لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/ عربي/ English

وڵاتانی عه‌ره‌بی.. سەدەیەك شكست
جەهلی موقەدەس و ئازادی ڕۆژئاوا

17/05/2020


مەلا بەختیار

جه‌هلی موقه‌ده‌س‌و ئازادی رۆژئاوا

رۆژئاوا، ته‌نها به‌ رینیسانس‌و ریفۆرمی ئایینی‌و رۆشنگه‌ری وه‌رنه‌چه‌رخاوه‌، بۆ ئازادی‌و نوێگه‌ری. به‌ڵكو، له‌ رۆژئاوادا، كه‌نیسه‌ی كاسولیك، دوای ئه‌وه‌ی ملیۆنه‌ها مرۆڤیان كرده‌ قوربانی رقی سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاست، سه‌ره‌نجام، دانیان به‌ هه‌ڵه‌كانیان ناوه‌و له‌ سه‌رده‌مه‌كه‌ تێگه‌یشتون‌و مه‌زهه‌به‌كه‌یان له‌گه‌ڵ گۆڕانكاریه‌كانی دیموكراسیدا، گونجاندووه‌. به‌ڵام له‌وڵاتانی عه‌ره‌بیدا، هه‌روا، ئیسلامگه‌رادا، له‌دوای تێك‌وپێدانی (بیت الحكمة‌)ی زه‌مانی ئه‌مینی هارونه‌ ره‌شیدو مردنی ئیبن روشد‌و ئیبن خه‌لدون‌و ره‌خنه‌گره‌ سه‌ره‌تاكانی سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاست، په‌نجه‌ره‌كانی ره‌خنه‌و هه‌ڵسه‌نگاندن قفڵ دران‌و ئه‌قڵ له‌وساوه‌، به‌زۆری بۆته‌ ئه‌رشیفی ده‌قه‌ نه‌قڵیه‌كان..

كه‌له‌پوری وڵاتانی عه‌ره‌بی‌و ئیسلامگه‌را (به‌كوردستانیشه‌وه‌) كه‌له‌پورێكه‌ ژه‌نگی گرتووه‌. هه‌ربۆیه‌، به‌ئاسانی له‌سه‌رده‌می جیهانگیری‌و سۆسیال-میدیاشدا، ئه‌ندێشه‌كانی سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاست، كاریگه‌ری بێڕاده‌یان له‌سه‌ر هزر هه‌یه‌و په‌رژینی جه‌هلی موقه‌ده‌س (كوێره‌وه‌ری پیرۆز)ن.

هه‌رگیز ناتوانین، له‌گه‌ڵ ته‌واوی گۆڕانكاریه‌كانی ئه‌م سه‌رده‌مه‌و ئاینده‌ی گۆڕانكاریه‌كان، هه‌ڵبكه‌ین، ئه‌گه‌ر بێت‌و له‌ڕووی فه‌لسه‌فه‌و لۆژیكه‌وه‌، به‌ ئه‌قڵێكی كراوه‌ی دوور له‌ هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌ له‌ بنچینه‌ روحیه‌ لێبورده‌كه‌ی ئاینه‌كان، ره‌خنه‌ی زانستیانه‌ له‌ كه‌له‌پوری نه‌قڵی، یان كه‌له‌پوری كۆپیگه‌رایی رابوردوو، نه‌گرین‌و خڵته‌و پڵته‌كانی ئه‌و كه‌له‌پوره‌، پاكژ نه‌كه‌ینه‌وه‌. له‌مباره‌وه‌ (هاشم ساڵح) به‌جوانی ده‌نوسێ‌:
"ده‌كرێ‌ هه‌موو ئه‌و چه‌مكانه‌ هه‌ڵبوه‌شێنینه‌وه‌ كه‌ وا به‌سه‌رماندا زاڵبون، هه‌روه‌كو ده‌ستپێكی مێژووییان نه‌بێ‌، له‌به‌رئه‌وه‌ی چه‌مكه‌كانی كۆنن، یان میراتی باووباپیرانن‌و نه‌وه‌ دوای نه‌وه‌، وا دێت به‌خه‌یاڵماندا كه‌ خاڵی ده‌ستپێكی نییه‌، واتا: رۆژێك له‌ رۆژان له‌دایك نه‌بوبێ‌، یاخود رۆژێك له‌ رۆژان پێكنه‌هێنرابێ‌. وا خه‌یاڵ ده‌كه‌ین ئه‌و كه‌له‌پوره‌ سه‌روی واقیع‌و مێژووه‌، وا دێته‌ خه‌یاڵمان كه‌له‌پورێكی پیرۆزی مه‌عسومه‌. بۆیه‌ فشارمان به‌ هه‌موو قورسی‌و جه‌به‌روتیه‌وه‌ ده‌خاته‌ سه‌رو ناهێڵێ‌ هه‌ناسه‌ بده‌ین".(هاشم سالح مخاضات الحداثة‌ التنویریة. القطیعة‌ الابستمولوجیة في الفكر والحیاة‌. ص202)

هه‌ژمونگه‌ری كه‌له‌پوری سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاست، به‌رده‌وام ئه‌قڵ به‌ قفڵدراوی ده‌هێڵنه‌وه‌. ته‌نانه‌ت كاردانه‌وه‌ی كوێرانه‌ش دژی فه‌لسه‌فه‌ی رۆشنگه‌ری، توند ده‌كه‌ن.

له‌ رۆژئاوادا، دوای سه‌رهه‌ڵدانی رینیسانس، ده‌رگاكانی ره‌خنه‌ به‌رامبه‌ر ئه‌ندێشه‌كانی سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاست نه‌كرانه‌وه‌، به‌ڵكو دوای ریفۆرمی ئایینی، یان ئاینسازی، له‌نێوان كاسولیك‌و پروتستانت، ئینجا، زانرا، له‌ناو په‌رستگاكانی كاسولیكدا، چ نه‌هامه‌تیه‌كی به‌شه‌ری‌و چ شه‌رمه‌زارییه‌كی مه‌زهه‌بی، به‌ناوی ئاینه‌وه‌ سه‌پێنراوه‌ته‌ سه‌ر مرۆڤ. ته‌نانه‌ت له‌دوای ئاینسازیشه‌وه‌، سه‌ده‌یه‌ك له‌ سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاست‌و دوو سه‌ده‌ش له‌ سه‌ده‌ی هاوچه‌رخی ویست، له‌ دانیشتنی كۆمه‌ڵه‌ی فاتیكاندا له‌ (1962-1965)دا، بڕیارگه‌لی لاهوتی ئازایانه‌ بده‌ن، تیایدا دانیان نا به‌وه‌ی ئاینه‌كانی تریش ره‌وان، ئازادی ئاینیان سه‌لماندو سه‌لماندیشیان كه‌ ئایین، نابێ‌ بسه‌پێنرێ‌. هه‌ر ئه‌وكاته‌، سه‌له‌فیه‌كان به‌ هه‌موو توانایه‌كیان دژی ئه‌و بڕیارانه‌ بون‌و جه‌ختیان ده‌كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌و راسپاردانه‌ لادانه‌ له‌ ئایینی مه‌سیحی. به‌ڵام روداوه‌كان جێی هێشتن. (بڕوانه‌ ل210ی هه‌مان سه‌رچاوه‌)

راچڵه‌كین.. به‌ره‌و وه‌رچه‌رخانی مێژوویی، سه‌ره‌تاكه‌ی سه‌خته‌. په‌رچه‌كرداری توندی لێده‌كه‌وێته‌وه‌. به‌ڵام كاروانی گۆڕانكاری، ته‌نها له‌ ئابوری‌و سیاسه‌تدا سه‌رناكه‌وێ‌، له‌ دوائاكامدا، له‌ناو كۆمه‌ڵ‌و هزرو ئه‌ندێشه‌شدا ده‌بێ‌ به‌سه‌ر ئه‌قڵه‌ داخراوه‌كانی جه‌هلی موقه‌ده‌سدا سه‌ربخرێ‌. چۆن رۆژئاوا ئازا بون‌و ئازاد بون، رۆژهه‌ڵاتیش ئازایه‌تی ده‌وێ‌‌و هه‌ر ده‌بێ‌ ئازاد بكرێن.

وڵاتانی عه‌ره‌بی، رابوردویان، به‌هۆی ئه‌ندێشه‌كانی سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاست‌و سه‌ده‌یه‌ك ده‌سه‌ڵاتی ناسیۆنالیستیه‌وه‌، رابوردویان له‌ده‌ست داوه‌. به‌ڵام له‌م سه‌رده‌مه‌ی جیهانگیری‌و سۆسیال-میدیادا، هه‌ل هه‌ڵكه‌وتووه‌، قه‌ره‌بوی رابوردوی له‌ده‌ستدراو به‌ ستراتیژێكی سیاسی-رۆشنگه‌ری نوێ‌، بكرێته‌وه‌. هه‌ڵه‌یه‌كی كوشنده‌ی تره‌، له‌م سه‌رده‌مه‌شدا، سیاسه‌ت‌و حیزبایه‌تی‌و ده‌سه‌ڵات، ته‌نانه‌ت رێكخراوه‌ مه‌ده‌نیه‌كانیش، له‌ ئه‌ركه‌ رۆشنگه‌ریه‌كان داببڕدرێن!

نوێترین

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure