لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/ عربي/ English

هەشت هەزار داعشی عێراقی و سوری لەگرتوخانەكانی هەسەدەدان

28/05/2020


رۆژنامەیەكی ئەمریكی ئاشكرای دەكات، نزیكەی 10 هەزار دەستگیركراوی دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلامی (داعش) لە گرتوخانەكانی ژێر دەسەڵاتی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە)دان و  هەڕەشە لەسەر هێزەكانی ئەمریكا لە سوریا دروست دەكەن.

رۆژنامەی نیویۆرك تایمزی ئەمەریكی لە راپۆرتێكیدا ئاماژەی بەوە كردوە، ئەو دەستگیركراوانەی داعش لە گرتوخانە كاتییەكانی پارێزگای حەسەكە زیندانی كراون، فەرماندە سەربازییەكانیش بە پشكنەرانی گشتی پنتاگۆنیان راگەیاندوە ئەو داعشانە بەهۆی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا مەترسی یاخیبون و راكردنیان هەیە.

راشیگەیاندووە، هەسەدە زیاتر لە 20 گرتوخانە بەڕێوەدەبات، كە چەكدارانی داعشیان تێدا زیندانی كراوە، بەشێك لەو گرتوخانانەش پێشتر خوێندنگە بون، جگە لەگرتوخانەیەكی پێشوتری حكومەتی سوریا لە پارێزگای حەسەكە، كە بەمدواییە یاخیبونی چەكدارانی داعشی تێدا رویدا.

نیویۆرك تایمز باسی لەوە كردوە، گرتوخانەكانی ژێر دەسەڵاتی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری لەرۆژئاوای كوردستان 10 هەزار دەستگیركراویان تێدایە، لەو ژمارەیە هەشت هەزاریان عێراقی و سورین و دوو هەزاریشیان هاوڵاتی 50 وڵاتی جیاجیای جیهانن كە وڵاتەكانیان ئامادە نین وەریان بگرنەوە.

ئاماژە بەوەشكراوە، ژمارەیەكی زۆر لە دەستگیركراوانی داعش ئەوروپین، بەتایبەتی خەڵكی بەلجیكا و بەریتانیا و فەڕەنسا و ئەڵمانیاش، جگە لەوەش ژمارەیەكیان خەڵكی وڵاتانی عەرەبین وەك میسر و تونس و یەمەن.

نوێترین

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure