لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/ عربي/ English

گۆڕینی مۆزەخانەی ئایا سۆفیا بۆ مزگەوت شكستی پرۆژەی مۆدێرنیتی

پێش 3 هەفتە


ماردین ئیبراهیم

سامۆیل هانتیگتن لە كتێبەكەیدا 'پێكدادانی شارستانێتییەكان' دەوڵەتی توركیا وەكو 'دەوڵەتێكی دادڕاو' وەسف دەكات؛ مەبەستیشی لەوەیە كە توركیا بە قووڵی كێشەی ناسنامەی هەیە، پشتی كردۆتە مەكە و برۆكسلیش وەری ناگرێت. بەڵام ئەوە سەردەمێك بوو و ڕابرد. جاران توركیا بۆ ئەوەی ببێتە گەورەهێزێكی هەرێمی هەژمووندار هەموو قورسایی خۆی خستبووە سەر ئەوەی لە یەكێتی ئەوروپادا قبوڵ بكرێت و ئینجا لەو ڕێگەیەوە هەژموونی خۆی بەسەر ڕكابەرە هەرێمییە نەریتییەكانی خۆیدا بسەپێنێت، بەڵام ئەو هەوڵە بەردەوامانەی توركیا بەر دیواری ڕەقی مەرجەكانی یەكێتی ئەوروپا كەوتن و توركیا نەیتووانی ستانداردە گشتییەكانی ئەوروپا و بەهای ئەوروپا بۆ مەسەلەی مافەكانی مرۆڤ جێبەجێ بكات، بۆیە دوواجار دەستی لە برۆكسل شوشت و بایدایەوە بۆ ناوچەكە. 


ئەمجارەیان توركیا ڕووی لە مەكە نییە بەڵكو بە خەونی ئیمپراتۆریای دێرینەوە دەیەوێت خۆی ببێتە مەكە.


دەیەوێت لە ڕێگەی هێزەوە هەژموونێكی تەواو بەسەر ناوچەكەدا بكات و پاشان ئەوروپا وەكو هێزێك قبووڵی بكات.


كەواتە وەرچەرخانی توركیا وەرچەرخانێكی قووڵ و ستراتیجییە و گوزارشت لە پرۆژەیەكی دوورمەودا دەكات كە بە تەنیا ڕەهە‌ندێكی سیاسی نییە بەڵكو ڕەهەندێكی 'كەلتووری و شارستانیشی' هەیە، بەڵام هەم كەلتووری و هەم شارستانی لە كەوانەدا چونكە شارستانێتی ئیسلامی لە ئێستادا چیدی شارستانی ئیسلامی سەدەكانی ناوەڕاست نییە و بەم دۆخەوە ئەم شارستانێتییە ناتووانێت هیچ شتێكی مانادار و بە نرخ پێشكەش بە مرۆڤایەتی بكات، بۆیە وەرچەرخانی توركیا وەرچەرخانێكی توندتر دەبێت بۆ ئەو ڕەگوڕیشە فاشتستییانەی خۆی كە سەرجەمی دەوڵەت و دیسكۆرسی سیاسی و فەرهەنگی زاڵی توركی لەسەر بنیاد نراوە. ئەم گەڕانەوەیە كە ساڵانێكە دەستی پێكردووە گەڕانەوەیەك دەبێت بە هەمان سروشتی دەوڵەتی نوێی توركیاوە بەڵام بە چنگ و نینۆكێكی ئیسلامییەوە. توركیا چیدی منەتی بە ئەوروپا نابێت و خۆی ناچار نابینێت گوێ بە مەرجەكانی مافی مرۆڤی ئەوروپا بدات، بەڵكو ئەوەی دەیبینین دەوڵەتێكی بێچاوڕوو دەبێت كە بۆ سەلماندنی خۆی پشت بە هێز و ملهوڕی ڕووت دەبەستێت.

لە كۆتایی سەدەی نۆزدەدا كاتێك ڕۆشنبیران و دەستەبژێری ناو دەوڵەتی عوسمانی بەهۆش خۆیان دێنەوە لەپڕ هەست دەكەن زۆر لە ئەوروپا و ڕەوتی شارستانێتی نوێ دوواكەوتوون، دوواتر كە ئیمپراتۆریا هەڵدەوەشێتەوە و دەوڵەتە نە‌تەوەییەكانی ناوچەكە دروست دەبن و دەوڵەتی نوێی توركیاش لەلایەن ناسیونالیزمی تازە ڕسكاوی توركییەوە دروست دەكرێت. ئەو دەوڵەتە تازەیە كە توانای نابێت جیاوازییەكانی ناو هەناوی خۆی قبوڵ بكات، ڕاستەوخۆ دەكەوێتە ژێر كاریگەری قوتابخانەی ئەڵمانی بۆ دروستكردنی دەوڵەت لەو كاتەدا. بەشی زۆری ئەو كەسانەی راهێنانیان بە سوپای توركی كردووە لە ئەڵمانیاوە هاتوون و زۆربەیان تۆوە سەرەتاییەكانی نازیزمن و بڕوایان بەوەیە كە ئیتنیسیتی دەبێت بڕبڕە پشتی دەوڵەت بێت. كۆمەڵەی ئیتیحاد و تەرەقی و كەمال ئەتاتورك ئەو بیرۆكەیە گەڵاڵە دەكەن كە دوواكەوتنی تورك بەهۆی ئیمپراتۆریای عوسمانییەوە بووە بۆیە بە توندی دژی عوسمانییەكان و دژی فیكرەی خەلافەت دەبن. لە ڕێگەی دروستكردنی سوپایەكی تۆكمەوە پایەكانی دەوڵەتێكی بەهێز دادەمەزرێنن كە تیایدا ئەو دەوڵەتە بە زەبری هێز و توندوتیژی باز بەسەر هەموو جیاوازییە ئیتنیی و ئاینییەكاندا دەدات و هەوڵی توواندنەوەی هەموویان دەدات لەناو بۆتەی ڕەگەزی توركی باڵادەست. دەوڵەتی توركیا هەر هەمان ئەو مۆدێلەی دەوڵەتی نازی ئەڵمانی و دەوڵەتی فاشی ئیتالی و ژاپۆنی ئەو كاتەیە، بەڵام بە زۆر هۆكار و لەناویاندا هۆكاری دەرەكی ئەمەریكا لەلایەك و سۆڤییەت لەلایەكی ترەوە نازیزم و هاوپەیمانەكانی لە جەنگدا دەدۆڕێن و ئەوروپا ڕێڕەوێكی دیكە وەردەگرێت، بەڵام فاشیزمی توركی دەمێنێتەوە. لەو كاتەوە تاكو ئێستا هەر كەس و حیزبێك هاتبێتە سەر حوكم لە توركیا سروشتی دەوڵەت نەگۆڕاوە كە ستراكتۆرێكی فاشییانەی هەیە.

مۆدێرنیتی یەكەمجار لە ڕێگەی تازەبوونەوەی سوپاوە دێتە ناو توركیا. توێژی سیاسی و ڕوناكبیری توركیا كاتێك كەڵكەڵەی گەیشتنەوە بە ئەوروپا دەكەوێتە سەریان، بیر لەوە دەكەنەوە چۆن دەستییان بە چەك و تفاقی جەنگی بگات، لە بەرامبەردا پرۆژەیەكی جدی و تۆكمە نییە بۆ ئەوەی ئەو نوێبوونەوەیە ببێتە پرۆژەیەكی عەقڵی و زانستی و دیموكراسیی لیبڕاڵ.

ئەو پرۆژەیە كە پرۆژەی توواندنەوە ونكوڵیكردنی جیاوازییەكانی ناو توركیایە هەر هەمووی بەسەر جەستە و ڕۆحی ئەو دەستە و گروپانەدا دەرووات كە دژایەتی ئەو ئەسیمیلەیشتنە - تواندنەوە و ئاوێزانكردنی بەتۆپزی- دەكەن كە بەشە هەرە زۆرەكەی ئەو زەبرە بەر كورد دەكەوێت. 


گۆڕینی بینای كڵێسا بە مزگەوت هەندێكجار لە ئەوروپادا ڕوویداوە و هەمیشە ئەو گۆڕانكارییە وەكو بابەتێكی شارەوانی و ئاسایی وەرگیراوە، هەندێكجاریش لە هیندستان بینای مزگەوتی چۆڵكراو یاخود ئاوەدان، كراوە بە پەرستگا یاخود ڕوخێنراوە و پاڵنەری ئایدیۆلۆجی لە پشت بووە بەتایبەت لەو كاتانەدا كە حیزبی بەها‌راتا جاناتای ڕەگەزپەرست لەسەر حوكم بووبن. ئەم گۆڕینەی مۆزەخانەی دێرین و مێژوویی ئایا سۆفیاش بۆ مزگەوت بە پاڵنەری ئایدیۆلۆجی دەكرێت و نیشانەی شكستی تازەبوونەوەی توركیایە و هەمووان دەزانن توركیا لەسەر ئەو شوێنە بۆ مزگەوت پەكی نەكەوتووە، بەڵام توركیای هەژار لە ڕووی كلتووریەوە زۆر پێویستی بە مۆزەخانەیەكی ئاوا گرنگ هەیە. ئەو پرۆژەیە پرۆژەیەكی ئایدیۆلۆجییە بۆیە زۆركەس خۆیان سەخڵەت كردووە بە عەلی قەرەداخیشەوە كە لەسەر ئەو هەموو شەڕ و لەشكركێشییە قسە ناكات بەڵام لەو بابەتەدا تویتەری خۆی گەرم كردووە. ئەو پیاوە گوزارشتە لە كەوتنی ڕۆحی و خۆبەكەمزانینی مرۆڤی كورد و باسی ئەوە دەكات كە لەسەردەمی 'شەڕی خاچپەرستەكان'دا لە ئەندەلووس مزگەوت ڕوخێنراوە كە ئەوە دروستكردنی تەپوتۆزە بۆ ئەوەی مرۆڤ ڕاستییەكە نەبینێت.

پرۆژەی ئەردۆگان هەر هەمان پرۆژەی ناسیونالیزمی توركییە كە لە قوڵاییدا فاشیستییە بەڵام وەك چۆن دەیەوێت لە ئاستی هێز و نوێنەرایەتی دەوڵەتدا خۆی بكاتە ڕەمزی ئەو دەوڵەتە، ئاواش دەیەوێت لە ئاستی سیمبول و مانای ڕەمزیدا و لە ڕێگەی دەستكاریكردنی زۆر شتدا شۆڕەسووارەكەی هەر خۆی بێت، ئەنجامەكەش گۆڕانی فۆرمی دەوڵەت و لە هەمان كاتدا مانەوەی ستراكتۆرە فاشیستییەكەیەتی.

نوێترین

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure