار بهێنن. توركەكان لەم كارەدا ژیرن، بەڵام كێشەكەیان ئەوەیە كە نایانەوێت ڕیسكی بردنی ناوی كورد و كوردستان هەڵبگرن. پاش ئەنجامدانی چەندین كاری تیرۆریستیی، حیزبوڵا لە باكوور شكستی خوارد چون خەڵكی كوردستان دەیانزانی حیزبوڵا هەر بەشێكی چەكدارە لە جاشئیسلامیی تیرۆریستیی و زیاتر لەوەی كە بەشێك لە بكوژانی میتی توركیان، شتێكی دیكە نیین. 

ئەردۆغان و هاوڕێكانی كە لە ئیسملایستە توركەكانی دیكە بە ئەزموونتر بوون. پاش ئەوەی كە زانیان پارتی دادوگەشە بە تەنیا ناتوانێت شێوە ئیسلامیستی توركیی لە باكووری كوردستان هەڵبخڕێنێت، ئەم جارە لە كۆتایی ساڵی 2012 دا حیزبێكی دیكەی ئیسلامیی كوردییان بە ناوی "هوداپار/ حور دەعوا پارتیسی" دروست  كرد. هەندێك دەڵێن كە هوداپار درێژەی حیزبوڵایە و هەندێك دەڵین نوێیە. لە پراكتیكدا ئەركی هوداپار هەروەكوو حیزبوڵا دژایەتیكردنی ئازادیخوازیی و مافی ژنان و بە لە بیربردنەوە و لەباربردنی دۆزی كوردە. هوداپار لە هەڵبژاردنەكاندا بە ڕەسمیی پشتیوانی لە پارتی داد و گەشە دەكات و پارێزەری میساقی میللی توركیایە.

موسڵمانانی كورد بە گشتیی و ئیسلامیستەكانی كورد ئەوڕۆ لە كوردستان خودئاگا یان ناخودئاگا خراوەتە ناو بۆتەیەكی سیاسیی، واتە كراون بە ئیسلامێكی سیاسیی و لە خزمەتی ماشێنێكی گەورەی سیاسیی دەوڵەتانی داگیركەردان، نەك لە خزمەت خودایەكدا. نەزمە ئیسلامییەكە نەزمێكی داگیركەرییە بەڵام بە ئیسلامیستگەلی كورد دا دەسەپێنرێت.

 موسڵمانی ڕاستەقینە؟

پێناسەی موسڵمان زۆر لەوە زەحمەتترە كە هەوڵ دەدرێت ئاسان بكرێت. موسڵمان هەر ئەو كەسە نییە كە باوەڕی بە خودایەك بە ناوی "ئەڵا" و پێغەمبەرێك بە ناوی "محەمەد" هەبێت. لە نێوانی "ئەڵا" و "محەمەد" دا بە هەزاران مەرج و قەید هەن كە "موسڵمانبوون" پێانسە دەكات.

تا ئەو كاتەی ئیسلام ئایینێك بێت كە باوەڕی بە حوكمداریی بێت و دەست بخاتە ناو پرسی یاسا و ڕێسا و خۆراكی گشتیی و ژیانی ئابووریی و كۆمەڵایەتیی ئەوا هەر ئاینێك نییە بەڵكو ئایدئیۆلۆژیەكیشە.

ئایا مرۆڤێكی موسڵمان چۆن دەتوانێت موسڵمانیی خۆی لە ناو سیستەمێكی دیموكراسیی و سیكولاردا بەردەوام پێ بدات بێ ئەوەی دەست بخاتە نێو ژیانی خەڵكی دیكە، پرسیارێكە كە دەبێت تاكەكەسی موسڵمان خۆی وەڵامی بداتەوە.
ئەوڕۆ ئیسلامی ڕاستەقینە ئەو تاكەكەسە نییە كە لە نێوان خودی خۆی و خوداكەیدا، بێ دەستتێوەردانی كەسانی دیكە و سیاسەت و ڕێكخستن، پێوەندییەكی عیرفانی دروست دەكات. بەڵكو كەسێكە كە ڕێكخراوە و كە لە بازنەیەكی تایبەتیی سیاسیی دیاریكراودا كە بەرژەوەندیی دیاریكراوی هەیە، بووە بە پێچ و مۆرەێكی خزمەتگوزار، واتە بریتییە لە سەربازی باڵادەستیەكی سیاسیی دیاریكراو. لەو پێوەندیەدا خودایەك هەبوونی نییە.

ئەو سەربازە، ئاگادار یان بێ ئاگا لە ڕۆڵی خۆی، ئەو ماشێنە سیاسییە داگیركەرییە دەگێڕێت كە كوردستانی وێران كردووە.

لە ئیسلامدا هەر كەسێك، هەر لەو رۆژەوە لە دایك دەبێت، لە باوكودایكێكی موسڵمان لە دایك بووبێت موسڵمانە. واتە ئیسلام ئایینێكی زگماكیە. لە ئیسلامدا بە كەسێك كە بڕووای بە هەبوونی خودایەك نەبێت دەگوترێت "مولحد" یان كافر، نەك "ناموسڵمان". ئەمە  یەكەمین و گەورەترین تاوانی ئیسلامە كە خۆی هەموو زگماكموسڵمانێك و ناموسڵمانێكی پێ تاوانبار دەكات. ئیسلام كە بە ڕەهایی خۆی بە سەرچاوەی ڕاستیی و دروستیی دەبینێت مافی تاوانباركردنی ئەو دیكە بە خۆی دەدات.

لە ناو ئایینەكاندا ئیسلام تاكە ئاینێكە كە بەزۆری زۆرداریی و لە ڕێگای هەڕەشە و كوشتن و بڕینەوە مرۆڤ بە موسڵمان دەكات. ئیسلام تەنها ئاینێكە كە وەدووت دەكەوێت و ڕاوت دەنێت و هەڕەشەت لێ دەكات كە حەتمەن هەر دەبێت ببیت بە "موسڵمان". ئیسلام تاكە ئایینێكە كە بێ خەبەر لە ژمارەیەكی زۆری مرۆڤ (لە ئێستادا زیاتر لە ٦ ملیارد مرۆڤ!) كە هەموویان بە دەیان و سەدان خودای جۆراوجۆری خۆیان هەیە بەڵام ئەم خۆی بە دوا دانە و بە هی هەمووان دادەسەپینێت.

ئەوەی كە ئیسلام پێكهاتەیەكی هۆمۆژن نییە ئەسڵەن قسەیەك هەڵناگرێت. ئەو پێكهاتەیەی بە گشتیی پێی دەگوترێت ئیسلام بە ملوێن كەسانی تێدایە كە بە باوەڕەوە سیكولارن و داوای جیایی ئایین و دەوڵەت لە یەكتر دەكەن و كۆمۆنیست  و سۆسیالیست و لیبرال و نائایینیی و بێدین/ ئاتێیست و هتدیان تێدایە. هەر لەبەرئەوە هیچ كەسێك ناتوانێت بزانێت لە راستییدا ژمارەی موسڵمانان لە ناو وڵاتانی ئسیلامیی چەندن. لە وڵاتانی ئیسلام خودی دەوڵەت موسڵمانە، حكومەتەكان موسڵمانن و دەستوور ئیسلامییە و تەنانەت فشار دەهێنرێت كە كولتوریی گشتیی و ڕەفتاریش لەو چوارچێوەیەدا دەرباز نەبێت. دامەزراوەكان بەتایبەتیی پەروەردە/ خوێندن، دادوەریی لانی كەم بە جۆرێك لە سەر بنەمای شەریعەت دامەزراون و كار دەكەن. مزگەوت و حەوزەكان كە بە هەزارانن بە بەردەوامیی بێهووچان پەمپی ئایینی لە خەڵك دەدەن.

لەگەڵ هەموو ئەم دەستتێوەردانەیشدا لە ژیانی خەڵك، هێشتا ئیسلامیستەكان پێیان وایە كە نە دەوڵەتەكان و نە حكومەتەكان ئیسلامیی نیین.

ژمارەی دانیشتووانی دەوڵەتانی ئیسلامیی كە لە ٤٧ دەوڵەتی ئیسلامیی سوونە و شیعەی جیاواز و ڕێبازگەلی جیاوازی سوننە و شیعە پێكهاتوون، لە راستییدا نازانرێت ژمارەی ئەوانەی سكۆلارن، واتە ئایین ئازادن/  سەربە ئایینێك نیین، چەندن، ژمارەی ئەوانەی لە چوارچێوەی ئایدیۆلۆژیی جیاوازی وەكوو كۆمۆنیزم و سۆسیالیزم و لیبرالیزم و فێمێنیزمدا باوەڕیان بە خودا و بە ئایینێك نییە چەندە. هەروەها ژمارەی ئەوانە نازانرێت كە باوەڕیان بە ئایینگەلی ئاسمانیی و غەیرەئاسمانیی نییە یاخود هەر مرۆڤێكن و باكیان بە هەبوونی خودایەك یان ئەڵایەك یان ئاینێك نییە، چەندە. بێگومان، هێشتنەوەی خەڵك لە ناو پاكەتێكی بە ئیسلام مۆرلێدراودا لە قازانجی ئیسلامیستەكانە.

ئەم كارە مافیایی و فاشیستیی سیاسییە لە هیچ جۆرە ئایدیۆلۆژیەكی دیكە قبوڵ نەكراوە و ناكرێت. زۆربەی زۆری دیكتاتۆر و فاشیست و دۆڕاوی جیهان ئیسلامیین، هەر بۆ نموونە سەدام حوسەین، خومەینی، یاسر عەرەفات و هتد هەمیشە گشتگیرانە بانگیان لە "ئیسلام" دەكرد، هەروەكوو چۆن ئێستا ئەردۆغان چالاكترین ڕێكخەری ئیخوان موسلیمونی نێونەتەوەییە دژ بە خەباتی ئازادیخوازی خەڵكی كوردستان. لەم مەسخەرەبازاڕیەی ئیسلامیی سیاسییدا نەبێت لە هیچ شوێنێكی دونیا قابیلی قبوڵ نییە شت لە ئاستی دەوڵەت و جیددیەتیی بەڕێوەبردندا ئاوا وەحشیگەرانە مرۆڤ گشتگیر بكرێت.

كاكڵەی مەبەستی من لە مۆرلێدانی گشت بە موسڵمان و بە داسەپاندنی زگماكموسڵمانیەتیی كاری داگیركەریی ئێران و توركیا، دیارە هەروەها سوریا و ئێراقیش، زۆر ئاسان دەكات لەبەرئەوەی چەمكی "ئومەتی ئیسلامیی" بە ریسێپتی توركیی و فارسیی و عەرەبیی برەودار دەبێت. ڕۆژانە بە سەدان جار لە گفتوگۆ سیاسییەكاندا ئێمە ڕستەی "هەموومان موسڵمانین" دەبیستین. بە دڵنیایەوە دیارە قازانجەكەی بۆ كێیە.

مافیای ئیسلامیی لە باشووری كوردستان

لە كوردستان لە ناو ئەو كەسانەدا كە دەسەڵاتدارانی ئیسلامیی، ئەوانەی زادە و بەرهەمی توركیا و ئێرانن، بە "زانایانی ئاییینی" ناوزەند كراون لەوانەن كە بێ سەواد و نەخوێنەوار و هەلپەرست و خۆویست و مشەخۆرن.

لە مێژووی كوردستان و ڕەنگە تەواوی وڵاتە ئیسلامیەكاندا هەروەها مووچە و پارەوەرگرتن بۆ مەلایەتیی نەبووە، بەڵكو ئەو كەسانە بوون كە لە ڕێگای سەرفترە و زەكات و خێری رۆژانەوە بەڕێوە دەچوون كە خەڵك مانگانە لە راهی خودا جۆرێك لە مووچەیان بۆ بڕیوونەتەوە و كە لە كوردیدا پێی دەگوترێت "بەرات". زۆرینەی شێخ و سەیدەكان لە ڕێگای فریودان و گەوجاندنی خەڵكانی ڕەشوڕووتەوە خۆیان زەنگین كردووە. هەر زۆرینەی مەلا و شێخ و سەید هەمیشە هاوپەیمانی ئاغا و دەرەبەگ و دەسەڵاتدارن بوون. لەگەڵ ئەوەیشدا كە نە "شێخ" و نە "سەید" لە عەرەبدا مەقامی ئایینیی نیین، بەڵام لە كوردستان و ناوچەگەلی دواخراوی بە ئیسلام ئەنگاوتەدا بوون بە مەقامی ئایینیی.

لە عەرەبدا "شەیخ" بە ماناكانی پیر/ ڕدێن سپی/ دەمڕاست/ سەردار دێت و "سەید" یش بە ماناكانی رێزدار/ كاك/ ئەزبەنی دێت. هیچی دیكە. چۆن ئەم دوو وشەیە لە كۆمەڵگا غەیرەعەرەبیەكاندا بوون بە مەقامی ئایینیی قسەوباسی زیاتر هەڵدەگرێت. لەگەڵ رێزی بێ پایاندا بۆ ئەو كەسایەتییە كوردستانیی ئازادیخوازانەی وەكوو شێخ و مەلا دەركەوتوون و مێژووی پڕ لە شانازییان تۆمار كردووە، بنەچەی ئەم دوو وشەیە دەگەڕێتەوە بۆ تەسلیمبوون و خۆسپاردن بە دەسەڵاتدارانی سەرەتای بە ئیسلامكردن.

لە كوردەوارییدا، زۆرێك لە مەلاكان بە شێوەیەك هەژار و نەدار بوون كە تەنانەت هاوسەرگیریشیان پێ نەكردراوە یاخود هاوسەرگیریەكەیان لەگەڵ ئەوانەدا بوون كە لە كوردەوارییدا پێی دەگوترێت هاوشان، جا ئیتر هەر شێوەیەك بوو بێت. بە گشتیی خانمانێك كە لە ڕووی چینایەتیەوە وا هەژار بوون كە ئیتر بە حوكمی باوەڕدارییە ئایینیەكە لەوە زیاتریان پێ نەدەبڕدراوە. زۆریان ناچار ماون كە دێ بە دێ بگەڕێن و مزگەوت بگۆڕن بۆ ئەوەی كە خێر و سەرفترە و بەراتێكی زیاتریان وەدەست بكەوێت.

لە ئێران لە سەردەمی شادا و لە ئێراقیش تا ڕووخانی فاشیزمی بەعس مەلاكان بە شێوەیەكی رێكخراو و سەرتاسەریی موچەبگیریی دەوڵەت نەبوون. ژمارەیەكی كەمی تایبەتیی لە مەلاكان مووچەیان وەرگرتووە.  بەڵام لە پاش هاتنەسەركاری كۆماری ئیسلامیی ئێران ساختار و ڕەفتاری سیاسیی بزووتنەوەی ئیسلامیی دەگۆڕدرێت. لە پراكتیكدا ئیسلامبوون دەكرێت بە مەرجی هاووڵاتیبوون. واتە بێ ئەوەی ڕا بگەیەندرێت چەمكی هاووڵاتیبوون دەگۆڕدرێت، هاووڵاتیی ئیدی ئەو تاكەكەسەیە كە موسڵمانە و كە وەفادار بە شەریعەتی ئسیلامیی و بە حكومەتی ئیسلامییە و هاووڵاتیی باشیش ئەو كەسەیە كە "شەهید" ـی ئەو رێبازەیە. دیارە ئێستا ئەوە توركیاش دەگرێتەوە بەو جیاوازیەوە كە ئێران بانگەوازی پەیامی شیعە و توركیا هی سوننە دەكات. هەرە زۆرینەی مەلاكان، كۆلكەمەلای كوێرەدێیەكان نەبن، ڕاستەوخۆ دەبن بە مووچەبگیر و بە دەمڕاست و بە نوێنەری ناڕاستەوخۆی دەوڵەت. مەلاكان دەبن بە گوێ و چاوی دەوڵەت و بەو شێوەیە دەبن بە بەشێك لە دەسەڵاتی سیاسیی.

لەو پرۆسە سیاسییەدا مەلاكان دەبن بە "زانایانی ئیسلام" یان زۆر لەوە گەورەتر بە "زانایانی ئایینی" و بە شانوشەوكەت و هەیبەت و شانازییەوە خۆ نیشان دەدەن. جبە و عەبا و مێزەرەكانیان ڕووخساری ئەو دەسەڵاتەن.

لەو نەزمەدا ئیسلام بە ئاینیی "حەق" و "ئاشتیی" ڕەنگین دەكرێت و ئیسلامیستەكان و مەلایانی دەمڕاستی هەموو باڵەكانی ئیسلام، بە بەردەوامیی لە هەڕەشە كردندان. هەڕەشە لە ژنان و لە ئازادییەكانیان، لە كولتوری نوێی پێشكەوتوخواز، لەوانەی هەبوونی ئایینێك و خودایەكیان بە لاوە گرینگ نییە، و بەڵام هەروەها بەرگریەكی كوێرانە و كۆنەپەرستانەیش لە دەسەڵات.

بە هیچ شێوەیەك باس لەو شەڕە گەورە پڕ كوشت و بڕینە نییە كە لە ناو جیهانی ئیسلامدا رووبەیەك ڕووی داوە و روو دەدات. ئیسلامیی سوننە و ئیسلامی شیعە بە ملوێن جۆر لە رێبازی جودا لە پرۆسەی بە "موسڵمانكردن" ـی هاووڵاتیاندا بۆ بەهێزكردنی حكومەتگەلێكی/ دەسەلاتگەلێكی مافیای فاشیست، هەم دژ بە یەك و هەم دژ بە وانی دیكە، لە كار دان.

ژمارەی مزگەوتەكان لە باشووری كوردستان، پاش نزیكەی 30 ساڵ لە حوكم، لە 5000 زیاترە. ژمارەی مەلاكان نزیكەی دوو بەرابەرە، ژمارەی بەرێوەبەرانی ئەو ڕێكخستنە بە دەیان هەزارن. وەزارەتێك، وەزارەتی ئەوقاف، بە هەموو دامەزراوەكەیەوە ئەم نەزمە بێ سەروبەرە دەپارێزێت. ئەو وەزارەتەی گویا هەروەها كاروباریی گشتیی ئایینەكانیش بەرێوە دەبات، نەك هەر ئیسلام. هەبوونی شتێك بە ناوی "خزمەت" لەم وەزارەتە گران كەوتووە بێ بەرهەمەدا و كردنەوەی سەدان خوێندنگای ئیسلامیی و خوێندنگای توركیی - ئیسلامیستیی سەددەرسەد بەرهەمی ئەردۆغان و فەتحوڵا گوڵینن.

لە هەبوونێكی ئاسایی دیموكراتیی سسیاسییدا لە سەدا نەوەدی ئەو دەیان هەزار كەسە و ئەو ماشێنی وەزارەتە گەورەیە لە كەرتی جیاوازدا دەبا كاریان بكردایە و بەرهەمێكیان بە كۆمەڵگا بدایە، دەنا بۆ نموونە بە بێكار و بێپیشە دادەنران.

ئێستا بە هۆی رێكخستنی ئیسلامیی سیاسییەوە ئەوانە هەموو لە سەر حیسابی خەڵك و سامانی گشتیی مووچەبگیرن.

دیارە ئەمە هەر نیوەی راستیەكەیە، چون ئەوانە هەر مووچەبگیر نیین، بەڵكو خاوەنی ئیمتیازی سیاسیی و كۆمەڵایەتیی و ئابووریشن. لە سەروو هەموو ئەمانەیشەوە لە سیاسەتەكەیشدا ئیمتیازی دەسەڵاتیان هەیە، واتە دەتوانن ڕاستەوخۆ دەست لە كاروباری خەڵك وەردەن. هەر یەكەیان دەتوانێت هەرچیەكی بە زاردا دێت بێ جوین و بێ پەردە و بێ باك بە سەروچاوی خەڵكی گشتییدا بدات. جبە و عەبا و مێزەر زریپۆشیانە. بەڵام هەروەها لە سەروو هەموو ئەم دەسەڵاتە سیاسیی و ئابووریی و كۆمەڵایەتیی و یاساییەشەوە، خاوەنی دەسەڵاتی خوداشن. ئەم خودایە بەو شێوەیە زیاتر لە یەك ملوێن رووخسار و ئەتوار و هەڵوێستی هەیە.

سەرەڕای هەموو ئەمانە لە سەر حیسابی سامانی گشتیی زەخیرەی بەهەشتی ئەو دونیاش دادەنێن.

لەم ساختارەی ئیسلامی سیاسییدا خودا لە ئاسمان یان لە بۆشایی/ گەردووندا نییە، بەڵكو لە سەنگەری ئەماندایە، لە ماڵ و لە باخەڵی ئەماندایە، لە خزمەتی بەرژەوەندیەكانی ئەماندایە. خودا كەڕ و لاڵ و كوێرە، ئەمان نوێنەری خودا و پێغەمبەرەكەین. ئەمان خاوەن مافی لێكدانەوەن و بۆ هەموو باسێك حەدیسێك و ئایەتێك كە لەگەڵ ئاخافتن و بۆچوونی ئەواندا دێتەوە، پارێزەریانە. ئەمان خۆیان بوون بە پێغەمبەر و بە خودا و بە ناوی ئەوانەوە دەدوێن.

ئەم مەلایانە لە دەورەی تایبەتییدا لە ئێران و توركیا و دیارە ئێستا لە زۆر شوێنی باشووری كوردستان فێری ڕەوانبێژیی كراون. لە ئاخفتنەكانیاندا فێر كراون دراما بنوێنن. هەر مەلایەك بووە بە ئەكتەرێك و ڕۆڵی ناو شانۆگەرییەك دەبینێت. بەرامبەر بە خەڵك وەكوو ئەكتەرێكی فلیمی هۆلیود ڕادەوەستن، سەرنج دەدەن. بێدەنگ ڕادەمێنن، دەگرین، دەنگیان بڵند دەكەن، پێ دەكەنن، گاڵتەجاریی دەكەن، دەنگیان دەگۆڕن، بە تەوسەوە دەدوێن، دەست و سەر و دەم و چاو و ئەبرۆی خۆیان بە پێی ناوەڕۆكی باسەكانیان دەبزوێنن و هتاد. واتە لە نمایشنامەیەكی تەواو ڕۆڵبینیندا دەئاخفن. هی وایان هەیە لە پڕ دەداتە كوڵپی گریان، پاشان دەست و لاق و رووخساری خۆی بە شێوەی پێویست دەبزوێنێت و دەگۆڕێت.

هەمووان دەزانن كە ئەم ڕۆڵبینینە نامۆ بەو كولتورە باوە گشتییە ئیسلامییە كە ڕۆژێك لە ڕۆژان لە  دونیای ئیسلام و بۆ نموونە لە كوردستان هەبووە. ئەمەی ئێستا تەواو پلاستیكیە، لە سعودیە و توركیا و ئێرانەوە بەرهەم هێنراوە و هاوردە دەكرێت.


ئەم ڕێكخستنە مافیاییە بە پلان یەكتر تەواو دەكات، لەبەرئەوە لە گشتییدا هاوپشت و هاوسەنگەری یەكترن، چون دەزانن كە تەنها یەك كاردانەوەی دۆمینۆیی بە تەواوی عەرشی حوكمیان تێك دەدات.

لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا مرۆڤێك لە باشووری كوردستان لە ڕاستییدا پێویستی بەوە نییە بخوێنێت و كار بكات و ڕەنج بدات، ئەوە بەسە كە باڵێكی بە توركیا و ئێران یان سعودیەوە بێت و هەندێك سورەت و ئایەتی قورئان و حەدیس و گێڕانەوەی ئیسلامیی لەبەر بكات و بەو شێوەیە ببێت بە مەلا یان پێشنوێژ یان مۆری "زانای ئایینیی" لە خۆی بدات. سیستەمەكە خۆی زوو یان درەنگ لە پرۆسەیەكی گاڵتەجاڕیی "پەروەردە" دا، ڕەسمیی یان ناڕەسمیی، مۆری "زانای ئایینیی" لێ دەدات. بە كورتیەكەی زانین لە بارەی ئیسلام بووە بە "زانست". هەر زانست نا، بەڵكو بە باشترین و دروستترین زانست. 

ئەو تاكەكەسە، لەوپەڕی بێسەوادیی و نەخوێنەواریی و بێویژدانیی و بێئەدەبیی خۆیدا، مووچە وەردەگرێت و دەبێت بە خاوەنی ئیمتیازی جودا. ئەو تاكەكەسە دەتوانێت بە ئارەزووی خۆی قورئان و حەدیس دژ بە ژنان و جەوانان و پێشكەوتووخوازان و ئازادیخوازن لێك بداتەوە، هەڕەشەی كوشتن و بڕینیان لێ بكات، و خودا بهێنێتە سەنگەری خۆیەوە و بە تێڵای خودا تەنانەت هەڕەشەی لەو دونیا سووتاندنی هەتاهەتاییش لە خەڵك بكات. ئەم سیستەمە بە مزگەوت دروستكردن و حەج و عەمرە و مەولودگرتن و مەراسیمی دیكەی گویا خوداپەرستیی و هتد بە پێوە ڕاگیراوە. لە مافی باج نەدانەوە بە دەوڵەت تا بە مافی شادبوون بە بەهەشت، لە پانتاییەكی بێحیسابدا، دونیای ئەمڕۆ و پاش مردنیشیان زامن كردووە.

بەو شێوەیە لە راستییدا بە پارەی ڕۆژانەی هاووڵاتییان كە هاووڵاتیان دەبێت بۆ خۆیانی خەرج بكەن و لە سەر حیسابی سامانی گشتیی ئەم مەلایانە بەخێو دەكرێن، باشترین جلوبەرگیان لەبەر دەكرێت و خۆراك و بژێویان بۆ دابین دەكرێت، و تەنانەت حەجكردن و عومرەشیان. هەموو ئەمە لە ژێر فشارێكی گەورەی بیستوچوارسەعاتەی بەردەوامدا لە هەڕەشەی دۆزەخ و لە باری قەرزداریی بە خودا دا، هاووڵاتیانی "جیهانی ئیسلام" بە كۆیلە كراون.

پرسیاری "ئایا جێی خۆی نییە پێشنوێژان و مەلاكان لە سەر حیسابی گیرفانی خۆیان و كات و كاری خۆیان ڕێگای چوون بۆ بەهەشت بۆ خۆیان مستوەگر بكەن؟" و  هەروەها "ئایا خەڵك و سامانی گشتیی بۆ ئەو خەرجیەیان بۆ بدات؟" و "ئایا بۆ نابێت كە وەكوو هاوولاتیانی دیكە خۆیان بە خێو بكەن؟" وەڵام نادرێتەوە.

 مافیای ئیسلامیی نەك هەر نایەوێت وەڵامی ئەو پرسیارە بداتەوە بەڵكو پرسیارەكە و پرسیاركاریش بە دوژمنی "خودا" دادەنێت. 

لە "جیهانی ئیسلام" دا تاكەكەسی غەیرەموسڵمان، بێ چەك و بێ پارێزەیە. دەسەڵاتی سیاسیی پشتگیریی لێ ناكات چون دەسەڵات خۆی ئیسلامی سیاسییە یان بەشێك لە ئیسلامی سیاسییە و لە لایەن ئەوانەوە دەپارێزرێت.

ئەم جۆرە ئیسلامە كە لە دەرەوەی بازنەی قبوڵكردنی ئازادیی و پێشكەوتووخوازیی و سەربەخۆییخوازیی دان، هەروەها هەیمەنەی/ هەژمۆنی داگیركەریی تورك و عەرەب و فارس لە كوردستان بەهێز دەكەن و دەیهێڵنەوە. لە مۆدێلی ئیسلامیی سیاسیی ئێرانیی و توركییدا كوردانی موسڵمان دەبێت بەرامبەر بە "داگیركاریەكانیان" بێ لایەن بن، چونكە موسڵمان نابێت لایەن بگرێت.

ئەوەی كە توركیا و ئێران داگیركەری كوردستانن، كە تاوانی گەورەیان لە كوردستان دژ بە مرۆڤایەتیی ئەنجام داوە و دز و تاڵانچیین نابینا دەكرێت. بەو شێوەیە تەنیا ئەو كوردانە مەحكومن كە دژ بە داگیركاریاكە دەوەستنەوە. هیچ ئایین و ئایدیۆلۆژیا و رەووشت و ویژدانێك ناتوانێت لە نێوان دەسەڵاتێكی داگیركەر و نەتەوەیەكی داگیركراودا بەو شێوە پڕڕووە بێ ئابڕووییەدا "بێلایەن" بمێنێتەوە.

ژمارەیەكی كەمی بەرچاو نەبێت، باقی مەلاكانی باشوور، ئەوانەیش كە بەرامبەر سیستەمی داگیركەریی و تاوانەكانی بێ دەنگن، لە شێوەیەكدا جاشئیسلامیین. لە هەموو ئەو شەڕە گەورە دژوارانەدا كە بە هەزاران لە كچان و كوڕانی كوردستان، تەنانەت سەدان هەزاری بێ دیفاعی سیڤیلیش لە ژان و منداڵان، تیادا قوربانیی بوون، ئەمان بێ هەڵوێست بوون و هەندێكیان تەنانەت بە ئاشكرا بەرگریی لە تاران و ئانكارا كردووە و دەیكەن. هەروەكوو چۆن بەرگیران لە ڕژیمی داگیركەر و فاشیستی سەددام حوسەین دەكرد. ئەوەمان لە گازبارانكردنی هەڵەبجەوە بۆ ئەنفال و بۆ كۆمەڵكوژیەكانی سەرەتای نەوەدەكانی باكوور و بۆ هەموو دەستدرێژیەكانی توركیا لە 2014 ـەوە بۆ سەر باكوور و ڕۆژئاوا و لە هێرشی داعش و چەتە ئیسلامیەكانی دیكەدا بە زیادە دیتووە.

بە زیادەوە بینیمان هەڵوێستی ئەم لەشكرە مەلایە لە دیفاع لە بە كۆمەڵكوشتن و قەڵاچووكردنی ئێزیدیاندا چی بوو. سبەی هەر هەمان هەڵوێستیان لە سەر ئەگەری بە كۆمەڵكوشتنی یارسان و كاكەیی و عەلەوی و ئەوانی دیكەدا دەبێت كە لە دەرەوەی ئەم نەزمە مافیاییە دان.

موسڵمانی سەربەخۆ/ چارەسەر؟
چارەسەر لە دەرەوەی سیستەمێكی دیموكراسییدا مەحاڵە.


یەكێك لە پێشمەرجەكانی دیموكراسیی جیاكردنەوەی ئایینە لە دەوڵەت و لابردنی شەریعەتە بۆ دەرەوەی حوكم و یاسا. دیموكراسیی پێشمەرجی لە سەر پرینسیپی ڕێكخستن هەیە. ساختاری ڕێكخستن دەبێت چۆن بێت، چۆن خۆی بژیەنێت و چۆن ملكەچ بە یاسا بێت و چۆن خۆی بەڕێوە ببات، بەشی گرینگن لە پێشمەرجی دیموكراسیی. مەلاكان و پێشنوێژان دەبێت كێ بن و ئەركەكانیان كامانەن، هەروەها بەشێكن لە پێشمەرجی دیموكراسیی. هەر بەو شێوەیەش ژمارەی مزگەوتەكان دەبێت چەند بن، چۆن خۆیان بەڕێوە ببەن و چۆن ملكەچی یاسا و ڕێسا بن. ئەوە نەزمێكی داگیركەرییە كە باشووری كوردستان مزگەوت و تەكیە و خانەقای بە ڕێژەی سەددی لە هەموو وڵاتێكی عەرەبیی و تەنانەت ئێرانیش زیاتر بێت. لە وڵاتێكدا كە هاووڵاتیانی خاوەن مێژووی هەزارساڵەی لە سەرمای خوار سفر و لە گەرمای سەروو پەنجادا لە ناو چادری دڕاودا دەژین و منداڵانی زەردوسووریان بە پێی پەتی و زگی خاڵی ژیان دەبەنە سەر، بەڵام بە ملوێن دۆلار بۆ مەولود (لەدایكبوونی محەمەد) سەرف دەكرێت، هەر پرسێكی سیاسیی نییە، بەڵكو تەواو ویژدانیی و ڕەووشتییشە.

دەستتێوەرانی توركیا و ئێران لە باشوور و لە پارچەكانی دیكەی كوردستان بێگومان پرسێكی ئایینی لە مانای پێوەندیەكی ڕۆحیی لەگەڵ خودایەكدا نییە، بەڵكو نەزمێكە لە پێوەندیی دەسەڵاتی داگیركەرییدا داسەپێندراوە. لەبەرئەوە دەبێت بە دوو شێوەی ئازادیخوازانە و دیموكراتیكیانە وەڵام بدرێتەوە.

لە سیستەمی دیموكراسییدا هاووڵاتیان خەرجی چوون بۆ بەهەشتی مەلا و ئاخوندە و پێشنوێژەكان نادەن. ئەوانەی دەیانەوێت بگەنە ئەو بەهەشتەی باسی دەكەن دەبێت لە سەر حیسابی كاری ئایینی دڵخوازانەی خۆیان خۆبەخشانە پێی بگەن، لە دەرەوەی كاری پەیداكردنی بژێوی و رەنجی شانی خۆیاندا. ئەوانە دەبێت لە سەر حیسابی كاتی ژیان و ئارەقەی ڕەنجدانی خۆیان ئەڵاپەرستیی بكەن.

دەسەڵاتدارانی حوكم، ئەوانە نەبێت كە پێچەوانەكەیان نیشان داوە، لە ئەورۆی هەرێمی كوردستاندا بەرپرسیارن لە سەرهەڵدان و بەخێوكردنی مافیای ئیسلامیی و فاشیزمی ئیسلامیی. كاتی ئەوە بە زیادە هاتووە كە لەو سەنگەرەیشەوە لە دەسەڵاتی داگیركەریی ئیران و توركیا بدرێت.

موسڵمانی سەربەخۆ ئەو مرۆڤەیە كە لە چوارچێوە و سنووری كەسێتیی خۆیدا، بێ هیچ جۆرە فشارێك بۆ سەر هیچ كەسێكی دیكە و بێ دەستتێوەردان لە دەسەڵاتی سیاسیی ئەركی خوداپەرستیی خۆی جێبەجێ دەكات بۆ ئەوەی كە پاش مردنی بەو شوێنە بگات كە پێی وایە هەیە و دڵی لایەتی. ئەو مرۆڤە نابێت بە ناوی خوداوە دەست لە پرسە زەمینیەكان وەر بدات. ئەو مرۆڤە لە سیستەمێكی دیموكراسییدا دەتوانێت لە ڕۆژێكدا لە جیاتی پێنج جار دەیان جار نوێژ بكات و لە جیاتی مانگێك هەر دووازدەمانگەكە بەڕۆژوو بێت و هەر ساڵەی حەجێك و لە هەر ساڵدا دەیان عەمرەش بكات بێ ئەوەی كەس دەست بخاتە كاری.
سەرچاوە/ ئاوێنە

نوێترین

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure