لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/ عربي/ English

روانینی پیاو ‌و بەكاڵاكردنی مێینە – بەشی سێیەم

21/05/2020



هۆزان مەحمود
ڕوانینی پیاو (The male gaze)

ڕوانینی پیاو تێرمێكە، چەمكێكە، فێمینیست ‌و نووسەری بەریتانی (لاورا مێلڤی) لە حەفتاكانی سەدەی ڕابوردوو بەكاریهێناوە، بەتایبەت لە وتارە (ئێسا) بەناوبانگەكەی بەناونیشانی ''چێژی بینراو و گێڕانەوەی سینەما'' ئامانج لە بەكارهێنانی ئەم تێرمە كاركردن بوو لەسەر (ڕوانینی پیاو -The male gaze ) وەك بینەر‌و تەماشاكاری ژن ‌و جەستەی ژن، لەهەمانكاتدا كورتكردنەوەی بوو بۆ كاڵایەكی سێكسی لە فیلمەكاندا(4).

گرنگی ئەم باسە‌و تیۆریزەكردنی ڕوانینی پیاو هەوڵێك بوو بۆ تێگەیشتن لە دیتنی ژن وەك نیشاندراوێك (سپێكتەكڵ) لە فیلمدا كە تەنها وەڵام بە چێژ‌و وێناكانی نێو سەری پیاوان دەداتەوە، بێگومان بە شێوەی (ڤیژواڵ – بینراو) لە تیڤی ‌و فیلمەكاندا نمایش دەكران. دواتر ئەم تێرمە (ڕوانینی پیاو) زۆر فراوانتر بەكارهێنرا لەلایەن فێمینیستەكانەوە بۆ ئاماژەكردن ‌و دەرخستنی ئەو ڕاستییە بوو، كە زۆرێك لە میدیاكان بە هەموو جۆرەكانییەوە (فیلم، پۆستەر‌و ماتریاڵی نوسراو‌و بینراو) بەرهەمێكن بۆ ڕوانینی پیاو، بۆ چێژ‌و حەزی پیاو دروستدەكرێن. لەم پرۆسەیەدا ژن ‌و پیاو دەكرێنە پاسیڤ ‌و ئەكتیڤ، واتە ئەوەی تەماشاكارە كە پیاوە كە بینەرێكی چالاكە‌‌و ئەویتری مێینە نمایشكارە، كاڵایە‌و سێكسوالیزە كراوە، بەمانای‌ پاسیڤە‌و تەنها ئەركی ئەوەیە‌ چێژ‌و خۆشی ببەخشێت بە تەماشاكارە پیاوەكە.

لێرەوە گەر هەوڵێك بدەین بۆ تێگەیشتن لە ڕوانینی پیاو لە كوردستان، بێگومان بۆمان دەردەكەوێت كە بەپێی كات ‌و شوێن گۆڕانكاری بەسەر ڕوانینی پیاوی كورد دا هاتووە. بەهەمان شێوە گۆڕانكاری بەسەر ئەو وێنەیەشدا هاتووە كە پیاوی كورد هەیەتی لەمەڕ ژن، بۆنموونە، سەردەمانێك تەنانەت هەندێك لە شاعیرەكانیش بانگەشەی خوێندەواربوونی ژنیان دەكرد، ژیری و جوانیژن لە خوێندەواربوونیدا بوو، بەوەی كە  سەردەمی مۆدێرن ئەمجۆرە ژنەی پێویستە.

هەڵبەت نیگای پیاو و ڕوانینی بۆ ژن بەردەوام بارگاوی بووە بە نیگایەك لە نێوان حەزی سێكسی‌ و حەڵاڵ ‌و حەرامەی ئاینی ئیسلامدا. بۆنموونە، دین بەردەوام هۆشداری دەدات بەوەی پیاو نابێت (نەزەری حەرام) بكات. بەڵام بەهەمان شێوەش هۆكاری جوڵاندنی حەزو ئارەزووی سێكسی دەخاتە پاڵ ژن‌ و وەك  تاوانبارێك هەژماری دەكات! تەنانەت وەك سەرچاوەی هەڵگیرسانی (فیتنە) ئاماژەی بۆ دەكات، چونكە لەم ئاینەدا ژن بەرپرسیارە لەوەی خۆی داپۆشێ‌ و نەبێتە هۆكاری وروژاندنی پیاو. سەرەڕای زاڵبوونی ئەم گوتارە دینییە، بەڵام زۆرێك لە كۆمەڵگەكانی ڕۆژهەڵاتی، بە كوردستانیشەوە، ‌لەجۆرێك لە سەرلێشواندندا دەژین لە پەیوەست بە ژنەوە، لەلایەك نەزەری حەرام ‌و مامەڵكردنی ژن وەك خوشكیان؛ لەلایەكیترەوە ئالوودەبوون بە ئێدیاڵی جوانی (پلەی بۆی playboy و پۆرنۆیی.

لە زۆرێك لەبەریەككەوتنەكانی ژن‌ و پیاودا، بۆ نمونە پیاوەكە چەندین جار جەخت دەكاتەوە لەوەی كە تۆ وەك خوشكی ئەو وایت. یان پێت دەڵێت {خوشكم، فەرقت نییە لەگەڵ خوشك‌ و دایكم، لەجیێی دایك ‌و خوشكی منیت!}، بەهەمان شێوە ژنیش ئەم جەختكردنەوەیە دەكات، بەوەی بە پیاو دەڵێت {تۆ وەكو براو باوكم وەهایت!}، بەردەوام گوێبیستی ئەم دەستەواژانەیەن كە جەختكردنەوەیە لەسەر ئەو گوتارە ئاینییەی كە نەزەری ژن لە پیاو حەرام دەكات ‌و ژن تاوانبار دەكات بە جوڵاندنی حەزی پیاو.

لەڕاستیدا هەموو ئەمانە جەختكردنەوەیە لەسەر كورتكردنەوەی ژن لە سێكسدا. هەموو پەیوەندییەكانی ژن ‌و پیاو تەنها لە نەزەركردن ‌و حەز‌و سێكسدا كورت دەكرێتەوە. بۆ نموونە خانەوادە دینییەكان كچە منداڵەكانیان لە تەمەنێكی زۆر بچووكەوە باڵاپۆش دەكەن لەبەرئەوەی بەوتەی خۆیان نایانەوێت پیاو نەزەری حەرامی لێبكات! ئەمەش كورتكردنەوەی‌ مێینەیە‌ هەر لە تەمەنێكی زۆر منداڵییەوە بۆ پارچە گۆشتێك، كە دەبێت دیسپلین بكرێت‌ و دوور بخرێتەوە لەڕوانینی حەرامی پیاو. هەر بۆیەش ڕوانینی پیاو بارگاوییە بە سێكسوالای زەكردن ‌و بەئامرازكردنی ئەویتری ژن. لەم دونیابینیەدا ژن نەك هەر دەبێت پاسیڤ بێت، بەڵكو بەرپرسیاریشە لەوەی كە ئەگەر پیاو نەزەری لێبكات، ئەوا هەرخەتای ژنەكەیە.
سەرچاوە/ روانگە و رەخنە

ڕوانینی پیاو‌ و بەكاڵا كردنی مێینە - بەشی یەكەم

روانینی پیاو ‌و بەكاڵاكردنی مێینە - بەشی دوەم

نوێترین

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure