لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

"سەردەمی عوسمان عەفان لە كتێبی (مێژووی ئیسلام لە چاخەكانی ناوەنددا)"

30/07/2020


جۆن جۆسێف ساندەرس
لە بڵاوكراوەكانی ڕاتلێج
وەرگێڕانی: دیاری سابیر 

بەشی چوارەم: جەنگە ناوخۆییەكان
تەبایی و یەكبوونی ئیسلام بە مردنی عومەر خەتاب بەرەو نەمان ڕۆیشت. بە تێپەڕبوونی كات هەموو بزوتنەوەیەكی فراوانخوازیی دەبێت تەوژمی لە دەستبدات: تێكشكێنەرەكان دەبێت خۆیان پتەو بكەن, بەرانبەرەكانیان, دوای هەستانەوە لەو شۆكەی بەهۆی شكستەوە تووشیان بووە, بەرەنگارییان توندتر دەكەن و, ئەو ناكۆكییانەی بۆ ماوەیەكی زۆر لە ژێر پەردە مابوونەوە لە فۆڕمی دەمەقاڵێی ئاشكرادا خۆیان دەردەخەن. خێرایی و سەركەوتوویی پاوانخوازییەكانی سەرەتا, لە داگیركردنی سوریاوە بۆ شەڕی نەواهەند (٦٣٣-٦٤٢) تەنانەت عەرەبەكانیشی تووشی سەرسامی كرد, بەڵام لە دەیەی دووەمیدا بەرەوپێشچوونەكان خاوبوونەوەیان بەخۆیانەوە بینی و بەم هۆكارەش كێشەگەلێكی جیدی دەركەوتن كە دەكرا دەسەڵاتی عومەریشیان بكردایە بە جێگەی پرسیار, و چارەسەركردنیان لە دەرەوەی توانای هەر شوێنگرەوەیەكدا بوو. ئیمپراتۆرییە عەرەبە تازەپیاكەوتووەكە بەرەو قەیران هەنگاوی دەنا كە بووە هۆی دابەشبوونێكی هەمیشەیی ئیسلام و كاریگەرییەكانی لە ڕۆژگاری ئێستاشدا بەدی دەكرێن.

ئەو شورایەی عومەر دەستنیشانیكردبوو, ڕووبەڕووی هەڵبژاردەیەكی پڕ كێشە بوونەوە. بەهێزترین كاندیدەكان عەلی و عوسمان بوون, و هیچ كامیان ئامادە نەبوون سازش بكەن بۆ ئەوی دیكە لەسەر بوونیان بە جێنشینی داهاتوو. لە كۆتاییدا ڕازیبوون بڕیاری كەسی سێیەم, عەبدولڕەحمان, پەسەند بكەن, كە ئەو ڕایگەیاندبوو بە هیچ شێوەیە چاوی لە بوون بە جێنشین نییە. عەبدولڕەحمان بڕیاری دا عوسمان هەڵبژێرێت و, دوو هۆكار دەكرێت پاڵنەری بووبن بۆ ئەم بڕیارە: یەكەم, بۆ قایلكردنی بنەماڵەی ئومەییە كە بنەماڵەیەكی بەهێز بوون, دووەم, بە هیوای ئەوەی سەركردەیەكیان هەبێت بە پێچەوانەی عومەرەوە, داواكاری توندی نەبێت و بە ئاسانی كاریگەری لەسەر دروست بكرێت. جێنشینی نوێ پیاوێكی بە تەمەن بوو لە شەستەكانی تەمەنیدا, دەوڵەمەند و سەرنجڕاكێش بوو. یەكەمین كەس بوو كە پێگەیەكی كۆمەڵایەتی بەرزی هەبێت و ببێتە مسوڵمان, بەم هۆكارە دڵخوازیی و هاوڕێیەتی پەیامبەری بەدەست هێنابوو,و هاوسەرگیری لەگەڵ دوو لە كچەكانیدا كردبوو. بەڵام سروشتی وەك كەسێكی خەمسارد و بێ داواكاری ڕێگربوو لەوەی ڕۆلێكی چالاك و ئازاییانە ببینێت لە سیاسەت و جەنگەكاندا, لە سەردەمێكدا كە خۆ بە پاڵەوان كردن بەربڵاو بوو. هەرچەندە خۆی پیاوێكی كاریگەر نەبوو, بەڵام خێزانەكەی دەوڵەمەند و كاریگەر و ژمارەیان زۆر بوو, لە پیاوماقوڵانی مەككە بوون و ڕقیان لە مەدینە و ئەوانە بوو كە لە ژێر دەسەڵاتی ئەبوبەكر و عومەردا پۆستیان هەبوو. هەڵبژاردنی عوسمان بەبێ ئالنگاری جێبەجێكرا, وەلێ هاوڕێیانی عەلی پێیان ناخۆش كە بۆ جاری سێیەم نەكرا بە جێنشین, و هەروەها هاوەڵە كۆنەكان بۆیان دژوار بوو خۆیان بگونجێنن لەگەڵ گەیشتنی نەوەكانی ئەبوو سوفیان, كە ناسرابوو بە پێداگیری كردنی لەسەر بتپەرستی, بە دەسەڵات لە نێو كۆمەڵگەی موحەمەددا. 

١٢ سالەی فەرمانڕەوایی عوسمان (٦٤٤-٦٥٦) بە دوور نەبوو لە سەركەوتنی سەربازیی. هەوڵێكی بێزەنتینییەكان لە ساڵی ٦٤٥دا بۆ گرتنەوەی ئەلێكساندریا شكسی پێ هێندرا. عەبدوڵا سەعد, زڕبرای عوسمان, كە لە شوێنی عامر كرابووە فەرمانداری میسر, ڕابەرایەتی هێڕشێكی كرد بۆ سەر بێزەنتین لە ئەفریقا لە ساڵی ٦٤٧ و شكستی بە هێزەكانی فەرماندار گێرگۆری هێنا لە سوبیەتیلا لە تونس و ناچار بە پاشەشكشەی كردن, بەڵام هیچ هەوڵێك نەدرا كە لە دوای ئەم سەركەوتنە هێرشێكی یەكجارەكی بكرێت. معاویە, ئامۆزای جێنشین, كە لایەن عومەرەوە كرابووە فەرمانداری سوریا, ڕێگەرپێدانی وەرگرت تا هێزێكی دەریایی دروست بكات, بە مەبەستی پاراستنی خۆیان لە هێرشە دەریاییەكانی بێزەنتینییەكان و هەورەها تا بتوانن شەڕی پیرۆز (جیهاد) ببەنە ناو جەرگەی دوژمن. كەشتییەكان لە لەنگەرەكانی سوریا و میسر دروستكران و, زۆری دەریاوانەكان مەسیحییە ڕەسەنەكانی ئەو ناوچانە بوون, كە بەهۆی مەسیحییەتبوونیان (یاكۆبیتیست, كۆپتس) هیچ دوودڵییەكیان نەبوو لە خزمەتكردنی دژی یۆنانییەكان. هێرشە دەریاییەكان لە بەندەرەكانی سوریاوە دەستییان پێكرد بۆ سەر قوبرس, كە لە ٦٤٩ داگیركرا, هەورەها دوورگەی ڕۆدز كە لە ساڵی ٦٥٤ دەستی بەسەرداگیرا: ئەمە ئەو شوێنە بوو تیایدا لە ٦٥٥ عەرەبەكان پارچە كانزاییەكانی پەیكەری بە ناوبانگی كۆلۆسسیان فرۆشت بە بازرگانێكی جولەكە, ئەم پەیكەرە بەرزترین و دیارترین دیمەنی بەندەرەكە بوو. هێرشێكی پێچەوانەی بێزەنتینییەكان لە ٦٥٥ لە كەناراوەكانی لیسیا شكستی پێهێندرا, ئەم ڕووبەڕووبوونەوەیە كە بە "جەنگی دارئاڵاكان" ناسرابوو لە ڕۆژگاری ڤانداڵەكانەوە, گەورەترین شەڕە كە لە دەریای ناوەڕاستدا ئەنجامدرابێت. لەسەر وشكانی, معاویە, بە یارمەتی ئەو دابەشكارییە ئایینەییەی هەبوو, توانی ئەرمینیا داگیربكات لە نێوان ٦٥٣ بۆ ٦٥٦. ئەرمینییەكان زۆربەیان مەسیحی مۆنۆفیسیزیست بوون و یارمەتی ئیمپراتۆیان وەرنەدەگرت و, تەنانەت گەیشت بەوەی دەسەڵاتی ئیسلامییان لە دەسەڵاتی یۆنانی پێ باشتر بێت, هەرچەندە لەم ناوچانە بە شێوەیەكی نەریتی ئازادی زیاتر هەبوو بە بەراورد بە سوریا, و ئەم وڵاتە هەرگیز ناوچەیەكی گوێڕایەڵی ژێر دەسەڵاتی خەلافەت نەبوو. لە پێرژیا (ئێران) شەڕ بەردەوام بوو, هەرچەندە بەرەنگاری ڕێكخراو تووشی شكست بوو كاتێك دواهەمین پاشای ساسانییەكان, یازدیگارد, لەكاتی خۆشاردنەوەی لە كوخی ئاشاوانێكدا, لە نزیكی مێرڤ لە ٥٥١دا كوژرا. دوا پاشای ساسانییەكان لە هەوڵدا بوو لە ناوچە خۆرهەڵاتییەكانی شانشینەكەی پاڵپشتی بە دەستبهێنێت و, تەنانەت داوای یارمەتی لە چینییەكانیش كردبوو. عەبدوڵا ئەمیر, ئامۆزای عوسمان, كە كرابووە فەرمانداری بەسڕە, ڕابەری سوپایەكی كرد بۆ ناوچەی خوراسان و لە نێوان ٦٥١ بۆ ٦٥٣ كۆنتڕۆڵی كرد, هەروەها هێرات, مێرڤ و باڵكیش خۆیان بەدەستەوەدا. ئێستا سنوری ناوچە داگیركراوەكانی خەلافەت هەتا ئامودەریا لە ناوەڕاستی ئاسیا فراوانكرابوو. 

وەلێ خاسیەتی ئەم سەركەوتنانە جیاوازبوون لەوانەی دەیەی یەكەم, كە تیایدا داگیركردنی خێرای سوریا, ئێراق و میسری بەخۆوەبینی, سەركەوتنەكانی سەردەمی عوسمان بە نرخێكی قورستر بەدەستهاتن, چونكە لە شەڕەكاندا ڕووبەڕووی زیانی قورس و تێچووی زۆر بوونەوە. ئەو سامانەی لە ناوچە داگیركاوەكانەوە دەهات بەرەو كەمبوونەوە دەچوو, چونكە عومەر ئەوەی وەریگرتبوو یەكسەر سەرفی كردبوو و ڕەتی كردبووەوە یەدەگێكی باش كۆبكاتەوە نەوەك ئەمە وەك هەنگاوێكی بێ متمانەیی بە خودا دەربكەوێت و ئەو گومانە دروست بكات كە خودا ویستی نییە بە خەڵكەكەی ببەخشێت. بەم جۆرە لە ژێر دەسەڵاتی عوسماندا خەزێنەی دەوڵەت تووشی دژواری بوویەوە لە پێدانی موچەی بێكاریی, و لە لایەكی تریشەوە بودجەی سوپاكەی, كە بەردەوام لە گەورەبووندا بوو, بەرەو كەمبوونەوە ڕۆیشت. تێچووی گواستنەوەی ئەو پارانەی لە داگیركارییەكانی خۆرهەڵات دەستیان كەوتبوو زۆر زیاتر بوو لەو كەلوپەل و خزمەتگوزارییانەی دەكرا پێی بكڕدرێت, نرخەكان بەرزبوونەوە و لەگەڵیدا ناڕەزایی دیار سەریهەڵدا. پێش ئەمە عوسمان خۆی ڕووبەڕووی ڕەخنە كردبووەوە بە پلە بەرزركردنەوەی خزمەكانی بۆ پۆستە باڵاكان, هەروەها بەخشینی گرێبەستی گەورە پێیان بۆ دابینكردنی پۆشاك و خواردن بۆ سوپا. مەدینەییەكان گلەییان دەكرد لە پارەخوازی مەككەییەكان. پیاوانی خێڵی بەدەوی توڕەبوون لەو كۆنتڕۆڵەی لە ناوەندەوە بەسەریاندا سەپێندرابوو لە شارە كامپئاساكانی كوفە و بەسرە و فوتسات. بەشێك لە ئاییندارە جیدییەكان بە دوو كاری عوسمان تووشی شۆك هاتن و توڕەبوون. یەكەم, دوورخستنەوەی ئەبو زەڕی غیفاری بوو, كە وەك ڕەبەن دەژیا و خۆی دوورخستبووەوە لە هەموو چێژێكی دونیایی, هەروەها دژی زیادبوونی سامان و خۆشگوزەرانی چینی بەڕێوەبەری دەوڵەت قسەی كردبوو؛ دووەم, هەوڵی عوسمان بوو بۆ بەردەستخستنی نوسینێكی دیاریكراوی قورئان و لەناوبردنی هەموو كۆپییە ڕێگە پێ نەدراوەكان, كە ئەمە هەنگاوێكی مانادار بوو بۆ ئەو كاتە وەلێ دواتر سەریكێشا بۆ تۆمەتباركردنی عوسمان بە دەستێوەردان لە قورئان.

دەسەڵاتی جێنشین وردە وردە بەرەو نەمان چوو. بە زیادبوونی تەمەنی خۆدزینەوە لە كاروبارەكانی زیاتر بوو؛ توانای بۆ چارەسەركردنی كێشەكان كەمبووەوە لەگەڵ گەورەبوونی قەبارەی كێشەكان؛ كاردانەوەی بەرانبەر ڕكابەرە خۆ بە گەورە زانەكانی تەسلیمبوون بوو بۆ داواكارییەكانیان, و گلەییەكانی بە توڕەیی و وەڕسی كەسێكی بێ هێزەوە دەكرد؛ ئەو كەسانەی ناڕەزایەتییان لە دژی هەبوو هەرگیز نەیاندەوێرا عومەر بەو شتانە تۆمەتبار بكەن. ناڕەزایی نێو سەربازگەكان سەریكێشا بۆ هەڵگەڕانەوە و یاخیبوونی ئاشكرا. نوێنەر ئەریستۆكراتەكانی مەككە, كە عوسمان پلە و پۆستی پێ دابوون, ڕووبەڕووی ڕقی جەنگاوەرە خێڵەكییەكان بوونەوە بەشێكی بەهۆی ئەو سنوداركردنە نائاساییەی بەسەریاندا سەپێندرا بوو. دەوڵەتمەدارێكی زیرەك, بە هەڕەشەی یەكخستنی خەڵكی ناوچەكە لە دژیان, دەسەڵاتی بەدەوییەكانی سنوردار دەكرد, بەڵام سیاسەتی عوسمان بەشێكی زۆری هاوەڵان, پشتیوانان (ئەنسار), كۆچكردووان (موهاجیر), و هاشمییەكانی كرد بە دووژمن لە خۆی, هەروەها كاتێك ژیانی لە مەترسیدا بوو نەیتوانی پشت ببەستێت بە هیچ پاڵپشتییەكی ئەرێنی لەلایەن خزمەكانییەوە لە سوریا. كوفە بە داخستنی دەرگاكانی لەسەر ئەو فەماندارەی عوسمان داینابوو دژایەتی خۆی ڕاگەیاند, ئەم هاندانە بۆ شۆڕش هەر زوو گەیشتە میسر و لەلایەن عامرەوە پاڵپشتی بۆ كۆ دەكرایەوە بەهۆی ئەوەی عوسمان لە پێشتردا لە پۆستەكەی دەریكردبوو. هەروەها لە مەدینە دوو هاوەڵ, تەڵحە و زوبەیر (زاوای ئەبوبەكر) بە پشتیوانی عائیشەی هاوسەری پەیامبەر پیلانییان دژی جێنشین گێڕا و دەسەڵاتییان لاواز كرد. بەهۆی زیادبوونی ناڕەزایەتییەكانەوە معاوییە ترسی لێنیشت و داوای لە عوسمانی ئامۆزای كرد بچێت بۆ دیمەشق و خۆی بخاتە ژێر پاراستنی سوپای سوریا كە هێشتا بۆی دڵسۆز بوون. وەلێ عوسمان ئەم داواكارییەی ڕەتكردەوە و بە معاوییەی وت هەرگیز ئەو خاكە جێ ناهێڵێت, كە پەیامبەر تیایدا ژیاوە و تیایدا نێژراوە. لە ٦٥٦ ژمارەیەك باندی یاخیبووان لە مەدینە دەركەوتن و داوای ڕیفۆمی میرییان دەكرد. فەرمانڕەوای بەهێزترین ئیمپراتۆریەتی سەر زەوی بەبێ بەرگری لە پایتەختدا بوو, و ناچار بوو گفتوگۆ لەگەڵ یاخیبووەكاندا بكات. جۆرێك بە ڕێكەوتن نزیك بوو, كاتێك میسرییەكان بانگەشەی ئەوەیان كرد نامەیەكی جێنشینیان دەستبەردا گرتووە كە تیایدا داوای لە فەرمانداری فوتسات كردووە لەگەڵ گەڕانەوەیان هەموو سەركردەی یاخیبووەكان بكوژێت. جێنشین سوێندی خوارد ئەم نامەیە دروستكراوە, و كاتێك بە توندی داوایان دەكرد واز لە دەسەڵات بهێنێت, بە شكۆوە جوابی دایەوە: "ئەو دەسەڵاتەی خودا پێی بەخشیووم دەستبەرداری نابم!" مەدینەییەكان بەهۆی سەرلێشێوان و لە دەستدانی متمانەیانەوە هیچیان نەكرد كاتێك یاخیبووەكان چواردەوری عوسمانیان گرت و بە دەنگی بەرز داوای دەستلەكاركێشانەوەی یاخود مردنیان دەكرد. كاتێك هەواڵی ئەم فەوزایە گەیشت بە دیمەشق, معاوییە بڕیاریدا خزمەكەی ڕزگار بكات, لە هەمان كاتدا یاخیبووەكان بڕیاریاندا كێشەكە پێش گەیشتنی سوپای سوریا چارەبكەن. لە ١٧ی ٦ی ٦٥٦, یاخیبووەكان چوونە ناو ماڵی عوسمانەوە و دۆزییانەوە لە ژوورێكدا دانیشتووە و لەسەر ڕانەكانی قورئانی بە كراوەیی داناوە. ژنەكەی بە شێوەیەكی پاڵەوانانە هەوڵیدا پارێزگاری لێبكات, و چەند پەنجەیەكی لە دەستدا, و بكوژەكان شمشێرەكانیان كرد بە جەستەیدا و خوێنی شوێنكەوتووەكەی پەیامبەر ڕژا بەسەر لاپەڕەكانی قورئاندا. یاخیبووەكان ترسێكی وا گەورەیان دروست كردبوو كە خێزانی عوسمان نەیانوێرا تا سێ ڕۆژ بینێژن, دواتر لە شەودا لە شوێنێكی ئاسایدا ناشتیان. لە گۆڕەكەیدا لەگەڵ خۆی, ئاشتی و یەكبوونی ئیسلامیشی تیایدا نێژرا.

_________________________________
ENC. OF ISLAM, Arts. ‘ ‌Ali b.Abi Talib,‌ ‘Mu‘awiya I,‌ ‘Othman b.‌Affan.‌
LAMMENS, H., Études sur le règne du calife omaiyade Mo‘awia, Beyrouth, 1908.
LAMMENS, H., Le califat de Yazid ler, Beyrouth, 1921.
VAN VLOTEN, Recherches sur la domination arabe. le chiitisme el les croyances messianiques, Amsterdam, 1894
WELLHAUSEN, J., Das arabische Reich und sein Stürz, Berlin, 1902; Eng. tr.
The Arab Kingdom and its Fall, Calcutta; 1927.
The standard work on the Civil Wars and the Omayyad period.

نوێترین

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure