لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/ عربي/ English

رۆژو لە ئاینە جیاوازەكاندا

28/05/2020


رۆژو لە ئاینەجیاوازەكاندا شێواز و رەسمیەتی جیاوازیان هەیە، بەڵام لە ئاینی ئێزدی و ئیسلامیدا لە هەمو ئاینەكانی دیكە زۆرتر گرنگی پێدەدرێت.  
 
ڕۆژو لە ئایینی ئیسلام دا

موسڵمانان لە مانگی ڕەمەزان واتا نۆهەمین مانگی ڕۆژمێری مانگی كۆچی ڕۆژو لە سەریان فەرز كراوە. بەو پێیە موسڵمانان یەك مانگی تەواو لە بانگی بەیانی تا ئێوارە خۆیان لە خواردن و خواردنەوە دەبوێرن. بەڵام بەڕۆژو بون لە ئیسلامدا بەس بە واتای نەخواردن و نەخواردنەوە نییە، بەڵكو ئامێر و بیانویەكە بۆ نزیك بونەوە لە خودا، پاك كردنەوەی خۆیان لە گوناهەكانیان و بەگشتی بەرز كردنەوەی ئاستی پێداویستی مەعنەوی و كەم كردنەوەی ئاستی پێداویستی مادی.

ڕۆژو لە ئایینی مەسحی دا

بە پێی ئەوەی كە ئایینی مەسیحی بۆ خۆی دەبێتە سێ لقەوە و هەر یەكەیان خوێندنەوەیەكیان لە ئێنجیل هەیە، هەر یەكیان دابونەریت و یاسا و ڕێسای خۆیانیان هەیە و ڕۆژو گرتنیش جیاواز لە شتەكانی تر نییە و لە هەر لقێكیدا جۆرێك بەڕێوە دەچێت.

لە ئایینی مەسیحیدا ڕۆژو گرتن لە سەر ژن و پیاوی 14 بۆ 59 ساڵان فەرز كراوە.

مەزهەبی كاتۆلیك:

كاتۆلیكەكان لە ڕۆژانی چوارشەممەی خۆڵەمێش واتا یەكەم ڕۆژی ڕۆژو گرتنی مەسیحییەكان و هەینییەكان (بۆ ماوەی 40 ڕۆژ) تا هەینی پاك ڕۆژو دەگرن و خۆیان لە خواردنی گۆشت دەبوێرن. مەسیحییەكان جودا لە ئەو ڕۆژانە هەر ڕۆژێكی دیكە كە بیانەوێت دەتوانن بەڕۆژو بن، بەڵام لە ئایینی مەسیحی بەڕۆژو بون بەس نەخواردن نییە و ڕێگایەكی تر وەكو خوێندنی نوێژی تایبەت هەڵدەبژێرن بۆ نزیك بونەوەی لە خودا و پاك كردنەوەی خۆیان لە گوناح .

مەزهەبی ئۆرتۆدۆكس

لە ئەو لقەدا ڕۆژانی جیاواز وەكو ڕۆژوی ڕەسولان و ڕۆژوی ئاسودەیی یان دورماسیۆن، ڕۆژوی لەدایك بونی مەسیح و ڕۆژانی تر  بۆ ڕۆژو گرتن هەیە. هەمو چوارشەممە و هەینییەك ڕۆژی ڕۆژو دێنە ئەژمار جگە لە هەندێك هەفتە. لە ڕۆژوی ئۆرتۆدۆكس بە گشتی خواردنی گۆشت، شیرەمەنی و هێڵكە و لە هەندێك جاریشدا ماسی قەدەغە كراوە. ئۆرتۆدۆكسەكان لەسەر ئەو باوەرەن كە خۆبواردن لە خواردن، بارینی ڕەحمەتی خودای بەدواوە دەبێت.

مەزهەبی پرۆتیستان

ڕۆژو لە ئەم لقە لە ئایینی مەسیحی یاسایەكی دیاری نییە بەڵكو بە پێی بڕیاری كەسەكان، كلێسە، ڕێكخراو یان ئەنجومەنەكان دیاریدەكرێت. هەندێكیان خۆیان لە خواردن و خواردنەوە دەبوێرن بەڵام بەشێكیان بەس ئاو یان ئاومیوە دەخۆنەوە. ئامانج لە ڕۆژو گرتن لە لای پرۆتێستانەكان بەهێز كردنەوەی ڕۆح یان بەرز كردنەوەی ئاڵای قسەی ڕاستە.

ڕۆژو لە ئایینی یەهودی دا

لە ئایینی جولەكە (یەهودی) ڕۆژو بۆ نیشان دانی سوكی و بێ دەسەڵاتی مرۆڤ لە بەرانبەر خودایە تا لەم ڕێگایەوە دان بە گوناحەكانی خۆیان بنێن و بە ئەو تۆبەیە، ڕەزایەتی خودا بەدەست بهێنن.

ڕۆژو لە ئایینی جو سێ جۆری هەیە:

1. ئەو ڕۆژوەی لە كتێبی پیرۆز (تەورات) فەرز كراوە. وەكو ڕۆژوی ڕۆژی كیپور، ڕۆژی نۆهەمی ئاو، ڕۆژوی 17 ی تەموز كە 25 كاتژمێرییە.

2. ڕۆژویەك لەلایەن هاخامەوە (پیاوی ئایینی)دیاری دەكرێت، وەكو  ڕۆژوی یەكەم دوشەممە  كە بە نیشانەی شینگێڕی بە بۆنەی كاول بونی كەنیسەی بەیتولموقەدەس دەگیردرێت، ڕۆژوی ئاخری هەر مانگ بە ناوی كیپوری بچوك .

3. ڕۆژوی تاكەیی كە هەر كەسێك بە بۆنەیەكەوە دەیگرێت كە ڕۆژێكی تایبەتی نییە و زیاتر لە كاتی ڕودانی ڕوداو ئەنجام دەدرێت وەكو ڕۆژو بە بۆنەی گیان لەدەستدانی دایك و باب یان مامۆستا، ڕۆژی بوك و زاوا لە ڕۆژی زەماوەند و ...

ڕۆژو لە ئایینی هیندۆس دا

ئایینی هیندۆس ئایینێكی دراماییە كە لە هیند و بەشێك لە ئاسیای ڕۆژئاوا بڵاوبوەتەوە و دوای ئیسلام و مەسیحی سێهەم گەورەترین ئایینی جیهانە.

هیند‌وسەكان بە ئامانجی كۆكردنەوەی وزە لە عیبادات و مەعنەویات، ڕۆژو دەگرن و ڕۆژوەكە بە پێی ئەو خودایەی كە دەیپەرەستن، هەڵدەبژێردرێت. چونكە هەر ڕۆژێك لە ڕۆژانی هەفتە بۆ خودایەكی تایبەتە.

ڕۆژو لە نێو هیندۆسەكان جیاوازە، ڕۆژویەكیان هەیە خۆیان لە خواردن و خواردنەوە دەبوێرن، ڕۆژویەك ئاو ناخۆنەوە و ڕۆژویەك تێیدا سێكس ناكەن.

هەندێك لە هیندۆسەكان لە ڕۆژدا ڕۆژو دەگرن و جگە لە ئاو شتێك ناخۆن. هەروەها نەریتی جیاوازیان هەیە وەكو ڕۆژی پێش زەماوەند و بۆنەكانی تر وەكو ئەوەی ژنان ڕۆژو دەگرن كە تەمەنی هاوژینەكەیان زیاتر ببێتەوە.

ڕۆژو لە ئایینی بودی دا

بوداییەكان ژمارەیان بە 500 ملیۆن كەس دەبێت و زیاتر لە ڕۆژهەڵاتی ئاسیا و ئاسیای ناوەڕاست و باشوری ئاسیا و بەتایبەتی هیند بڵاو بوەتەوە.

ڕۆژو گرتن لە نێو بوداییەكان زۆر باوە، بەڵام یەكێك لە فەرزەكانی ئەو ئایینە نییە. هەروەها دابونەریتێكی تایبەت و یەكگرتویان بۆ ڕۆژو گرتن نییە. ڕێبەرە ئاینییەكانی بودا ڕۆژو دەگرن و لە نیوەی ڕۆژدا ژەمێك خۆراك دەخۆن.

بەڵام خەڵكەكانی تر هەفتەیەك یەك ڕۆژ لە نیوەڕۆ تا ڕۆژی دواتر بەڕۆژو دەبن و هەروەها هەندێكیان بەس لە درێژایی تەمەنیان سەوزەمەنی دەخۆن و هەندێكیان ژەمێك خۆراك لە ڕۆژدا دەخۆن. دابونەریت لە شوێن و هۆزە جیاكان جیاوازە هەروەها بە زمانی ڕۆژوەوە، كۆبونەوەی بیر كردنەوە ئەنجام دەدەن.

ڕۆژو لە ئایینی زەردەشتی دا

نەخواردنی ئاو و خۆراك بەگشتی لە ئایینی زەرتەشت كارێكی نەشیاوە و پێیان وایە دەبێتە هۆی لاواز بونەوەی جەستە و لە ئاكامدا كەسەكان توانای ئەنجامی كار و چالاكی ڕۆژانەیان نامێنێت. لە كتێبی زەردەشتییەكان واتا ئاڤێستا بەتایبەتی بەشی گاتاكان زیاتر لە ڕۆژوی جەستەیی، لەسەر ڕۆژوی مەعنەوی جەخت كراوە كە پێوەندیەكی ڕاستەوخۆی لەگەڵ دروشمی زەردەشتییەكان واتا بیری چاك، كردەوەی چاك و قسەی چاك هەیە.

ڕۆژو لە ئایینی زەرتەشت چوار ڕۆژ لە مانگدایە. زەردەشتییەكان بۆ زیادەڕەوی نەكردن لە خواردنی گۆشت، ڕۆژانی دوهەم و دوازدیەم و چواردەیەم و بیست و یەكەمی مانگ، لە خواردنی گۆشت خۆیان دەبوێرن.

لە لای زەرتەشتییەكان هەر ڕۆژێك لە مانگ ناوێكی تایبەتی هەیە. لە ڕۆژانی "ماه"، "گوش" و "رام" و "بەهەمەن" گۆڕدراوە، خواردنی گۆشت حەرامە و بۆ تەندروستی لەشیان گۆشت ناخۆن.

زەردەشتییەكان پاش مەرگی یەكێك لە خزمەكانیشیان بۆ ماوەی سێ شەو لە كوڵاندن یان لەخواردنی گۆشت دوردەكەونەوە  ئەوەش هەر بەشێك لە ڕۆژوی زەردەشتییەكانە.

ڕۆژو لە ئایینی ئێزدی دا

ئێزدییەكان ڕۆژوی چلەی هاوین و چلەی زستان و سێ ڕۆژ ڕۆژوی دیكەیان هەیە.

ڕۆژوی چلەی هاوین لە 24حوزەیران هەتا 2 ئابە كە 40 ڕۆژ درێژەی هەیە و ئینجا دەبێتە جەژن. چلەی هاوین تایبەتی پیاوانی ئایینی ئێزدییە و لە سەر گەورەكانی هۆز فەرزە و ئەوانەش دەیگرن پێیان دەڵێن چلەگر؛ پاش چل ڕۆژ بەرۆژو بون بۆ ماوەی پێنج ڕۆژان لە پەرسگەی لالش و دەڤەری ئێزدیان دەبێتە جەژن و هەمو ئێوارەی جەژنێ پیاوانی ئایینی بە دەم لێدانی دەف و شەباب و خوێندنی دەقی ئایینیەوە سەما دەكەن.

 ڕۆژوی چلەی زستانیش هەر 40 ڕۆژە و لە24ی مانگی كانونی یەكەم دەست پێدەكات و هەتا 1ی شوبات بەردەوامە و ئەم چلەیە لە سەر خەڵكی ئاسایی و پیاوی ئایینی فەرزە و دەبێ پەیڕەوی بكەن.

ڕۆژوی دیكەیان هەیە كە ڕۆژوی ئێزییە و سێ ڕۆژە و سێ‌شەممە و چوارشەممە و پێنج شەممە بەڕۆژو دەبن و ڕۆژی هەینی لە مانگی كانونی یەكەمدا جەژن دەگرن.
سەرچاوە/ ژیان

نوێترین

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure